كارەساتی خورماتوو هیچی لە كارەساتی هاتنی داعش كەمتر نییە ..... 300خانوو لە خورماتوو سووتێنراون
November 22, 2017
راپۆرتەکان
لە سەرەتای سەردانەكەماندا لە دەشتی بەهەشت خاتوو نەزیرە كە خەڵكی گەڕەكی دۆمیزە لە كەركووك پێی وتین: «لەبەر هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی و ئەو ناپاكییەی لە پێشمەرگە كرا، نەمانتوانی یەك جانتاش دەربكەین، چونكە ئەوەی پیاوەكەی پێشمەرگە بێت، هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی و تاڵانی دەكەن.» عادل ئەحمەدیش وەك كەركووكییەك وتی: «حەشدەكان ناوی ئەو كوردانەیان لایەو كەسانێك چاوساغییان بۆ دەكەن كە لە كاتی ریفراندۆمەكەدا بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی كردووە، بۆیە من سێ جار بە هەمەڕەوە چەتەكانی حەشد هاتوونەتە سەر ماڵەكەم و دراوسێكانم پێیان وتووم كە نەگەڕێمەوە.»
ئاوارەكانی نیشتەجێی گوندی ئاشتیی دوو لە هەولێر لە بارودۆخێكی خراپدان، چونكە ئەوان بە خێراییەكی زۆر ئەو شەوە ئاوارە بوون و كەلوپەل و پێداویستیەكانیان لەگەڵ خۆیاندا نەهێناوە و قوتابیەكانیان لە قوتابخانە دابڕاون. لوقمان عادل كە لە قۆناغی ئامادەییە داوای لە پەروەردەی هەولێر كرد كارئاسانییان بۆ بكەن بۆ ئەوەی ئەمساڵیان بەفیڕۆ نەچێت، سۆران جەمالیش كە خەڵكی كەركووكەو پێشمەرگەیە لە یەكێك لە لیواكانی سەر بەهێزی پێشمەرگەیە بە بەردەوام باسی ئەو دۆخە دەكات كە چەكدارەكانی حەشد و سوپای عێراق لە شارەكەدا دروستیان كردووەو وتی: «دیمەنی ئاڵا سووتاندن و سووكایەتیكردن بە كورد هەرگیز ناتوانرێت تەحەمولی بكرێت، هەر بۆیە ئێمە ئاوارەییمان هەڵبژارد كە لە ژیانی سووكایەتی و داگیركردن زۆر باشترە.» هەر لەگوندی بەهەشت عەدنان عەلی دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلی سوپاسی خێرخوازانی هەولێری كرد، بەڵام پێی راگەیاندنین هێشتا هاوكاری و یارمەتیەكان لە ئاستی پێویستدا نین، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە، چونكە زۆربەیان لە خانووی تەواو نەكراودان و دەرگاو پەنجەرەی تێدا نییەو پێویستیان بە سۆباو راكێشانی كارەبا و نایلۆن و دۆشەك و جلوبەرگی منداڵ و پێداویستییەكانی رۆژانە هەیە.
پەروین غەفوور یەكێكە لەو هەزاران دایكە ئاوارەیەی كە لەبەردەم منداڵەكانی بە حەسرەتەوە باسی ئەوەی بۆ كردین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی راگەیاندن لەئاست نەهامەتی و قەبارەی ئاوارەبوونەكە گرنگییان بەو رووداوە نەداوە، رەنگە بەهۆی كتوپڕی رووداوەكانەوە بێت كە هەمووانی تووشی شۆك كرد، وتیشی: «داوا لە خێرخوازانی هەولێر دەكەم شیری منداڵ و بەتانیمان بۆ بهێنن»
ئافرەتێكی دیكە بە ناوی خەزێم كە خەڵكی گەڕەكی شۆریجە و ماڵەكەی بەرامبەر بارەگایەكی ناوچەی پارتی بووە، وتی: «چەندین حكومەتی زۆرداری عێراقم بەڕێكرد، بەڵام دڕندەی وەكو حەشدەكانم نەبینی، كە نەك تەنیا بارەگای هێزە كوردییەكانیان تاڵان كرد، بگرە دەستیان لە ماڵە كوردەكانیش نەپاراست. لەم بەسەركردنەوەماندا ئاوارەیەكی زۆری لەیلان و دووزخورماتوو و مەخموورو ناوچەكانی دەوروبەری كەركووكمان بینی كە ئەوان باسی گەڕان و پشكنینی بەردەوامی ماڵە كوردەكان بەتایبەتی ئەوانەی كەسوكاریان پێشمەرگەیە لەلایەن حەشدو سوپای عێراق و چاوساخەكانیان دەكرد، هاوكات سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد كە لە یەكەم رۆژی كارەساتەكەوە بەهانای ئاوارەكانەوە هاتوون.
موسا ئەحمەد:
گلەییمان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەیە كە هاوكارییەكانیان لە ئاست پێویستدا نییە
لە بەسەركردنەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی چاومان كەوت بە موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگاكەو سەرەتا باسی كارەساتی ئاوارەبوونەكەی بۆ كردین و وتی: «لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هێزەكانی سوپای عێراق و گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی پەلامارێكی بەربڵاویان هێنایە سەر شارەكانی كەركووك و خانەقین و خورماتوو، دواتر هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان گرتەوە، بەهۆی ئەنجامدانی كوشتن و رفاندن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی هاووڵاتیان و مەترسی كەوتنە سەر ژیانی خێزانەكان، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان كە زۆرینەیان كورد بوون، ئاوارەی شاری هەولێر و گەرمیان و دهۆك و سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی تر بوون، چونكە خۆتان دەزانن زۆربەی ئاوارەكان لەلای ماڵی خزم و كەسوكاریان نیشتەجێ بوون، تا ئێستاش رێكخراوەكەمان و حكومەت و رێكخراوەكانی تری بیانی پەیوەندار بە UN سەرقاڵی سەرژمێرییەكین بۆ ئەوەی بەشێوازێكی ستاندار ژمارەی ئاوارەكان بزانین، هەرچەندە وەكو ژمارەیەكی سەرەتایی 8500 خێزان لەكەركووك و دەوروبەری ئاوارەی هەولێر بوون و 3883 خێزانی تر لە مەخموورو ناحیەكانیانەوە هاتوون و 509 خێزانی تر لە سلێمانی لە هەردوو كەمپی سورداش و بەرزنجە نیشتەجێبوون و 500 خێزانی مەسیحیش لە تەلەسقوف و 200 خێزانی تری ئێزیدیش ئەوانەی تازە گەڕابوونەوە ناوچەكانیان دووبارە ئاوارە بوونەوە، بەسوپاسەوە هەروەكو خەڵكی هەولێر پێی ناسراوە، خێرخوازان هاوكاری و یارمەتییەكی باشیان كردوون، گەرچی هێشتا بەقەد كارەساتەكەو بارودۆخی ئاوارەكان نییە، چونكە ئەوان بە كتوپڕی و بە پەلە هەڵهاتوون و هیچیان لەگەڵ خۆیاندا نەهێناوە، هەربۆیە بەسوپاسەوە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر سەرەتا شوێنی نیشتەجێبوونمان بۆ كردنەوەو لە سلێمانیش هاوكاریمان گەیاندە 3400 خێزان و لە هەولێریش زیاتر لە 8000 خێزان سودمەند بوون لە هاوكارییەكانی دابەشكردنی بەشە خۆراك و بەتانی و دۆشەك و پێداویستی منداڵ، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا كارتمان بۆ دروست كردوون بۆ ئەوەی میكانیزمی هاوكارییەكان رێك بخەین، سوپاسی كونسوڵخانەی پۆڵەنداش دەكەم كە سەرجەم كەلوپەلی ناو كۆگاكانیان بەسەر ئاوارەكاندا دابەش كرد، بەڵام گلەییمان لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەیە كە هاوكارییەكانیان لە ئاست پێویستدا نییە.
سەبارەت بە قەبارەی كارەساتەكە و ئەو نەتەوەو ئایینزایانەی كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاوارە بوون، موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتی: «ئاوارەكان هەموو خەڵك و نەتەوەو ئایینێك لەخۆ دەگرێت، چونكە ئەو ناوچە كوردستانییانە هەموو پێكهاتەكان لە كوردو عەرەب و توركمان و ئایین و ئایینزاكان بە یەكەوە دەژین، هەر بۆ نموونە ئەوانەی لە تەلەسقوف هاتوون زۆربەیان كریستیانن و ئێزیدیشیان لەگەڵە و ئەو خەڵكانە بەم دوایانە گەڕابوونەوە شنگاڵ و سنوونێ و خانەسوور، بەڵام دووبارە خەڵكێكی زۆریان ئاوارەبوونەوە لەگەڵ هاتنی حەشدی شەعبی، هەروەها ئاوارەكانی كەركووك و خورماتووش جگە لە كورد خەڵكی تریش ئاوارەبوون ئەو خەڵكەی خورماتوو و كەركووك ئێش و ئازاری زۆریان هەیە، ئێمە وەكو دەزگای خێرخوازی بارزانی دەتوانین تەنیا لایەنە مرۆڤایەتیەكی بخەینەڕوو بەدەنگیانەوە بچین، بێگومان تووشی كارەساتێكی گەورە بوون و كارەساتی خورماتوو هیچی لەكارەساتی هاتنی داعش كەمتر نییە كە هەمان شێواز و دڕندایەتیان بەرامبەر بە خەڵكەكە كردووە، بەتایبەتی بەرامبەر بەكورد وەكو ئەوەی وایە كە داعش لەگەڵ ئێزیدییەكانی شنگاڵ كردی، بۆیە ئەمە لە هەموو بوارەكاندا پێویستی بەكاركردن هەیە لەسەر ئەو دۆسیانە، لەلایەكی تر 6تا7 هەزار قوتابی بەم داگیركردنەی ناوچە كوردستانییەكان لە پڕۆسەی خوێندن بێبەش بوون و 300خانوو لە خورماتوو سووتێنراون كە هەر هەموو هی كوردەكانە، ئەو كردەوە خراپانەی هێزە عێراقییەكان و حەشد كردوویانە، نەك تەنیا لای ئێمە، بەڵكو چەندین لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دیكۆمێنتیان كردووە كە بە كارەساتێكی زۆر گەورەی دادەنێن و بە گرنگییەوە سەیری دەكەن و كاری لەسەر دەكرێت.
هەوڵمانداوە بەپێی ئەو دۆستایەتی و پەیوەندییانەی لەگەڵ وڵاتان و رێكخراوە مرۆیی و خێرخوازییەكانی دنیادا هەمانە ئەو كارەساتە بگەینینە هەموو وڵات و شوێنێك، هاوكات چەند رۆژێك پێش ئێستا بەیاننامەیەك لە پۆلۆنیا لەسەر ئەو كارەساتە دەرچووە و لەدەزگاكانی راگەیاندنی خۆشمان بڵاوكراوە كە 45رێكخراوی گەورەی مرۆیی ئیمزایان لەسەر كردووە كە ئاماژە بەوە دراوە دەبێت رێگا نەدرێت جارێكی تر كورد تووشی كارەساتێكی لەو جۆرە ببێتەوە، پۆلۆنیا وڵاتێكی گەورەی یەكێتی ئەوروپایە و پشتگیریی هیچ وڵات و بابەتێكی نەكردووە، وەكو ئەوەی كە رێكخراوەكان پشتگیری كورد دەكات لە دژی ئەو كارەساتە ئەمەش هەوڵ و ماندووبوونی نوێنەری حكومەتی كوردستانە لە پۆلۆنیا كە توانیویەتی كارەساتەكە بەپێی قەبارەی خۆی بگەیەنێت. جێگای داخیشە تا ئێستا ئاوارەبوون بەردەوامە چونكە توندوتیژی و هەڕەشەی حەشد هەر وەكو خۆیەتی. هەربۆیە گەڕانەوەی ئاوارەكان پەیوەندی بە لایەنی سیاسی و رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، تا دڵنیایی تەواو بە خەڵكەكە نەدرێت و ئاوارەكان لە پاراستنی ژیانیانیان مسۆگەر نەبن، ناتوانن بگەڕێنەوە.