لوبنان لە بەردەم رەشەبای پێكدادانی سعودیەو ئێراندا

لوبنان  لە بەردەم رەشەبای پێكدادانی سعودیەو ئێراندا
سێودۆر كاراسیك
گەورە راوێژكاری كۆمپانیای شرۆڤەكاری دەوڵەتانی كەنداو

جیۆرجیۆ كافییرۆ
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای شرۆڤەكاری دەوڵەتانی كەنداو


لە چواری مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان لە وڵاتی سعودیەوە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو قسەیەی حەریری سعودیە لوبنانی تۆمەتباركرد كە شەڕ دژ بە وڵاتەكەی بەرپادەكات، بۆیە داوای لە رەوەندی وڵاتەكەی كرد لوبنان جێبێڵن، دیارە مەترسییەكان زیاتر بە ئاقاری ئەوەدا بوون كە رەنگە قەیرانەكە قووڵتربێتەوەو لە ئەنجامدا شەڕێكی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵبگیرسێت، دەست لەكاركێشانەوەكەی حەریری ئاماژەیە بۆ ئەو هەوڵە زۆرانەی ریاز لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی حزبوڵا و هاندانی خەڵكێكی زۆری لوبنان دژ بەو رێكخراوەی كە ئێران پشتگیریی لێدەكات، ئەو رێكخراوەی كە هاوپەیمانێكی تۆكمەی لەگەڵ حەریری و میشال عۆنی سەرۆك كۆماری لوبنان لە تشرینی یەكەمی 2016 پێكهێنابوو بە مەبەستی كۆتایی هێنان بەو تەنگژەیەی كە دوو ساڵ بەردەوام بوو، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی بۆشایی لە پێگەی سەرۆكایەتیی یەكەمی ئەو وڵاتەدا، لەو كاتەیدا كە ئێران دەستكەوتی زیاتری بەدەستهێنا لە عێراق و سووریا كە بەم دواییە توانی سەركەوتنێكی هاوبەش مسۆگەربكات لە رێی سوپای عەرەبی سووری و حزبوڵا بەسەر رێكخراوی داعش لە دێرزور، كەچی سعودیە لە یەمەن رووبەڕووی زیانێكی زۆر بووەوە، بەڵام ریاز رێگەیەكی دیكەی هەڵبژارد ئەویش رووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ تاران لەڕێیی بەئامانجگرتنی حزبوڵا لە لوبنان.
ریاز هەوڵی ئەوە دەدات فشار بخاتە سەر حەریری تاكو كۆتایی بە هەر هاوسەنگییەكی دابەشبوونی دەسەڵات بهێنێت لە لوبنان كە شەرعییەت بداتە حزبوڵا، ئەو هەنگاوەی كە بەیروت لە دووی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا گرتییەبەر بە دانانی باڵیۆز لە دیمەشق بووە هۆی نانەوەی ناكۆكی، بە تایبەتیش كە لوبنان هەوڵی دا سەدان هەزار پەنابەری سووری لە لوبنان بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێنێتەوە، ئەمە وێڕای لێدوانێكی عۆن لە 31ی تشرینی یەكەم كە گوتبووی: «ئێران لە ناوچەكە بوونی هەیەو كاریگەریشی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرە و پێویستە رەچاوی ئەمە بكرێت»، ئەو خاڵانە بە گشتی رۆڵیان هەبوو لەوەی كە سعودیە زیاتر بەو چاوە سەیری لوبنان بكات كە زیاد لە پێویست لایەنگری تارانە.
ئەو شەڕو كوشتارەی كە میلیشیا شیعەكان بە پشتیوانیی ئێران بەرامبەر داعش دەیكەن بۆتە سەرچاوەیەكی دیكەی بەهێزبوونی كاریگەریی ئێران لە رۆژهەڵاتدا، كە ئەمە بۆ سعودیە ئاسان نییە لغاوگیری بكات، دوای چەندین ساڵ لە وەبەرهێنان لە عێراق و ئەو شەراكەتەی لەگەڵ سەرانی شیعە لەوەتەی ساڵی 2003 وە لەئارادیە تاران زۆر بە توندی ئامادەبوونی خۆی لەو وڵاتەدا پێشانداوە، بە پێچەوانەی حكومەتی سعودیە كە رۆڵی ئەو لە عێراق زۆر بە پاشی دا دوای ئەوەی كە رژێمی نوری مالیكی لایەنگری ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست. بەڵام بە پشتیوانیی تەواوی ئیدارەی ترەمپ سعودیە جارێكی دیكە خۆی خزاندەوە نێو عێراق، كاتێ لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە ریاز و دواتر لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبۆوە و پێكەوە بەشداریانكرد لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهانگیی نێوان سعودیە و عێراق، ئامانجیش لە پێكهێنانی ئەنجومەنەكە بریتییە لە چۆنێتی سوودوەرگرتن لە هەموو توانایەك لەپێناو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ریاز و بەغدا، دوای كردنەوەی مەرزی سنووری عەرعەر و دەسپێكردنەوەی گەشتەكانی نێوان هەردوو وڵات لە مانگی ئابی رابردوودا، لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا و دوای چوار رۆژ لە گەیشتنی سامر ئالسەبهان وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ كاروباری كەنداو بۆ رەقە، خالد فالح وەزیری وزەی سعودیە سەردانی بەغدای كرد، ئەو وەزیرە لەمیانی وتارێكیدا لە بەغدا كە لەوەتەی چەندین دەیەیە ئەمە یەكەم جارە پێشكەش بكرێت، جەختی كردەوە لەسەر بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها لە سووریاش، سعودییەكان پشتگیرییان لەو ئۆپۆزسیۆنە كرد كە لە رووخاندنی رژێمی ئەسەد شكستیان هێنا، بەڵام ریاز ئاواتەخوازە رۆڵی هەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە لە ئاییندەدا، لەلای خۆیەوە عەبدولرەحمان بن عەبدوڵا زامل سەرۆكی ژوورەكانی سعودیە لە مانگی شوباتی رابردوودا رایگەیاندبوو كە شەڕی ناوخۆی سووریا لەماوەی ساڵێكدا كۆتایی پێ دێت، هەروەها توركیا و سعودیە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی سووریا دەگرنە ئەستۆ. لە 17ی تشرینی یەكەمدا ئال سەبهان چووە رەقە دوای ماوەیەكی كەم كە میلیشیا كوردی و عەرەبییەكان بە پشتیوانیی ئەمریكا توانیان داعش لەو شارەی سووریا وەدەرنێن، ئەو چاوی بە بریت ماكگورك نوێنەری تایبەتی ئەمریكا كەوت و گفتوگۆیانكرد لەسەر مژاری رۆڵی سعودیە لە ئاوەدانكردنەوەی رەقە.

ئەو سەردانەی ئال سەبهان بۆ رەقە و سەردانی فالح بۆ بەغداو یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی نێوان سعودیە و عێراق دوای ئەو سەردانانە دێت كە لە هەردوو مانگی تەمموزو ئابی رابردوودا موقتەدا سەدری ئیمامی شیعەی عێراق بۆ سعودیەو ئیمارات كردنی، ئەو دوو سەردانە دەنگدانەوەیان هەبوو لای سەرانی سعودیەو ئیمارات، كە خۆشحاڵبوون بەو بانگەوازەی كە سەدر رایگەیاند تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەكانی عێراق كە ئێران پشتیوانییان دەكات و دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو بەو چاوە سەیریان دەكەن كە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكانیان، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە چەكێكی زۆریان لایە و لە نزیك سنووری نێوان سعودیە لەگەڵ عێراق جێگیربوونە، لەپاڵ ئەمەش بەرپرسانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو پێیان وایە ئەو رێكخراوانە چەك دەدەنە جەنگاوەرانی شیعە لەنێو خاكی عێراق و مەشقیان پێ دەكەن تاكو لە بەحرەین و شوێنەكانی دیكەی كەنداو هێرش ئەنجام بدەن، لە دیدی سعودیەو ئیماراتەوە تێكچوونی پەیوەندییەكانی سەدر لەگەڵ ئێران، هەروەها سووربوونی لەسەر نەتەوەخوازیی عێراق كە لای ئەو لەپێش سیاسەتی مەزهەبییەوەیە، ئەمانە هەموویان بوونەتە دەرفەتێك بۆ ئەو كوتلەیەی كە سعودیەو ئیمارات سەرۆكایەتیی دەكەن لەپێناو ئەوەی كە سەرلەنوێ بەغدا ناچاربكەن بگەڕێتەوە ریز گرووپی عەرەبییەوە، بەرپرسانی سعودیه پێیان وایە كە لاوازكردنی هاوپەیمانەكانی تاران لە رۆژهەڵات یارمەتی ریاز دەدات تاكو بە توندی بەرەو رووی كاریگەریی ئێران ببێتەوە.

بەهۆی ئەو بڕیارەی ترەمپ تایبەت بە پەسندنەكردنی پلانی كاری هاوبەش كە هەڕەشەیە بۆ هەرەسهێنانی رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، هەروەها ئەو وتارەی لە 13ی تشرینی یەكەم پێشكەشی كرد پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی توندی هەڵسوكەوتی ئێران لە ناوچەكە، بەمە سعودییەكان هیواخوازن پشتگیریی زیاتر لە كۆشكی سپییەوە بدەست بهێنن دوای ئەوەی كە ئەمریكا پێی وایە حزبوڵا هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆچوونەكان بەم شێوەیەیە كە حزبوڵا شوێن پەنجەی لە بەحرەین هەیەو سعودیەش بەوە تۆمەتباری دەكات كە رۆڵی هەبووە لەو مووشەكەی كە لە چواری تشرینی دووەمدا بەرەو ئەو وڵاتە تەقێنرا و بە رێگەی سیستەمەكانی بەرگرییەوە لەسەر پایتەخت رێگەی لێگیرا، بەم جۆرە سعودیە پێی وایە كە حزبوڵا راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، لەپاڵ ئەو سزایانەی كە یاسادانەرانی ئەمریكا لە تشرینی یەكەم بەسەر حزبوڵادا سەپاندیان، هاوكات رێزو پێزانینیی ترەمپ بۆ ئەو 241 سەربازەی ئەمریكا كە لە ساڵی 1983 لە لوبنان گیانیان لەدەستدا، دیارە سەركردایەتیی ئەمریكا زۆر جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە رێگەی سزاوە رووبەڕووی حزبوڵا ببێتەوە، كە ئەگەری ئەوەش هەیە هێرشی سەربازیش رووبدات چ لە سووریا یان لە هەر شوێنێكی دیكە بێت.

بەڵام ئەو هەموو هەوڵانەی كە نەیارانی حزبوڵا لە رابردوودا داویانە بۆ لاوازكردنی شكستیان هێناوە، ئەمەش پرسیار درووست دەكات دەربارەی توانای سعودیە كە بە ئاسانی بەرەنگاری حزبوڵا ببێتەوە لە رۆژهەڵاتدا، بەتایبەتیش لەبەر رۆشنایی قەبارەی تێوەرچوونی سعودیە لە زەلكاوی یەمەندا، وێڕای ئەمەش، كاردانەوەی تیلرسۆن بەسەر قەیرانی لوبناندا- كە لە دەی تشرینی دووەمدا هۆشیاری دابوو لەوەی كە لوبنان بكرێتە گۆڕەپانێكی ململانێكان بە وەكالەت- ئەوە دەردەخات كە ترەمپ و ئیدارەكەی و دامەزراوە دیپلۆماسی و بەرگرییەكانی ئەمریكا لەسەر هەمان شەپۆلی سعودیە رێ ناكەن، دیارە لە واشنتۆن دابەشبوونێك لەئارادایە لەنێوان ئەوانەی كە پشتگیری لەوە دەكەن سعودیە بەرەنگاری هەژموونی ئێران ببێتەوە بەپێی مەرجەكانی ریاز، هەروەها لەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە دەبێ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لغاوگیربكەن، پێدەچێت ئەو تەكتیكانەی سعودیە پەنایان بۆ دەبات وەك ئەوەی لەم دواییە بەرامبەر ئێران دەستی پێكرد، جۆرێك بێت لە سەرەڕۆیی و مەترسی.

لەم كاتەداو بەپێی هەندێ راپۆرت سعودییەكان فشار دەخەنە سەر ئیسرائیل تاكو دژی حزبوڵا هەڵوێستی هەبێت و بجووڵێتەوە، ئەمەش تارمایییەكە بۆ شەڕێكی تازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارە جبەخانەی چەكی قورسی حزبوڵا بۆتە ئاستەنگ لەبەر دەم ئیسرائیل، ئەمەش وا دەكات كە دوای شەڕی ساڵی 2006 جارێكی دیكە شەڕ دژی لوبنان بەرپانەكات، بەڵام ئەگەر تەلئەبیب هێرشی كردە سەر حزبوڵا لە لوبنان، ئەو كاتە مەزەندەدەكرێت كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی لوبنانی لە سوننەو كریستیان پشتگیریی لە حزبوڵا بكەن لەپێناو بەرگریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی لوبنان، هەروەها ئەو هەوڵەی سعودیە بۆ لاوازكردنی شەرعییەتی حزبوڵا لە لوبنان لە كۆتاییدا ئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام بەدەر لە هیواو خواستی لوبنانییەكان ریاز هەر بەردەوام دەبێت لە فشارخستنە سەر لوبنان تاكو سەرپشكی بكات لەوەی كە ئەو هەڵبژێرێت یان حزبوڵا كە درێژەپێدەری دەسەڵاتی ئێرانە لە لوبنان.
سەرچاوە: سایتی ئامۆژگای كارینگی بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەراست
Top