لۆژیك و هێمنیی حكومەتی كوردستان و لەخۆباییبوون و گوتاری حەماس ئامێزی بەغدا
November 22, 2017
راپۆرتەکان
بۆچوون و تێڕوانینی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەگشتی و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر د.حەیدەر عەبادی هەتا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیش، هەر بەوجۆرە بووە كە ئەم كەسە لەبەر ئەوەی لەماوەی پەنابەرێتیدا لە لەندەن بووەو بۆ رۆژیكیش چییە نەگەڕاوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود ئێران، ئەوا لەو راستییە تێگەیشتووە كە سیاسەتی شۆڤێنی قەومی و تائیفەگەرایی توندڕۆ، هۆكاری هەڵوەشانەوە و كۆتایهێنانی عێراقە، بەڵام هەڵوێستەكانی لەدوای 25ی ئەیلوول و پاشانیش داگیركردنەوەی كەركووك بەفەرمانی قاسم سولەیمانی بەبێ ئاگاداری ئەو، دەریانخست، ئەم پیاوە چۆن لە ماوەی ژیانی 30 ساڵەی سیاسی خۆیدا نەیتوانی ببێتە سیاسەتمەدارێكی سەركەوتوو، ئەوا لەماوەی سێ ساڵی حكومڕانیشدا نەیتوانی ببێتە دەوڵەتمەدارێكی ئەوتۆ كە ئایندەی عێراق لەبەرچاو بگرێت. ئەمەش زۆنگاوێكی بۆ دروستكردووە كە زەحمەتە بە ئاسانی لێی دەربچێت.
هەڵەی حەیدەر عەبادی لە دوای 25ی ئەیلوول ئەوە بوو كە وای لێكدابووەوە، بە دژایەتی دڕندانەی خەڵكی كوردستان بەگشتی و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی، بەشێك لە حزبە سیاسیەكانی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانی عەرەبی سوننە دەبنە هاوپەیمان و پشتیوانی، بەمەش پشتگیرییەكی گەورەی ئەمریكا و هاوپەیمانان و سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو مسۆگەر دەكات و بە ئاسانی هەڵبژاردنی داهاتوو دەباتەوە. بەڵام عەبادی ئەوەی لەبیر خۆی بردووەتەوە كە هۆكاری سەرەكی لە سەركەوتنی شەڕی دژی داعش، پشتگیری سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە بۆ سیاسەتەكانی عەبادی، هەروەها هەماهەنگی و هاوكاری تەواو بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بووە. دیارە سەركەوتنی لەشەڕی دژی داعش لە ئازادكردنەوەی موسڵ، بارتەقای هەموو شەڕی دژی داعش بووە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو لە عێراقدا، بۆیە ئەگەر بە هێمنی و لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ كوردستان بكردایە و گرنگترین دۆستی خۆی كە سەرۆك مسعود بارزانی بوو لەدەستی نەدایە، ئەوا چۆن كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی بوونە هۆكاری سەركەوتنی لە شەڕی دژی داعش، ئەوا بە هەمان شێوە دەبوونە پشتیوانێكی دیكە بۆ سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقیشدا. هەر بۆیە كە لە ئێستادا دەیەوێت وەك پاڵەوانی شەڕی داعش و داگیركردنەوەی كوردستان خۆی نمایش بكات، بەو حیسابەی دەتوانێت هەڵبژاردنی داهاتووش بباتەوە، ئەوا هەر لە ئێستاوە ئاماژەكان دەركەوتوون، كە لایەنی دۆڕای سەرەكی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا خودی حەیدەر عەبادی دەبێت، لەبەرامبەردا ئەوانەی خۆیان بە براوەی شەڕی دژی داعش و شەڕی هەڵبژاردنی داهاتوو دادەنێن كە بێگومان میلیشیاكانی حەشدی شەعبین، ئاشكراشە عەبادی پێش هەمووان گوێی لە لێدوانەكانی مەهدی موهەندیس و قەیس غەزعەلی و ئەكرەم كەعبی و عەلی یاسری بووە، كە بە ئاشكرا دەڵێن، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش داوا بكات ملیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە حەیدەر عەبادی ئەگەر وەك چەكدارێكی حەشدی شەعبی خۆی پێناسە بكات، ئەوا سەرۆك وەزیرانە و ئەگەر خۆشی بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەزانێت و دەیەوێت بە فەرمانێك حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەتەوە، ئەوا لەو دەقەیەوە سەركردەكانی حەشدی شەعبی هیچ حیسابێكی بۆ ناكەن.
ئەو لایەنانەی كە پێش 25ی ئەیلوول خواستی ئەوەیان هەبوو پشتگیری حەیدەر عەبادی بكەن، بە پلەی یەكەم بریتی بوون لە تەیاری سەدر و ئەیاد عەلاوی و كوردستان و لایەنەكانی دیكەی عەرەبی سوننەی عێراق، ئەم لایەنانەش بێجگە لەوەی لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتگیرییان لێدەكرا، ئەوا لەسەر ئاستی دەوڵەتانی كەنداو عەرەبیش راستەوخۆ پشتگیری دەكران و بەمەش هاوسەنگی پرۆسەی سیاسیی عێراق بۆ بەرژەوەندی عەبادی باڵادەست دەبوو، لایەنەكانی حەشدی شەعبی پرۆئێرانی خاوەنی قسەی كۆتایی و یەكلایكەرەوە نەدەبوون لە عێراقدا.
لەچوارچێوەی ئەم واقیعە تازەیەی عێراقدا، راستە حەیدەر عەبادی بە مامەڵە خراپ و دڕندەكانی لەگەڵ ئاكامی ریفراندۆم، زەبرێكی كاریگەری لە كوردستان وەشاند، بەڵام ئەو گورزەی لە ئاكامی كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی لە ئایندەیەكی نزیكدا بەر خۆی دەكەوێت، زۆر لەو گورزە كاریگەرتر دەبێت كە بەر كوردستان كەوتووە، عەبادی بەنیاز بوو ئەم دەستكەوتانە بچنێتەوە، بەڵام بە پێچەوانە بە رووی خۆیدا شكایەوە، لەوانە:
1. عەبادی وای دانابوو بە چوونە ژێر كاریگەری پەرلەمانتارە تائیفی و شۆڤینییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق دەتوانێت بەدیل بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات و لەگەڵ ئەو لایەنانە راستەوخۆ وتووێژ بكات كە دەبنە هاوپەیمانی بۆ رەفتارە توند و دڕندەكانی دژی كوردستان، بەڵام ئەمریكا فەرزی كرد بە سەریدا كە نوێنەری خەڵكی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی (نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی)یە، بۆیە لەم حیساباتەی عەبادی سەرچیغ چوو، ئەوەی دەیویست بۆی نەهاتەدی.
2. راستە لایەنەكانی عەرەبی سوننە لە سەرەتاوە پشتگیری خۆیان پیشاندا بۆ رەفتارەكانی عەبادی دژی كوردستان، بەڵام هەر زوو بۆیان دەركەوت كە هیچ جیاوازییەك لەنێوان سیاسەتەكانی عەبادی و مالیكی نییە و ئەویش هەموو سیاسەتەكانی دەكەوێتە بەرژەوەندی ئێرانەوە، هەربۆیە پێش ئەوەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر رووبدات، هەر یەك لە ئوسامە نجیفی و سەلیم جبوری و ئەیاد عەلاوی هەوڵیاندا رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان كوردستان و عێراق بگێڕن، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەریشەوە گوێمان لە قسەكانی نوجێفی و جبوری و ئەیاد عەلاوی بووە كە راشكاوانە دان بەو راستییانەدا دەنێن كە ئێستا لە عێراقدا ئێران باڵادەستە و حكومەتی عێراق هیچ دەسەڵاتێكی نییە. ئەم لایەنەشی بە پێچەوانە بەسەری خۆیدا شكایەوە.
3. عەبادی هەوڵیدا بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و حەشدی شەعبی، پێگەی خۆی لەناو لایەنەكانی شیعەی عێراقدا بەهێز بكات و ببێتە نوێنەرێكی بەهێزی شیعەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، بەڵام لایەنە شیعەكانی عێراق، بەتایبەتی فەرماندەی میلیشیا پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبی وەك كازم سەیادی پەرلەمانتار و فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی زۆر راشكاوانە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر رایانگەیاند، كە پاڵەوانی هێرشكردنە سەر كوردستان، حاجی قاسم سولەیمانی-یە نەك حەیدەر عەبادی، بۆیە لەم لایەنەشەوە، هێندەی نفووزی شیعەی پرۆئێرانی زیادی كرد، هیچ پشتیوانییەك بۆ حەیدەر عەبادی زیادی نەكرد، بۆیە لەم لایەنەشەوە رەنج بەخەسار دەرچوو.
لەبەرامبەر ئەم هەموو خۆنمایشكردن و گوتارە حەماسئامێزە تائیفییانەی عەبادی، ئەگەر سەیری شێوازی مامەڵە و چۆنیەتی رەفتاركردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی نیچێرڤان بارزانی لەم بارودۆخە قورس و كارەساتئامێزە بكەین كە بەسەر كوردستان هاتووە، ئەمە بێجگە لەوەی كە هەموو لایەك دەزانن لەو ماوەیەدا نێچیرڤان بارزانی لەژێر چ گوشارێكی جەماوەریدا بووە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە شێوازی مامەڵەی كوردستان لەگەڵ ئەو پیلانە نێودەوڵەتییە، رەفتار و مامەڵەی دەوڵەتمەدارێك بووە كە نەك هەر ئەم شێوازی مامەڵەكردنە هۆكارێك بوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو پیلانەی دژی كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان داڕێژدرا بوو، لەهەمانكاتدا پشتیوانییەكی گەورەی نێودەوڵەتیشی دووبارە دروستكردەوە كە پرۆسەی سیاسیی عێراق بخاتە ناو چوارچێوە دەستوورییەكەی خۆی و پشتگیری جیهان بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بەدەست بهێنێتەوە.
هەرێمی كوردستان لەماوەی یەك مانگ دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ هەموو جیهانی سەلماند، ئەگەر بەغدا و دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق خۆیان لە دەستوورەكە یاخی نەكەن و دەستوورەكە ژێرپێ نەخەن، ئەوا كوردستان ئامادەیە رێز لەو دەستوورە بگرێت كە خۆی دەنگی پێداوە و بە دەستكەوتێكی گرنگی بۆ مافەكانی كوردستان دادەنێت.
ئێستا كە ئەمریكاو فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشوازی لە شێوازی مامەڵەی كوردستان دەكەن بۆ دەستپێكردنەوەی وتووێژ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، ئەمە لەبەرامبەردا فەرزی دەكات بەسەر حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و تەواوی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە كە ئەوانیش وەك كوردستان پابەندبوونی خۆیان بە دەستووری عێراقەوە پیشان بدەن، خاڵی لەمە گرنگتر كە لە پابەندبوون بە دەستووری عێراق خۆی بەرجەستە دەكاتەوە، ئەوەیە كە ئەم دەستوورە بەتەنیا بۆ ئەوە نەنووسراوە كە كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق چارەسەر بكات، بەڵكو ئەم دەستوورە بۆ ئەوە نووسراوەتەوە كە هەموو لایەنە سەرەكییەكان لە پێناوی پێكەوەژیان و بونیادنانی دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فیدڕاڵی، كۆمپرۆمایز بۆ یەكتری بكەن، ئەم دەستوورە فەرزی دەكات كە هیچ لایەنێك لە جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە لە چوارچێوەی (براوە و دۆڕاو) پۆلین ناكرێت، بەڵكو كاتێك ئەو دەستوورە جێبەجێ دەكرێت، ئەوا هەرسێ لایەنی سەرەكی (كورد و شیعە و سوننە) و تەواوی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق خۆیان بە براوە دەزانن.
لە ئێستادا كە چوارچێوەی پابەندبوون بەدەستوورەوە دەرگای جیاوازی و ناكۆكییەكان بەرەو كرانەوە و دیالۆگێكی راشكاوانە دەبات، لە هەمانكاتدا دەنگی بەكارهێنانی زمانی هێز و شەڕ و كوشتاری خامۆش كردووە، ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی باشە بۆ هەموو لایەك بەوەی ئایا كام لایەنە دەتوانێت ریگە لەشەڕ و ئاژاوە بگرێت و كام لایەنیش بێجگە لە زمانی هێز و شەڕ لە هیچ زمانێكی دیكە تێناگات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵوێستەكانی ئەمریكا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان دەیداتەوە و بە راشكاوی دەبێت لەگەڵ لایەنی كێشەكان بەو زمانە قسە بكرێت كە خۆیان مەبەستانە قسەی پێبكەن و هەر دەبێت ئەو زمانەش بەكار بهێنرێت بۆ ئەوەی لێی تێبگەن.