نەبوونی میكانیزمی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی تۆری میلیشیا وەكیلەكانی ئێران

نەبوونی میكانیزمی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی تۆری میلیشیا وەكیلەكانی ئێران
ئیدارەی ئەمریكا كۆماری بووبێت، یان دیموكراتی، چەند ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدایە سنوورێك بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە چەكدارییانەی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران دابنێت كە بوونەتە هۆكاری تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارە ئەو ناوچانەشی كە ئەو میلیشیا وەكیلانەی سوپای پاسداران هەوڵی ناسەقامگیری تێدا دەدەن، بریتین لە: میلیشیای حوسیەكان لەیەمەن، حزبوڵای لوبنانی، میلیشیاكانی شیعەی عێراق و سووری و پاكستانی و ئەفغانستانی لە سووریا، هەروەها میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و ئێستاش هەڕەشەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی كوردستانە.


دیارە ئەوانەی تایبەتمەندن و بە شێوەیەكی مەیدانی لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم میلیشیایانە و لغاوگیركردنی هەڕەشەكانیان كاریان كردووە، دان بەو راستییەدا دەنێن كە ئەوە كارێكی ئاسان نییە و دەبێت ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پێكەوە هەوڵەكانیان بكەن بە یەك و لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی دوورمەودا پێكەوە كاربكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی نزیكەی 40 ساڵە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پارەیەكی هێجگار زۆری تەرخان كردووە بۆ ئەوەی تۆڕێكی ئاڵۆز و هاوپەیمان لەگەڵ بۆچوونەكانی كۆماری ئیسلامی و ئەلتەرناتیڤ لە سەرانسەری جیهان دروست بكات، ئەمانەش هەمووی لە پێناوی ئەوەیە نفووزی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەست بێت.
ئیدارەی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونییەوە، ئەو راستییەی بۆ ئاشكرا بووە كە سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و پاشكۆكانیان نین، بەڵكو سەرچاوەی ئەو ناسەقامگیرییە رادیكالیزمی ئیسلامی سوننە و شیعەیە، بۆیە كاتێك جیهان هاوپەیمانی دروست دەكات بۆ لغاوگیركردن و تێكشكاندنی فیكری توندڕۆیی جیهادی سەلەفی سوننە، ئەوا لەبەرامبەردا ئەگەر جیهادی ویلایەتی فەقهی شیعە لغاوگیر نەكرێت و تێك نەشكێندرێت، ئەوا دیسان ئەو شەڕە تائیفییە خوێناویتر دەبێت و كۆتایی نایەت.
هەتا ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا ستراتیژێك كە هەیبێت و رایگەیاندبێت، ستراتیژیەتی تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعشە، واتە جیهادی سەلەفی سوننە، بەڵام لەبەرامبەردا هەتا ئێستا نەتوانراوە ستراتیژیەتێك بۆ لغاوگیركردن و تێكشكاندنی فیكری ویلایتی فەقیهی شیعەی جیهادی دابنێن.

بەشێكی زۆری پسپۆڕان و تایبەتمەندان لەو بڕوایەدان كە ئەو پەیامە توندەی سەرۆك ترەمپ لە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر دژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، خۆی لە خۆیدا راگەیاندنی ستراتیژێكە بۆ لغاوگیركردن و هەڵوەشانەوەی ئەو تۆڕە میلیشیایەی سوپای پاسداران كە لە تەواوی ناوچەكە دروستی كردووە، بەڵام ئەو پسپۆڕانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، هەتا ئێستا ستراتیژیەتی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە رانەگەیەندراوە، هەربۆیە لەمیانەی قسەكانیان لەبەردەم لیژنەكانی كاروباری دەرەوە و كاروباری بەرگری و ئاسایش لە كۆنگرێس، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەوەی دەبێت نەخشەیەك رێگایەك بۆ تەرجەمەكردن و جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە هەبێت كە سەرۆك ترەمپ رایگەیاندووە.


سەبارەت بەم لایەنە ژەنڕاڵ عومەر كارمی توێژەری سەرەكی لەسەر مەترسییەكانی میلیشیاكانی سوپای پاسداران لە ناو سوپای بەرگری ئیسرائیل، ئەم خاڵانە پێشنیار دەكات:
1- دەبێت حكومەتی كۆماری ئیسلامی بەرپرسیاریەتی تەواوی ئۆپەراسیۆنەكانی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بۆیە دەبێت راستەوخۆ تاران، یان حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەو راستییە تێبگەیەندرێن، كە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر پشتگیركردنی شەڕی بەوەكالەت بە رێگەی ئەو تۆڕە میلیشیایانە، ئەوا دەبێت تاران باجێكی قورس بدات. بێگومان راستە حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران كاریگەرییەكی زۆر كەم و سنوورداری لەسەر تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران ملكەچی فەرمانەكانی عەلی خامەنەیی رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێرانن، بەڵام ئەگەر ئەم بەرپرسیاریەتیە بخرێتە سەر حەسەن رۆحانی ناچار دەبێت، سنوورێك بۆ كارەكانی سوپای پاسداران دابنێت.
2- پیادەكردنی میتۆدێكی سەرتاپاگیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تێكرای تۆڕە میلیشیاكانی سوپای پاسداران، وەك میلیشیای حوسییەكان لە یەمەن، حزبوڵای لوبنانی، میلیشیا شیعەكانی سووریا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا، هەروەها بە ئامانجگرتنی تەواوی ئەو گرووپانەی كە دەبنە سەرچاوەی دابینكردنی داهات و چەك و تەقەمەنی بۆ تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران، لەمەش زیاتر دەبێت چاودێرییەكی توندی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بكرێت، لەبەر ئەوەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بەرپرسی دابینكردنی پێداویستییەكانی تەواوی ئەو تۆڕی میلیشیایانەیە لانیكەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3- سوپای پاسداران بە هەر سێ رێگەی (زەمینی و ئاوی و ئاسمانی) هەوڵیداوە بە قاچاخ چەك بگەیەنێتە میلیشیا وەكیلەكانی، بۆیە دەبێت میكانیزمێك بۆ رێگەگرتن لە بە قاچاخ بردنی چەك دابنرێت و هاوكاری ئەو دەڵەوتانە بكرێت كە سوپای پاسداران بە رێگەی خاكەكەیان، یان بەندەرە ئاوییەكان، یان ئاسمانی، باری قاچاخی چەك دەگوازرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی كە ئەو دەوڵەتانە توانای ئەوەیان هەبێت رێگری لەم كارانەی ئێران بكەن.
4- پەكخستنی ئەو میكانیزمەی كە سوپای پاسداران كۆنتڕۆڵی تۆڕی میلیشیاكانی پێدەكات، بۆ ئەمەش دەبێت بە ئاشكرا ناسنامەی سوپای پاسداران و هێزی قودس و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانی و حزبوڵای لوبنانی، لە ناوەندەكانی گشتی و میدیادا ریسوا بكرێن و بخرێنە ناو لیستی سزا هەمەجۆرەكانەوە، دەبێت بەدواداچوونی ورد بكرێت لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ میلیشیاكان و هەروەها دیاریكردنی سەرچاوەی كۆكردنەوەی پارە بە شێوەیەكی نامەشروع. بۆ ئەمەش دەبێت گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتان بۆ ئەوەی ئەو ناوەندانەی سوپای پاسداران دابخرێن كە لەژێر ناوی سەنتەری كەلتووری و ئایینی كردوویەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو سەنتەرانە چەترێكی ترسناكن و بوونەتە ژێرخانێك بۆ هەڕەشە لە سەقامگیری و پتربوونی مەترسییەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسداران.
5- دەبێت بە شێوەیەكی پراكتیكی و كاریگەر هاوكاری و هەماهەنگی هەواڵگری لەنێوان حكومەتەكاندا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری دروست بكرێت، بەمەش دەتوانرێت بەڵگەیەكی زۆر سەبارەت بە كارە هەڕەشەئامێزەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران كۆبكرێتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو ناوەندە مەدەنییانە ئاشكرا بكرێن كە سوپای پاسداران وەك ناوەندێكی سەرەكی بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی بەكاریان دەهێنێت.
6- دەبێت هانی ئەو دەوڵەتانە بدرێت كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی سوننەن و كەمینەیەكی شیعەیان هەیە، بۆ ئەوەی شێواز و میتۆدی جیاواز لەگەڵ دانیشتووانە شیعەكەی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانن بیانگەیەنە قەناعەت و لە ئێران دووریان بخەنەوە.
7- دەبێت دەوڵەتانی عەرەبی و بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات ئەو بۆشاییانە پڕبكەنەوە كە لە دەوڵەتانی شكستخواردوو و لەرزۆكدا بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و چاودێری كۆمەڵایەتی دروست دەبن، بۆ ئەمەش دەبێت سعودیە و ئیمارات هاوكاری ئەو دەوڵەتانە بكەن بۆ پرۆسەی حوكمڕانیی باش بۆ گۆڕینی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و لەباربردنی ئەو زەمینەیەی كە ئێران لێوەی دەستتێوەردان دەكات و تۆڕی میلیشیای چەكداری تێدا دروست دەكات.
8- دەبێت پەیامێكی روون و راشكاو بۆ هاووڵاتیانی ئێران هەبێت و هەموو ئەو زانیارییانە بۆ هاووڵاتیانی ئێران روون بكرێتەوە كە چۆن ئەم هەوڵانەی سوپای پاسداران بۆ پیادەكردنی شەڕی بەوەكالەت لەلایەن میلیشیا چەكدارە وەكیلەكانیەوە، بۆتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی ئێرانی چ باجێكی قورس بدات. هەروەها بە راشكاوی ئەوە ئاشكرا بكرێت كە سوپای پاسداران كۆمەڵگە شیعەكانی لە تەواوی وڵاتان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ئیستیغلال كردووە و باجی سەرەكیی ئەم ستراتیژەش گەلانی ئێران دەیدات.



ئەم خاڵانەی ژەنڕاڵ عومەر كارمی ئاماژەی پێكردوون، هەوڵێكە بۆ پراكتیزەكردنی ئەو ستراتیژەی كە لە 13ی ئۆكتۆبەری رابردوو سەرۆك ترەمپ دژی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بەڵام لە یەكەم كاردانەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودس لە 16ی ئۆكتۆبەردا، توانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دابەش بكات و رێگە بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی بكاتەوە بۆ ئەوەی كەركووك داگیربكاتەوە.
بیگومان ئامانجی قاسم سولەیمانی تەنیا داگیركردنەوەی كەركووك نەبوو بە تەنیا، بەڵكو هەڵگیرساندنی شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی بوو لە كوردستاندا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت و بۆشاییەكی گەورەی ئەوتۆ لە كوردستان دروست بێت كە بە ئاسانی بتوانێت بە حەشدی شەعبی و تاقمە خائینەكەی كورد وەك وەكیلی خۆی پڕی بكاتەوە. پرسیاری گرنگ دووبارە لێرەدا ئەوەیە ئایا قاسمی سولەیمانی ئەم پیلانەی كە بۆ كوردستان داڕشت، لەبەر ئەوە بوو كە خەڵكی كوردستان ریفراندۆمیان ئەنجامدابوو و دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو؟ بێگومان نەخێر، ئەوەی لای قاسم سولەیمانی جێگەی بایەخ نەبێت، مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان و یەكپارچەیی خاكی عێراقە، بەڵكو ئەوەی ئەو مەبەستیەتی، دابەشكردن و زاڵبوونە بە سەر وەكیلەكانیدا لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی سوپای پاسداراندا، ئەوجا كاتێك پیلانەكەی قاسم سولەیمانی لەژێر پەردەی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەشارێتەوە و لەلایەك توركیا و حكومەتی عێراقی پێ لە خشتە دەبرێت و لەلایەكی دیكە ئاراستەی سیاسەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ئەمریكا بەرەو لایەكی دیكە دەبات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە تائێستاش لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە میكانیزمێكی گونجاو بوونی نییە كە ستراتیژیەتی سنوورداكردنی ئۆپەراسێۆنە سەربازییەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسدارانی پێ سنووردار بكات، یان بتوانێت تۆڕی میلیشیاكان لەبەر یەك هەڵبوەشێنێتەوە.
لەم راستەدا و لە تێڕوانینی قاسم سولەیمانیدا، هەرێمی كوردستان لە عێراقدا تەنیا هاوپەیمانی بەتواناو پشت پێ بەستراوی ئەمریكا و هاوپەیمانانە لەناوچەكەدا كە دەتوانێت سنوور بۆ دەسەڵاتی فراوانخوازیی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران دابنێت، بۆیە كوردستانی كردە ئامانج بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە ستراتیژەكەی سەرۆك ترەمپ بۆ لەبەر یەكهەڵوەشاندنەوەی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران بە مردوویی لە دایك بێت، ئەم كارەشی بە تەواوەتی بۆ دەچێتە سەر، ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە خێرایی چاو بە سیاسەتی خۆیاندا بەرامبەر كوردستان نەخشێننەوە.
Top