هەڕەشە ئەختەبوتیەكانی ئێران پێویستی بە كورتكردنەوەی هەموو پەلەكانی هەیە

هەڕەشە ئەختەبوتیەكانی ئێران  پێویستی بە كورتكردنەوەی هەموو پەلەكانی هەیە
رێككەوتنی ( 5+1) ی ئەتۆمی
كارە تیرۆریستیەكانی میلیشیا وەكیلەكانی
سوپای پاسداران پەردەپۆش ناكات

عەلی خامنەئی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە رێككەوتنی (5+1) بۆ رێگرتن لە گەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی، راشكاوانە ئەوەی راگەیاندووە كە ئەم رێككەوتنەی نێوان ئێران و هەر شەش دەوڵەتی (ئەمریكا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین و ئەڵمانیا) رێككەوتنێكە لە نێوان حكومەتی ئێران و ئەو وڵاتانە، نەك رێككەوتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەم قسەیەی خامنەئی بە جیاكردنەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ حكومەتی ئێران، زیاتر لە خوێندنەوەو مانا لێكدانەوەیەك هەڵدەگرێت و راشكاوانە ئەو پەیامە بە جیهان رادەگەیەنێت، كە لەناو كۆماری ئیسلامی ئێراندا، بێجگە لە حكومەت دەسەڵاتێكی دیكەش لە سەرووی دەسەڵاتی حكومەتەوە هەیە، كە دەسەڵاتی سوپای پاسدارانە و راستەوخۆ سەر بە رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییە، هەروەها بەرنامەیەك لەدەرەوەی بەرنامەی دەوڵەت لە سەرووی دەسەڵاتی حكومەتەوە هەیە، كە ئەویش بەرنامەی هەناردەكردنی شۆڕشە بۆ دەرەوە و ئامانجی سەرەكیی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ساڵی 1979 یە، ئەم بەرنامەیەش راستەوخۆ رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی پیادەی دەكات و حكومەتی ئێران دەسەڵاتی بەسەریدا نییە، هەر ئەمەش وایكردووە كە هەڵوێستی حكومەتی ئێران و رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەسەر رێككەوتنی ( 5+1) لێك دوور و جیاوازبن، بۆیە دەبینین لە كاتێكدا كە حكومەتی ئێران تا رادەیەكی زۆر پابەندبوونی خۆی بەو رێككەوتنەوە سەلماندووە، بەڵام كە باس هاتە سەر سنوورداركردنی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا خامنەئی وەك رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنە دەكات.



ئەم ئیزدواجیەتی دەسەڵاتەی نێوان دەوڵەت و سوپای پاسداران لە ئێراندا، جیهان و ئەمریكای خزاندۆتە گۆشەیەكەوە كە نەتوانرێت ستراتیژیەتێكی تەواو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران وەك دەوڵەت پیادە بكرێت، ئەوەشی بارودۆخەكەی ترسناكتر كردووە، ئەوەیە كە ئەم مۆدێلی ئیزدواجیەتەی نێوان دەوڵەت و میلیشیای چەكداری، بەتەواوەتی بۆتە شێوازی حوكمڕانی لەو دەوڵەتانەی كە ئێران لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە وەك ئەختەبوت پەلی بۆ هاویشتووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە جیهان نەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتانی وەك (سووریا، عێراق، لوبنان، بەحرێن، یەمەن، ئەفغانستان و تەنانەت پاكستانیش) وەك دەوڵەت مامەڵە بكات. راشكاوانەتر لەبەر ئەوەی لەم دەوڵەتانە دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هاوتەریب و زیاترە لە دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەوا هەر رێككەوتنێك، یان پرۆگرام و ستراتیژێك لەگەڵ ئەم دەوڵەتانە پیادە بكرێت، سەرەنجام دەبنە ستراتیژ و پرۆگرامێكی بێ ئاكام. بۆ زیاتر روونكردنەوەی ئەم حاڵەتانە بەچەند خاڵێك ئاماژەیان پێدەكەین:


1. لە هەرێمی كوردستاندا هەموو ئامانجی بەڕێز مسعود بارزانی ئەوە بوو كە لە كوردستاندا یەك دەسەڵات و یەك بڕیار هەبێت، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و سەدام، سەرۆك بارزانی بە هاوكاریی مام جەلال توانییان ئەم یەك بڕیاری و یەك دەسەڵاتییە لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا بچەسپێنن و هەرێمی كوردستان وەك یەك جوگرافیا و یەك دەسەڵات و یەك بڕیار لەگەڵ بەغدا و تەواوی دەوڵەتانی دراوسێ بە ئێرانیشەوە مامەڵە بكات، بەڵام دوای ئەوەی لە كابینەی دووەمی نوری مالیكی -یەوە، عێراق بووە كۆپییەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیدی مەترسی دروستكردنی هێزێك بە هاوتەریبی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەستی پێكرا، ئەم هەوڵەش دوولایەنە بوو، لەلایەك راستەوخۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزەكانی زۆنی سەوز و نیلی كەوتە پەیوەندی راستەوخۆ، لەلایەكی دیكە لەلایەن كوتلە پەرلەمانییە پرۆئێرانییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق كەوتنە كەرتكردنی فراكسێۆنە كوردستانییەكان و تێكدانی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بۆ گێڕانەوەی ئەم یەكڕیزی و یەكدەسەڵاتییە، سەرۆك بارزانی و بەشی هەرە زۆری سەركردایەتی سیاسیی كوردستان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە دەوڵەت تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی یەكڕیزی و یەكدەسەڵاتی و یەك بڕیاری بۆ هەرێمی كوردستان بگێڕێتەوە. بێگومان سوپای پاسداران هێندەی دژی یەك دەسەڵاتی و یەك بڕیاریی هەرێمی كوردستان بوو، هێندە دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان نەبوو، بۆیە كاتێك ریفراندۆم تا رادەیەكی زۆر زەمینەی بۆ ئەو یەكڕیزی و یەكدەسەڵاتی و یەك بڕیارییە رەخساند، سوپای پاسداران و شەخسی قاسم سولەیمانی خۆی كەوتە داڕشتنی پلانێك بۆ ئەوەی هێزێك بە هاوتای دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات و لە ژێر پەردەی دژایەتی ریفراندۆمدا ئەو هێزەی كردە وەكیلی خۆی لە كوردستاندا، بەمەش حاڵەتێكی هێندە خراپ و ئاڵۆزی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا دروستكردووە كە نەك هەر حزبە سیاسییەكان ناتوانن پێكەوە بگەنە بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە، بەڵكو هەندێك هێز و لایەنی سیاسی وەك وەكیلی قاسم سولەیمانی كار بۆ سڕینەوەی وجوودی كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكەن.
2. ئێستا لە عێراقدا بە حیساب د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بەڵام لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەسەڵاتێكی باڵاتر بوونی هەیە كە ئەویش دەسەڵاتی ئەبو مەهدی موهەندیسە كە وەكیلی سوپای پاسدارانە لە عێراقدا، هەر بۆ نموونە مانگی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ریازی پایتەختی سعودیە لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنێكی هاریكاریی هاوبەش رێككەوتن، هەروەها هەر لەو كۆبوونەوەیە ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبی چەك بكات و دووریان بخاتەوە.
ئەگەر سەیری هەڵوێستی ئەبو مەهدی موهەندیس و فەرماندەكانی دیكەی میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبی بكەین بەرامبەر بە سعودیە و هەروەها بەرامبەر بە چەكداماڵینی میلیشیا پرۆئێرانییەكان، ئەوا هەموو لایەك لێدوانەكەی ئەبو مەهدی موهەندیسی لە تارانەوە گوێ لێبووە كە گوتی: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش داوابكات، حەشدی شەعبی نەمێنێت، ئەوا حەشدی شەعبی هەر دەمێنێت، لەمەش زیاتر قەیس خەزعەلی، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا (ریكس تیلرسۆن)ی بە گەمژە وەسف كرد كە ئەو داوایە ئاراستەی عێراق دەكات و زیاد لەمەش هەروەك تەحەددایەك بۆ داواكەی ئەمریكا، ئاڵای ئەمریكای خستە ژێر پێی و بەسەریدا رۆیشت. لەبەرامبەر سعودیەشدا، ئەو فەرماندەیانەی حەشدی پرۆئێرانی، بە هەمان شێوەی فەرماندەكانی سوپای پاسداران لێدوانی ئاگرین دژی سعودیە دەدەن، هەر بۆ نموونە جەلالەدین سەغیری سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق داوای ئەوە دەكات سعودیە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە چۆن لە تاران سەرۆك كۆمار حەسەن رۆحانی دەسەڵاتی بەسەر سوپای پاسداراندا نییە، بەهەمان شێوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانیش لە عێراقدا دەسەڵاتی بەسەر میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسداراندا نییە، هەر بۆیە ئەگەر بارودۆخی عێراق هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا هەر دەوڵەتێك رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا بكات، یان هەتا ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی دەستوور دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات و تەنانەت بگەنە رێككەوتنیش، ئەوا ئەو رێككەوتنانە هیچ ئیعتوبارێكی نابێت، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێكی باڵاتر لە دەسەڵاتی حكومەت لە عێراقدا بوونی هەیە.

3. لە سووریای ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێستا بارودۆخەكە بەو شێوەیە كە رۆژی 11ی نۆڤبەری رابردوو هەر دوو سەرۆك (ترەمپ و پۆتین) لە شاری (دا نانگی) ڤێتنام لەسەری رێككەوتن، بەوەی كە بە هیچ شێوەیەك رووسیا و ئەمریكا لەناو سووریا لەسەر هیچ پرسێك رووبەڕووی یەكتری نەبنەوە و پێكەوە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی قۆناخی خۆدوورخستنەوە لە هەڵكشانی كێشەكان بگۆڕن بۆ قۆناخی دوورخستنەوەی كێشەكان و جێبەجێكردنی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گەیشتن بە قۆناخی راگواستنی دەسەڵات لە سووریا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازادو عادیلانە بە بەشداری هەموو سوورییەكان و لایەنەكانی ئۆپۆزسێۆن و دیاسبورای سووری لە هەندەران، بەڵام لەبەرامبەردا ئێرانیش پلانێكی چوار خاڵی بۆ ئایندەی سووریا هەیە كە بریتین لە: (1- راگرتنی دەستبەجێی شەڕ 2- پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی 3- هەمواركردنەوەی دەستوور 4– چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان)، ئەگەر سەرنج لە پلانەكەی ئێران و بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش و بەیاننامەی جنیڤ بدەین و بەراوردیان بكەین، دەبینین پلانەكەی ئێران، بەشار ئەسەد بە بەهێزی و بێ ركابەر لە دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی میلیشیاكانی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حزبوڵا لە سووریادا، بەمەش نەك سووریا وەك دەوڵەت بوونی نامێنێت، بەڵكو بە كردەیی دەبێتە كۆلۆنیاڵییەكی ئێرانی و بەشار ئەسەدیش بەرنامەكانی سوپای پاسداران جێبەجێ دەكات، لەلایەكی دیكەشەوە جارێكی دیكە سنووری نێودەوڵەتی نێوان عێراق و سووریا بە كردەیی بۆ میلیشیا پرۆئێرانییەكانی سوپای پاسدران نەماوە، ئەو میلیشیایانەی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر هێرشیان كردە سەر كەركووك، لەچەند رۆژی رابردوو لە شاری ئەبوكەمالی سووریا هاوشانی قاسم سولەیمانی لە ناو خاكی سووریا بوون، هەروەها دەوڵەتی سووریا لەساڵی 1967وە تا ساڵی 2015 هیچ هەڕەشەیەكی لەبەرزاییەكانی جۆلانەوە بۆ ئیسرائیل دروست نەكردووە، بەڵام لەم یەك دوو ساڵەی دوایی بەگشتی و لە ئێستادا، میلیشیاكانی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی لەناو خاكی سووریاوە لە سنووری بەرزاییەكانی جۆلان جێگیر كراون و هەڕەشەی ئازادكردنەوەی ئەو بەرزاییانە دەكەن، جووڵەی ئەم میلیشیایانەش لەسەرووی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریاوەیە و بە فەرمانی سوپای پاسداران و شەخسی قاسم سولەیمانی جووڵەیان پێدەكرێت.

4. لە لوبنان بارودۆخە تا رادەیەكی زۆر لە عێراق و سووریا جیاوازە، لەبەر ئەوەی لوبنان وەك حكومەت خۆی بە هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا و تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی دەزانێت، بەڵام لوبنان وەك حزبوڵا، ئیمارەتێكی كۆپیكراوی كۆماری ئیسلامی ئێرانە. سەیر لەوەدایە سوپای پاسداران ساڵانە زیاتر لە 800 ملێۆن دۆلار بۆ هێزەكانی حزبوڵای لوبنانی خەرج دەكات، گەنجینەكانی میلیشیاكانی حزبوڵا، پڕكراون لە چەك و رۆكێتی ئێرانی، لەبەرامبەردا ئەمریكا ساڵانە بڕی یەك ملیار دۆلار هاوكاری سوپای نیشتمانی لوبنان دەكات، بەڵام ئەم سوپایە نە توانای بڕیاردانی شەڕی هەیە، نە توانای چەسپاندنی ئاشتیشی هەیە، هەروەها هەموو دەوڵەتانی رۆژئاوا و عەرەبی پەیوەندییەكی زۆر باشیان لەگەڵ حكومەتی لوبنان هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا هەموویان میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی بە تیرۆریست دەزانن، ئەمەش حاڵەتێكی سەیری بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستكردووە، بەوەی ئایا دەتوانرێت لەگەڵ لوبنان وەك دەوڵەت رێككەوتن بكرێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ حزبوڵا دابنرێت، یان دەبێت گوێ بە سەروەریی لوبنان نەدرێت و ئیمارەتەكەی حزبوڵا لە باشووری لوبنان بڕوخێندرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە ئاستێك قورسە كە نەك هەر پێویستی بە پێناسەكردنەوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان هەیە، بەڵكو پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی جیهانیش هەیە.
5. فەلەستین كە بە كردەیی ئێستا وەك دەوڵەت و كیانێكی سیاسی لەسەر نەخشەی سیاسی بوونی نەماوە، هۆكارە سەرەكییەكەی ئەوەیە كە بە هاوشانی دەسەڵاتی نیشتمانیی فەڵەستین كە لەسەر ئاستی جیهان وەك نوێنەری راستەقینەی كیان و گەلی فەلەستین لە رامەڵاوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئێستا دەسەڵاتێكی باڵاتر لەو دەسەڵاتە هەیە كە دەسەڵاتی میلیشیاكانی (حەماس)ـە لە كەرتی غەزە و سوپای پاسداران هەڵیدەسووڕێنێت، هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت بەپێی رێككەوتنی ئۆسلۆی 1993 ببێتە مەرەكەبی سەر كاغەز و لەمەش زیاتر گەیشتۆتە ئەوەی نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە 2015 بە ئاشكرا بڵێت: «ئیسرائیل هەرگیز رێگە نادات دەوڵەتی فەڵەستین دابمەزرێت، لانیكەم هەتا من لە ژیاندا بم.» توندبوونی ئیسرائیل لە رێگریكردن لە چارەسەری (دوو دەوڵەت) هۆكارەكەی ئەوەیە، ئەو دەوڵەتەی لەسەر دەستی (حەماس) لە سەر خاكی فەڵەستین دادەمەزرێت، نابێتە دەوڵەتێك بۆ پێكهێنانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵكو دەبێتە كۆپیەكی كۆماری ئیسلامی لە ناو دڵی ئیسرائیلدا.

6. لە یەمەن هێزی ئەنساروڵای حوسی لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ سوپای پاسداراندا لەستراتیژیەتی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی شیعە یەك ناگرنەوە، بەڵام سوپای پاسداران بە رێگەی بە قاچاخبردنی چەك لە رێگەی دەریایی و ناردنی راویژكارە میلیشیاكانی حزوبوڵا گەورەترین كێشەی بۆ چارەسەری سیاسییانەی ئەو وڵاتە دروستكردووە كە تیایدا حوسییەكان كەمینیەكن كە هەرگیز ناتوانن لە ژینگەیەكی ئاشتی و دیموكراتییانەدا دەسەڵاتی سیاسی بگرنەدەست، بەڵام بە پشتگیریی سوپای پاسداران ئێستا حوسییەكانی یەمەن هەڕەشە لە سعودیە و ئیمارات دەكەن، زۆر زەحمەتیشە جارێكی دیكە یەمەن ببێتەوە بەو دەوڵەتەی كە وەك هاوسێیەكی باش لەگەڵ سعودیە ئارامی و سەقامگیری ناوچەكە بپارێزێت.

7. دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو كە بریتین لە (عومان، سعودیە، قەتەر، بەحرێن، ئیمارات و كوێت)، ئێستا بەهۆی دەستێوەردانەكانی سوپای پاسدارانەوە بە كردەیی ئەم ئەنجومەنە نەماوەو بۆتە سێ پارچە، لەمەش زیاتر بەهۆی كارە ناسەقامگیرییەكانی ئەو میلیشیا چەكدارانەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پشتگیرییان لێدەكردێت، ئێستا ئاسایش و سەقامگیری (سعودیە، ئیمارات، بەحرێن و كوێت) لە ژێر مەترسیی جددیدایە، قەتەر لە ژێر گەمارۆی سعودیە و ئیمارات و بەحرێنە، دەوڵەتی كوێت كە هەوڵیدەدا رۆڵی ناوبژیوان لە نێوان قەتەر و سعودیە بگێڕێت، ئێستا خۆی كەوتۆتە ژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری میلیشیاكانی سوپای پاسدرانەوە، بۆیە لەبری ئەوەی پێشبینی و مەزندەی ئەوە بكرێت، دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو بتوانن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، ئێستا مەترسی ئەوە هەیە كە ئەو ئەنجومەنە لەبەریەك هەڵبوەشێت.
هەر بۆیە ئەگەر وەك یەك دیمەن سەیری تەواوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین، دەبینین تەواوی ناسەقامگیرییەكانی ناوچەكە پەیوەندی راستەوخۆی بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە، ئەم دامەزراوەیە وەك ئەختەبوت هەر پەلێكی لەوڵاتێكدا ناسەقامگیری دروست دەكات، بۆیە ئەگەر هەموو پەلەكان كورت نەكرێنەوە، ئەوا مەحاڵە سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە.


سوپای پاسداران بۆتە فاكتەری ناسەقامگیری و
بە زمانی دیپلۆماتی ناتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت


ئەگەر فەلسەفەی (كۆماری ئیسلامی) لە تەفسیری شیعەی ئێراندا بۆ ویلایەتی فەقیهـ، هاوتاو هاومانای گێڕانەوەی (خەلافەتی ئیسلامی) بێت لای ئیخوان موسلمین و تەیارەكانی سوننەی سەلەفی و تەنانەت قاعیدە و داعشیش، ئەوا لەدوای رووخانی خەلافەتی عوسمانی و دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلانەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، تەنیا لەگەڵ دەوڵەت وەك كیانێكی سیاسی مامەڵە دەكرێت، نەك كیانێك بەناوی خەلافەتی ئیسلامی، یان ئەمارەتێك وەك ئەمارەتەكەی تاڵیبان.
دەوڵەت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكانی كۆمەڵەی گەلان و ئێستای نەتەوە یەكگرتووەكان پێناسەیەكی تایبەتی هەیە و دەبێت رێز لە سەروەریی دەوڵەتانی دیكە بگرێت، بەڵام خەلافەت یان سیستمی ویلایەتی فەقیهـ، یەكەمیان بەبیانووی پاراستنی ئوممەی ئیسلامی و دووەمیان بە بیانووی پاراستنی شیعە لە هەر شوێنێكی دنیا بێت، بڕوای بە رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتی دیكە نییە، هەر بۆیە كاتێك دەوڵەتێك دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی خەلافەت، یان كۆماری ئیسلامی، یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكەونە حاڵەتێكی ئیحراجییەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا.


كێشەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئێران لەدوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1979وە، ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران، پێناسەی دەوڵەتی لەنێوان دەوڵەتی هاوچەرخ و سیستمی ویلایەتی فەقیهـ تێكەڵ كردووە، راشكاوانەتر دەیەوێت لەیەك كاتدا خۆی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ لەبەر چاوی جیهان نمایش بكات، لەلایەكی دیكەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی دەوڵەت لە چوارچێوەی هەناردەكردن و بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی ویلایەتی فەقیهـ لە هەموو دەوڵەتانی ئیسلامی و جیهاندا پەردەپۆش بكات، ئەمەش واتە دوو دەوڵەتی لەناو یەك دەوڵەتدا دروست كردووە، لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ مامەڵە دەكات و بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتەكەشی وەك دەوڵەتێكی ئیسلامی رەفتار دەكات و هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو دەوڵەتانە بە كافر دەزانێت و فتوحات و غەزوكردنیان بە ئەركێكی پیرۆز (الجهاد المقدس) لە قەڵەم دەدات.
ئێران لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابردوو لەدوای دامەزراندنییەوە، هەوڵیداوە دوو ستراتیژیەتی جیاواز بۆ پاراستنی ئاسایشی وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ و دەوڵەتێكی ئیسلامی دابڕێژێت، بۆ ئەمەش دەبینین ئێران بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێكی بەهێزی هاوچەرخ پەرەی بە پرۆگرامی ئەتۆمی داوە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و پارسەنگ و نفووزی خۆی بە سوپا و رۆكێت و چەكی ئەتۆمی بپارێزێت، بەڵام وەك دەوڵەتێكی ئیسلامی، (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - Islamic Revolutionary Guard Corps)، هەیكەل و رێكخستنی ئەم سوپایە بە هەموو شێوەیەك لە هەیكەڵ و رێكخستنی هەموو سوپاكانی هەر 193 دەوڵەتەكەی ئێستای جیهان جیاوازە و رەچاوی هیچ پرەنسیپێكی سوپاكانی جیهانی ناكات و ناشتوانرێت لەگەڵ هیچ سوپایەكی دیكەی دەوڵەتانی جیهان بەراورد بكرێت، وەك لەناوەكەشیدا راشكاوانە هاتووە، ئەم سوپایە پارێزەری شۆڕشی ئیسلامی شیعەیە، نەك دەوڵەتی ئێران، بۆیە لەهەر شوێنێك شیعە هەبێت، ئەم سوپایە نەك هەر خۆی بە بەشێك لەپارێزەری ئەو شیعانە دەزانێت، بەڵكو شیعەی شوێنە جیاوازەكان دەكاتە بەشێك لەم سوپایە.
ئامانجی ئەم سوپایە لەگەڵ ئەوەی بە پلەی یەكەم بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی ویلایەتی فەقیهـ شیعەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا لەگەڵ هەموو ئەو بیروبۆچوونە جیاوازانەش یەك دەگرێتەوە كە لەیەك خاڵدا لەگەڵ ئەو لایەن و دەوڵەتانە دەبنە دوژمن كە دژایەتی شۆڕشی ئسلامی شیعەی ئێران دەكەن، بۆیە زۆر ئاساییە لە یەك كاتدا سوپای پاسداران پشتگیری میلیشیاكانی شیعەی عێراق و هەروەها میلیشیاكانی رێكخراوی قاعیدەی تیرۆریست هەر لە عێراقدا بكات، هەروەها زۆر ئاساییە پشتگیری لە حزبێكی عەلمانی و سۆشیال دیموكرات و ئیسلامی سەلەفی لە هەرێمی كوردستاندا بكات، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەوانیش دژایەتی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.



سوپای پاسداران نموونەیەكی دیاردەی پۆپۆلیستییە لە فیكری مەرجەعی شیعەگەرایی قوم لە ئێراندا و جیاوازە لە فیكری مەرجەعی شیعەگەرایی نەجەف لە عێراقدا، ئەمەش بەو مانایەی مەرجەعییەتی شیعەگەرایی قوم، بڕوای بەوەیە كە دەبێت ئیسلامی شیعەش خاوەنی دەوڵەتی ئیسلامی بێت، هەروەك ئیسلامی سوننە دەیەوێت خاوەنی خەلافەتی ئیسلامی بێت، ئەوجا چۆن ئیسلامی سوننە بۆ دامەزراندنی خەلافەت هەموو شتێكی حەڵاڵ كردووە و بە هەمان شێوە سوپای پاسدارانیش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی هەموو شتێكی پیرۆز كردووە، ئەم جۆرە سوپایە، ئەوجا سوپای خەلافەت، بێت یان سوپای پاسداران، كاری بە یاسای نێودەوڵەتی بۆ سوپای دەوڵەتی هاوچەرخ نییە، بەڵكو ئەو وەك سوپایەكی ئیسلامی بەپێی تێگەیشتنی مەزهەبەكەی بۆ شەریعەتی ئیسلامی كاری خۆی بەڕێوە دەبات، ئەوجا كە لە شەریعەتی ئیسلامیدا( سوننە بێت، یان شیعە) هیچ سنوورێك بۆ دەوڵەت، یان خەلافەتی ئیسلامی بوونی نەبێت، ئەوا بۆ ئەو سوپا ئیسلامییانەش هیچ سنوورێك بوونی نییە.
لەم چوارچێوەیەدا كێشەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا ئەوە بووە كە تا ئێستا وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ مامەڵەی لەگەڵ ئێراندا كردووەو ئیعتوباری بۆ دەوڵەتە ئیسلامییەكە لەناو دەوڵەتە هاوچەرخەكە دانەناوە، بۆیە سوپای پاسداران لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابردوودا ئەوەی مەبەستی بووە بە سەركەوتوویی ئەنجامیداوە و لەمیانەی شەڕی دژی داعشیشدا، توانیویەتی بەتەواوەتی عێراق و سووریا بكاتە ناوچەی باڵادەستی نفووزی خۆی و هەموو دەستكەوتەكانی شەڕی دژی داعش بۆ خۆی كۆبكاتەوە.



دەوڵەتانی هاوپەیمانی شەڕی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەموو ئەولەویەتێكیان كردبووە تێكشكاندنی داعش، ئێستا كە داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، ئێران نەك هەر خۆی بە براوەی شەڕەكە دەزانێت، بەڵكو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات كە دەبێت عێراق و سووریا بەجێبهێڵێت.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە هەوڵیداوە كە ستراتیژیەتێك پیادە بكات كە سنوورێك بۆ هەڕەشەكانی سوپای پاسداران دابنێت، بەڵام چۆن ئێران پێناسەی دەوڵەتی لەنێوان دەوڵەتی هاوچەرخ و دەوڵەتی ئیسلامی تێكەڵ كردووە، بە هەمان شێوە ئیدارەی ترەمپیش زیانەكانی رێككەوتنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكە و مەترسیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی تێكەڵ كرد، كەوتە هەڕەشەكردن لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ( 5+1)ی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، بەمەش پێگەی ئێرانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەهێز كردو ستراتیژەكەشی بۆ ئیحتواكردنی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی خاوكردەوە. بەتایبەتیش كە شەوی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران بە هێرشكردنە سەر كوردستان وەڵامی ستراتیژەكەی رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری ترامپیان دایەوە.



لەدوای 13ی ئۆكتۆبەری رابردووەوە هەتا ئێستا كە 45 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، لیژنە پەیوەندیدارەكانی كۆنگرێس و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە لە ئەمریكا و جیهان، سەرقاڵی ئەوەن چۆن زیانەكانی رێككەوتنی ( 5+1) ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لە مەترسییەكانی رەفتارە تیرۆریستییەكانی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیابكەنەوە، یان بەواتایەكی دیكە دەڵێن، رێككەوتنی ( 5+1) چەكی ئەتۆمی لەگەڵ حكومەتی ئێران سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێران تا راددەیەكی زۆر پێوەی پابەند بووە و مەترسیی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە لانیكەم بۆ دەیەیەكی دیكە دوورخراوەتەوە، لە هەمانكاتدا هەر پێنج دەوڵەتەكەی دیكە بێجگە لە ئەمریكا، لەبەر رۆشنایی راپۆرتەكانی ئاژانسی وزەی جیهانی و زانیارییە هەواڵگرییەكان، هیچ گازندەیەكیان لەسەر پابەندبوونی ئێران بە رێككەوتنەكەوە نییە، بۆیە دەكرێت ئەمریكاش وەك پێنج دەوڵەتەكەی دیكە پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ حكومەتی ئێران و لەبەرامبەریشدا هەوڵەكانی لەدژی رەفتارە تیرۆریستییەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی توندتر بكات، بە پەنابردنە بەر بژارەی سەربازیشەوە.
لە رۆژی 26ی ئۆكتۆبەری رابردوو وەك هەوڵێك بۆ داڕشتنی بەرنامەیەك بۆ ستراتیژیەتی ئەمریكا بەرامبەر پرۆگرامە نیوكلیارییەكە و هەڕەشە ئیقلیمییەكانی سوپای پاسداران، هەر دوو سەنتەری كارینگی و ئاسایشی نوێ بۆ ئەمریكا بە هاوبەشی گەورە توێژەرانی هەر دوو سەنتەرەكە دیراسەتێكیان بە ناونیشانی (ستراتیژیەتێكی ئەمریكای گشتگیر بۆ دەستنیشانكردنی تەحەددییەكانی پرۆگرامی ئەتۆمی و هەڕەشە ئیقلیمییەكانی ئێران) بڵاو كردۆتەوە، لەم راپۆرتە جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە پێویستە ئەمریكا لەم ستراتیژە تازەیەدا بە دوو شێوە (بەشداری پێكردن و توندكردن) مامەڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە ئەمریكا پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و لەگەڵ ئێراندا بەشداری بكات بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها پێویستە لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانەشی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستیان كردووە، دەبێت سیاسەتێكی توند بگرێتە بەر و جیا لەوەی دەبێت نفووزێكی كاریگەری سەربازی لە ناوچەكەدا بوونی هەبێت، لە هەمانكاتدا دەبێت بژارەی سەربازیش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانیشی، یەكێك بێت لەو بژارانەی هەمیشە لەبەردەست بێت و هەر كاتێك پێویست بوو پەنای بۆ ببردرێت، بۆ ئەمەش ئەم دیراسەتە ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سەركەوتوو بێت:


1. گرنگە ئەمریكا بەردەوام وجوودێكی كاریگەری سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
2. دەبێت هەموو رەفتارێكی ناجۆر و ناسەقامگیری سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆچەڵ بكرێتەوە و ریسوا بكرێن و بە ئاشكرا و بە رێگەی میدیا بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی ئێران لەسەر ئاستی جیهان گۆشەگیر و ئیحراج بكرێت.
3. دەبێت تواناو سەرچاوەی زیاتر بخرێتە بەردەست، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ سەرچاوە ئابوورییەكانی سوپای پاسداران لە ناوەوەو دەرەوەی ئێران دروست بكرێت.
4. دەبێت پەنا بۆ بژارەی سەربازی ببردرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك لەوە دڵنیا ببنەوە كە میلیشیاچەكدارە پرۆئێرانییەكان و میلیشیاكانی حزبوڵلا لە ناو سووریادا لەبەرزاییەكانی جۆلان دووركەوتوونەتەوە.
5. دەبێت توانای زیاتر بخرێتەگەڕ، بۆ ئەوەی بتوانرێت سەركردەی میلیشیاكان، كارە بازرگانییەكانیان و كاروبارە بانكییەكانیان هەروەها ئەوانەی ئاسانكاریان بۆ دەكەن، دیاری بكرێن و رێوشوێنی پێویستیان لەبەرابەردا بگیرێتەبەر.
6. ئێران ئێستا خەریكە بەتەواوەتی پردی زەمینی لە ئێرانەوە بۆ گەیشتن بە دەریای سپی ناوەڕاست تەواو دەكات، بۆیە دەبێت سنوورێك بۆ ئەم پرۆژە ترسناكە دابنرێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئەمریكا ئەو هێزانەی كە خۆی پشتگیرییان دەكات لە رۆژهەڵاتی سووریا لەسەر ئەو خاكەی پێشتر بەدەست داعشەوە بووە، جێگریان بكات.
7. دەبێت رێگە نەدرێت هێزی تەقلیدی ئێرانی لە سووریا زیادبكرێت، هەروەها دەبێت ئەو دەستەو تاقمانە دیاری بكرێن و سزا بدرێت كە ئێران بۆ پشتگیری رژێمی ئەسەد بەكاریان دەهێنێت.
8. دەبێت ئەمریكا بۆ ماوەیەكی دوورمەودا هێزی خۆی لە عێراقدا بهێڵێتەوە، لانیكەم لەو هێزە كەمتر نەبێت كە ئێستا هەیەتی.
9. دەبێت سوپای ئەمریكا مەسجێكی زۆر راشكاوانە بداتە ئێران بەوەی هەر چالاكییەكی هێزەكانی ئێران ببێتە هۆكاری ئاستەنگ دروستكردن لە بەندەری بابولمەندەب لە یەمەن، راستەوخۆ رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی ئەمریكا دەبنەوە.
10. دەبێت هاریكاری و هەمانگییەكی هەواڵگری و سەربازی لەنێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا هەبێت، بۆ ئەوەی ببنە چاودێر و ئاشكراكردنی هەر لایەنێك كە لەلایەن ئێرانەوە بۆ دروستكردنی نائارامی لەناوچەكەدا كار دەكات.
11. دەبێت ئەمریكا پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەكان لە ئاوی كەنداو بكات، بۆ ئەوەی رێگری لە بە قاچاخبردنی چەك لەلایەن ئێرانەوە بە رێگەی ئاوی بكرێت، بۆ ئەوەش دەبێت پشتگیری زیاتری دەوڵەتانی كەنداو بكات.


لێرەوە ئەگەر سەرنج لەم خاڵانە بدەین، هەست دەكەین ئەو مەترسییانەی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی دەكەن، هێندەی پەیوەندییان بە عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامییەوە هەیە و هەر لەوێشەوە ئاراستە دەكرێن، هێندە پەیوەندی بە حكومەتی ئێرانەوە نییە، تەنانەت ئەو بۆچوونەشی پێچەوانە كردۆتەوە كە بەشێكی زۆر لە كۆنگرێسمان و سیناتۆرە كۆمارییەكان و ئیسرائیل سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، پێیانوابوو، رێككەوتنەكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی سزاكانی سەر ئێران لابچن و بەوەش پارەیەكی زۆر بۆ ئێران دەگەڕێتەوە و ئەو پارەیەش بۆ ئەو میلیشیایانە خەرج دەكرێت كە ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەكەن، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە سەرچاوەی سەرەكیی دارایی بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا پرۆئێرانییەكان لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رێژەیەكی زۆر كەمی دەكەوێتە سەر دەوڵەتی ئێران و ئەوی دیكە بە رێگەی جۆراوجۆر سوپای پاسداران دابینی دەكات، بۆیە جەخت لەوە دەكرێتەوە، لەبری ئەوەی ئیحتواكردنی هەڕەشەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لەگەڵ حكومەتی ئێران یەكلایی بكرێتەوە، ئەوا دەكرێت لە چوارچێوەی یەك ستراتیژی گشتگیردا، بەشێوەی نەرم و دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی ئێران قسە بكرێت، بە رێگەی سزا و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیش مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە و مەترسییەكانی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی بكرێت.
Top