هەڕەشەی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پرۆگرامی چەكە ئەتۆمیەكەی ترسناكترە
November 6, 2017
راپۆرتەکان
ئەم چوارچێوەی كە ئەم ژەنڕاڵە پێناسەی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسدارانی تێدا كردووە، لایەنێكی دیكەی شێوازی كاركردنی هەر سێ لایەنی (هێزی قودس و وەزارەتی ئیتلاعات و حزبوڵای لوبنانی)مان بۆ ئاشكرا دەكات، بەوەی ئەمانە زیاتر دەست لەگەڵ كاراكتەری غەیرەدەوڵەتی تێكەڵ دەكەن، ئەمەش واتە راستەوخۆ كار بە گرووپێك دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە دەیانەوێت بە رێگەی ئەو گرووپە جێبەجێی بكەن، سوپای پاسداران لە ماوەی نزیكەی 40 ساڵ كاركردنی بەم میكانیزمە بۆی دەركەوتووە كە ئێران ناتوانێت راستەوخۆ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ململانێ لەسەر ئاستی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە بكات. لەم هەوڵانەشیدا بێگومان ئێران كۆمەڵێك سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە عێراق و سووریادا، بەڵام لە دوای ساڵی 2015 كاتێك شا سەلمان هاوپەیمانیەتی ئیسلامی بۆ كەمكردنەوەی نفووزی ئێران لە تەواوی ناوچەكە پێكهێنا، توانی بە رێگەی یارمەتی و هاوكاریكردنی سودان، نفووزی ئێرانی لەو وڵاتە كەم بكاتەوە و خەرتوم لە تاران دوور بخاتەوە، ئێران لە هاوكاریكردنی سودان، ئامانجی ئەوە بوو سۆدان بكاتە پردی پەڕینەوە بۆ بە قاچاخ بردنی چەك بۆ یەمەن، بەڵام سعودیە توانی ئەم بەرنامەیەی ئێران پووچەڵ بكاتەوە.
هاوكاریی ئێران بۆ دەوڵەتێكی وەك سودان كە سوننەیە، ئەوەمان پێدەڵێت كە شێوازی كاركردنی سوپای پاسداران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی تەنیا هەوڵدان نییە بۆ ئەوەی سەركردەكانی شیعە و میلیشیاكانیان بكاتە وەكیلی خۆی، بەڵكو هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران هەوڵیانداوە لەگەڵ سوننەش بۆ ئامانجێكی دیاریكراو و هاوبەش كە دژایەتی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەتی لە ناوچەكە، دەست تێكەڵاو بكات. هەر بۆ نموونە وەك پڕۆفیسۆر چارلس لیستەی توێژەرەی تایبەتمەند لەسەر جیهادی سوننەی سەلەفی و شیعەی ویلایەتی فەقهی لە ئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە توێژینەوەكەیدا بە ناونیشانی: (جیهادی سوننە و بەرەوپێشەوەچوونی قاعیدە و داعش) ئاماژەی پێكردووە، لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق، سوپای پاسدارانی ئێران جیا لەوەی پشتگیری سەربازیی و ماددی میلیشیا چەكدارەكانی شیعەی كردووە، بۆ مقاوەمەت دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، لە هەمانكاتدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە كارئاسانییەكی زۆر بۆ چەكدارانی قاعیدەی لقی عێراق كراوە، بۆ ئەوەی لەناو سووریاوە بێنە عێراق و لە دوو بەرەوە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شەڕ بكەن. ئەم توێژینەوە ئەكادیمییانەیە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە هێزی قودسی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران چاوپۆشی لە هەموو جیاوازییەكی ئایدیۆلۆژی، تائیفی و تەنانەت نەتەوەییش دەكەن، ئەگەر بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئامانجە هاوبەشەكانی ئەو گرووپانە یەك بگرێتەوە.
لێرەوە ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە سەر ئەو پیلانەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودس لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو بۆ داگیركردنەوەی كەركووك جێبەجێی كرد، ئەوا بە راشكاوی ئەو حاڵەتە ئینتیهازییەی قاسم سولەیمانیمان بۆ دەردەكەوێت كە چۆن سوودی لە لاوازی و لەرۆزكیی بەشێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەرگرتووە و توانی رێككەوتنیان لەگەڵ بكات و لە كەركووك لە قۆڵێكی بەرەكانی شەڕەوە پاشەكشەیان پێ بكات، ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم پیلانە هاوبەشەی قاسمی سولەیمانی و ئەو تاقمە خۆفرۆشەی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڵوەستە بكەین و بپرسین، ئایا ئەو بەرژەوەندییە هاوبەش چییە كە ئەو تاقمە لەگەڵ قاسم سولەیمانی دەكاتە هاوئامانج؟ ئایا ئەم تاقمەی ناو یەكێتی ئامانجیان ئەوەیە كە ئایدیۆلۆجیەتی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاو بكەنەوە؟ یان ئایا دەیانەوێت لە جێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی ویلایەتی فەقیهـ لە سلێمانی و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان پیادە بكەن؟ بێگومان دیارە هیچ كام لەوانە نابنە ئامانجی هاوبەشی نێوان قاسم سولەیمانی و ئەو تاقمەی ناو یەكێتی كە دەستیان لەگەڵدا تێكەڵ كردووە، بەڵكو ئامانجی هاوبەشی هەردوولایان دژایەتی شەخسی مسعود بارزانی بووە، بەڵام دیسان دژایەتی شەخسی مسعود بارزانی بۆ هەردوولایان وەك یەك نییە و هەر لایەكیان تێڕوانینی خۆی هەیە، هەر بۆ نموونە ئەو تاقمە خیانەتكارەی ناو یەكێتی، لەسەر ئەو بنەمایە دژایەتی مسعود بارزانی دەكەن، كە نابێت دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی ئەم سەرۆكە دابمەزرێت، ئەوجا كوردستان، یان یەكێتی نیشتمانی كوردستان زەرەر دەكات، یان نایكات، ئەوە لای ئەوان پرسێكی لاوەكییە و پرسی هەرە سەرەكی، شكستهێنانە بە پرۆسەی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك مسعود بارزانی، بەڵام با بزانین ئایا دژایەتیی قاسم سولەیمانی بۆ شەخسی مسعود بارزانی هەر بۆ ئەوەیە كە دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی ئەم سەرۆكە دروست نەبێت؟ بێگومان وەڵامەكە تەواو تەواو پێچەوانەیە، لای قاسم سولەیمانی دژایەتی مسعود بارزانی لەبەر ئەوە نییە كە ئەم سەرۆكە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە ئەو دەوڵەتەی مسعود بارزانی دەیویست دایبمەزرێنێت دەبووە ئاستەنگ لەبەردەم ئەو ئامانجەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران هەیەتی لە دروستكردنی پردێكی زەمینی بۆ بەستنەوەی غەزە بە تارانەوە و تەواوكردنی پرۆژەی هیلالی شیعی كە ئێران دەیەوێت لە میانەی سەركەوتنی ئەم پرۆژەیەوە وەك هێزی سەرەكی خۆی لەناو جیهانی ئیسلامی نمایش بكات و خۆی وەك نوێنەر و رابەری هەموو شیعە لە جیهاندا پیشانبدات، هەر بۆیە ئەگەر پرۆژەی دەوڵەتی كوردستان بەشێك بوایە لە تەواوكاری پرۆژەی هیلالی شیعی و ئەو پردی زەمینییە كە كۆماری ئیسلامی وەك ستراتیژ نەخشەی بۆ داڕشتبوو، ئەوا هەرگیز قاسم سولەیمانی دژایەتی دەوڵەتی كوردستانی نەدەكرد.
پرسیاری گرنگتر لێرەدا ئەوەیە، ئایا تاسەر قاسم سولەیمانی لەگەڵ ئەو تاقمە خۆفرۆشە هاوپەیمان دەبێت؟ بێگومان مێژووی نزیكەی 40 ساڵەی كارەكانی هێزی قودس و ئیتلاعاتی ئێرانی ئەوەمان پێدەڵێن، ئەگەر ئەم تاقمە خیانەتكارەی ناو یەكێتی بتوانن درێژە بە كاری تێكدانی یەكڕیزی لە نێوماڵی كوردستان بدەن و زەمینەی شەڕێكی ناوخۆیی لە نێوان هەردوو هێزی سەرەكی پارتی و یەكێتی دروست بكەن، یان خوانەخواستە یەكێتی نیشتمانی كۆنتڕۆڵ بكەن و شەڕی دژی كوردی پێبكەن، ئەوا بێ شك، قاسم سولەیمانی چۆن ئەمبارەكانی حزبوڵای پڕی چەك و تەقەمەنی كردووە و ساڵانە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج دەكات، بەهەمان شێوە پشتگیری ئەو تاقمەی كوردستان دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر لەدوای داگیركردنەوەی كەركووك، بارودۆخەكە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دژی ئەو تاقمە خۆفرۆشە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و هاوكاری نێودەوڵەتیش دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە یەكریزی لە نێو هیزی پێشمەرگەی كوردستان و لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بكرێتەوە، ئەوا ئێستا بە رێگەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەناو شاری كەركووك جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەكانیان بەو تاقمە دیارەو دەیەوێت پێیان بڵێت: ئێوە ئەو ئەسپە نین كە من گرەوم لەسەر كردن.
توێژینەوەكان لەسەر شێوازی كاركردنی قاسمی سولەیمانی لەگەڵ میلیشیا وەكیلەكانی ئاماژە بەوە دەكەن، كە شێوازی كاركردنی هێزی قودس لەگەڵ میلیشیا شیعە و غەیرە شیعەكان، ئەوجا ئەو غەیرە شیعەیانە، كورد بن، یان عەرەبی سوننە، یان كەمایەتیە ئایینی و نەتەوەكانی دیكە، دوو شێوازی جیاوازن، سەبارەت بە مامەڵەی لەگەڵ میلیشیا شیعیە وەكیلەكانی لە لوبنان و سووریا و عێراق و تا رادەیەكیش بەحرێن، بەو جۆرەیە كە هەوڵدەدات ئەو میلیشیانە ببنە هەوێنی چەسپاندنی فیكری سیستمی ویلایەتی فەقیهـ ، بۆ ئەوەی كۆپییەكی كۆماری ئیسلامی لەو وڵاتانە دووبارە بكەنەوە، بەڵام لەگەڵ میلیشیا غەیرە شیعەكان هەوڵەكانی هیزی قودس و قاسمی سولەیمانی بۆ ئەوەیە، ئەو میلیشیا وەكیلە غەیرە شیعەیانە بەردەوام رۆڵێكی كاریگەریان هەبێت بەرامبەر ئەو لایەنانەی كە كۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆی دەزانێت و دەیەوێت لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران شەڕی ئەو دوژمنانەی بە دەستی میلیشیای دەرەكی بكات، بۆیە كە ئەو جۆرە خۆفرۆش و میلیشیایانە نەیانتوانی بە باشی دژی ئەو لایانانەی كە كۆماری ئیسلامی بە دوژمن ناویان دەبات، ئامانجەكە بپێكن، بۆیە پاڵپشتیی ئێرانیشیان لێ كەم دەبێتەوە و ئێران نە دەیەوێت راستەوخۆ دژایەتی هیچ حكومەت و دەوڵەتێك بكات، نە دەشیەوێت شەڕێك بكات كە بگوازرێتەوە بۆ ناو سنوورەكانی خۆی.
نەبوونی میكانیزمی پێویست
بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی
تۆری میلیشیا وەكیلەكانی ئێران
ئیدارەی ئەمریكا كۆماری بووبێت، یان دیموكراتی، چەند ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدایە سنوورێك بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە چەكدارییانەی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران دابنێت كە بوونەتە هۆكاری تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارە ئەو ناوچانەشی كە ئەو میلیشیا وەكیلانەی سوپای پاسداران هەوڵی ناسەقامگیری تێدا دەدەن، بریتین لە: میلیشیای حوسیەكان لەیەمەن، حزبوڵای لوبنانی، میلیشیاكانی شیعەی عێراق و سووری و پاكستانی و ئەفغانستانی لە سووریا، هەروەها میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و ئێستاش هەڕەشەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی كوردستانە.
دیارە ئەوانەی تایبەتمەندن و بە شێوەیەكی مەیدانی لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم میلیشیایانە و لغاوگیركردنی هەڕەشەكانیان كاریان كردووە، دان بەو راستییەدا دەنێن كە ئەوە كارێكی ئاسان نییە و دەبێت ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پێكەوە هەوڵەكانیان بكەن بە یەك و لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی دوورمەودا پێكەوە كاربكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی نزیكەی 40 ساڵە و هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پارەیەكی هێجگار زۆری تەرخان كردووە بۆ ئەوەی تۆڕێكی ئاڵۆز و هاوپەیمان لەگەڵ بۆچوونەكانی كۆماری ئیسلامی و ئەلتەرناتیڤ لە سەرانسەری جیهان دروست بكات، ئەمانەش هەمووی لە پێناوی ئەوەیە نفووزی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باڵادەست بێت.
ئیدارەی ئەمریكی بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونییەوە، ئەو راستییەی بۆ ئاشكرا بووە كە سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و پاشكۆكانیان نین، بەڵكو سەرچاوەی ئەو ناسەقامگیرییە رادیكالیزمی ئیسلامی سوننە و شیعەیە، بۆیە كاتێك جیهان هاوپەیمانی دروست دەكات بۆ لغاوگیركردن و تێكشكاندنی فیكری توندڕۆیی جیهادی سەلەفی سوننە، ئەوا لەبەرامبەردا ئەگەر جیهادی ویلایەتی فەقهی شیعە لغاوگیر نەكرێت و تێك نەشكێندرێت، ئەوا دیسان ئەو شەڕە تائیفییە خوێناویتر دەبێت و كۆتایی نایەت.
هەتا ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا ستراتیژێك كە هەیبێت و رایگەیاندبێت، ستراتیژیەتی تێكشكاندن و لە ریشە هەڵكێشانی فیكری داعشە، واتە جیهادی سەلەفی سوننە، بەڵام لەبەرامبەردا هەتا ئێستا نەتوانراوە ستراتیژیەتێك بۆ لغاوگیركردن و تێكشكاندنی فیكری ویلایتی فەقیهی شیعەی جیهادی دابنێن.
بەشێكی زۆری پسپۆڕان و تایبەتمەندان لەو بڕوایەدان كە ئەو پەیامە توندەی سەرۆك ترەمپ لە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەر دژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، خۆی لە خۆیدا راگەیاندنی ستراتیژێكە بۆ لغاوگیركردن و هەڵوەشانەوەی ئەو تۆڕە میلیشیایەی سوپای پاسداران كە لە تەواوی ناوچەكە دروستی كردووە، بەڵام ئەو پسپۆڕانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، هەتا ئێستا ستراتیژیەتی جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە رانەگەیەندراوە، هەربۆیە لەمیانەی قسەكانیان لەبەردەم لیژنەكانی كاروباری دەرەوە و كاروباری بەرگری و ئاسایش لە كۆنگرێس، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەوەی دەبێت نەخشەیەك رێگایەك بۆ تەرجەمەكردن و جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە هەبێت كە سەرۆك ترەمپ رایگەیاندووە.
سەبارەت بەم لایەنە ژەنڕاڵ عومەر كارمی توێژەری سەرەكی لەسەر مەترسییەكانی میلیشیاكانی سوپای پاسداران لە ناو سوپای بەرگری ئیسرائیل، ئەم خاڵانە پێشنیار دەكات:
1- دەبێت حكومەتی كۆماری ئیسلامی بەرپرسیاریەتی تەواوی ئۆپەراسیۆنەكانی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران لە ئەستۆی خۆی بگرێت، بۆیە دەبێت راستەوخۆ تاران، یان حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەو راستییە تێبگەیەندرێن، كە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر پشتگیركردنی شەڕی بەوەكالەت بە رێگەی ئەو تۆڕە میلیشیایانە، ئەوا دەبێت تاران باجێكی قورس بدات. بێگومان راستە حەسەن رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران كاریگەرییەكی زۆر كەم و سنوورداری لەسەر تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران ملكەچی فەرمانەكانی عەلی خامەنەیی رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێرانن، بەڵام ئەگەر ئەم بەرپرسیاریەتیە بخرێتە سەر حەسەن رۆحانی ناچار دەبێت، سنوورێك بۆ كارەكانی سوپای پاسداران دابنێت.
2- پیادەكردنی میتۆدێكی سەرتاپاگیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تێكرای تۆڕە میلیشیاكانی سوپای پاسداران، وەك میلیشیای حوسییەكان لە یەمەن، حزبوڵای لوبنانی، میلیشیا شیعەكانی سووریا، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا، هەروەها بە ئامانجگرتنی تەواوی ئەو گرووپانەی كە دەبنە سەرچاوەی دابینكردنی داهات و چەك و تەقەمەنی بۆ تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران، لەمەش زیاتر دەبێت چاودێرییەكی توندی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بكرێت، لەبەر ئەوەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران بەرپرسی دابینكردنی پێداویستییەكانی تەواوی ئەو تۆڕی میلیشیایانەیە لانیكەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
3- سوپای پاسداران بە هەر سێ رێگەی (زەمینی و ئاوی و ئاسمانی) هەوڵیداوە بە قاچاخ چەك بگەیەنێتە میلیشیا وەكیلەكانی، بۆیە دەبێت میكانیزمێك بۆ رێگەگرتن لە بە قاچاخ بردنی چەك دابنرێت و هاوكاری ئەو دەڵەوتانە بكرێت كە سوپای پاسداران بە رێگەی خاكەكەیان، یان بەندەرە ئاوییەكان، یان ئاسمانی، باری قاچاخی چەك دەگوازرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی كە ئەو دەوڵەتانە توانای ئەوەیان هەبێت رێگری لەم كارانەی ئێران بكەن.
4- پەكخستنی ئەو میكانیزمەی كە سوپای پاسداران كۆنتڕۆڵی تۆڕی میلیشیاكانی پێدەكات، بۆ ئەمەش دەبێت بە ئاشكرا ناسنامەی سوپای پاسداران و هێزی قودس و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانی و حزبوڵای لوبنانی، لە ناوەندەكانی گشتی و میدیادا ریسوا بكرێن و بخرێنە ناو لیستی سزا هەمەجۆرەكانەوە، دەبێت بەدواداچوونی ورد بكرێت لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ میلیشیاكان و هەروەها دیاریكردنی سەرچاوەی كۆكردنەوەی پارە بە شێوەیەكی نامەشروع. بۆ ئەمەش دەبێت گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتان بۆ ئەوەی ئەو ناوەندانەی سوپای پاسداران دابخرێن كە لەژێر ناوی سەنتەری كەلتووری و ئایینی كردوویەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو سەنتەرانە چەترێكی ترسناكن و بوونەتە ژێرخانێك بۆ هەڕەشە لە سەقامگیری و پتربوونی مەترسییەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسداران.
5- دەبێت بە شێوەیەكی پراكتیكی و كاریگەر هاوكاری و هەماهەنگی هەواڵگری لەنێوان حكومەتەكاندا بۆ كۆكردنەوەی زانیاری دروست بكرێت، بەمەش دەتوانرێت بەڵگەیەكی زۆر سەبارەت بە كارە هەڕەشەئامێزەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران كۆبكرێتەوە، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو ناوەندە مەدەنییانە ئاشكرا بكرێن كە سوپای پاسداران وەك ناوەندێكی سەرەكی بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی بەكاریان دەهێنێت.
6- دەبێت هانی ئەو دەوڵەتانە بدرێت كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی سوننەن و كەمینەیەكی شیعەیان هەیە، بۆ ئەوەی شێواز و میتۆدی جیاواز لەگەڵ دانیشتووانە شیعەكەی بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانن بیانگەیەنە قەناعەت و لە ئێران دووریان بخەنەوە.
7- دەبێت دەوڵەتانی عەرەبی و بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات ئەو بۆشاییانە پڕبكەنەوە كە لە دەوڵەتانی شكستخواردوو و لەرزۆكدا بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و چاودێری كۆمەڵایەتی دروست دەبن، بۆ ئەمەش دەبێت سعودیە و ئیمارات هاوكاری ئەو دەوڵەتانە بكەن بۆ پرۆسەی حوكمڕانیی باش بۆ گۆڕینی بارودۆخی ناوخۆی وڵات و لەباربردنی ئەو زەمینەیەی كە ئێران لێوەی دەستتێوەردان دەكات و تۆڕی میلیشیای چەكداری تێدا دروست دەكات.
8- دەبێت پەیامێكی روون و راشكاو بۆ هاووڵاتیانی ئێران هەبێت و هەموو ئەو زانیارییانە بۆ هاووڵاتیانی ئێران روون بكرێتەوە كە چۆن ئەم هەوڵانەی سوپای پاسداران بۆ پیادەكردنی شەڕی بەوەكالەت لەلایەن میلیشیا چەكدارە وەكیلەكانیەوە، بۆتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی ئێرانی چ باجێكی قورس بدات. هەروەها بە راشكاوی ئەوە ئاشكرا بكرێت كە سوپای پاسداران كۆمەڵگە شیعەكانی لە تەواوی وڵاتان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ئیستیغلال كردووە و باجی سەرەكیی ئەم ستراتیژەش گەلانی ئێران دەیدات.
ئەم خاڵانەی ژەنڕاڵ عومەر كارمی ئاماژەی پێكردوون، هەوڵێكە بۆ پراكتیزەكردنی ئەو ستراتیژەی كە لە 13ی ئۆكتۆبەری رابردوو سەرۆك ترەمپ دژی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بەڵام لە یەكەم كاردانەوەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودس لە 16ی ئۆكتۆبەردا، توانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دابەش بكات و رێگە بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی بكاتەوە بۆ ئەوەی كەركووك داگیربكاتەوە.
بیگومان ئامانجی قاسم سولەیمانی تەنیا داگیركردنەوەی كەركووك نەبوو بە تەنیا، بەڵكو هەڵگیرساندنی شەڕێكی ناوخۆی خوێناوی بوو لە كوردستاندا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەمێنێت و بۆشاییەكی گەورەی ئەوتۆ لە كوردستان دروست بێت كە بە ئاسانی بتوانێت بە حەشدی شەعبی و تاقمە خائینەكەی كورد وەك وەكیلی خۆی پڕی بكاتەوە. پرسیاری گرنگ دووبارە لێرەدا ئەوەیە ئایا قاسمی سولەیمانی ئەم پیلانەی كە بۆ كوردستان داڕشت، لەبەر ئەوە بوو كە خەڵكی كوردستان ریفراندۆمیان ئەنجامدابوو و دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دابوو؟ بێگومان نەخێر، ئەوەی لای قاسم سولەیمانی جێگەی بایەخ نەبێت، مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان و یەكپارچەیی خاكی عێراقە، بەڵكو ئەوەی ئەو مەبەستیەتی، دابەشكردن و زاڵبوونە بە سەر وەكیلەكانیدا لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی سوپای پاسداراندا، ئەوجا كاتێك پیلانەكەی قاسم سولەیمانی لەژێر پەردەی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەشارێتەوە و لەلایەك توركیا و حكومەتی عێراقی پێ لە خشتە دەبرێت و لەلایەكی دیكە ئاراستەی سیاسەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ئەمریكا بەرەو لایەكی دیكە دەبات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە تائێستاش لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە میكانیزمێكی گونجاو بوونی نییە كە ستراتیژیەتی سنوورداكردنی ئۆپەراسێۆنە سەربازییەكانی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسدارانی پێ سنووردار بكات، یان بتوانێت تۆڕی میلیشیاكان لەبەر یەك هەڵبوەشێنێتەوە.
لەم راستەدا و لە تێڕوانینی قاسم سولەیمانیدا، هەرێمی كوردستان لە عێراقدا تەنیا هاوپەیمانی بەتواناو پشت پێ بەستراوی ئەمریكا و هاوپەیمانانە لەناوچەكەدا كە دەتوانێت سنوور بۆ دەسەڵاتی فراوانخوازیی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران دابنێت، بۆیە كوردستانی كردە ئامانج بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە ستراتیژەكەی سەرۆك ترەمپ بۆ لەبەر یەكهەڵوەشاندنەوەی تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران بە مردوویی لە دایك بێت، ئەم كارەشی بە تەواوەتی بۆ دەچێتە سەر، ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە خێرایی چاو بە سیاسەتی خۆیاندا بەرامبەر كوردستان نەخشێننەوە.
كاریگەری هێزی قودسی سوپای پاسداران
لە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا
ئەو میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی شیعەی عێراق كە ئێستا لەناو حەشدی شەعبیدا كۆكراونەتەوەو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە یاسای بۆ دەرچووەو مووچە و بودجەی بۆ دیاریكراوە، بەشێكیان هەر لەو كاتەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵانی ( 2003-2011 ) لە عێراقدا بوون، لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە دامەزرێنراون و وەك میلیشیایەكی چەكدار دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شەڕی هێزەكانی ئەمریكایان كردووە. وەك هێزەكانی بەدر و جەیشی مەهدی، بەشێكی دیكەشیان لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە دوای ساڵی 2011 لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە لەو شیعانە دروست كراون كە بڕوایان بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و پابەندن بە مەرجەعییەتی عەلی خامەنەیی، نەك ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە نەجەف. ئەمانەش وەك عەسائیبی ئەهلی حەق، حەرەكاتی حزبوڵای نوجەبا، سەرایای خۆراسانی، جەیشی موختار و چەندین میلیشیای دیكە. ئەم میلیشیایانە كۆپی حزبوڵای لوبنانین و لە هەر كوێیەك قاسم سولەیمانی فەرمانیان پێ بكات، لەو شوێنە شەڕ دەكەن، لەسەر ئەم بنەمایە و دوای ئەوەی لە كۆتایی 2012 و سەرەتای 2013، رژێمی ئەسەد كەوتە مەترسییەوە، ئەم میلیشیایانە چوونە سووریا و لەژێر دروشمی (لبیك یا زینب) جیهادی شیعەیان بۆ پاراستنی مەزارەكانی شیعە لە دەورەبەری دیمەشق راگەیاندو هەر لەوێش لەسەر دەستی ئەم میلیشیایانە و بە فەرمانی قاسم سولەیمانی لیوای عەمار بن یاسر دامەزرا، وەك ئاماژەیەك بۆ مەزاری عەمار بن یاسر لە رەققە، ئەمە لە كاتێكدا ئایەتوڵا عەلی سیستانی بە هیچ شێوەیەك فەتوای بۆ جیهادی شیعە لە سووریا و چوونی چەكدارانی شیعەی عێراق بۆ سووریای دەرنەكردبوو، لەمەش زیاتر موقتەدا سەدریش چوونی چەكدارانی شیعەی عێراقی بە كارێكی هەڵە وەسف دەكردو پێی وابوو كە كێشەی سووریا كێشەیەكی ناوخۆییە و پێویست نییە هیچ لایەك دەستێوەرادانی تێدا بكات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم میلیشیا چەكدارانەی شیعەی عێراق بوونە شوێنكەتووی مەرجەعییەتی خامەنەیی، فەرمانەكانی تارانیان جێبەجێ كرد و پشتیان لە فەرمانەكانی سیستانی لە نەجەف كرد. بەڵام نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكومەتی عێراق جیا لەوەی كە هەموو ئاسانكارییەكی بۆ چوونی ئەم میلیشیایانە بۆ سووریا دابین كرد، لە هەمانكاتدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداشی بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران كردەوە بۆ ئەوەی بە رێگەی ئاسمانی نێوان بەغدا و دیمەشق، رۆژانە چەك و تەقەمەنی پێویست لە عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ سووریا.
لە مانگی مارتی 2014 كاتێك لە عێراقدا خۆپیشاندانەكانی سوننە دەستی پێكرد و پاشان یاخیبووانی سوننە و چەكدارەكانی داعش پشتگیرییان لێكرد، ئەم میلیشیایانە جارێكی دیكە لە سووریاوە گەڕێندرانەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە دابمرێكننەوە و دژی چەكدارانی یاخیبووانی سوننە و چەكدارانی داعش بجەنگن. ئەمەش مانای ئەوەیە سێ مانگ پێش ئەوەی داعش موسڵ داگیربكات و سیستانی فەتوای دروستكردنی حەشدی شەعبی بدات، ئەو میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسداران لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرانی سوننە سەركوت بكەن و لە ژێرناوی تەكفیری قەتڵوعامیان بكەن.
بەڵام دوای ئەوەی داعش موسڵی گرت و سیستانی فەتوای دەركرد بۆ ئەوەی شیعە خۆی چەكدار بكات لەژیر ناوی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی بەرگری لەكەوتنی بەغدا بكات، ئەم میلیشیا پرۆ ئێرانییانەی هێزی قودس نەك هەر بوونە بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەڵكو پرۆسەی دروستكردنی هێزێكی هاوشێوەی سوپای پاسدارانیان سەركردایەتی كردو ئەمجارەیان بە ئاشكرا و بە سوودوەرگرتن لە فەتواكەی سیستانی، خەڵكێكی زۆری شیعەیان بۆ ئەو سوپایە تەجنید كردو لەبەر دەستی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكان و راوێژكارە سەربازییەكانی حزبوڵای لوبنانی مەشق و راهێنانی سەربازی و تائیفی ویلایەتی فەقیهیان پێكرا و بوونە هێزێكی سەربازی بەهێزتر لە هێزەكانی پۆلیس و دژە تیرۆر و سوپای عێراقی.
پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، ئەمریكا هەستی بەوە كردبوو ئەگەر هێزەكانی حەشدی شەعبی نەكرێنە بەشێك لە هێزەكانی ئاسایش و لە پەرلەمانی عێراقەوە یاسایان بۆ دەرنەكرێت و ژمارەیان دیاری نەكرێت، ئەوا پاش ئازادكردنی موسڵ، ئەوا ئەم میلیشیایانەش بە هاوشێوەی چەكدارانی داعش دەبنە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئایندەی عێراق. بۆ ئەمەشیان چۆن قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2010 دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی سەرۆك ئۆباما و مالیكی كردە كاندیدی پەسەندكراوی خۆی و گوشاری خستە سەر سەدر بۆ ئەوەی مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بە هەمان شێوە لە ساڵی 2016ش پشتگیری لە پێشنیارەكەی ئەمریكا كرد بەوەی پەرلەمانی عێراق یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بكات و لەمەش زیاتر ئەم هێزە بە رووكەش بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق. بەڵام پیلانی قاسم سولەیمانی بۆ پێشنیارەكەی ئەمریكا و یاسای حەشدی شەعبی پەرلەمانی عێراقی، بووە بنەمای دروستكردنی سوپایەكی سەربەخۆ بە هاوشێوەی سوپای پاسداران لە ئێران كە راستەوخۆ گرێدرابێت بە رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی عەلی خامەنەیی،نەك بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە .
ئەوجا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو دەرەنجامەی پێمان دەڵێت، چۆن سوپای پاسدارانی ئێران هیچ فەرمانێكی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران جێبەجێ ناكات، ئێستاش حەشدی شەعبی كە سوپای پاسدارانی عێراقە هیچ فەرمانێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق جێبەجێ ناكات و سوپایەكی سەربەخۆیە لەناو دەوڵەتی عێراقدا و تەنیا فەرمانەكانی سوپای پاسداران جێبەجێ دەكات، ئەوا دەكرێت كاردانەوەكانی یەك دوو هەفتەی رابردووی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی بەگشتی و شەخسی ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری دەستەی حەشدی شەعبی بەرامبەر داواكاری ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی زۆر بە گرنگ وەربگرین، بەتایبەتی كە لە چەند رۆژی رابردوو، زۆر راشكاوانە ئەبو مەهدی موهەندیس لە تارانەوە رایگەیاند، هەتا ئەگەر حەیدەر عەبادی (فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە بە حیساب فەرماندەی تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیشە) داوا بكات كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنەوە، حەشدی شەعبی هەردەمێنێت و هەڵناوەشێتەوە.
بێگومان قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران و مەهدی موهەندیسی جێگری دەستەی حەشدی شەعبی، باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە داواكاری ئەمریكا لە حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنتەوە، داواكارییەكی جددییە و لە هەمانكاتیشدا ئەمریكا باشیش دەزانێت حەیدەر عەبادی ئەو دەسەڵاتەی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە كە ئەو بڕیارە بۆ هەڵوەشانەوەیان بدات، بۆیە كاتێك حەیدەر عەبادی لە وەڵامی ئەمریكادا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەموویان هاووڵاتی عێراقین و هێزێكی گرنگن بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، دەیەوێت چۆن هەتا ئێستا ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشییان لە حەسەن رۆحانی و سەرۆك كۆمارەكانی پشتری ئێران كردووە و لەسەر تۆڕی میلیشیاكانی سوپای پاسداران سزای راستەوخۆی تارانیان نەداوە، دەیەوێت بە هەمان شێوەش چاوپۆشی لە حەیدەر عەبادی و حكومەتەكەی بكەن، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر چاوپۆشی لە حەیدەر عەبادی بكرێت بەو مەرجەی هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و دژە تیرۆر و سوپای عێراق لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی جیابكاتەوە و ئەم هێزانە بكاتە پارسەنگێك بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هێزی قودس لە عێراق كەمبكاتەوە، ئایا عەبادی ئەم كارەی پێدەكرێت بۆ ئەوەی راستگۆیی هاوپەیمانی خۆی بۆ ئەمریكا دووپات بكاتەوە؟ بێگومان پرسیارێكی دیكە دەبێتە وەڵامێكی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە كە دەڵێت: ئایا جیاوازییەك لەنێوان هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەیە؟ ئایا ئەوانەی سەركردایەتی ئەم هێزە بەناو عێراقییانە دەكەن، داماڵدڕاون لە فیكری تائیفی و دەتوانن وەك فەرماندەیەكی سەربازی پڕۆفیشناڵ و نیشتمانییانە بیر بكەنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای ئەفسەرانی هەواڵگری سوپای ئەمریكا لە عێراقدا، پێشتر دراوەتەوە، بەوەی باشترین هێزی عێراقی كە ئەمریكا وەك هێزێكی نیشتمانی گرەوی لەسەر دەكردن، هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت و دژە تیرۆر بووە، بەڵام دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەم هێزانە پێش ئەوەی حەشدی شەعبی دابمەزرێت كراون بە هێزێكی تائیفی و ناسنامەی نیشتمانیان لێ داماڵدراوە، هەرئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە پێنج فیرقەی عێراقی لەبەردەم داعشدا خۆی بدات بە دەستەوە و هەڵبێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئێستا لە عێراقدا، بێجگە لە دوو هێزی تائیفی یەكەمیان لەژێر ناوی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و ئەوی دیكەشیان حەشدی شەعبی، هیچ هێزێكی نیشتمانی بوونی نییە.