عەبادی هاوپەیمانی ئەمریكایە یان ئەندامێكی سوپای قودسی پاسدارانە؟
November 1, 2017
راپۆرتەکان
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هەتا ئێستاش لەسەر شانۆی رووداوەكان دەیەوێت وەك سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز و براوەی شەڕی دژی داعش و پارێزەری یەكپارچەیی عێراق خۆی نمایش بكات، بێجگە لە سەربازێكی بەردەستی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران شتێكی دیكە نییە، سەبارەت بەم بۆچوونە كازم سەیاد پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیكی و فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی، لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی سوێندی بە عەباس خوارد، ئەو كەسەی كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە داگیركردنەوەی كەركووك، قاسم سولەیمانی بووە، نەك حەیدەر عەبادی. پێشكەشكاری بەرنامەكە لێی پرسی: ئەگەر ئێستا پەیوەندی بە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە بكەین و بڵێت عەبادی كەركووكی داگیركردۆتەوە، ئەو كات چی دەڵێت؟ لە وەڵامدا كازم سەیادی پێی گوت: «بە عەباس پێی دەڵێم درۆ دەكەی.» هەر بۆیە لەناو بەرنامەكە كازم سەیاد تەلەفۆنی بۆ ئەحمەد ئەسەدی كردو پێی سەلماند كە داڕێژەی پیلانی داگیركردنەوەی كەركووك و رێككەوتن لەگەڵ چەند كادرێك و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی، قاسم سولەیمانی بووە و دوای ئەم رێككەوتنە قاسمی سولەیمانی فەرمانی بە حەیدەر عەبادی كردووە كە هێزەكانی بەرەو كەركووك جووڵە پێ بكات.
لەدوای كۆچی دوایی شا عەبدوڵا و بوونی شا سەلمان بە پادشای شانشینی سعودیە، ئەمریكا پشتگیریی تەواوی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر ناوچەكە، خاڵی دەستپێكی سعودیەش بۆ لغاوگیركردنی هەڕەشەكانی ئێران لە حوسییەكانەوە دەستی پێكرد، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چەكدارە حوسییەكانی یەمەن وەك چەكدارەكانی حزبوڵای لوبنانی پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران نین و لەمەش زیاتر چەكدارە حوسییەكان زەیدین و بڕوایان بە ویلایەتی فقهی نییە، یان راشكاوانەتر بڕوایان بەوە نییە كە لە یەمەن كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی دابمەزرێنن، بەڵام كاتێك سوپای پاسداران كەوتە هەناردەكردنی چەك بە رێگەی قاچاخ بۆ حوسییەكان و ناردنی راوێژكاری شارەزا بۆ پەرەپێدانی رۆكێتەكانیان بۆ ئەوەی سعودیە رۆكێتباران بكەن، سعودیە هەوڵەكانی خۆی چڕكردەوە بۆ ئەوەی ئەو دومەڵەی سوپای پاسداران لە یەمەن هەڵبكشێت و حوسییەكان ناچار بكات كە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ئێران دوور بكەونەوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ كە حوسییەكان لە جیهانی عەرەبی داببڕێت و بیانكاتە پاشكۆ و وەكیل لەو ناوچە گرنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەیەك كاتدا ئاسایشی ئاوەكانی كەنداو و دەریای سوور بخاتە مەترسییەوە. ئەم ستراتیژەی سعودیەش ماناكەی ئەوەیە ئەو هێز و لایەنانەی بوونە هاوپەیمانی سوپای پاسداران و هێشتا نەبوونەتە پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران لە ئێران دوور بخرێنەوە.
ئەوجا ئەگەر لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەی ئەمریكا و سعودیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقدا دۆخەكە بخوێنینەوە، ئەوا سعودیە لەو چوارچێوەیە مامەڵەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردووە كە راستە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی یەكێكە لە هاوپەیمانە نزیكەكانی سوپای پاسداران و ئێران، بەڵام ئەویش وەك حوسییەكان بڕوای بەوە نییە كە سیستمی سیاسیی عێراق لە دەوڵەتێكی مەدەنی و فیدڕاڵییەوە بگۆڕێت بۆ سیستمێكی كۆماری ئیسلامی بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر ئەم بنەمایە و بە هاندانی ئەمریكا ماوەی یەك دوو ساڵە سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو هان دەدرێن كە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی گرێبدرێتەوە بە دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بەگشتی و بەتایبەتیش گرێبدرێتەوە بە سعودیەو بەپێی ئەم پلانەی ئەمریكاو سعودیەش كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتەكەی عەبادی داڕێژدراوە، ئەوا عێراق وەك دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و فیدڕاڵی لە ئێران دوور دەخرێتەوە و دەبێتە دۆست و هاوپەیمانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا لە ناوچەكەدا، هەر بۆیە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری سعودیەو عێراق، كە ریكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش ئامادە بوو، راشكاوانە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و لایەنی سعودیەش ئەو پەیامەیان بە حەیدەر عەبادی راگەیاند، كە ئەم كۆبوونەوەیە ئامانجی ئەوەیە كە عێراق لەژێر نفووز و باڵادەستیی ئێران رزگاری بێت و لەمەش زیاتر تەواوی ئەو پاسدار و راوێژكارە سەربازییانەی ئێران كە لە عێراقدا بوونیان هەیە، دەبێت لە عێراق بچنە دەرەوە، هەروەها دەبێت میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی-یش تەسریح بكرێن و تێكەڵی ژیانی مەدەنی بكرێنەوە و چەكدار نەبن، بەڵام یەكەم كاردانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوە بوو كە دەڵێت: (دەبێت هەموومان شانازی بە حەشدی شەعبییەوە بكەین لەبەر ئەوەی ئەم هێزە پارێزەری ئاسایشە بۆ عێراق و ناوچەكەش)، لەدوای ئەم وەڵامەی عەبادی، تیلێرسۆن بە شێوەیەكی كتوپڕ و بێ بەرنامە سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبۆوەو ئەمجارەیان زۆر راشكاوانە پێی راگەیاند كە ئەوەی پێی گوتراوە جددییە و نابێت میلیشیای پرۆ ئێرانی و پاسدار و راوێژكاری سەربازی ئێرانی لە عێراقدا بمێنێت، بەڵام پێدەچێت هێشتا عەبادی باش لە پەیامەكەی ئەمریكا و سعودیە تێنەگەیشتبێت، بۆیە بە پەلە خۆی گەیاندە ئێران و لەوێش پێیان راگەیاند، زۆر ئاگات لەخۆت بێت، ئەمریكا بەنیازە گورزێكت لێ بوەشێنێت، ئەم پەیامەی ئێران بۆ عەبادی مانای ئەوەیە، تۆ بێجگە لە یەك رێگە، رێگەی دووەمت لەبەردەمدا نییە، ئەمەش واتە ئەگەر بەنیازی ببیتە هاوپەیمانی ئەمریكا و سعودیە دژی ئێران، ئەوا ئەو كارە بەتۆ ناكرێت و ئەگەر بشتەوێت وەك سەرۆك وەزیران بمێنیتەوە، ئەوا دەبێت وەك مالیكی و هادی عامری فەرمانەكانی سوپای پاسداران و هێزەكانی قودس لە رێگەی قاسم سولەیمانییەوە جێبەجێ بكەیت.
ئەمجارەیان قاسم سولەیمانی بە ترەمپ دەڵێت:
هەر كەسێك سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت ئەندامێكی سوپای پاسدارانە
لە ساڵی 2007 و لەو كاتەی ژەنڕاڵ پەتریۆس داوای كردبوو كە باڵیۆزی ئێران ئەندامێكی هێزەكانی قودسە و پێویستە ئێران باڵیۆزەكەی بگۆڕێت و یەكێكی دیكە دابنێت، قاسم سولەیمانی نامەیەكی بۆ پەتریۆس ناردبوو كە تیایدا ئاماژەی بەوە كردبوو، ئەگەر بیانووی تۆ ئەوەیە ئەم باڵیۆزە ئەندامی هێزەكانی قودسە و نابێت نوێنەرایەتی دیپلۆماتییەتی ئێرانی لە عێراقدا بكات، ئەوا ئەو كەسەشی كە جێگەی ئەم باڵیۆزەی ئێستای ئێران لە عێراقدا دەگرێتەوە، هەر ئەندامی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانە.
لەساڵی 2010 باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا پێداگیری لەسەر ئەوەكرد كە نابێت ئەیاد عەلاوی وەك براوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق ببێتە سەرۆك وەزیران و كاندیدی پەسەندكراوی ئەمریكا بۆ ئەو پۆستە نوری مالیكی بوو، بۆ ئەمەش قاسمی سولەیمانی نەك هەر دژایەتی نەكرد، بەڵكو كارئاسانی زیاتری بۆ كردو گوشاری خستە سەر موقتەدا سەدر و تەیاری سەدری كردە بەشێك لەو هاوپەیمانییەی كە نوری مالیكی دەبوو بە كاندیدی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014 دیسان باراك ئۆباما پێداگیری لەسەر ئەوە كرد، ئەگەر نوری مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوا ئەمریكا هیچ هاوكارییەكی سەربازی پێشكەشی عێراق ناكات لە شەڕی دژی تیرۆردا، ئەمجارەشیان قاسم سولەیمانی نەك هەر دژایەتی ئەمریكای نەكرد، بەڵكو گوشاری خستە سەر مالیكی كە واز لە پۆستی سەرۆك وەزیران بێنێت و لە جێگەی ئەو حەیدەر عەبادی ببێتە ئەو كاندیدە پەسندەی كە ئەمریكا داوای دەكات.
ئەمریكا لەماوەی سێ ساڵی رابردوو كاری زۆری لەسەر ئەوە كردووە بەوەی حەیدەر عەبادی دەوڵەتمەدارێكی سەربەخۆیە و نەبۆتە پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران و ئەو كەسەیە كە دەتوانێت نفووز و باڵادەستیی ئەمریكا لە عێراقدا سنووردار بكات، هەر بۆیە ئەمریكا بۆ ئەوەی پێگەی عەبادی بە بەهێزی بمێنێتەوە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق بباتەوە و خولێكی دیكەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە، زۆر بە توندی پشتگیری عەبادی كردو دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان وەستایەوە، لەمەش زیاتر دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەمریكا بە جۆرێك هەڵوێستی خۆی دژی ریفراندۆم و ئاكامەكەی پیشاندا كە زۆر لە پسپۆڕان بەو جۆرە ئەو هەڵوێستەیان خویندەوە كە ئەوە هەڵكردنی تیشكی سەوزە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ عەبادی بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك سزای كوردستان بدات، بەڵام ئەم پشتگیرییەی ئەمریكا بۆ عەبادی نەبووە هۆكاری ئەوەی عەبادی خۆی بتوانێت هێز بەرامبەر كوردستان بجووڵێنێت، بەڵكو ئەوە قاسمی سولەیمانی بوو پیلانی هێرشكردنە سەر كوردستانی داڕشت و فەرمانی بە عەبادی كرد هێز بجووڵێنێت، لەمەش خراپتر دوای ئەوەی بە فەرمانی قاسمی سولەیمانی، عەبادی هێزی حەشدی شەعبی بەرامبەر كوردستان جووڵاند و كەركووكی داگیركردەوەو پاشانیش تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بە پێچەوانەی دەستووری عێراق داگیركردەوە، ئەمجارەیان سەرۆك ترەمپ زۆر راشكاوانە رایگەیاند كە ئەمریكا لەم شەڕەدا بێلایەن دەبێت و لایەنگیری كوردستان و عێراق ناكات. ئەم گۆڕانكارییانەش واتە سەركەوتنە سەربازییەكانی پیلانەكەی قاسم سولەیمانی و هەڵوێستی ئیدارە و سەرۆكی ئەمریكا بۆ پشتگیری حەیدەر عەبادی، بە جۆرێك حەیدەر عەبادییان تووشی غرووری و سەرخۆشی كردووە كە راشكاوانە بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بڵێت: «دەبێت داوای لێبووردن بكەیت، كاتێك داوا دەكەیت هێزەكانی حەشدی شەعبی تەسریح بكرێن و تێكەڵی ژیانی مەدەنی بكرێتەوە، هەروەها كاتێك داوا دەكەیت پاسدار و راوێژكارە سەربازییەكانی ئێران لە عێراق بكشێنەوە.» ئەم پەیامەی عەبادی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كردووە، پەیامی عەبادی نییە بۆ ئەمریكا، بەڵكو ئەمە لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە پێی راگەیەنراوە كە بەوجۆرە بەرامبەر ئەمریكا هەڵوێست دەرببڕێت، بەدیوێكی دیكەدا قاسم سولەیمانی دەیەوێت پەیامەكەی خۆی ئەمجارەیان بە عەبادیدا بۆ تیلرسۆن و ترەمپ بنێرێت و پیان دەڵێت: ئێوە داواتان كرد مالیكی لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە، پشتگیریمان كردن، پاشان داواتان كرد مالیكی بگۆڕێت بۆ عەبادی هەر پشتگیریمان كرد، ئێستا ئەوەتا راست و راست پێتان دەڵێن، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی بێت، یان حەیدەر عەبادی، یاخود هەر كەسێكی دیكە، ئەندامێكی هێزی قودسی سوپای پاسدارانە و قاسم سولەیمانی ئاراستەی دەكات، ئەوجا دەیگۆڕن پشتگیریتان دەكەین، دەیهێڵنەوە، هەر پشتگیریتان دەكەین، چونكە بۆ سوپای پاسداران هیچ جیاوازیەكی نییە و هەر كەسێكی دیكەش پەسند بكەن بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەر ئەندامێكی هێزەكانی قودس دەبێت.
پێدەچێت دوای ئەم پەیامەی قاسمی سولەیمانی كە لە رێگەی عەبادییەوە ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ كراوە، ئێستا ریكس تیلێرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا باش تێگەیشتبێت و دەزانێت كە حەیدەر عەبادی بێجگە لە سەربازێكی بەر دەستی قاسم سولەیمانی هەرگیز سەرۆك وەزیرانی ئەو عێراقە نابێت كە ئەمریكا دەیەوێت هاوپەیمانێكی بەهێزی بێت، هەر بۆیە ئێستا ئیدارەی ئەمریكی بە گشتی و ریكس تیلرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە جۆرێك زمانی خۆیان لەگەڵ عەبادی گۆڕیوەو خەریكە ئەوەی پێ رادەگەیەنن ئەگەر وەك وتەبێژی قاسمی سولەیمانی و سوپای پاسداران لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی قسە دەكەیت، ئەوا ئەمریكاش وەك سوپای پاسداران مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراقی دەكات و ئەگەر دەتەوێت وەك حكومەتی عێراق مامەڵەت لەگەڵ بكەین، ئەوا دەبێت بیسەلمێنی كە حكومەتی عێراق هاوپەیمانی ئەمریكا و دژی نفووز و باڵادەستیی ئێرانە لە عێراقدا.
ئەو پسپۆڕ و توێژەرانەی كار لەسەر نفووز و باڵادەستیی ئێران لە عێراقدا دەكەن، راشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق پێگەو دەسەڵاتی لە عێراقدا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێت رووبەڕووی نفووز و باڵادەستیی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی و رۆڵی كاریگەریی هێزی قودس لە عێراقدا ببێتەوە، هەر بۆیە هاوكات لەگەڵ ئەو پەیامانەی هێزەكانی قودس لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە بە ئەمریكا دەدرێت، لە هەمانكاتدا فەرماندەكانی حەشدی شەعبییش وەك هادی عامری و قەیس غەزەعلی و ئەوانی دیكەش پەیامی توندتر بۆ ئەمریكا دەنێرن و راشكاوانە دەڵێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێت پێناسەی حەشدی شەعبی بكات، لەمەش زیاتر هەر ئەو سەركردانەی حەشدی شەعبی بە جۆرێك بەرامبەر عەبادی قسە دەكەن كە بواری ئەوەیان بۆ نەهێشتۆتەوە كە نمایشێكی دیپلۆماتیش بكات، بۆیە راشكاوانە پێی دەڵێن، ئەو سەركەوتنانەی لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دژی كوردستان بەدەستیهناوە، رۆڵی سەرەكی بۆ قاسم سولەیمانی دەگەڕێتەوە، نەك حەیدەر عەبادی، بە دیوێكی دیكەدا بە ئەمریكا دەڵێن، حەیدەر عەبادی ئەو سەركردە بەهێزە نییە كە تۆ پشتت پێ بەستووە، بەڵكو بێجگە لە پاسدارێك لە بەر دەستی قاسم سولەیمانیدا شتێكی دیكە نییە. واتە ئەوەی بە كردەوە حوكمڕانی عێراق دەكات و فەرمان بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات كە دەتوانێت هێز بجووڵێنێت، ئەویش تەنیا (حاجی قاسمی سولەیمانی)یە.
كوردستان كرایە كارتێك
بۆ ئاشكرا كردنی گەورەیی نفووزی ئێران لە عێراقدا
ماكماستەر راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا راشكاوانە دەڵێت: «ئێمە دەمانەوێت عێراق بەهێز بێت، بەڵام لە بەرامبەردا دەشمانەوێت كوردستانیش بەهێز بێت.» ئەمەش وەڵامێكی ناڕاستەوخۆی ئیدارەكەیەتی كە لە پێناوی پیشاندانی عێراقێكی بەهێزدا ئەوەی لەبیرچوو كە پێویستە كوردستانیش بەهێز بێت، ئەم راوێژكارە لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (الحرة) ئاماژە بەوە دەكات، دەستی سوپای پاسداران گەیشتۆتە هەموو دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامانجی ئەوەیە كە ئەو وڵاتانە كاول بكات و خۆی تێدا باڵادەست بكات، هەر بۆیە لە هەر شوێنێك كێشەیەك هەبێت و هێزە لۆكاڵەكان لەگەڵ یەكتری شەڕ بكەن، هەر لەو شوێنەش دەستی سوپای پاسداران دەبینرێت، لە ناو هەرێمی كوردستانیشدا، سوپای پاسداران سوودی لەو دابەشبوونەی ناو یەكێتی نیشتمانی وەرگرت كە دوای مردنی جەلال تاڵەبانی دروست ببوو، بۆیە سوپای پاسداران هەوڵیدا لەسەر حیسابی ئاسایش و سەقامگیری عێراق ئەم بارودۆخە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت.
ئەم ئاماژە پێدانە راشكاوانەیەی ماكماستەر بە رۆڵی تێكدەرانەی قاسم سولەیمانی و سوپای پاسداران، ئاماژەیەكی گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئەمریكا لە باڵادەستی و نفووزی ئێران لە ناو عێراقدا، هەر بۆیە لەوانەیە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پێش دەركەوتنی ئەم رۆڵە گەورەیەی سوپای پاسداران لە عێراقدا، لەو بڕوایەدا بووبێت كە بە پشتگیریكردنیان لە عەبادی بۆ پاریزگاریكردن لە یەكپارچەیی عێراق و دژایەتی ئەمریكا بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، دەبێتە فاكتەرێك بۆ بەهێزبوونی گیانی قەومی عەرەبی لە عێراقدا و هەروەها بەهێزبوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە لە چوارچێوەی فەتواكەی سیستانی بوونە حەشد و باڵادەست دەبن بەسەر میلیشا پرۆ ئیرانییەكانی ناو حەشد، بەڵام ئەم بۆچوونە پێچەوانە شكایەوە، هێرشكردنە سەر كوردستان و داگیركردنەوەی كەركووك بەتایبەتی كە بە پیلانی قاسم سولەیمانی سەركەوتنی بەدەست هێنا، بۆتە هۆكاری ئەوەی نەك هەر هەموو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ببنە هێزێكی یەكگرتوو لەژێر چەتری هێزی قودسی سوپای پاسداراندا، بەڵكو سەرۆك وەزیرانی عێراق و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی شیعە خۆیان بە قەزرای سوپای پاسداران دەزانن و زیاتر خۆیان دەكەنە پاشكۆی ئێران و لە سعودیە و ئەمریكا دوور دەكەونەوە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا دوای ئەو هەڵەیەی ئێدارەی ئەمریكا لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵسەنگاندیان بۆ كەسایەتی و پێگەی حەیدەر عەبادی كردیان، ئایا بە تەواوەتی پشت لە كوردستان دەكەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە گۆڕانكارییەكانی ئەم چەند رۆژی رابردوو دەیداتەوە، ئەمەش لەلایەك لە پەلەپەل كردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان بە فەرمانی راستەوخۆی قاسم سولەیمانی و بە چاودێری راستەوخۆی مەهدی موهەندیس و هادی عامری، كە دەیانەوێت پێش ئەوەی ئەمریكا كاردانەوەی توندو یەكلاكەرەوەی بەسەر ئەم واقیعە سەپاوەی قاسمی سولەیمانیدا هەبێت، هەموو ئامانجەكانی خۆیان بپێكن و كوردستان بە ئاستێك لاواز بكەن كە نەتوانێت بە ئاسانی خۆی راست بكاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لەم ئامانجە ئاشكرایەی سوپای پاسداران لە عێراقدا تێگەیشتبن، بۆیە جیا لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بە فەرمی دوای كردووە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حەشدی شەعبی رابوەستێت، لە هەمانكاتیشدا رۆژ لەدوای رۆژ پشتگیرییەكان بۆ هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە كە داوای كردووە دەست بەجێ شەڕ رابوەستێت و دەست بە دیالۆگێكی كراوە بكرێت. بەڵام گرنگ لێرەدا هەڵوەستە كردنە لەسەر هەڵوێستی حكومەتی عێراق بەرامبەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و پرسیار ئەوەیە ئایا حەیدەر عەبادی وەڵامی بۆ ئەو داواكارییەی هەرێمی كوردستان چۆن دەبێت؟ بێگومان وەك هەتا ئێستا گوێمان لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق بووە، هەڵوێستەكەیان بەو جۆرە بووە كە مەرجی پێشوەختەو نادروست بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان دادەنێن، ئەم رەتكردنەوە ناڕاستەوخۆیەی عێراق بۆ دیالۆگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەوە پیشاندەدات كە حكومەتی عێراق ناتوانێت تاسەر دژی داواكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رابوەستێت، بەڵام مەبەستێتی لە ژێر پەردەی مەرج و مەرجكاری كاتی زیاتری بەدەستەوە بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت گورزێگی دیكەی سەربازی لە كوردستان بوەشێنێت و پێگەی كوردستان لە سەر مێزی گفتۆگۆ و دانوستاندن لاواز بكات، بەڵام ئایا لاوازیی كوردستان لەسەر مێزی گفتۆگۆ فاكتەرێكی باشە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریكا، یان بە دیوەكەی دیكەدا ئایا ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی عێراق ببێتە هاوپەیمانێكی بەهێزی ئەمریكا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە واقیعی ئێستای عێراق دەیداتەوە كە پێمان دەڵێت لاوازیی كوردستان دەبێتە زیاتر باڵادەستی و نفووزی ئێران و دەوڵەتی عێراق دەكاتە حزبوڵایەكی هاوشێوەی حزبوڵای باشووری لوبنان و تەواوی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە.
لە ئێستاوە تا ئەو كاتەی حكومەتی عێراق ناچار دەكەن مل بۆ دانوستاندن و وتووێژێكی ئاشكرا بدات، هەموو ئەگەرەكان كراوە دەبن بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی ئاستی هەڕەشە و توندوتیژییەكانیان بە رێگەی حەیدەر عەبادی زیاتر روو لە هەڵكشان بكات، بەڵام بەرگری قارەمانەی پێشمەرگە و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڕەشە و توندوتیژییانەی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی مەبەستیانە ئامانجەكانی خۆیان تێدا بپێكن، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت و هیچ دوور نییە كە بڕیارێكیش بدەن، بە هاوشێوەی ئەو بڕیارەی دژی تیرۆریستانی داعش درا، بۆ ئەوەی ئەمجارەشیان كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسداران بپارێزن.
ئەوەی لەم شەڕەی سوپای پاسداران دژ بە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو جیهان ئاشكرابوو، ئەوەیە كە بۆیان دەركەوت تەنیا هێزێك بتوانێت بەرامبەر میلیشای توندڕۆی داعش و میلیشیای توندڕۆی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسداران رابوەستێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی گرووپێكی خۆفرۆش بە رێگەی سوپای پاسداران لە خشتە بران و ویستان هێزی پێشمەرگە پەرت و بڵاوە پێبكەن، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو هێزی پێشمەرگە كوردستان جارێكی دیكە بۆ هەموو جیهانی سەلماندەوە، لە قۆناخی یەكەمدا چەكی ئەمریكی تیرۆریستانی داعشی كردە ئەفسانەیەك كە هەرگیز لە شكاندن نەیەت، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ئەفسانەی هەڵوەشاندەوە، ئەمجارەشیان چەكی ئەمریكی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران خەریك بوو بكاتە ئەفسانەیەكی دیكەی لەشكان نەهاتوو، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تێكشكاندانی تانكی ئەبرامز و هامڤی ئەمریكی ئەفسانەی حەشدی شەعبیشی بەتاڵ كردەوە.
نەبەردی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە ئابی 2014 جیهانی ناچار كرد بێنە ناو شەڕی دژی داعش و لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی نەخشە و پلان بۆ رووخاندنی خەلافەتی ئیسلامی داعش دابنرێت، بەڵام هەر لەگەڵ رووخاندنی خەلافەتەكەی داعش، خەریكە سوپای پاسدارانی سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران، هەڕەشەیەكی دیكە لەسەر كوردستان و تەواوی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەكاتەوە، بۆیە ئەمجارەش بارودۆخەكە پێویستی بەوەیە كە دیسان كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستیان بەوە هەیە پشتگیری بكرێن بۆ ئەوەی مەترسییەكانی كۆماری ئیسلامی لە عێراق و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بخرێتەوە.
چۆن رۆژهەڵاتی ئاسیا پێویستی بە تایوانە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێویستی بە كوردستانە
تایوان تا ساڵی 1971 دەوڵەتێكی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، بەڵام پاش ئەوەی كیسنجەر لەگەڵ چوانلای سەرۆك وەیزانی چین رێككەوت و كۆماری چینی میللی بووە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، ئیدی كۆماری چینی نیشتمانی (تایوان) وەك ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان نەمایەوە، بەڵام رێگەش بۆ چین خۆش نەكرا بۆ ئەوەی تایوان بگەڕێنێتەوە ژێر حوكمڕانی حزبی كۆمونیستی چینی، بەڵكو تایوان وەك دوورگەیەكی دیموكراتی بۆ پارسەنگی دژە كۆمونیستی و پەرەپێدانی دیموكراتی هێڵرایەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تایوان نەبووەوە بە بەشێك لە كۆماری چینی میللی.
گرنگیی تایوان بۆ رۆژهەڵاتی ئاسیا، پیشاندانی ئیرادەی بەشێكی خەڵكی چینە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری و حوكمڕانی كۆمۆنیستی چین، هەر بۆیە ئێستا ئەمریكاش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە جیهان كارێكی باشی كرد كە رێگەی نەدا بە زەبری هێز تایوان ببێتەوە بە بەشێك لە چین.
بۆ ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە پێشتر تیرۆریستانی داعش تەواوی ئاسایش و سەقامگیری ئەم ناوچەیەی خستبووە مەترسییەوە و كوردستان بە ئەمری واقیع لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی عێراق هاتبووە دەرەوە، كوردستان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی ئەمری واقیع توانی نەخشەیەكی رێگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و سنوورێك بۆ فراوانخوازیی ئێران لە عێراقدا دابنێت، بەڵام لە دوای ئەوەی كوردستان پرۆسەی ریفراندۆمی ئەنجامداو كەوتە بەر شاڵاوی گەلەكۆمەكیی دەوڵەتانی عێراق و توركیا و ئێران، پاش ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر هێرشی سەربازی كرایە سەر كوردستان و بەشێكی فراوانی داگیركرا، بەمەش پێگەی كوردستان بە بەهێزی وەك قۆناخی شەڕی دژی داعش نەمایەوە، ئەوا تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا دەركەوت كە سوپای پاسدارانی ئێران بەنیازە چ مەترسییەك لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دروست بكات، لەسەر ئەو هەڕەشانەی سوپای پاسداران و تۆڕی میلیشیاكانی ئێستا لە سەرانسەری ناوچەكە دروستی كردووە، رۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە ساڵانی 2011-2014 لە سووریا، لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (باشترین بژارەی خراپ ئەوەیە ئەمریكا لە سووریا دەربچێت) لەو وتارەیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئێستا بە جۆرێك ئێران لە سووریا و عێراقدا باڵادەست بووە كە میلیشیاكانی حەرەكاتی كەتائیبی حزبوڵای نوجەبا كە میلیشیایەكی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانییە لە عێراقدا، ئێستا لە نزیك بەرزاییەكانی جۆلان لە سنووری ئیسرائیل بنكەیەكیان دروست كردووە و بەنیازن هێرش بۆسەر سوپای ئیسرائیل بكەن، هەروەها حەسەن نەسروڵای سەرۆكی حزبوڵای لوبنانی لە دوایین گوتاریدا گوتوویەتی، هەموو ئەو میلیشیایانەی كە سوپای پاسداران لە ناوچەكەدا دروستی كردوون، هاوشانی هێزەكانی حزبوڵای لوبنانی لە شەڕی داهاتووی حزبوڵا لەگەڵ ئیسرائیل بەشدار دەبن، هەر هەفتەیەك دوای ئەم لێدوانە سەرۆكی چەكداری حوسییەكان لەیەمەن هەمان قسەكانی حەسەن نەسروڵای دووبارە كردۆتەوە، هەموو ئەم لێدوانە ترسناكانەش لە دوای هێرشەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ سەر كوردستان دەركەوتوون و زۆر راشكاوانەش لە لێدوانەكانی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رەنگی داوەتەوە.
خوێندنەوەی سیاسەت و ستراتیژیەتی ئاسایش و سەقامگیری لەم ئاراستەیەوە ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەكات كە تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا دەركەوت، لاوازیی كوردستان، واتە لاوازیی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرامبەر هەڕەشەكانی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی سوپای پاسداران لە تەواوی ناوچەكەدا، ئەم راستییە بەر لە هەر لایەكی دیكە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لێی تێگەیشت، كە ئەگەر كوردستان لاواز بێت، ئەوا راستەوخۆ ئیسرائیل دەبێتە دراوسێی تەواوی ئەو تۆرە میلیشیایەی سوپای پاسداران كە وەك وەكیلی ئێران غەزە بە تارانەوە گرێدەداتەوە و بە یەكجارەكی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها سعودیە هەر لە هەفتەی رابردوو ئەوەی بۆ دەركەوت كە ئەنجومەنی هاریكاری سعودیەو عێراق، نابێتە فاكتەری دوورخستنەوەی عەبادی لە ئێران، ئەوا ئەویش گەیشتۆتە ئەو راستییەی كە میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی حەق كە قەیس عەزلی سەرۆكایەتی دەكات و پاسدارێكی هێزەكانی قودسە، كاری سەرەكی ئەوەیە مەشق و راهێنان بە میلیشیا شیعەكانی بەحرێن بكات و لە بەحرێنەوە گرووپی تیرۆریستی دروست دەكەن بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر سعودیە، هەر ئەو میلیشیایانەش لە عێراقدا دەسەڵاتداری كردەیین، بۆیە سعودیەش لەگەڵ ئەوەی پێش 16ی ئۆكتۆبەر زۆر موغازەلەی عەبادی و حكومەتی عێراقی دەكرد و دژایەتی ریفراندۆم و ئاكامەكەی دەكرد، لە ئێستا بە شێوەیەك لە شێوەكان هەڵوێستی گۆڕاو پشتگیری لە پەیامەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەویش گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر كوردستان لاواز بێت، ئەوا گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە سوپای پاسداران لە رێگەی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبییەوە بە ئاوەكانی شەتولعەرەبدا دەگەیەنرێنە بەحرێن و لەوێوە بەرەو ریازی پایتەختی سعودیە دەگوازرێتەوە.
لێرەوە جارێكی دی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرامبەر سوپای پاسداران و چەكدارەكانی حزبوڵای لوبنانی و میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی، راستییەكی دیكەی پیشانی جیهان دایەوە، كە ئەویش ئەوەیە: بەهێزیی كوردستان و بوونی كوردستان بە دەوڵەت، فاكتەرێكە بۆ رێگرتن لە گەشەكردنی فیكری رادیكاڵی ئیسلامی (سوننە و شیعە) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی رادیكاڵیەتی جیهادی قیتالی سوننە رابگرێت و تێكی بشكێنێت، بەڵام ئەگەر جیهان لە مەترسی جیهادی شیعە و تۆڕی میلیشیا پرۆ ئیرانییەكانی سەر بە سوپای پاسداران وەك خۆی تێنەگات و ئەمجارەش وەك ساڵانی 2014-2017 پشتگیری كوردستان نەكات، ئەوا ئەگەر داعش لە پاكستانەوە هەتا نەیجیریا هەڕەشە بووبێت بۆ سەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، ئەوا میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی هاوشێوەی حزبوڵای لوبنانی لە ئەمریكای لاتینەوە تا دەگاتە رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا و لە ئەفریقیاوە تا دەگاتەوە ئەوروپا، مەترسی لەسەر رۆژئاوا و هاوپەیمانەكانی لە جیهاندا دروست دەكەن، هەروەك لەساڵی 1994 تیرۆریستانی حزبوڵای لوبنانی ناوەندێكیان لە بۆینس ئایرسی پایەختی ئەرجەنتین تەقاندەوە و لە ئاكامدا 85 كەس بوونە قوربانی و زیاتر لە 300 كەسیش بریندار بوون، جێگەی وەبیر هێنانەوەیە ئەو كاتی تیرۆریستانی حزبوڵا ئەم كارە تیرۆریستیەیان ئەنجامدا، سوپای پاسداران بڕوای بەوە نەبووە كە دەبێت شیعەش وەك سوننە جیهاد رابگەیەنێ، بەڵام ئێستا میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی عێراق و لوبنان لە ساڵی 2014وە جیهادی شیعەیان لە دیمەشقەوە راگەیاندووە، ئەم جیهادەش راستەوخۆ ئاراستەیە بۆ ئەمریكا و تەواوی هاوپەیمانەكانی لە هەموو جیهاندا، هەموو جیهانیش گوێی لە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران بوو، كاتێك وەڵامی ستراتیژەكەی ترامپیان دایەوە و بە ئاشكرا گوتیان بە درێژایی 2000 كیلۆمەتر تەواوی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكەوێتە بەر هێرشی رۆكێتەكانمان، ئەگەر ئەمریكا سوپای پاسداران وەك تیرۆریست بناسێنێت.