هەوڵیاندا دەستوور بكەنە ئەو چەكەی كوردستانی پێ داگیر بكەنەوە بەڵام ئێستا بۆتە ئەو چەكەی لووتی حەشدی شەعبی دەشكێنێت و سەری عەبادی دەخوات

هەوڵیاندا دەستوور بكەنە ئەو چەكەی كوردستانی پێ داگیر بكەنەوە بەڵام ئێستا بۆتە ئەو چەكەی لووتی حەشدی شەعبی دەشكێنێت و سەری عەبادی دەخوات
حەیدەر جەواد كازم عەبادی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە، لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە و هەتا دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق و پاش گەڕانەوەشی لە 2004 لە حكومەتی كاتیی عێراق بە سەرۆكایەتی د.ئەیاد عەلاوی، وەك كادرێكی تەكنۆكراتی حزبی دەعوای عێراقی كراوەتە وەزیری گواستنەوە، بەڵام دواتر لە كابینەی د.جەعفەری و هەردوو كابینەكەی نوری مالیكی هیچ پۆستێكی وەزاری پێنەدراوە و بە تەنیا پەرلەمانتارێك بووە هەتا ساڵی 2014، كە فەرز كرا نابێت نوری مالیكی جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە، حەیدەر عەبادی وەك لاوازترین كادر و كەسێك كە كەمترین پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبوو، بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كراو هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمریكا پشتگیری كردو حیسابی ئەوەی لەسەر كرد كە عەبادی نابێتە پاشكۆی ئێران و هێزی قودس لە عێراقدا.
عەبادی هێندەی وەك كادرێكی تەكنۆكرات ناسراوە، وەك كاراكتەرێكی سیاسی نەناسراوە، هەر بۆیە نە لە ناو حزبی دەعوە و نە لە ناو ئۆپۆزسیۆنی عێراق و نە لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق، هیچ رۆڵ و پێگەیەكی نەبووە، ئەمەش وایكردووە لەناو حزبی دەعوا و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە وەك كاراكتەرێكی لاوازی ئەوتۆ سەیر كراوە كە پێویست نەبێت ركابەری بكرێت، لەمەش زیاتر لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانیشەوە هیچ ئاستەنگ و گرفتێكی بۆ دروست نەكراوە، لەبەر ئەوەی هەموو كات قاسم سولەیمانی چۆن مەستی بووبێت بۆ ئامانجەكانی خۆی بە ریگەی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی وەك هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم ئەعرەجی بەكاریهێناوە.
ئەمریكا لە روانگەی ئەوەی پەیوەندییەكی زۆر لاوازی لەگەڵ ئێران هەیە و زیاتر وەك تەكنۆكراتێك دەیەوێت عێراق بەڕێوە بەرێت و لە نەزعەی تائیفی دووری بخاتەوە و پشت لە ئێران بكات و بەرەو وڵاتانی عەرەبی هەنگاو هەڵبگرێت، بۆ ئەمەش ئەمریكا هەوڵێكی زۆری دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیمارات لەگەڵ عێراق بە گشتی و سعودیە و عێراق بەتایبەتی ئاسایی بكاتەوە، لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان كوردستان و عەبادیش، دیسان ئەمریكا هەموو هەوڵێكی لەگەڵ كوردستانیشدا خستەگەڕ بۆ ئەوەی كوردستانیش پشتگیرییەكی تەواوی حەیدەر عەبادی بكات، لەمیانەی گوشارەكانیش كە لەسەر كوردستان چڕدەكرانەوە بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت، ئەمریكا پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ریفراندۆم دەبێتە هۆكاری ئەوەی عەبادی لاواز دەربكەوێت و پاشان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا عەبادی سەركەوتوو نەبێت و زەمینە خۆش بێت بۆ ئەوەی كاندیدێكی پرۆ ئێرانی وەك هادی عامری هەڵبژاردنەكە بباتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەمریكا بە جۆرێك هەڵوێستی توندی بەرامبەر ریفراندۆم و ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان پیشاندا، گەیشتە ئەو رادەیەی كە عەبادی و ئێران و توركیا ئەو كاردانەوە توندەی ئەمریكا، وەك پیشاندانی تیشكی سەوزی ئەمریكا بخوێننەوە و ئەمەش بەو مانایەی ئەوانە هەرچییەك بەرامبەر كوردستان بكەن، ئەمریكا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەم هەڵوێستە هەڵەیەی ئەمریكا وەك رۆبەرت فۆرد لە وتارێكیدا ئاماژەی پێكردووە (هەرگیز ئەمریكا نەیتوانیوە لە عێراق تێبگات)، ئەمجارەیان هێندە بە هەڵە پێگەی عەبادی و بارودۆخی سیاسیی عێراق خوێندرایەوە كە گەیشتە ئەوەی هەڵوێستی ئەمریكا وەك خیانەتكردن لە هاوپەیمانێكی گرنگی كە كوردستانە دەربكەوێت.
ستافی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەگشتی و شەخسی ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە لۆژیكی گرێدانی سەفقە و كۆنتراكتی پەتڕۆڵی مامەڵەیان لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی ئەمجارەی نێوان كوردستان و عێراق كردووە، بوارێكی زیاد لە حەدیان بۆ حەیدەر عەبادی خوڵقاند بۆ ئەوەی وەك كەسێكی لە رادەبەدەر بەهێز دەربكەوێت و بێ ركابەر هەڵبژاردنی داهاتوو بەرێتەوە، ئەم لۆژیكی سەفقەی تیلرسۆن وەك ئەقڵێكی موجەڕدی بازرگانی بەو جۆرە كاری لەسەر كرابوو، ئەگەر حەیدەر عەبادی بتوانێت بە میتۆدی دەستووری عێراقی 2005 ئاقڵانە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، ئەوا دوای هەڵبژاردنەكانی 2018، بە جێبەجێكردنی دەستوورەكە، عێراق دەبێتەوە بە دەوڵەتە مەدەنی و دیموكراتی و ئەو فیدڕاڵییەی كە ئەمریكا ئومێدی بۆ دەخوازێت، بەڵام ئەم ئاراستەیە وەك بۆچوونی ئەقڵێكی بازرگانیی موجەڕد، بە هاوشێوەی یاریكردن بە پشكەكانی ناو بۆرسە جیهانییەكان ئاكامی بەدەستەوە نەدا، تیلیرسۆن پێیوابوو ئەگەر دەستوور بكرێتە یاسای گەمەكەی ناو بۆرسەی سیاسیی عێراق، ئەوا هەموو بزنسمانەكانی سیاسەت بە چوارچێوەی دەستوورەوە پابەند دەبن، وەلێ لەوە بێ ئاگابوو كە كێشەی سەرەكیی بۆرسەی سیاسیی عێراق ئەوەیە كە گەمەكاری پشكەكان لەناو حكومەتی عێراقدا بە دەستوورەكەوە پابەند نابن و ئیعتوبار بۆ دەستوورەكە دانانێن، كێشەی هەرە سەرەكیی پرۆسەی سیاسیی عێراق بەگشتی و كێشەی سەرەكی نێوان هەولێر و بەغداش هەر ئەوەیە كە ئەو دەستوورە پێشێل دەكرێت و جێبەجێ ناكرێت. كەواتە لێرەوە دەكرێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا ئەقڵی موجەڕدی بازرگانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كوێدا بە هەڵەدا رۆیشتووە؟ سەرەنجامیش ئەو هەڵەیە بۆتە هۆكاری ئەوەی بارودۆخەكە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە جۆرێك گەیشتۆتە ئاڵۆزی كە دەكرێت بڵێین گەیشتۆتە لێواری هەڵدێر و ئەگەر زۆر بە زوویی هەوڵنەدرێت هەنگاوێك بیگێڕێتە دواوە، ئەوا لەوانەیە كارلەكار بترازێت، بۆ دەستنیشانكردنی ئاراستە هەڵەكانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:
1- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردبوو، ئەوەی ئێران و عەبادی پێكەوە دەبەستێتەوە لە عێراقدا، ئەو هاوكارییانەیە كە ئێران لە رێگەی هێزی قودسەوە لە شەڕی دژی داعش بە رێگەی حەشدی شەعبی پێشكەشی عەبادی دەكات، لەم حاڵەتەدا تێكشكاندنی داعش بۆتە ئامانجی هاوبەشی عەبادی و قاسم سولەیمانی و ئەگەر شەڕی داعش كۆتایی هات، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت عەبادی لە قاسم سولەیمانی و ئێران دوور بخرێتەوەو پاشان گرێبدرێتەوە بە سعودیە و ئیماراتەوە، بەڵام كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی ریفراندۆم دەریانخست، كە نەك حەیدەر عەبادی بەو ئاستە پەیوەندی لەگەڵ قاسم سولەیمانی نییە كە ئەمریكا لێی بترسێت، بەڵكو قاسم سولەیمانی بە جۆرێك دەوڵەتی عێراقی كردۆتە كۆڵۆنیاڵی ئێران كە ئەسڵەن بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكاندا ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وتووێژ لەگەڵ حەیدەر عەبادی بكات، بەڵكو خۆی بە شێوازی خۆی رێككەوتن دەكات و پاشان وەك فەرمان بۆ حەیدەر عەبادی دەنرێت و بەو شێوازەی ئەو دەیەوێت، دەبێت مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكات، بێگومان ئەمریكا بە هێچ جۆرێك مەزندەی ئەوەی نەكردبوو كە تا ئەو ئاستە قاسم سولەیمانی عێراقی كردۆتە كۆڵۆنیاڵێكی ئێرانی.
2- ئەمریكا لەمیانەی هەوڵەكانی بۆ ئەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز دەربكەوێت، گوشاری گەورەی خستبووە سەر لایەنی كوردستانی بۆ ئەوەی بەوە رازی بێت لە میانەی رێككەوتنێكی ئاشتییانە جارێكی دیكە ئیدارەی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی لایەنی كوردستانی لەژێر گوشاری ئەمریكادا بەم پشتگیرییەی ئەمریكا بۆ عەبادی رازی بوو، بەو ئامانجەی ئەمە ببێتە هۆكاری ئەوەی نفووزی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سنووردار بكرێت، بەڵام عەبادی بە شێوەیەك بە لاوازی لە ئاستی قاسم سولەیمانی دەركەوت، كە هێزەكانی سوپای عێراق و ئەوەی پێی دەگوترێت پۆلیسی فیدڕاڵی بوونە پاشكۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی و راشكاوانەتر بوونە پاشكۆی بڕیارەكانی مەهدی موهەندیس و هادی عامری كە هەردووكیان خۆیان بە ئاشكرا گوتوویانە ئێمە (سەربازی حاجی قاسمی سولەیمانین)، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر مەهدی موهەندیس و هادی عامری خۆیان راستەوخۆ سەربازیكی بەردەستی قاسم سولەیمانی بن، ئەوا ئێستا عەبادی سەربازێكی گوێڕایەڵی بەردەمی سەربازەكانی قاسمی سولەیمانییە. ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی دیكەی خوێندنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو بۆ كەسایەتی لاوازی حەیدەر عەبادی كە ئەوان وەك كەسایەتێكی بەهێز حیسابیان لەسەر كردبوو.
3- ریكس تیلرسۆن دوای داگیركردنەوەی كەركووك، كاتێك گەیشتە سعودیە بۆ ئەوەی شاهیدی ئیمزاكردنی رێككەوتنی هاریكاری سعودیە و عێراق بێت، زۆر بە پشت ئەستووری داوای لە حەیدەر عەبادی كرد كە دەبێت میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە و چەكدارەكانی تەسریح بكرێن و تێكەڵی ژیانی ئاسایی بكرێنەوە، پێدەچوو حەماسی تیلرسۆن بۆ ئەم داوایە، لەوە سەرچاوەی گرتبێت كە بێ ئاگا بووە لەوەی كە كەركووك لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە داگیركراوە، نەك هێزەكانی حەیدەر عەبادی، بۆیە كاتێك گوێی لە وەڵامەكانی عەبادی بوو كە ئەم كارە ناكرێت و حەشدی شەعبی بەشێكە لە هێزەكانی عێراق و گرنگن بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، تیلرسۆن تووشی شۆكێكی گەورە هات و لەوە دڵنیا نەبوو كە ئەو وەڵامەی گوێ لێ دەبێت، بۆیە هەر رۆژی دوایی و لە سەردانێكی پێشبینی نەكراودا خۆی گەیاندە عێراق و دیسان لێی دووبارە كردەوە، بەڵام ئەمجارەیان عەبادی توندتر وەڵامی تیلرسۆنی دایەوە، بەوەی رێگە نادرێت وڵاتێكی دیكە دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات، لەمەش خراپتر سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی وەك هادی عامری و قەیس غەزعەلی، بە جۆرێك هەڵوێستیان بەرامبەر تیلرسۆن پیشاندا، بەوەی ئەو شایستەی ئەوە نییە لە عێراقدا پێشوازی لێ بكرێت، لەمەش زیاتر وەك ئیهانەكردنێك بۆ شكۆی ئەمریكا، جیا لەوەی ئاڵای ئەمریكا بە دەستی حەشدی شەعبی لە چەند شوێنێك سووتێنرا، لەمەش زیاتر چۆن سەدام حوسێن وێنەی سەرۆك بوشی باوكی لە دەرگای هۆتیل رەشید دانابوو بۆ ئەوەی خەڵك بیخاتە ژێر پێ، بە هەمان شێوە فەرماندەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاڵای ئەمریكایان خستە ژێر پێ و زۆر شانازیشیان بەو كارەیان دەكرد، حەیدەر عەبادییش كە بە حیساب هاوپەیمانە نزیك و بەهێزەكەی ئەمریكایە، نەك هەر نەهاتە وەڵام، بەڵكو بە بێدەنگبوونی باشترین پشتگیری پیشاندا بۆ هەڵوێستی ملیشیا پرۆ ئێرانییەكان لە عێراقدا، ئەمەش هەڵەیەكی دیكەی گەورەی ئەمریكا بوو كە پێیوابوو، كاتێك حەیدەر عەبادی بە پشتگیریی قاسم سولەیمانی هەڕەشە لە كوردستان دەكات، بە هەمان شێوەش دەتوانێت لە بەرامبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش رابوەستێت.


عەبادی ویستی
بە دەستوور كوردستان كاول بكات
ئەمریكا دەیەوێت هاوكێشەكە پێچەوانە بكاتەوە


لە هەموو ئەو راپۆرتانەی وەك پێشنیار بۆ سیاسەتی داهاتووی ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كراون، سەبارەت بە دۆسێی كوردستان و عێراق جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە رەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت وەك قۆناخێكی راگواستن بۆ رێكخستنەوەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق، پاشان هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق رێكبخرێتەوە، خاڵەكانیش ئەمانەن:
1- پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كودستان (KRG)، تێكەڵی رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننە نەكرێت، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراقی 2005 كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و پێوەی پابەند دەبێت، دوای ئەمە هەوڵبدرێت كێشەی تائیفی عەرەبی شیعە و سوننە، لە چوارچێوەی قەومییەتی عەرەبی چارەسەر بكرێت و هەردوولا (عەرەبی شیعە و سوننە) وەك عەرەب مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسی عێراق بكەن، بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبێتە بەشێك لەم پرۆسەیە ئاسانتر عەرەبی شیعە و سوننە، وەك عەرەب خاڵی هاوبەش لەنێوانیاندا دروست دەكرێت.
2- میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق پێكەوە هاوبەش و هاوكار بن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەو ئامانجەی بتوانرێت چارەسەرێكی مامناوەندی بۆ چارەنووسی ئەو ناوچانە لەنێوان كوردستان و عێراق دروست بێت.
3- پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق هەرچۆنێك بێت، نابێت گۆڕانكاری بەسەر سنوورەكانی عێراقدا بێت و دەبێت گۆڕانكاریەكان ناوخۆیی بێت، لەمەش زیاتر دەبێت رایەڵەیەكی پتەو لەنێوان كوردستان و عێراق هەبێت بۆ ئەوەی كێشەی دابەشكردنی داهات و پرسی نەوت و گاز چارەسەر بكات.
ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەپێش ئەنجامدانی ریفراندۆم بە ئاشكرا و بە نهێنی هەوڵیانداوە كوردستان بەم بەرنامەیە رازی بكەن، لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیش هەر بەو نیازە بوون كە ئەم بەرنامەیە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە بەسەر كوردستاندا بسەپێنن. بێگومان هەڵوێستی كوردستان لە پێش ریفراندۆم رەتكردنەوەی ئەم بەرنامەیە نەبووە، بەڵكو داوای ئەوەی كردووە، ئەگەر ئەم پرۆگرامە جێبەجێ نەكرا، ئایا ئەمریكا یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش چ گەرەنتیەك بەكورد دەدەن؟ دیارە وەك هەموو لایەك ئاگادارن، هیچ لایەك بە ئەمریكا و ئەنجومەنی ئاسایشەوە نەیانتوانی ئەو گەرەنتییە بە كوردستان بدەن، یان ئەگەر ئەم بەرنامەیە جێبەجێ نەكرا هەڵوێستیان چۆن دەبێت، بۆیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە لەبەر ئەوەی هیچ گەرەنتییەك نییە، ئەوا ئەگەر هەر شەڕیش بكەینەوە با ئەو شەڕە بۆ سەربەخۆیی بكەین، هەر بۆیە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیش دیسان سەركردایەتی سیاسیی كوردستان ئامادەباشی بۆ دیالۆگ و وتووێژ لەسەر ئەم بەرنامەیە دووپات كردەوە، بەڵام حكومەتی عێراق بە پاڵپشتی ئێران و توركیا وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لە كوردستان و هەڵوێستی ئەمریكاش بە جەختكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە دەستوور و دەسەڵاتی فیدڕاڵی، بوونە هۆكاری ئەوەی تۆڵە لە كوردستان بكەنەوە، نەك هەوڵبدرێت هەنگاو بۆ قۆناخی پۆست داعش و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراق هەڵبگیرێت.
هەڵوێستی ئەمریكا كە بە هەڵەیەكی گەورە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شكایەوە، ئەوە بوو زۆر بە ئاسانی دەستوور كرایە چەكێكی كۆكوژ و كوشندە بۆ كۆمەڵكوژی و كاولكردنەوەی كوردستان، لەمەش زیاتر نەك هەر عێراق نەبووەوە بەشێك لە هاوپەیمانیی ئەمریكا لە ناوچەكە، بەڵكو وەك ئێستا كردەوەكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك دەبینین، بە رادەیەك ئیهانەی شكۆی ئەمریكا لە عێراقدا دەكرێت كە شەقامەكانی كەركووك بەوێنەی ئایەتوڵا خومەینی دەڕازێندرێتەوە و ئاڵای ئەمریكی بە ئاشكرا بەدەستی حەشدی شەعبی دەسووتێنرێت، ئەمەش ئەمریكای خستۆتە دووڕیانێكەوە، یان ئەوەتا دەبێت ببێتە تەماشاكەر بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بە تەواوەتی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات و هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە ببێتە كۆڵۆنییەكی ئێرانی، یان ئەوەتا دەبێت لەم خاڵەدا هەڵوێست وەربگرێت و بە عەبادی و ئێران پێكەوە بڵێت بەسە و دەبێت ئەوەی دەتوانرێت رزگار بكرێت، لەژێر هەڕەشەی عەبادی و ئێراندا رزگار بكرێت.
پێدەچێت ئەمریكا و هاوپەیمانان گەیشتبنە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت بە عەبادی و قاسم سولەیمانی بگوترێت بەسە و لێرەدا رابوەستن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێستا نەك هیچ جیاوازییەك لەنێوان هەڵوێستی عەبادی و قاسم سولەیمانیدا نییە، بەڵكو بە كردەوە ئەو فەرمانانە جێبەجێ دەكات كە قاسم سولەیمانی بە سەربازەكانیدا بۆی رەوانە دەكات، هەروەها لە كوردستانیشدا بارودۆخێكی دروست كردووە كە ئەو تاقمە خائین و خۆفرۆشەی خۆیان بە قاسم سولەیمانی فرۆشتووە، هەمان ئەو قسانە دووبارە دەكەنەوە كە ئۆرگانەكانی سوپای پاسداران لە تارانەوە بە فارسی بڵاوی دەكەنەوە. هەر بۆ نموونە:
1- بە ئاشكرا تاقمە خۆفرۆشەكەی سەر بە قاسم سولەیمانی، لە سلێمانییەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەیانەوێت حكومەتێكی كاتی دابمەزرێت، ئەمریكا بە رێگەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەم هەوڵەی پەكخستووە و پشتگیری خۆی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و پشتگیری خۆی بۆ بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی پیشانداوە بۆ ئەوەی وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكەن.
2- بە ئاشكرا قاسم سولەیمانی هەوڵیدا كە یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان بەگشتی پەرت بكات و تاقمە خیانەتكارەكە بكاتە نوێنەری راستەقینەی یەكێتی نیشتمانی و شەڕی ناوخۆ لەنێوان پارتی و یەكێتی دروست بكات و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رووبەڕووی یەكتری بكاتەوە، ئەمریكا لەم هەوڵەش تێگەیشتووە، بۆیە راشكاوانە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات پشتگیری لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بكەن، هەروەها ئەمریكا پشتگیری هەوڵەكانی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دەكات، كە نەیانهێشتووە ئەو تاقمە خائین و خۆفرۆشە نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی بكەن، یەكێتی نیشتمانی وەك لایەنیكی سیاسی نیشتمانی لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان ماوەتەوە و بەرگری لە مافە شەرعییەكانی كوردستان دەكات، ئەمەش بەو مانایەی ئەمریكا پشتگیری لەو هەوڵانە دەكات كە یەكڕیزی لەناو ماڵی كوردستان دروست بێتەوە و پیلانەكەی قاسم سولەیمانی هەڵبوەشێتەوە.
3- حەیدەر عەبادی كە لەماوەی تەنیا دوو هەفتەدا ناسنامەی خۆی ئاشكرا كرد بەوەی ناتوانێت وەك دەوڵەتمەدارێك سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق بكات و كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكات، ئەمریكا لەمەش تێگەیشت، بۆیە كاتێك حەیدەر عەبادی وەك فییت مارشاڵی شەڕ دەیویست 24 كاتژمێر مۆڵەت بدات بە پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی دەیویست داگیری بكاتەوە، ئەمریكا هاتە سەرخەت و ئەو زمانەی رەتكردەوە.
4- لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی شەوی هەینی رابردوودی نێوان ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، جارێكی دیكە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتگیری ئەمریكا بۆ مامەفەكانی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووبارە كردەوە، ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا، پەیامێكی ئاگاداركردنەوەیە بۆ حەیدەر عەبادی (كە پێناچێت لە ئێستادا عەبادی وەك خۆی لەو پەیامە تێبگات) بەوەی بەهیچ جۆرێك قبووڵ ناكرێت لە دەرەوەی دەستووری عێراق حوكمڕانی لە عێراقدا بكرێت، هەروەها پەیامێكە بەو مانایەی دەستووری عێراق تەنیا ئەو خاڵانەی جێبەجێ ناكرێت كە ئێستا كراون بە چەكێك و كوردستانی پێ كاول دەكرێت، بەڵكو دەستووری عێراق وەك نەخشەڕێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و بۆ ئەوەیە عێراق وەك دەوڵەتێك لە ژێر چەپۆكی ئێران رزگار بكرێت و نەبێتە پاشكۆی ئێران، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە سەری عەبادی دەخوات، لەبەر ئەوەی قاسم سولەیمانی كە 40 ساڵە پیلان بۆ ئاژاوەگێڕی لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێت، رێگە نادات عێراقێكی سەقامگیر ببێتە هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا، هەر كەسێكیش لە عێراقدا ئەوجا عەبادی بێت، یان مالیكی، یان عامری، هەنگاوی لەوجۆرە هەڵبگرن، ئەوا قومارێكی ترسناك لەسەر ئایندەی خۆیان دەكەن.


لەسەر ئەم باكگراوەندەی كە فاكتەكان وەك نەخشەیەك هەنگاوە هەڵەكانی هەموو كارەكتەرەكانی ناو ئەم هاوكێشە دەخەنەڕوو، ئەوا فەرزی دەكات كە هەموو لایەك لە بەر رۆشنایی ئەو فاكتانە پێداچوونەوەیەكی ورد بكەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە راست بكەنەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئاراستەكان بە راستی بەڕێوە بچن، لێرەوە دەكرێت لەسەر هەندێك لەو هەڵانە رابوەستین:
كوردستان لە كوێدا هەڵەی كردووە؟
پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك ئەوەی پێی دەڵێن غەیرە مولزەم، ئەمەش بەو مانایەی ئەم ریفراندۆمە دەبێتە نەخشەیەكی رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی گفتوگۆی دوولایەنە و فرەلایەنە و راستەوخۆ ئامانج لێی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە بەو مانایەی لە ژینگەیەكی ئاڵۆزی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەموو پرسەكان بدات بە سەر یەكدا و دەروازەیەك بۆ چارەسەركردن نەهێڵێتەوە، ئەمە بەهیچ لۆژیكێك هەڵەی تێدا نییە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم كراوەتەوە، بەڵام هەڵەی گەورەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان ئەوە بوو كە حیسابی زۆر وردی لەسەر كێشەكانی ناو باڵەكانی یەكێتی نیشتمانی نەكردبوو، سەركردایەتی سیاسیی كوردستان هەرگیز مەزندەی ئەوەی نەكردبوو كە باڵێكی ناو یەكێتی ئاستی خیانەتیان دەگاتە ئەو ئاستەی كودەتا بەسەر خۆیاندا بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كەركووك ناوچەی نفووزی یەكێتی بووە و پارێزگارەكەی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئەم بەهەند وەرنەگرتنەی سەركردایەتی سیاسی بۆ قووڵبوونەوەی كێشەكانی ناو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، زۆر بە ئاسانی لەلایەن داگیركارانی كوردستان و شەخسی قاسم سولەیمانی قۆسترایەوەو توانرا ئەو كارەساتە بەسەر كوردستاندا بهێنن.
هەڵەیەكی دیكەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، بایەخدان بوو بە بۆچوون و لێكدانەوەی ئەو ئەمریكییانە كە خۆیان لەناو عێراقدا كاریان كردووە و شارەزای مەیدانی پرۆسەی سیاسی و كێشە ئاڵۆزەكانی عێراق و باڵادەستی ئێران و بیركردنەوەی میلیشیا پرۆ ئیرانییەكانی حەشدی شەعبین، لەبەرامبەردا هەر لەناو ستافی وەزەراتی دەرەوەی ئەمریكا و ئەوانەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق پیادە دەكەن، هەر لە دوورەوە ئاگایان لە بارودۆخی عێراقە و قەت نەیانتوانیوە وەك خۆی لە عێراق و بیركردنەوەی میلیشیا پرۆ ئیرانییەكانی شیعە و هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعەی پرۆ ئێرانی لە عێراقدا تێبگەن، بەتایبەتیش شەخسی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ریكس تیلرسۆن كە زۆر شارەزایە لە گرێدانی سەفقەی بازرگانی، بەڵام لە بواری سیاسەت و چارەسەركردنی كێشەكانی هاوشێوەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم ئەزموونە، بۆیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان گرەوی لەسەر ئەوە كردبوو، دیپلۆماتەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كارێك ناكەن بە زیان بۆ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا بشكێتەوە، بەڵام ئەوەی فەرامۆش كردبوو كە ئەمریكا زیاتر لە 14 ساڵە زۆر باش دەزانێت كە سیستمی دیموكراتی و فیدڕاڵی لە عێراقدا شكستی هێناوە، بەڵام ئێستا لە بۆچوونی هەندێك دیپلۆماتی ئەمریكیدا وەك 2003 جەختی زیاتر لەسەر دەكرێتەوە.


حكومەتی عێراق لە كوێدا هەڵەی كرد؟
هەڵەی گەورەی حكومەتی عێراق كە بۆتە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە هاوكێشەكە بە پێچەوانەی ویستی حەیدەر عەبادی هەڵبگەڕێتەوە، ئەوە بوو كە وایدەزانی لەژێر پەردەی پێداگریكردن لە دەستوور، دەتوانێت لاوازیی خۆی لە بەردەم ئەمریكا بشارێتەوەو هەروەها نفووزی باڵای ئێران لە هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی عێراقیدا پەردەپۆش بكات، ئەم هەڵەیەی حكومەتی عێراق بە جۆرێك شكاوەتەوە، كە ئێستا ئەمریكاو هاوپەیمانان هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە، هەولێر بكەنە ناوەندی پاراستنی دەستووری عێراق، نەك بەغدا.
لەم حاڵەتەدا لەوانەیە ئەمریكا و كوردستان بتوانن هەڵەكانی رابردوویان راست بكەنەوە و بە گەشبینی بەرەو ئایندە هەنگاو هەڵبگرن، بەڵام ئەوەی بۆ بەغدا بۆتە ئاستەنگی گەورە، ئەوەیە كە بەغدا ناتوانێت هەڵەكانی خۆی راست بكاتەوە و بەڵكو چۆتە پێگەیەكەوە دەبێت هەر بەرەو ئاگرەكە بۆ پێشەوە رابكات، لەم حاڵەتەدا، یەك بژارە لەبەر دەم عەبادی دەمێنێتەوە و هیچیتر، ئەویش ئەوەیە بە تەواوەتی بچێتە باوەشی ئێران و بە فەرمی وەك كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریكا بە شەیتانی گەورە بناسێنێت، لەم حاڵەتەشدا لەوانەیە قاسم سولەیمانی و میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی بەرگری لە مانەوەی حەیدەر عەبادی بكەن، دژی ئەمریكا، بەڵام عێراقی عەرەبی كۆتایی دێت و ئەوەشی بیەوێت لە ژیر نفووزی ئێران نەژی، ناچار دەبێت روو بكاتە كوردستان و لە هەولێرەوە بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ رزگاركردنی عێراق لەژێر دەستی ئێران و كۆتاییهێنان بە مەدی تائیفەگەری شیعە بهێنن.
Top