تۆڕی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكان چۆن حەشدی شەعبییان كۆنتڕۆڵ كردووە؟
October 28, 2017
راپۆرتەکان
خاڵی دەستپێكردنی پڕۆژەی سوپای پاسداران بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی خومەینی بۆ بڵاوكردنەوەی شۆڕشی ئیسلامی، هەوڵدان بووە بۆ بەكارهێنانی شیعەی وڵاتانی دەوروبەر وەك ئۆپۆزسیۆنی چەكداری بۆ گەیشتنە دەسەڵات و رووبەڕووبونەوەی حكومەتەكانیان، هەر بۆیە لەگەڵ دەستپێكی شەڕی عێراق و ئێران و پشتگیریكردنی پەیامەكەی خومەینی لەلایەن سەركردە شیعەكانی عێراقەوە، هێزەكانی قودس حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقیان دامەزراند، ئەم سەركردانەی ئێستا سەركردایەتی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی ناو حەشدی شەعبی دەكەن، بەشی زۆریان ئەو سەركردانەی ناو حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقن كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو و لە میانەی شەڕی ئێران- عێراقدا، لەلایەن هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران پەروەردە كراون.
سەبارەت بەو ئەرك و فەرمانانەی كە هێزی قودس بۆ میلیشیا وەكیلەكانی دیاری دەكات، قاسم سولەیمانی بەچەند وشەیەك پێناسەی كردووە و دەڵێت: «بێجگە لە ئێران هیچ هێز و دەوڵەتێك ناتوانێت سەركردایەتی جیهانی ئیسلامی بكات، هەر بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیریی هەموو شۆڕش و بزووتنەوە ئیسلامییەكان و چەكدارەكانیان دەكات و ئامادەیە شەڕ لە پێناویاندا بكات و بەرگریان لێ بكات.»
كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەسەرەتاوە دوچاری شەڕێك بوو لەگەڵ عێراقدا، خومەینی هەوڵیدا پشتگیرییەكی تەواو لە سوپای پاسداران بكات و بیكاتە هێزێكی گەورە بۆ بڵاوكردنەوەی فیكری هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەشی گرێدایەوە بە تێكشكاندنی رژێمی سەدام حوسێن و دامەزراندنی كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی ئێران لە عێراقدا، هەر ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی رژێمی سەدام حوسێن لە شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا پشتیوانییەكی گەورەی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ دروست ببێت و بەشێوەیەك لە شێوەكان شەڕەكە بۆ بەرژەوەندیی رژێمی سەدام حوسێن كۆتایی هات، ئەم ئاكامە وای لە خومەینی كرد كە وەستانی شەڕەكەی لەگەڵ عێراق بە خواردنەوەی پەرداخێك ژەهری ناچاری وەسف بكات.
بەڵام ئەو پڕۆژەیەی كە سوپای پاسداران بە رێگەی هێزی قودس لەناو شیعەی عێراق بۆ ئەم ئامانجە دەستی پێكردبوو، بە كۆتاییهاتنی شەڕی عێراق - ئێران كۆتایی نەهات، بەڵكو ئەم پڕۆژەیە لەدوای شەڕی عێراق- ئێران و تا ساڵی 2003 كە رژێمی سەدام حوسێن رووخا، دریژەی هەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 – 2011 كە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا بوونی هەبوو، ئێران بە تەواوەتی هەوڵیدا رەگ و ریشەی میلیشیا وەكیلەكانی لەناو سوپا و هێزەكانی ئاسایشی عێراقدا دابكوتێت. ئەم هەوڵانەی هێزەكانی قودسیش لەلای بەرپرسان و دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە شاراوە نەبوون، هەر بۆ نموونە رۆبەرت بێرد كارمەندی ئەوكاتی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (CIA) لەدوای ساڵی 2003 ئیدارەی ئەمریكا لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە هەموو ئەو چەكدارانەی لەناو ریزەكانی حەرەكەی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بە سوپای پاسداران بوون، جارێكی دیكە بوونەتەوە بە بەشێك لە هێزەكانی قودسی سەر بە قاسم سولەیمانی و لەلایەن حزبوڵای لوبنانییەوە مەشقیان پێدەكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ عێراق و دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا شەڕ بكەن، ئامانجی سوپای پاسدارانیش لە گەڕانەوەی ئەم چەكدارانەی شیعە بۆ ئەوەیە تۆڕێك لە میلیشیای وەكیل بۆ ئێران دروست بكەن و نەوەیەكی نوێ بۆ شەڕی شیعە لە عێراقدا دژی بوونی ئەمریكا پەروەردە بكەن، شەرعییەتی دامەزراندنی تۆڕی ئەم میلیشیا وەكیلانەی ئێرانیش لە سەر بنەمای دژایەتیی ئەمریكا داڕێژراوە. ئەم هەوڵانەی ئێران لە ساڵی 2004 گەیشتە ئەوەی پۆل بریمەر حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عێراق راشكاوانە دۆناڵد رامسفیلدی وەزیری بەرگری ئەو كاتی ئەمریكا ئاگادار بكاتەوە، كە جووڵە و مەترسیی سوپای پاسداران لە عێراقدا گەیشتۆتە ئەوەی كە ناچارن ئەندامەكانی سوپای پاسداران لە عێراقدا دەستگیر بكرێن، بەڵام ئەمەش نەیتوانی كار و چالاكیی سوپای پاسداران لە دژی ئەمریكا لە عێراقدا رابگرێت، هەر بۆیە قاسم سولەیمانی كە پێشتر بینایەی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە بەغدا كردبووە بنكەیەك بۆ چالاكییەكانی سوپای پاسداران، دوای ئەوە پەنای بۆ ماڵی ئەو بەرپرسە شیعانەی عێراق دەبرد، وەك ماڵی عەبدولعەزیز حەكیم سەرۆكی ئەو كاتی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراقدا، لەناو ماڵی ئەوانەوە كارەكانی سوپای پاسدارانی رادەپەڕاند.
سەركەوتنەكانی قاسم سولەیمانی بۆ دروستكردنی میلیشیا وەكیلەكانی لەناو شیعەی عێراقداو كاریگەریی ئەم میلیشیایانە لەشەڕكردنیان دژی ئەمریكا، بووە هۆكاری ئەوەی لە تەموزی 2007 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا هێزەكانی قودس وەك هێزێك كە پشتگیری تیرۆری جیهانی دەكات دەستنیشان بكات، هەروەها عەبدولڕەزا ساڵحی كە نوێنەرایەتی قاسمی سولەیمانی دەكرد لە عێراقدا، وەك كەسێك كە پشتگیری تیرۆر دەكات لە ئەیلوولی 2009 دەستنیشان كرا.
سەركەوتنێكی دیكەی هێزی قودسی سوپای پاسداران لە عێراقدا، ئەوە بوو ئەم هێزە توانی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی بخاتە ناو حەشدی شەعبییەوە، بەمەش توانی سوودێكی زۆر لە سۆزی خەڵكی شیعە بۆ فەرماندە و چەكدارانی ئەو میلیشیایانە دروست بكات، كە گرنگترینیان دروستكردنی جەماوەر بوو بۆ ئەبو مەهدی موهەندیس كە لە دوای ساڵی 2000 ـەوە توانی ببێتە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ سەركەوتنەكانی قاسم سولەیمانی، هەروەها دروستكردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەكدار لەناو شیعە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا لە ساڵانی 2007- 2010، ئەم كاریگەرییەی ئەبو مەهدی موهەندیش وەك نوێنەری قاسم سولەیمانی بووە هۆكاری ئەوەی كە قاسم سولەیمانی مەهدی موهەندیس بكاتە قاسیدی خۆی بۆ گەیاندنی پەیامەكانی بە زنجیرەی هەرةمی دەسەڵات لەناو عێراقدا، ئەمەش واتە لە پەرلەمانتارێكی شیعەوە تادەگاتە شەخسی نوری مالیكی كە ئەو كات سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە.
لەدوای ساڵی 2011 و كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، نوری مالیكی بە تەواوەتی بووە داردەستی ئێران لە عێراقدا و هەوڵەكانی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی ئێران باشتر دەیانتوانی گەشە بكەن، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە سەرەتا رێكخراوی (ابناء العراق) دروست بكەن، ئەمەش هێزێكی میلیشیایی سەربازی بوو كە راستەوخۆ لەلایەن نوری مالیكی و سەركردەكانی بەدر و عەسائیبی ئەهلی هەق و كتائیبی حزبوڵای عێراق و جەیشی موختار سەرۆكایەتی دەكران و یەكەم ئەركیش كە بەم هێزە میلیشیایە سپێردرا، ئەوە بوو لە مارتی 2014 بەكارهێنران بۆ سەركوتكردنی عەرەبی سوننە و ئۆپۆزیسیۆنی چەكداری عەرەبی سوننە كە لەناویاندا چەكدارانی داعشیش بوونیان هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2014 داعش موسڵی داگیر كردو سیستانی فەتوای بە شیعەكان دا كە رابن بۆ ئەوەی بەرگری لە شیعەو بەغدا بكەن، ئەمە بووە هەلێكی زۆر باش بۆ قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس كە ئەم هەڵە بقۆزنەوە و حەشدی شەعبی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكات و توانییان چەندین تۆڕی میلیشیای دیكە دروست بكەن. بۆ ئەمەش چەكدارە بە ئەزموونەكانی هێزی بەدر، عەسائیبی ئەهلی هەق، كەتائیبی حزبوڵا بوونە بەشێك لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی و مەشق و راهێنانیان بەو چەكدارانە دەكرد كە دوای فەتواكەی سیستانی پەیوەندییان بە حەشدەوە كردبوو، ئەم خەڵكانە لەگەڵ ئەوەی بەشی زۆریان بەشێك نەبوون لە میلیشیا وەكیلەكانی ئێران، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان سەركردایەتییان دەكرد، بوونە ملكەچی فەرمانەكانی تۆڕی میلیشیا وەكیلەكانی ئێران.
ئەو گرووپە تازانەی دوای فەتواكەی سیستانی دامەزران، بریتی بوون لە لیوای سەرایا سەلامی موقتەدا سەدر لە كەربەلا دامەزرا، لیوای عەلی ئەكبەر كە لە مزگەوتی ئیمام حوسێن دایانمەزراند، هەروەها فیرقەی عەباسی قیتالی كە لە مزگەوتی ئیمام عەباس لە كەربەلا دامەزرا، ئەم گرووپە چەكدارانە لەگەڵ ئەوەی هیچیان وەكیلی ئێران نەبوون، بەڵام هەموویان كەوتنە بەردەستی ئەو تۆڕە میلیشیا وەكیلانەی كە ئێران پێشتر دروستی كردبوون. هەموو ئەم میلیشیا وەكیلانەش بوونە بەشێك لە هێزی ئاسایشی ناوخۆی عێراق.