پاریس پێش هەمووان لەوە تێدەگات بانگەشەی بەغدا بۆ دەسەڵاتی فیدڕاڵی گەڕانەوەیە بۆ دیكتاتۆریەتی شیعەگەرایی
December 3, 2017
راپۆرتەکان
پەردەی دیكتاتۆریەتی
لە رووی حكومەتی عێراق هەڵماڵی
دانانی ئاڵای كوردستان و عێراق هاوشانی ئاڵای فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا بۆ پرێس كۆنفڕانسی هاوبەشی ئیمانوئیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و هەروەها نووسینی بەرواری پریس كۆنفڕانسەكە بە زمانی كوردی و فەرەنسی لە شوێنی قسەكردنی هەردوو سەرۆك، دیمەنێكی پیشانداین كە بە زیاتر لە هەزار وشە دەرنابڕێت، ئەم دیمە پێمان دەڵێت: تێگەیشتن و بۆچوونی فەرەنسا بۆ عێراقێكی فیدڕاڵی و رێزگرتن لەمافەكانی هەرێمی كوردستان لەناو دەستووری عێراقدا لە چ ئاستێكدایە، لەمەش زیاتر ئەم دیمەنە تێگەیشتنی فەرەنسا بۆ چەمكی فیدڕاڵیەت و پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەی نەتەوەكان پیشاندەدات، واتە ئەو فیدڕاڵیەت و پێكەوەژیانە ئارەزوومەندانەیە پێویستی بە میكانیزم و رێزگرتن و پابەندبوون بەو دەستوورە هەیە كە فیدراسیۆنەكەی لەسەر دامەزراوە، ئەوجا فیدارسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بێت، یان فیدراسێونی یەكێتی عێراق. هیچ جیاوازییەكی نییە و بەبێ پابەندبوون و رێزگرتن لە دەستوور، ئەو فیدراسیۆنە بوونی نابێت.
سەرۆك ماكرۆن دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و لەمیانەی گوتەكانی لە پرێس كۆنفڕانسە هاوبەشەكە، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، فەرەنسا رێز لە سەروەریی و یەكێتی خاكی عێراق بەپێی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق دەگرێت و دەبێت تەواوی ماددەكانی ئەو دەستوورە جێبەجێ بكرێت، بە ماددەی 140یشەوە كە كێشەی كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان، یان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات، لەمەش زیاتر سەرۆكی فەرەنسا ئاماژەی بەو ماددانەی دیكەی ناو دەستووری عێراق كرد كە ئێستا بە هۆی جێبەجێ نەكردنیانەوە كێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە، هەربۆیە راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت داهاتی عێراق بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت و گەمارۆكانی سەر كوردستان هەڵبگیرێن. سەبارەت بە كێشەی دەروازە سنوورییەكان و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر كوردستان، ماكرۆن ئاماژەی بەوە كرد كە سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئامادەباشی حكومەتەكەی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە لەچوارچێوەی دەستووری عێراق پیشانداوە، ئەمەش مانای ئەوەیە حكومەتی بەغدا هیچ بیانوویەكی لەبەردەستدا نامێنێت بۆ ئەوەی هێزەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بهێڵێت و دەبێت ئەو میلیشیایانە هەمووی بكشێنەوە. سەبارەت بە پێشوازیی فەرمی و پڕۆتۆكۆلی سەرۆك ماكرۆن-یش لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی ئەلێزی، سەرۆكی فەرەنسا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئێمە وەك حكومەتێكی شەرعی پێشوازیمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و پێش نزیكەی دوو مانگیش بە هەمان شێوە پێشوازیمان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بۆیە فەرەنسا هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستان بە دوو حكومەتی شەرعی دەزانێت و لەم چوارچێوەیەشدا مامەڵە لەگەڵ هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراق دەكات. پاش ئەم دیدارەش سەرۆك ماكرۆن ئەوەشی راگەیاند كە خۆی تەلەفۆن بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات و ئاكامی كۆبوونەوەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستانی لەگەڵدا باس دەكات، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا وتووێژەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبكەن.
لێرەوە ئیدی دەكرێت بڵێین: هەڵوێستی نەرم و لۆژیكانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پشتگیری و تێگەیشتنی نێودەوڵەتی لە ئاستی پاپەندبوونی كوردستان بەدەستوورەوە، تۆپەكەی فڕێداوەتە گۆڕەپانی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی ئەوەیە كە گوێیان لە وەڵامی حكومەتی عەبادی بێت، بەوەی ئایا دەتوانێت بەتەواوی ئامادەباشی خۆی پیشانبدات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی چارەسەر بكات، یان دەیەوێت واقیعی سەپێنراو بەهێزی سەربازی بكاتە ئەمری واقیع لەسەر بنەمای (براوە و دۆڕاو) مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات؟ لەگەڵ ئەوەی هێشتا نازانین كە حكومەتی عێراق چۆن وەڵامی ناوبژیوانییەكەی ئیمانوئیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا دەداتەوە، بەڵام بەپێی ئەو قسەو لێدوانە توندانە بێت كە لەدوای ریفراندۆمی 25ی ئەیلوولی رابردووەوە عەبادی بەرامبەر كوردستان دەیدات، پێدەچێ نەتوانێت ئامادەباشی حكومەتەكەی بۆ پابەندبوون بەدەستووری عێراقەوە پیشانبدات، ئەو پێداگیرییەشی لەسەر جێبەجێكردنی دەسەڵاتی فیدڕاڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا، تەنیا ئامانج لێی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سیاسی لەناو عێراقدا بسڕێتەوە، نەك ئامانجی ئەوە بێت كە عێراق ئەو دەوڵەتە فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانییە بەهێزە بێت كە هەم حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەمیش حكومەتی فیدڕاڵی دوو حكومەتی بەهێز بن لەچوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵیدا.
ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاشكرا و راشكاوانە، هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا سەبارەت بە پابەندبوون بەدەستووری عێراقەوە دەبینێت و كاتی ئەوە هاتووە ببنە دادوەر و شاهید لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستان بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقی كە لە ساڵی 2005 بە كۆدەنگی پەسەند كراوە. بە دیوێكی دیكە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیر و پشتیوان بێت بۆ دەستووری عێراق، لە هەمانكاتدا بێلایەن و شاهید بن لە نێوان بەغداو هەولێر، بۆ ئەوەی بەو دەستوورە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە هەر یەك لەم دوو حكومەتە هەوڵیدا خۆی لە جێبەجێكردنی ماددەیەكی ئەو دەستوورە بدزێتەوە، یان پابەند نەبێت پێوەی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاری بكات كە پێوەی پابەند بێت و جێبەجێی بكات.