لوبنان و یەمەن و سووریا كامیان دەبێتە ویستگەی یەكەم بۆ لغاوگیركردنی میلیشیا پرۆئێرانییەكان؟
November 16, 2017
راپۆرتەکان
دیارە لە ئێستادا و دوای ئەوەی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان لە ریازی پایتەختی سعودیەوە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەدژی كردەوەكانی حزبوڵای لوبنانی راگەیاند، بەشی زۆری میدیاكانی جیهان ئەو پرسیارە دەكەن، ئایا عەرەبستانی سعودی، یان ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریكا، لە دژی ئەنساروڵای حوسی و حزبوڵای لوبنانی شەڕ رادەگەیەنن، یان تەنیا دەیانەوێت بە رێگەی سەپاندنی گەمارۆی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی لغاوگیریان بكەن؟ بەڵام پێدەچێت ئەمجارەیان پلانی سعودیە و ئیسرائیل و ئەمریكا، هاوشێوەی پلانەكەی بەریتانیا بێت بۆ شەڕی فوكلاند و پرسەكە لەنێوان راگەیاندنی شەڕ و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر نەبێت لە دژی ئەنساروڵا و حزبوڵا، بەڵكو پرسەكە ئەوە بێت ئایا دوای ئەوەی ئەنساروڵا و حزبوڵا تێكدەشكێندرێن، شەڕەكەیان كۆتایی دێت، یان شەڕەكە بەردەوام دەبێت و حكومەتی تارانیش بڕووخێندرێت؟
سەبارەت بەو سیناریۆیەی ئیسرائیل و سعودیە بۆ ئەم شەڕە دەینووسنەوە، گۆمانی تێدا نییە، سعودیە لای خۆیەوە شەڕی لەدژی حوسییەكان بەردەوامەو لەدوای هەفتەی رابردووشەوە كە میلیشیكانی ئەنساروڵای حوسی مووشەكێكیان گرتە فڕۆكەخانەی ریازی پایتەختی سعودیە، ئەوا سعودیە گەمارۆی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی خستۆتە سەر یەمەن، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل جیا لەوەی گەمارۆی ئاسمانی و ئاوی خستۆتە سەر حزبوڵای لوبنانی، ئەوا ماوەی چەند هەفتەیەكیشە بێ گوێدانە هیچ كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتی گورزی پێشوەختە (الضربات الاستباقیة)ی لە بنكەكانی حزبوڵا و میلیشیا پرۆئێرانییەكانی دیكەی ناو سووریا وەشاندووە، بەڵام لە هەردوو لای سعودیە و ئیسرائیلەوە، هەڵمەتێكی گەورەی دیپلۆماتی دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی كارە ناسەقامگیرییەكانی حزبوڵای لوبنانی و رۆكێتە دوورهاوێژەكانی ئەنساروڵای حوسی وەك هێرشی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر سعودیەو هەڕەشەی راستەوخۆی ئێران بۆ نەمانی ئیسرائیل بخرێتەڕوو.
سەبارەت بە سعودیە، رۆژ لەدوای رۆژ پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ تۆمەتباركردنی ئێران بە رۆكێتی حوسییەكان زیاتر دەبێت و تا ئێستا 3 ئەندامی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش (فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكا) پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ هەڵوێستی سعودیە دەربڕیوە و رۆكێتی حوسییەكانیشیان وەك رۆكێتی ئێرانی ناساندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمە سەرەتای هەڵمەتێكی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی ئێران وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بداتەوە، بەوەی ئەو رۆكێتانەی ئەنساروڵای حوسی لە سعودیەی دەگرێت و باس لەوەش دەكەن لە ئایندەیەكی نزیكدا مەوداكەی دەگاتە ئەوەی ئەبوزەبیش رۆكێتباران بكەن، ئایا ئەم رۆكێتانە ئێرانین، یان نە؟ كۆماری ئیسلامی ئێران هەتا ئێستا وەڵامی بۆ رۆكێتی حوسییەكان ئەوە بووە، كە ئەوە كاردانەوەی شەڕی سعودیە لەگەڵ حوسییەكانە و پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، بەڵام ئەوەی سعودیە لەم هەواڵەی ئێران نیگەران كردووە، ئەوەیە ئێران بە شێوەیەكی زمنی پشتگیری لە رۆكێتبارانكردنی سعودیە لەلایەن حوسییەكانەوە دەكات.
لەم سناریۆیەدا، پێدەچێت ئیسرائیل لەبەرامبەر هەڕەشەكانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان و سووریاوە، زۆر بایەخ بە كاردانەوە، یان پشتگیری نێودەوڵەتی نەدات، هەتا چاوەڕێی ئەوە بكات، هێرش بكاتە سەر حزبوڵا، یان میلیشیا پرۆئێرانییەكانی دیكە لەناو خاكی سووریا، بەڵكو كێشەی سەرەكیی ئیسرائیل ئەوەیە كە كاتێك هێرش دەكاتە سەر حزبوڵا لە باشووری لوبنان و سووریا، خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رێگەی ئەو قوربانییە سڤیلانە گوشار نەخاتە سەر ئیسرائیل هەتا شەڕەكە رابگرێت، هەروەك چۆن هەفتەی رابردووش حوسییەكانی یەمەن دوای بۆمبارانكردنیان لەلایەن فڕۆكەكانی سعودیەوە كەوتنە بڵاوكردنەوەی قوربانییە سڤیلەكان بۆ ئەوەی سۆزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی سعودیە بجووڵێنن.
عەرەبستانی سعودیە كە لە ئێستادا بەشێوەیەكی كردەیی، دەسەڵاتی گواستۆتەوە بۆ شازادە محەمەد سەلمان، مەزندەی ئەوەی لێدەكرێت چیدیكە شێوازی بڕیاروەرگرتن لە حكومەتی سعودیە بە شێوە خاوەكەی پێشان نەبێت و چاوەڕێ دەكرێت بڕیاری زۆر قورس و یەكلاكەرەوە بۆ شەڕی دژی حوسییەكان و هەروەها ئێرانیش وەربگیرێت، هەروەك چۆن لە بواری دژایەتیكردنی گەندەڵی، شازدە محەمەد سەلمان ئەو بڕیارە بوێرانەی دەركرد بە بەندكردنی شازادەكانی سعودیە كە وەك باسی دەكەن 11 كەسیان لەو شازادانە ئامۆزای خۆی بن.
پشتگیری ئەمریكا و رۆژئاوا لە هەنگاوەكانی شازادە محەمەد سەلمان بەرامبەر بە گەندەڵیی شازادەكانی دیكەی سعودیە، بەشێكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەندەڵیی ئەو شازادانە پەیوەندی بە هەناردەكردنی پارەوە بووە بۆ گروپە توندڕۆیە ئیسلامییەكان، ئەوجا ئەم هەنگاوەیان بۆ پاراستنی سەروەت و سامانیان بووە، یان پەیوەندی بە قەناعەتی خۆیانەوە هەبێت بەو گروپانە، تائێستا دیار نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە گرنگەی محەمەد سەلمان ئەوەمان پیشاندەدات، كە بڕیاری داهاتووی محەمەد سەلمان زۆر لە بڕیارەكەی ساڵی 2015ی شا سەلمانی باوكی بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی عەرەبی و ئیسلامی دژی حوسییەكانی یەمەن، قورستر و بوێرانەتر و یەكلاكەرەوەتر دەبێت. شازادە محەمەد سەلمان لەمیانەی لێدوانە توندەكانی بەرامبەر بە ئێران، ئەوەی دەرخستووە كە خاڵی بەهێزی ئێران هەتا ئێستا ئەوە بووە كە نەیهێشتووە هەموو ئەو شەڕانە لەسەر خاكی ئێران بەڕێوەبچن و هەموو شەڕەكان بە رێگەی وەكیلەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامداوە، سەبارەت بەم خاڵە محەمەد سەلمان دەیەوێت ئەم خاڵە بەهێزەی ئێران بشكێنێت، بۆیە راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات، كە دەبێت شەڕی ئەمجارە لەگەڵ ئێران لەسەر خاكی ئێران و لەناو ئێراندا كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، سەبارەت بەم بۆچوونەی محەمەد سەلمان، چاودێران و شرۆڤەكارانی سیاسی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، ئەم پێداگیرییەی سعودیە بۆ ئەوەی شەڕی داهاتوو ببرێتە ناو خاكی ئێرانەوە، تەواو تەواو لەگەڵ بیروبۆچوونی تازەی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران یەك دەگرێتەوە، كە بەشێكی داوای گۆڕانكاری، یان رووخانی حكومەتی تاران دەكات، هەر بۆیە ئەمریكا زۆر بە گەرمی پێشوازی لە هەڵوێستی ئەم دواییەی سعودیە لە دژی ئێران دەكات.
لایەنێكی دیكە كە تا رادەیەك هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئێران تێكەڵ كردووە، پرسی رەتكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 5+1 لەگەڵ ئێرانە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، هەڵوێستی ئەمریكا سەبارەت بە رێككەوتنی 5+1 ئەوەیە، كە ئەم رێككەوتنە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێران هەڵبگرێت، بەمەش پارەیەكی زۆر باش گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و بەم پارەیەش هاوكاری میلیشیا پرۆئێرانییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت و ئەو هەڕەشەیە دروست بووە كە ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەڵام لەبەرامبەردا هەڵوێستی پێنج دەوڵەتەكەی دیكە كە بریتین لە (فەرەنسا و رووسیا و چین و بەریتانیا و ئەڵمانیا) لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەو رێككەوتنە شتێكی دیكەیەو نایانەوێت لەو رێككەوتنە بێنەدەرەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەمریكا ئەو پێنج دەوڵەتە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەسەر رەفتارە شەڕانگێز و ناسەقامگیرەكانی ئێران و مەترسیی رۆكێتە دوورهاوێژەكانی، دەكرێت هەڵوێستی دیكەو سزای دیكە بەرامبەر بە ئێران بگیرێتەبەر و لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە تیكەڵ نەكرێت، سەبارەت بەم لایەنەیان دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات و بەحرێن و میسر و ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەی تا رادەیەكی زۆر هەڵوێستیان پشتگیریكردنە لە هەڵوێستی ئەمریكا بۆ هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی 5+1 لەگەڵ ئێراندا، بەڵام لە هەمانكاتدا لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیاش هاوهەڵوێستن كە لەدژی رەفتارە ناسەقامگیرەكانی ئێران لەناوچەكەدا، سزای تازە لە دژی ئێران بسەپێنرێت و پرسی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ تاقیكردنەوە مووشەكییەكان و شەڕی وەكیلەكانی ئێران تێكەڵی یەكتری نەكرێت.
بەبێ بەرپەرچدانەوەی راستەوخۆی ئێران
شەڕی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران سەركەوتوو نابێت
هەموو ئەوانەی پسپۆڕ و تایبەتمەندن لەبواری بەرگری و ئاسایش، بەو راستییە ئاشنان كە ئامانجی ستراتیژیەتی ئێران هەوڵدانە بۆ باڵادەستی و بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی شۆڕشی ئیسلامی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەمەش گرنگتر ئەوەیە ئێران تا رادەیەكی زۆر توانیویەتی لەم ستراتیژەدا سەركەوتوو بێت و چەندین وڵاتی بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ كردووە وەك عێراق و سووریا و لوبنان و تا رادەیەكی زۆریش یەمەن و هەروەها هەوڵیداوە كە مەترسییەكی گەورە لەسەر بەحرێن دروست بكات، ئەم حاڵەتە پرسیاری ئەوەی لا دروستكردوون، ئایا چۆن ئێران توانیویەتی ئەم ئامانجە ستراتیژییەی خۆی بەدەست بهێنێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە توێژەران و تایبەتمەندان ئاماژە بۆ چەند خاڵێكی گرنگ دەكەن، لەوانە:
1. لەساڵی 1979وە دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، ئێران بە رێگەی دامەزراندنی سوپای پاسداران هەوڵیداوە دەستتێوەردان لە تەواوی ئەو وڵاتانە بكات كە شیعەی تێدایە، بۆ ئەمەش لەچوارچێوەی پرۆسەیەكی هێمن و لەسەرخۆدا هەوڵیداوە میلیشیای چەكداری بۆ شەڕێكی غەیرە تەقلیدی ئامادەبكات.
2. راستە لە سەرەتاوە ئێران سەرچاوەی دارایی و چەك و پێداویستی بۆ ئەم میلیشیا چەكدارانە پەیدا كردووە، بەڵام وردە وردە هەوڵیداوە كە سەرچاوەی ئابووریی دەرەكی بۆ دابینكردنی پێداویستی ئەو میلیشیایانە دابین بكات، ئەمەش بەشێكیان بە رێگەی رەوەندی شیعە لە سەرانسەری جیهان، بەشێكیشی لەو وڵاتانە سەرچاوەی داراییان بۆ دابین دەكات كە میلیشیاكانی تێدا دروست دەكات، بۆ نموونە عێراق و سووریا، كە پێداویستی ئەم میلیشیایانە لەهەردوو حكومەتی عێراق و سووریاوە دابین دەكات.
3. شێوازی راهێنان و مەشق پێكردنی ئەم میلیشیا پرۆ ئێرانییە، ئامادەكردنە بۆ شەڕێكی غەیرە نیزامی، یان تەقلیدی، ئەمەش بەو مانایەی ئەم میلیشیایانە وەك سوپایەكی نیزامی شەڕ لەگەڵ بەرامبەرەكەیان ناكەن، بەڵكو زیاتر شەڕی گەریلایی (حرب العصابات) دەكەن و خۆیان تیكەڵی خەڵكانی سڤیل دەكەن، بۆ ئەوەی لە كاتی رووبەڕووبوونەوەدا خەڵكانی سڤیل ببنە قوربانی و كارە تیرۆریستییەكانی ئەوان فەرامۆش بكرێن.
4. شێوازی كاری سوپای پاسداران لە رێگەی هێزی سوپای قودس و ئیتلاعاتی ئێرانەوە، تێكەڵكردنی ئەندامانی خۆیانە بۆ ناو دامەزراوە سیاسی و سەربازییەكانی ئەو دەوڵەتە، دروستكردنی هێزێكە لەناو دەوڵەتدا بەرامبەر سوپای ئەو دەوڵەتە، هەر بۆ نموونە وەك هێزەكانی حزبوڵا لە لوبناندا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا.
5. تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران، شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكانی ئێرانی لەگەڵ دوژمنەكانی بردۆتە دەرەوەی خاكی ئێران، ئەمەش واتە ئێران لەگەڵ دوژمنەكانی لە دەرەوەی خاكی خۆی شەڕ دەكات، هەروەها پێكهاتەی ئەندامەكانی ئەم میلیشیایانە خەڵكانی ئێرانی نین، بەمەش هاووڵاتی ئێرانی لەو شەڕانە دوور خستۆتەوە، هەر بۆیە كاتێك سوپای پاسداران دەیەوێت بە رێگەی ئەم میلیشیا وەكیلانە ئامانجەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ئەوا نە شەڕەكە لەسەر خاكی ئێرانە، نە ئەوانەشی دەبنە قوربانی هاووڵاتیانی ئێرانن، بۆیە چەند كەس لە ناو ئەو میلیشیا پرۆئێرانییانە بكوژرێن، لەبەر ئەوەی تەرمەكانیان نابرێنەوە بۆ ئێران، ئەوا هیچ گوشارێك لەناوخۆی ئێراندا دروست ناكات.
6. سوپای پاسداران تەجنیدكردنی شیعەی لوبنان و سووریا و عێراق و ئەفغانستان و پاكستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی دۆزینەوەی كار بۆ لاوەكانی شیعە پیادە دەكات، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی چەكدارەكانی ناو میلیشیا پرۆئێرانییەكان، وەك ئەرك و پیشە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی بەرگێكی پیرۆزی شیعەگەرایی بەبەردا كراوە، بۆ ئەوەی وەك (بەرگری پیرۆز) سەیر بكرێت.
ئەگەر لەم خاڵانەوە سەیری پێكهاتەی میلیشیا پرۆئێرانییەكانی سوپای پاسداران لە یەمەن تا عێراق بكەین، دەبینین ئەم میلیشیا چەكدارانەی سوپای پاسداران هەمان مەترسی چەكدارەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش بە شێوەكی زۆر فراوانتر دووبارە دەكەنەوە، لەمەش زیاتر سوپای نیزامی دووچاری كێشەی گەورە دەكەن، كاتێك لەگەڵ ئەم میلیشیایانە رووبەڕوو دەبنەوە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە بە لاساییكردنەوەی میلیشیا پرۆئێرانییەكانی سوپای پاسداران، فێری ئەو شەڕە غەیرە تەقلیدیە بوون، یان سوپای پاسداران سوودی لە ئەزموونی موجاهیدەكانی پێشووی ئەفغانستان (قاعیدەی ئێستا) لەشەڕی دژی سۆڤیەتی پێشان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو وەرگرتووە؟
بەپێی ئەو توێژێنەوانەی لەمبارەوە كراون، هەندێك لە توێژەر و پسپۆڕان پێیانوایە كاتێك سوپای سۆڤیەتی پێشان لەساڵی 1980 ئەفغانستانی داگیركرد، هێشتا سوپای پاسداران دانەمەزرابوو، بۆیە كاتێك موجاهیدەكانی ئەفغانی بە پشتیوانی ئەمریكا و رۆژئاوا رووبەڕووی هێزەكانی سۆڤیەتی پێشوو بوونەوە و دواتریش توانییان سۆڤیەت ناچار بكەن لە ئەفغانستان بكشێتەوە، ئەوا ئەوانە پێیانوایە، سوپای پاسداران نەك هەر سوودێكی هێجگار گەورەی لە موجاهیدەكانی ئەفغانی وەرگرتووە، بەڵكو لە شەڕی موجاهیدەكانی ئەفغانستان دژی سۆڤیەتی پێشوو، ئێران زۆر بە گەرمی پشتگیری لەشەڕی موجاهیدەكانی ئەفغانستان كردووە، لەمەش زیاتر ئەو پسپۆڕانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، دوای ئەوەی موجاهیدەكانی ئەفغانی لەدوای ساڵی 1990 رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدەیان دژی ئەمریكا و رۆژئاوا دامەزراند، دیسان ئامانجی رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران یەكی گرتۆتەوە و ئەو پەیوەندییە لە هەشتاكاندا لەگەڵ موجاهیدنی ئەفغانی لەگەڵ ئێران دروست بووە، لەدوای دامەزراندنی ریكخراوی قاعیدەش ئەو پەیوەندیە دریژەی هەبووە و ئەو بەڵگەنامەیانەش كە بەم دواییە دەزگای هەواڵگری (CIA) لەسەر پەیوەندی راستەوخۆی ئوسامە بن لادنی سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە و ئێران ئاشكرای كردووە، دووپاتكردنەوەی ئەو راستییەیە كە ئەو پەیوەندیە بوونی هەبووە.
بەشێكی دیكەی توێژەران بەتایبەتی كە توێژینەوەكانیان لە چوارچێوەی بەراوردكارییە لە نێوان (جیهادی سوننە و جیهادی شیعە) لەو بڕوایەدان لەبەر ئەوەی سوپای پاسداران دامەزراوەیەكی دەوڵەتی ئێرانی بووە و لەسەر بڕیاری خومەینی دامەزراوە و ئەركی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە و ئێرانیش دەوڵەتێكی گەورە و بەئیمكانیەت بووە، ئەوا هەتا ئەگەر سوپای پاسدارانی ئێرانی سوودیشی لە ئەزموونی شەڕی چەكداری موجاهیدەكانی ئەفغانی وەرگرتبێت، بەڵام شێوازی پەرەپێدانی میلیشیا چەكدارەكانی سوپای پاسداران زۆر لە میلیشیاكانی موجاهیدەكانی ئەفغان و دوا تریش لە میلیشیاكانی ئەلقاعیدە خێراتر بووە، بەڵگەشیان لەسەر ئەم بۆچوونە ئەوەیە، ئەو میلیشیایانەی لە سووریاوە رەوانەی عێراق دەكرانەوە لەژێر ناوی رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراق دژی داگیركاری ئەمریكا لە عێراقدا، زۆر باشتر لە شەڕەكانی ئەفغانستان، لەعێراقدا دژی ئەمریكا شەڕیان دەكرد و، شێوازی شەڕكردنی حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامی عەرەبی شیعە لە عێراقدا زۆر لەشەڕی چەكدارانی قاعیدەی عێراقی دەكرد، بۆیە پێدەچێت لە دوای ساڵی 2003وە، جارێكی دیكە میلیشیا چەكدارەكانی قاعیدە لە عێراقدا سوودیان لە میلیشیا شیعەكان وەرگرتبێت و ئاشكراشە كە لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە و بە ئاگاداری سوپای پاسداران هاوكاری چەكدارانی قاعیدە لە عێراق كراوە. بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم بۆچوونە، ئەو پسپۆڕانە پێیانوایە، راستە حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی پشتگیری ئەو پلانەی ئەمریكای كرد بۆ تێكشكاندنی قاعیدەی لقی عێراق، كە ئەویش پێكهێنانی هێزێكی عەشایەری سوننە بوو بە ناوی (ئەلسەحوە)، بەڵام هەر زوو نوری مالیكی بە ئاگاداركردنەوەی لەلایەن ئێرانەوە لەو راستییە، دوای تێكشاندنی داعش رێگەی نەدا هێزەكانی سەحوە تیكەڵ هێزەكانی ئاسایشی عێراق بن، ئەمەش لەو روانگەیەوە بوو، ئەگەر هێزی عەشایری سەحوە بە پشتگیری لوجیستی ئەمریكا ئەو توانایەی هەبێت كە هێزێكی وەك قاعیدەی عێراق تێكبشكێنێت، كە سووریا و ئێران خۆیان بۆ دەرپەڕاندنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا هاوكارییان كردوون، ئەوا هێزی عەشایەری سەحوەی عەرەبی سوننەی عێراق، ئەگەر وەك خۆیان بهێڵێرێنەوە، هەڕەشەی جددی لەسەر حوكمڕانی شیعە دروست دەكەن.
بێگومان ئەم ترسەی ئێران و نوری مالیكی لە جێگەی خۆیدا بوو، لەبەر ئەوەی كاتێك نوری مالیكی لەسەر راسپاردەی ئێران لەدوای 2012 كەوتە تەسفیەی هەموو سەركردەكانی سوننە، ئەوە بوو ئەمجارەیان لەبری دروستكردنەوەی قاعیدە، رێكخراوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامییان لە عێراق و شام ( داعش) پێكهێنا، داعشیش ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دەرچوو كە ماوەی سێ ساڵە هەموو جیهانی كۆكردۆتەوە و هێشتاش بە تەواوەتی ریشەكێش نەكراوە.
ئاماژەكردنمان بۆ شەڕی چەكداری میلیشیای وەك كاراكتەری غەیرە دەوڵەتی، كێشەیەكی ئاسان نییە و، هەموو دەوڵەتانی رۆژئاوا و ئەمریكاش ئەو راستییە باش دەزانن كە شەڕكردن لەگەڵ میلیشیای هاوشێوەی حزبوڵای لوبنانی و حوسییەكانی یەمەن و حەشدی عێراق و میلیشیا شیعەكانی دیكە لە سووریا كارێكی ئاسان نییە و شتێكی ئەوتۆ لەگەڵ شەڕی دژی قاعیدە و داعش جیاوازی نییە، بۆیە ئەگەر شەڕەكە بەو جۆرە بێت كە ئێران و سوپای پاسداران ئومێدی بۆ دەخوازن و دەیانەوێت ئەم شەڕە تەنیا بە رێگەی میلیشیا چەكدارە وەكیلەكانیانەوە لە دەرەوەی خاكی ئێران لە یەمەن، یان لوبنان، یان سووریا و عێراق بەڕێوە بچێت، ئەوا لایەنی دووەمی شەڕەكە كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكان لەناوچەكەدا دەبێت لەو راستییە ئاگادار بن، چۆن شەڕی داعش بووە هۆكاری كاولبوونی هەموو شارەكانی سوننە لە عێراق و سووریا، بە هەمان شێوە هەموو ئەو ناوچانەش كاول دەبن كە شەڕی تێدا هەڵدەگیرسێت دژی میلیشا پرۆئێرانییەكانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئەگەر رووبدات، ئەوا لایەنی زەرەرمەندی یەكەم لەم شەڕەدا هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دەبن، نەك میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەری 2001، جۆرج دەبلیو بوش، لەبری تۆڵەكردنەوە لە رێكخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە لە سەر تەقاندنەوەی هەردوو تاوەری رێكخراوی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك، هەستا بە رووخاندنی ئیمارەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، لە ئێستادا حزبوڵا لە لوبناندا بەهەمان شێوەی ئیمارەتەكەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بۆتە چەتری حەوانەوە و راهێنان و مەشق پێكردنی تەواوی میلیشیا پرۆئێرانییەكانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەك ژەنراڵ كلاوس نۆمان ئەندامی لیژنەی باڵای سەربازی بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەكانی حزبوڵای لوبنانی لە دیراسەتێكدا بە ناونیشانی: «كارە تیرۆریسیتەكانی حزبوڵا: چۆن خۆمان لەشەڕی سێیەمی لوبنان بپارێزین؟» ئاماژەی پێكردووە: (حزبوڵای لوبنانی گەوهەری درەوشاوەی تاجی ستراتیژیەتی ئێران بۆ بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیەتی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە)، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا رووخاندنی ئیمارەتەكەی حزبوڵا لە لوبناندا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە مەترسیی حزبوڵا و ئەنساروڵا و تەواوی میلیشیاكانی دیكەی وەك حەشدی شەعبی لەسەر تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە لێدوانە توندەكانی شازادە محەمەد سەلمانی سعودیە دژی ئێران سەرچاوە دەگرێت، كە مەترسیی سەرەكی لەسەر تێكدانی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیمارەتەكەی حزبوڵا نییە لە لوبنان، یان ئیمارەتەكەی ئەنساروڵای حوسی نییە لە یەمەن، بەڵكو مەترسیی سەرەكی ئیمارەتەكەی سوپای پاسدارانە لەناو دەوڵەتی ئێراندا و ئەگەر جیهان بەنیازی ئەوە بێت كە هەڕەشەی ناسەقامگیری و پشتگیری تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخاتەوە، ئەوا دەبێت شەڕەكە بخرێتە ناو ئێرانەوە و لەگەڵ ئێران كێشەكان یەكلایی بكرێتەوە، ئەوكات نە ئیمارەتەكەی حەشدی شەعبی لە عێراق و نە ئیمارەتەكەی حزبوڵا لە لوبنان و نە ئیمارەتەكەی ئەنسارولای حوسی لە یەمەن بوونیان دەبێت و نە بەحرێنیش وەك یەكێك لە دەوڵەتەكانی كەنداو دەبێتە پەناگەیەك بۆ میلیشیا پرۆئێرانییەكان و وەكیلێك بۆ هێرشكردنە سەر عەرەبستانی سعودی.