لە ئێستا بەدواوە..دەستور لوتی حەشد دەشكێنێت و سەری عەبادی دەخوات

لە ئێستا بەدواوە..دەستور لوتی حەشد دەشكێنێت و سەری عەبادی دەخوات
حەیدەر جەواد كازم عەبادی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە ، لەسەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابردووەوە لەبەریتانیا نیشەجێبووە و هەتا دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە 2003 نەگەراوەتە بۆ عێراق و پاش گەرانەوەشی لە 2004 وەك كادرێكی تەكنوكرات لە حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی د.ئەیاد عەلاوی ، وەك كادرێكی تەكنوكراتی حزبی دەعوای عێراقی كراوەتە وەزیری گواستنەوە، بەڵام دواتر لە كابینەی د.جەعفەری و هەردوو كابینەكەی نوری مالیكی هیچ پۆستێكی وەزاری پێنەدراوە و بە تەنیا پەرلەمانتارێك بووە هەتا ساڵی 2014 ، بەڵام كاتێك فەرز كرا كە نابێت نوری مالیكی جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە، حەیدەر عەبادی وەك لاوازترین كادر و كەمترین پەیوەندی بە ئێرانەوە دیاریكرا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمریكا پشتگیری لەگەڵ كردووە و حسابی ئەوەی لەسەر كردووە كە عەبادی نابێتە پاشكۆی ئێران و هێزی قودس لە عێراقدا.
عەبادی هێندەی وەك كادرێكی تەكنوكرات ناسراوە،وەك كاراكتەرێكی سیاسی نەناسراوە ، هەربۆیە نە لەناو حزبی دەعوە نە لەناو ئۆپۆزسیۆنی عێراق ونە لیژنەی نووسینەوەی دەستوری عیراق ، هیچ رۆڵ و پێگەیەكی نەبووە، ئەمەش وایكردووە لەناو حزبی دەعوا و هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە وەك كاراكتەرێكی لاوازی ئەوتۆ سەیركراوە كە پێویست نەبێت ركابەری بكرێت، لەمەش زیاتر لەلایەن هێزی قودسی سوپای پاسدارانیشەوە هیچ ئاستەنگ و گرفتێكی بۆ دروست نەكراوە، لەبەر ئەوەی هەمووكات قاسمی سولەیمانی چۆن بەمەستی بووبێت بۆ ئامانجەكانی خۆی بەریگەی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی وەك هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم ئەعرەجی بەكاریهێناوە.
ئەمریكا لەروانگەی ئەوەی پەیوەندیەكی زۆر لاوازی لەگەڵ ئێران هەیە و زیاتر وەك تەكنوكراتێك دەیەوێت عێراق بەرێوە بەرێت و لە نەزعەی تائیفی دووری بخاتەوە و پشت لە ئێران دەكات و بەرەو وڵاتانی عەرەبی هەنگاو هەڵدەگرێت ، هەوڵێكی زۆریدا بۆ ئەوەی پەیوەندیەكانی نێوان سعودیە و ئیمارات لەگەڵ عێراق بە گشتی و سعودیە و عێراق بە تایبەتی ئاسایی بكاتەوە، لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان كوردستان و عەبادیش، دیسان ئەمریكا هەموو هەوڵێكی لەگەڵ كوردستانیشدا خستەگەڕ بۆ ئەوەی كوردستانیش پشتگیریەكی تەواوی حەیدەر عەبادی بكات، لەمیانەی گوشارەكانیش كە لەسەر كوردستان چردەكرانەوە بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت، ئەمریكا پێداگیری لەسەر ئەوە دەكرد یەكێك لە دەرهاویشتەكانی ریفراندۆم دەبێتە هۆكاری ئەوەی عەبادی لاواز دەربكەوێت و پاشان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا عەبادی سەركەتوو نەبێت و زەمینە خۆش بێت بۆ ئەوەی كاندیدێكی پرۆ ئێرانی وەك هادی عامری هەڵبژاردنەكە بباتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەمریكا بەجۆرێك هەڵوێستی توندی بەرامبەر ریفراندۆم و ئاكامی ریفراندۆمی كوردستان پیشاندا، گەیشتە ئەو رادەیەی كە عەبادی و ئێران و توركیا ئەو كاردانەوە توندەی ئەمریكا ، وەك پیشاندانی تیشكی سەوزی ئەمریكا بخوێننەوە و ئەمەش بەو مانایەی ئەوانە هەرچیەك بەرامبەر كوردستان بكەن ، ئەمریكا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، ئەم هەڵوێستە هەڵەیەی ئەمریكاش وەك رۆبەرت فۆرد لە وتارێكیدا ئاماژەی پێكردووە( هەرگیز ئەمریكا نەیتوانیووە لە عێراق تێبگات)، ئەمجارەیان هێندە بە هەڵە پێگەی عەبادی و باردۆخی سیاسی عێراق خوێنرایەوە كە گەیشتە ئەوەی هەڵوێستی ئەمریكا وەك خیانەتكردن لە هاوپەیمانێكی گرنگی كە كوردستانە دەربكەوێت.
ستاڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەگشتی و شەخسی ریكس تیلرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە لۆژیكی گرێدانی سەفقە و كۆنتراكتی پەترۆڵی مامەڵەیان لەگەڵ كێشە و گرفتەكانی ئەمجارەی نێوان كوردستان و عێراق كردوو، بوارێكی زیاد لە حەدیان بۆ حەیدەر عەبادی خوڵقاند بۆ ئەوەی وەك كەسێكی لەرادەبەدەر بەهێز دەربكەوێت و بێ ركابەر هەڵبژاردنی داهاتوو بەرێتەوە، ئەم لۆژیكی سەفقەیەی تیلرسۆن كە وەك ئەقڵێكی موجەردی بازرگانی كاری لەسەر كرابوو، لەسەر ئەو بنەمایە بوو، ئەگەر حەیدەر عەبادی بتوانێت بە میتۆدی دەستوری عێراقی 2005 ئاقڵانە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، ئەوا دوای هەڵبژاردنەكانی 2018، بە جێبەجێكردنی دەستورەكە، عێراق دەبێتەوە بەو دەوڵەتە مەدەنی و دیموكراتی و فیدرالیەی كە ئەمریكا ئومێدی بۆ دەخوازێت، بەڵام ئەم ئاراستەیە وەك بۆچوونی ئەقڵێكی بازرگانی موجەرد ، بە هاوشێوەی یاریكردن بە پشكەكانی ناو بۆرسە جیهانیەكان ئاكامی بەدەستەوە نەدا، تیلیرسۆن پێی وابوو ئەگەر دەستور بكرێتە یاسای گەمەكەی ناو بۆرسەی سیاسی عێراق، ئەوا هەموو بزنسمانەكانی سیاسەت بەچوارچێوەی دەستورەوە پابەند دەبن، وەلی لەوە بێ ئاگابوو كە كێشەی سەرەكی بۆرسەی سیاسی عێراق ئەوەیە كە گەمەكاری پشكەكان لەناو حكومەتی عێراقدا بە دەستورەكەوە پابەند نابن و ئیعتوبار بۆ دەستوركە دانانێن، كێشەی هەرەسەرەكی پرۆسەی سیاسی عێراق بەگشتی و كێشەی سەرەكی نێوان هەولێر و بەغداش هەر ئەوەیە كە ئەو دەستورە پێشێلدەكرێت و جێ بەجێ ناكرێت.
كەواتە لێرەوە دەكرێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا ئەقڵی موجەردی بازرگانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكوێدا بە هەڵەدا رۆیشتووە؟ و سەرەنجامیش ئەو هەڵەیە بۆتە هۆكاری ئەوەی باردۆخی نێوان هەولێر و بەغدا بەجۆرێك گەیشتۆتە ئاڵۆزی كە دەكرێت بڵێن گەیشتۆتە لێواری هەڵدێر و ئەگەر زۆر بەزووی هەوڵنەدرێت هەنگاوێك بگێرێتە دواوە ئەوا لەوانەیە كارلەكار بترازێت، بۆ دەسنیشانكردنی ئاراستە هەڵەكانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق ، بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێدەكەین:


1- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردبوو ، ئەوەی ئێران و عەبادی پێكەوە دەبەستێتەوە لە عێراقدا، ئەو هاوكاریانەیە كە ئێران لەرێگەی هێزی قودسەوە لە شەڕی دژی داعش بەرێگەی حەشدی شەعبی پێشكەشی عەبادی دەكات، لەم حاڵەتەدا تێكشكاندنی داعش بۆتە ئامانجی هاوبەشی عەبادی و قاسمی سولەیمانی و ئەگەر شەڕی داعش كۆتایی هات، ئەوا زۆر بە ئاسانی عەبادی دەتوانرێت عەبادی لە قاسمی سولەیمانی و ئێران دووربخرێتەوە و پاشان گریبدرێتەوە بە سعودیە و ئیماراتەوە، بەڵام كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی ریفراندۆم دەریانخست، كە نەك حەیدەر عەبادی بەو ئاستە پەیوەندی لەگەڵ قاسمی سولەیمانی نیە كە ئەمریكا لێی بترسێت، بەڵكو قاسمی سولەیمانی بەجۆرێك دەوڵەتی عێراقی كردۆتە كۆلۆنیاڵی ئێران كە ئەسڵەن قاسمی سولەیمانی بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكاندا ناگەرێتەوە بۆ ئەوەی وتویژ لەگەڵ حەیدەر عەبادی بكات، بەڵكو خۆی بەشێوازی خۆی رێككەوتن دەكات و پاشان وەك فەرمان بۆ حەیدەر عەبادی دەنرێت بەو شێوازەی ئەو دەیەوێت دەبێت مامەڵە لەگەڵ كێشەكان بكات، بیگومان ئەمریكا بەهێچ جۆرێك مەزندەی ئەوەی نەكردبوو كە تا ئەو ئاستە قاسمی سولەیمانی عێراقی كردۆتە كۆلۆنیالیەكی ئێرانی.
2- ئەمریكا لەمیانەی هەوڵەكانی بۆ ئەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز دەربكەوێت، گوشاری گەورەی خستبووە سەر لایەنی كوردستانی بۆ ئەوەی بەوە رازی بێت لە میانەی ریكەوتنێكی ئاشتیانە جارێكی دیكە ئیدارەی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بگەرێتەوە بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی لایەنی كوردستانی لەژێر گوشاری ئەمریكادا بەم پشتگیریەی ئەمریكا بۆ عەبادی رازی بوو بەو ئامانجەی ئەمە ببێتە هۆكاری ئەوەی نفوزی ملیشكانی حەشدی شەعبی سنوردار بكرێت، بەڵام عەبادی بە شێوەیەك بەلاوازی لە ئاستی قاسمی سولەیمانی دەركەوت كە هێزەكانی سوپای عێراق و ئەوەی پێی دەگوترێت پۆلیسی فیدرالی بوونە پاشكۆی هێزەكانی حەشدی شەعبی و راشكاوانەتر بوونە پاشكۆی بریارەكانی مەهدی موهەندیس و هادی عامری كە هەردووكیان خۆیان بە ئاشكرا گووتوویانە ئێمە ( سەربازی حاجی قاسمی سولەیمانین). ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر مەهدی موهەندیس و هادی عامری خۆیان راستەوخۆ سەربازیكی بەردەستی قاسمی سولەیمانی بن، ئەوا ئێستا عەبادی سەربازێكی گوێرایەڵی بەردەمی سەربازەكانی قاسمی سولەیمانی یە. ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی دیكەی خوێندنەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو بۆ كەسایەتی لاوازی حەیدەر عەبادی كە ئەوان وەك كەسایەتێكی بەهێز حسابیان لەسەر كردبوو.
3- ریكس تیلرسۆن دوای داگیركردنەوەی كەركوك ، كاتێك گەیشتە سعودیە بۆ ئەوەی شاهیدی ئیمزاكردنی ریككەوتنی هاریكاری سعودیە و عێراق بێت، زۆر بە پشت ئەستوری داوای لەحەیدەر عەبادی كرد كە دەبێت ملیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنتەوە و چەكدارەكانی تەسریح بكرێن و تیكەڵاوی ژیانی ئاسایی بكرێنەوە، پێدەچوو حەماسی تیلرسۆن بۆ ئەم داوایە، لەوە سەرچاوەی گرتبێت كە بێ ئاگابووە لەوەی كە كەركوك لەلایەن قاسمی سولەیمانی داگیركراوە نەك هێزەكانی حەیدەر عەبادی، بۆیە كاتێك گوێی لەوەڵامەكانی عەبادی بوو كە ئەم كارە ناكرێت و حەشدی شەعبی بەشێكە هێزەكانی عێراق و گرنگن بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەكە، تیلرسۆن توشی شۆكێكی گەورە هات و لەوە دڵنیانەبوو كە ئەو وەڵامەی گوێ لێ دەبێت، بۆیە هەر رۆژی دوایی لەسەردانێكی پێشبینی نەكراودا خۆی گەیاندە عێراق و دیسان لێی دووبارە كردەوە، بەڵام ئەمجارەیان عەبادی توندتر وەڵامی تیلرسۆنی دایەوە رایگەیاند، كە ریگە نادرێت وڵاتێكی دیكە دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات، لەمەش خراپتر سەركردەی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی وەك هادی عامری و قەیس غەزعەلی، بەجۆرێك هەڵوێستیان بەرامبەر تیلرسۆن پیشاندا، بەوەی ئەو شایستەی ئەوە نیە لەعێراقدا پێشوازی لێ بكرێت , وەك ئیهانەكردنێكیش بۆ شكۆی ئەمریكا، جیا لەوەی ئاڵای ئەمریكا بەدەستی حەشدی شەعبی لە چەند شوێنێك سوتێنرا، لەمەش زیاتر چ فەرماندەی ملیشیاكانی حەشدی شەعبی ئاڵای ئەمریكایان خستە ژێر پێی و زۆر شانازیشیان بەو كارەیان دەكرد، حەیدەر عەبادیش كە بەحساب هاوپەیمانە نزیك و بەهێزەكەی ئەمریكایە، نەك هەر نەهاتە وەڵام بەڵكو بیدەنگ بوونی باشترین پشتگیری پیشاندا بۆ هەڵوێستی ملیشیا پرۆ ئێرانیەكان لە عێراقدا، ئەمەش هەڵەیەكی دیكەی گەورەی ئەمریكا بوو كە پێی وابوو، كاتێك حەیدەر عەبادی بە پشتگیری قاسمی سولەیمانی هەرەشە لەكوردستان دەكات، بەهەمان شێوەش دەتوانێت لەبەرامبەر ملیشیاكانی حەشدی شەعبیش رابوەستێت.
Top