كاریگەری هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا

كاریگەری هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا
ئەو میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی شیعەی عێراق كە ئێستا لەناو حەشدی شەعبیدا كۆكراونەتەوەو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە یاسای بۆ دەرچووەو مووچە و بودجەی بۆ دیاریكراوە، بەشێكیان هەر لەو كاتەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵانی ( 2003-2011 ) لە عێراقدا بوون، لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە دامەزرێنراون و وەك میلیشیایەكی چەكدار دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شەڕی هێزەكانی ئەمریكایان كردووە. وەك هێزەكانی بەدر و جەیشی مەهدی، بەشێكی دیكەشیان لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دوای ساڵی 2011 لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە لەو شیعانە دروست كراون كە بڕوایان بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و پابەندن بە مەرجەعییەتی عەلی خامەنەیی، نەك ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە نەجەف. ئەمانەش وەك عەسائیبی ئەهلی حەق، حەرەكاتی حزبوڵای نوجەبا، سەرایای خۆراسانی، جەیشی موختار و چەندین میلیشیای دیكە. ئەم میلیشیایانە كۆپی حزبوڵای لوبنانین و لە هەر كوێیەك قاسم سولەیمانی فەرمانیان پێ بكات، لەو شوێنە شەڕ دەكەن، لەسەر ئەم بنەمایە و دوای ئەوەی لە كۆتایی 2012 و سەرەتای 2013، رژێمی ئەسەد كەوتە مەترسییەوە، ئەم میلیشیایانە چوونە سووریا و لەژێر دروشمی (لبیك یا زینب) جیهادی شیعەیان بۆ پاراستنی مەزارەكانی شیعە لە دەورەبەری دیمەشق راگەیاندو هەر لەوێش لەسەر دەستی ئەم میلیشیایانە و بە فەرمانی قاسم سولەیمانی لیوای عەمار بن یاسر دامەزرا، وەك ئاماژەیەك بۆ مەزاری عەمار بن یاسر لە رەققە، ئەمە لە كاتێكدا ئایەتوڵا عەلی سیستانی بە هیچ شێوەیەك فەتوای بۆ جیهادی شیعە لە سووریا و چوونی چەكدارانی شیعەی عێراق بۆ سووریای دەرنەكردبوو، لەمەش زیاتر موقتەدا سەدریش چوونی چەكدارانی شیعەی عێراقی بە كارێكی هەڵە وەسف دەكردو پێی وابوو كە كێشەی سووریا كێشەیەكی ناوخۆییە و پێویست نییە هیچ لایەك دەستێوەرادانی تێدا بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم میلیشیا چەكدارانەی شیعەی عێراق بوونە شوێنكەتووی مەرجەعییەتی خامەنەیی، فەرمانەكانی تارانیان جێبەجێ كرد و پشتیان لە فەرمانەكانی سیستانی لە نەجەف كرد. بەڵام نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكومەتی عێراق جیا لەوەی كە هەموو ئاسانكارییەكی بۆ چوونی ئەم میلیشیایانە بۆ سووریا دابین كرد، لە هەمانكاتدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداشی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران كردەوە بۆ ئەوەی بە رێگەی ئاسمانی نێوان بەغدا و دیمەشق، رۆژانە چەك و تەقەمەنی پێویست لە عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ سووریا.


لە مانگی مارتی 2014 كاتێك لە عێراقدا خۆپیشاندانەكانی سوننە دەستی پێكرد و پاشان یاخیبووانی سوننە و چەكدارەكانی داعش پشتگیرییان لێكرد، ئەم میلیشیایانە جارێكی دیكە لە سووریاوە گەڕێندرانەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە دابمرێكننەوە و دژی چەكدارانی یاخیبووانی سوننە و چەكدارانی داعش بجەنگن. ئەمەش مانای ئەوەیە سێ مانگ پێش ئەوەی داعش موسڵ داگیربكات و سیستانی فەتوای دروستكردنی حەشدی شەعبی بدات، ئەو میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرانی سوننە سەركوت بكەن و لە ژێرناوی تەكفیری قەتڵوعامیان بكەن.
بەڵام دوای ئەوەی داعش موسڵی گرت و سیستانی فەتوای دەركرد بۆ ئەوەی شیعە خۆی چەكدار بكات لەژیر ناوی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی بەرگری لەكەوتنی بەغدا بكات، ئەم میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی هێزی قودس نەك هەر بوونە بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو پرۆسەی دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانیان سەركردایەتی كردو ئەمجارەیان بە ئاشكرا و بە سوودوەرگرتن لە فەتواكەی سیستانی، خەڵكێكی زۆری شیعەیان بۆ ئەو سوپایە تەجنید كردو لەبەر دەستی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكان و راوێژكارە سەربازییەكانی حزبوڵای لوبنانی مەشق و راهێنانی سەربازی و تائیفی ویلایەتی فەقیهیان پێكرا و بوونە هێزێكی سەربازی بەهێزتر لە هێزەكانی پۆلیس و دژە تیرۆر و سوپای عێراقی.


پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، ئەمریكا هەستی بەوە كردبوو ئەگەر هێزەكانی حەشدی شەعبی نەكرێنە بەشێك لە هێزەكانی ئاسایش و لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسایان بۆ دەرنەكرێت و ژمارەیان دیاری نەكرێت، ئەوا پاش ئازادكردنی موسڵ، ئەوا ئەم میلیشیایانەش بە هاوشێوەی چەكدارانی داعش دەبنە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئایندەی عێراق. بۆ ئەمەشیان چۆن قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2010 دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی سەرۆك ئۆباما و مالیكی كردە كاندیدی پەسەندكراوی خۆی و گوشاری خستە سەر سەدر بۆ ئەوەی مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بە هەمان شێوە لە ساڵی 2016ش پشتگیری لە پێشنیارەكەی ئەمریكا كرد بەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكات و لەمەش زیاتر ئەم هێزە بە رووكەش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق. بەڵام پیلانی قاسم سولەیمانی بۆ پێشنیارەكەی ئەمریكا و یاسای حەشدی شەعبی پەرلەمانی عێراقی، بووە بنەمای دروستكردنی سوپایەكی سەربەخۆ بە هاوشێوەی سوپای پاسداران لە ئێران كە راستەوخۆ گرێدرابێت بە رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی عەلی خامەنەیی،نەك بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە .


ئەوجا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو دەرەنجامەی پێمان دەڵێت، چۆن سوپای پاسدارانی ئێران هیچ فەرمانێكی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران جێبەجێ ناكات، ئێستاش حەشدی شەعبی كە سوپای پاسدارانی عێراقە هیچ فەرمانێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق جێبەجێ ناكات و سوپایەكی سەربەخۆیە لەناو دەوڵەتی عێراقدا و تەنیا فەرمانەكانی سوپای پاسداران جێبەجێ دەكات، ئەوا دەكرێت كاردانەوەكانی یەك دوو هەفتەی رابردووی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی بەگشتی و شەخسی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبی بەرامبەر داواكاری ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی زۆر بە گرنگ وەربگرین، بەتایبەتی كە لە چەند رۆژی رابردوو، زۆر راشكاوانە ئەبو مەهدی موهەندیس لە تارانەوە رایگەیاند، هەتا ئەگەر حەیدەر عەبادی (فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە بە حیساب فەرماندەی تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیشە) داوا بكات كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەوە، حەشدی شەعبی هەردەمێنێت و هەڵناوەشێتەوە.


بێگومان قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران و مەهدی موهەندیسی جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە داواكاری ئەمریكا لە حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنتەوە، داواكارییەكی جددییە و لە هەمانكاتیشدا ئەمریكا باشیش دەزانێت حەیدەر عەبادی ئەو دەسەڵاتەی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە كە ئەو بڕیارە بۆ هەڵوەشانەوەیان بدات، بۆیە كاتێك حەیدەر عەبادی لە وەڵامی ئەمریكادا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەموویان هاووڵاتی عێراقین و هێزێكی گرنگن بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، دەیەوێت چۆن هەتا ئێستا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشییان لە حەسەن رۆحانی و سەرۆك كۆمارەكانی پشتری ئێران كردووە و لەسەر تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران سزای راستەوخۆی تارانیان نەداوە، دەیەوێت بە هەمان شێوەش چاوپۆشی لە حەیدەر عەبادی و حكومەتەكەی بكەن، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر چاوپۆشی لە حەیدەر عەبادی بكرێت بەو مەرجەی هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و دژە تیرۆر و سوپای عێراق لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی جیابكاتەوە و ئەم هێزانە بكاتە پارسەنگێك بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هێزی قودس لە عێراق كەمبكاتەوە، ئایا عەبادی ئەم كارەی پێدەكرێت بۆ ئەوەی راستگۆیی هاوپەیمانی خۆی بۆ ئەمریكا دووپات بكاتەوە؟ بێگومان پرسیارێكی دیكە دەبێتە وەڵامێكی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە كە دەڵێت: ئایا جیاوازییەك لەنێوان هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەیە؟ ئایا ئەوانەی سەركردایەتی ئەم هێزە بەناو عێراقییانە دەكەن، داماڵدڕاون لە فیكری تائیفی و دەتوانن وەك فەرماندەیەكی سەربازی پڕۆفیشناڵ و نیشتمانییانە بیر بكەنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای ئەفسەرانی هەواڵگری سوپای ئەمریكا لە عێراقدا، پێشتر دراوەتەوە، بەوەی باشترین هێزی عێراقی كە ئەمریكا وەك هێزێكی نیشتمانی گرەوی لەسەر دەكردن، هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و دژە تیرۆر بووە، بەڵام دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەم هێزانە پێش ئەوەی حەشدی شەعبی دابمەزرێت كراون بە هێزێكی تائیفی و ناسنامەی نیشتمانیان لێ داماڵدراوە، هەرئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە پێنج فیرقەی عێراقی لەبەردەم داعشدا خۆی بدات بە دەستەوە و هەڵبێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئێستا لە عێراقدا، بێجگە لە دوو هێزی تائیفی یەكەمیان لەژێر ناوی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و ئەوی دیكەشیان حەشدی شەعبی، هیچ هێزێكی نیشتمانی بوونی نییە.
Top