جێبەجێكردنی دەستووری عێراق ئەو كارتە سوورەیە كە شیعەی پرۆئێرانی دەكاتە دەرەوە
November 22, 2017
راپۆرتەکان
كێشەی سەرەكی لەگەڵ ئەم میلیشیایانە بە پلەی یەكەم ئەوەیە، ئەوان نەك هەر بڕوایان بەدەستوور نییە، بەڵكو هێندەی عەلی خامنەئی رێبەری باڵای شۆڕشی ئێرانی بە مەرجەعی خۆیان دەزانن و هێندە سیستانی بە مەرجەعی خۆیان نازانن، هەر بۆیە ئەگەر لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو بتەوێت وتووێژ لەگەڵ ئەم میلیشیایانە بكەیت، ئەوا دەبێت لەسەر جیاوازییەكانی نێوان نەجەف و قوم قسە بكرێت، نەك لەسەر ئەوەی ئەم دەستوورە جێبەجێ بكرێت، یان نە.
شیعەی عێراق بەوانەی خۆیان بە عێراقی دەزانن و بەوانەشی خۆیان بە پرۆئێرانی دەزانن، لەئێستادا دەستووریان كردۆتە چەكێكی كاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی خۆیان و بۆ هەر پرسێك كە دێتە پێشەوە باس لە یاسا و دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئیتحادی دەكەن، ئەم دەسەڵاتانەش بەو جۆرە هەتا ئێستا پیادەیان كردووە كە هەموو دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئیتحادی بریتییە لە (لبیك یا حسین، لبیك یا زینب)، ئەوجا لەمەش سەیرتر ئەوەیە دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئیتحادی حەسری و سنووردارن، بەڵام كاتێك حەشدی شەعبی ئاڵای (لبیك یا حسین و لبیك یا زینب) بەرز دەكەنەوە، پێمان دەڵێن، دەسەڵاتەكانی حەشد رەها و موتڵەقن.
ئەمجۆرە ئەقڵییەتە تائیفەگەرایی و شۆڤینییەی كە هەتا پێش 25ی ئەیلوول، چەمكی حكومەتی ئیتحادی و فیدڕاڵییان بە چەمكی سەربەخۆیی و جیابوونەوەی كوردستان تەرجەمە دەكرد، دیارە ئەمەشی كە دەیڵێن هەروا بۆچوونێكی رقاوییانە نییە دژی ئەقڵییەتی شیعەگەرایی لە عێراقدا، بەڵكو باشترین بەڵگە لەبەر دەستە، كە ئەویش مەراسیمی سوێندخواردنی كابینەكەی دووەمی نوری مالكییە كە تیایدا شیعەكان لەكاتی سوێندخواردندا، وشەی ئیتحادییان پەڕاندبوو، ئەمەش بەو مانایەی سوێند ناخۆن عێراقێكی ئیتحادی بپارێزن، لەبەر ئەوەی ئەوان ئیتحادی بە ئینفساڵ و جیابوونەوە تێگەیشتبوون.
بۆ ئێستا كە ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئەوە دەكەن دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی بەهێز بێت لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵی بەهێزدا، دەبێت بزانن، بۆ ئەوەی ئەم دروشمە بكرێتە پراكتیك، ئەوا دەبێت ستراتیژیەتێك بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دابڕێژدرێت، لەم ستراتیژیەدا تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور هەمووی پێكەوە دەبێت تەفسیرێكی بێلایەنانە بێت و مەرجدار بێت بەوەی كە دەبێت هەموو لایەك رێزی بگرێت و جێبەجێی بكات، ئەوەشی كە نەیتوانی جێبەجیی بكات، یان رێزی بگرێت، ئەوا دەبێت ئەو دستوورە وەك كارتێكی سوور بەرامبەر ئەو میلیشیا و لایەنە شیعە پرۆئێرانییانە بەرز بكرێتەوە و لەناو پرۆسە سیاسییەكە بكرێتە دەرەوە.
لایەنی ئەمریكی كە لە هەمووان زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە زۆر بە بەهێزی پشتگیری جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دەكەن، لەكاتی دەستپێكردنی ئەم پرۆژەیەدا ئەو ئاستەنگانە دەبینین كە لەلایەن شیعەی پرۆئێرانییەوە دێتە بەردەمیان، لابردنی ئەو ئاستەنگانە لەگەڵ ئەوەی كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە ئامادەبوونێكی بەهێزی نێودەوڵەتی هەیە لەكاتی جێبەجیكردنی دەستوورەكەدا، بەڵام سەرەنجام بۆیان دەردەكەوێت كە شیعەی پرۆئێرانی لە عێراقدا، دەستووری عێراق وەك دستوورێكی سەپاو بەسەریاندا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و هەرگیز ئامادە نابن پابەندی ئەو دەستوورە بن كە سنوورێك بۆ دەسەڵاتەكانی ئێران لە عێراقدا دابنێن، جێگەی وەبیر هێنانەوەیە لە ساڵانی 2006 و 2007 كە شەڕی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە گەیشتە ئەو ئاستەی هیچ ئومێدێك بۆ كپكردنەوەی نەمێنێت، جۆزیف بایدنی جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا كە ئەوكات سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەنات بوو، پلانی B بۆ دابەشكردنێكی نەرمی عێراق لەچوارچێوەی سێ هەرێمی فیدڕاڵی خستەڕوو، بەڵام ئەمیتا ئیزایۆنی كە بیرمەندێكی سیسیۆلۆژی ئەمریكایە لەبەرامبەر پلانەكەی بایدن، پلانی Z ی وەك دوایین پلان بۆ ئەمریكا راگەیاند و راشكاوانە پێی گوتن: ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت ئەو سیستمەی ئێستا موقتەدا سەدر لە شاری سەدری ناو بەغدا پیادەی دەكات، بگۆڕێت بۆ دیموكراتی، ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات، لێیان گەڕێن خۆیان چییان دەوێت با ئەوە بكەن، ئەوان (مەبەستی عەرەبی شیعەی عێراقە) كە بڕوایان بە عەمامەی رەشە حوكمیان بكات، نەك سیستمێكی دیموكراتی.
هەر بۆیە كە ئێستا ئەمریكا زۆر بە توندی و بەهێزەوە هاتۆتە مەیدان و داوا دەكات پێش عێراق، كوردستان دەستوورەكە جێبەجێ بكات، دڵنیای دەكەینەوە كە كوردستان ئامادەیە دەستوورەكە جێبەجێ بكات و بە دەستووری خۆیشی دەزانێت، بەڵام كاتێك لە نێوەی رێگە لەگەڵ شیعەكان دەگاتە ئەوەی ئەم دەستوورە ناكرێ و ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت، ئەوكات دەزانن كوردستان بۆچی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دا. ئەمریكا چۆن لە 1991 لە ئاكامی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كۆسۆڤۆ تێنگەیشت و لە 2008 بە ناچاری و بێ ریفراندۆم پشتیوانی سەربەخۆی كۆسۆڤۆی كرد، ئەوا هەمان حاڵەتی كۆسۆڤۆش لە جێبەجێكردنی دەستووریشدا لەگەڵ كوردستان دووبارە دەبێتەوە.