خیانەتی كشانەوەی كەركووك و مقاوەمەتی جوامێرانەی پردێ قۆناخێكی تازە بەرامبەر تەحەدییەكان و تێپەڕاندنی كارەساتێكی گەورە
October 24, 2017
راپۆرتەکان
ئەو خەڵكانەی خۆیان كردۆتە كەواسووری پێش لەشكری داگیركاران، خۆیان ئەو شاهیدییە دەدەن كە ئەوان دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بوون، هەربۆیە ناكرێت و ناشێت ئەم خیانەتەی كە ئەم كۆمەڵە خەڵكەی كە كەوا سووری پێش لەشكری داگیركاریان لەسەر كردووە، بە ئەندامانی حزبێكی سیاسی، یان نوێنەری حزبێكی سیاسی لە قەڵەم بدرێت.
لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و بزووتنەوە رزگاریخوازییەكانی نەتەوەكانی دیكەی جیهانیشدا، زۆر جار روویداوە كە تاقمێك بە ناوی حزبێكەوە سەنگەری مقاوەمەت و بەرگریی نیشتمانی چۆڵ دەكەن و لەمەش زیاتر هەوڵدەدەن ئەم كارەیان وەك كارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی لەقەڵەم بدەن، بەڵام مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕانی ئازادی و سەربەخۆیی دەمێكە ئەو راستییەی سەلماندووە، ئەوانەی لە هێڵی گشتیی بیركردنەوەی نەتەوە و نیشتمانی خۆیان لادەدەن، ئیدی لە چوارچێوەی حزب و لایەنی سیاسی و بەشێك لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت، ئەم دیارەدە نەخوازراوە چۆن لە مێژووی نەتەوەكانی جیهاندا رەتكراوەتەوە، بەهەمان شێوە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا رەتكراوەتەوە و ئەنجامدەرانی شەرمەزاری مێژوو كراون.
لایەنی ئەرێنی بۆ نەتەوەی خاوەن ئیرادە ئەوەیە، هەرگیز دوژمنانی نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵك و گرووپانە وەك نوێنەری نەتەوە ناكەن و ئامادە نین رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵكو وەك ئامێرێك بۆ مەبەستێكی تایبەتی بەكاریان دەهێنێت و كە كارەكەیان تەواو بوو، ئینجا پشتگوێ دەخرێن و بە رەزیلی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن.
ئەگەر سەرنج لە كشانەوەی كەركووك بدەین كە كۆنترای ئەم خیانەتە بە رێككەوتن ناوی دەبەن و گوایە زیاتر لە 30 ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی ئیمزایان لەسەر كردووە، بەشێك لەو رێككەوتنە لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراقی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاوكرایەوە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئەو رێككەوتنە لەلایەن هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان و تێكۆشەرانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشەوە رەتكرایەوە، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق تەنیا 24 كاتژمێر دوای داگیركردنەوەی كەركووك و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نەك هەر پابەندبوونی خۆی بەو رێككەوتنە رەتكردووە، بەڵكو بە ئاشكرا رایگەیاند كە رێككەوتنی لەوجۆرە لە نێوان حكومەتی عێراق و ئەو تاقم و گرووپە نەكراوە كە بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی چاوساغییان بۆ گرتنەوەی كەركووك كردووە.
بەڵام لە میانەی قسەكانی نوری مالیكی كە بەشێوەیەكی ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی كوردستان پیشان دا، دەركەوت ئەو رێككەوتنە كە وەك دیكیۆمێنت لەسەر شاشەی فرانس 24 بەرز دەكرێتەوە، لەگەڵ تۆڕی ملیشیاكانی حەشد شەعبی ئەنجامدراوە، كە لەلایەن قاسمی سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، ئەم رێككەوتنەش وەك بەڵێنێكی قەرزێك دراوە كە لە ئایندە پێیان دەدرێتەوە. راشكاوانەتر ئەم بەڵێنە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەكانی داهاتووی نیسانی 2018ی عێراق دراوە، بەو حیسابەی ئەو هاوپەیمانییەی نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات كە هاوپەیمانییەكی پرۆ ئێرانیە هەڵبژاردنەكان دەبەنەوە كە دەسەڵاتی حكومەتی داهاتووی عێراقیان كەوتە دەست بۆیان جێبەجێ دەكەن، بەڵام ئامانجی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودس لەوە فراوانترە كە قسەی لەگەڵ ئەو تاقمە پێكراوەو ئەو دەیەوێت لەم قۆناخە سیاسەت و ستراتیژیەتی سوپای پاسداران لە عێراقدا لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا بۆ عێراق هاودژی دروست نەكات و ناسەقامگیرییەكی ئەتۆ نەیەتە ئاراوە كە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران دروست بكات، هەربۆیە پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی بەو جۆرە مەزندە دەكەن كە سوپای پاسداران و هێزی قودسی ئێرانی ئەگەر راستەوخۆش پشتگیری ئەو هاوپەیمانییە نەكەن كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و مەزندە دەكرێت تەیاری سەدر و ئەیاد عەللاوی و عەمار حەكیم و چەند هێزێكی دیكەی شیعە لەخۆی دەگرێت، ئەوا بەو ئاستە دژایەتی ناكات كە گوشارێكی ئەوتۆ دروست بكات، هاوپەیمانی ركابەری عەبادی بە سەرۆكایەتی مالیكی هەڵبژاردنەكان بباتەوە.
قاسم سولەیمانی كە هەتا ئێستا چوار نەوەی تۆڕی میلیشیای وەكیلی لەناو شیعەی عێراقدا پەروەردە كردووە و گەیشتۆتە ئەو قۆناخەی ئێستا كە جیهادی شیعە لە عێراق و سووریا پیادە بكات، هێندەی ئامانجەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی لە تەئمینكردنی پردی زەمینی نێوان باشووری لوبنان و تاران چڕكردۆتەوە، هێندە بایەخ بە پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق نادات و لای گرنگ نییە حەیدەر عەبادی دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران، یاخود مالیكی، یان هادی عامری، بۆیە هەر یەك لەوانە ببنەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوەی گرنگە بۆ ستراتیژیەتی سوپای پاسداران ئەوەیە چاوپۆشی لە رۆڵی فراوانخوازی و باڵادەستیی نفووزی ئێران بكەن، بۆ ئەوەی عێراق بكاتە پردێك بۆ پەڕینەوە بۆ شام و باشووری لوبنان و هەروەها بارەگاكانی حەشدی شەعبی بكاتە ناوەندی مەشق و راهێنانی تیرۆری میلیشیای دیكە كە ئێستا ئێران لە یەمەنەوە تا دەگاتە كەنداو و سووریا و لوبنان لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی پێیەتی. بۆیە ئەو رێككەوتنەی ئەو تاقمە لەگەڵ هێزی قودس و میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی هەق و كەتائیبی حزبوڵای مالیكی كردوویانە، قەرزێكە پەیوەستە بە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقەوە، ئەوجا هەڵبژاردنی داهاتوو ئاكامەكەی هەر چۆنێك بێت، بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران وادەخوازێت كە ئەو قەرزە وەك ئەوەی ئیمزای لەسەر كراوە، نەدرێتەوە و لەوانەیە ئەم تاقمەش چاوەڕێی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە نەكەن، چونكە باش دەزانن، ئەوان نەك نوێنەری گەل و نەتەوە، بەڵكو وەك نوێنەری تەنیا یەك حزبی سیاسیی كوردستانیش مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
بەڵام دیارە لە پشت ئەم رێككەوتنە ئاشكرایەوە، كۆمەڵێك ئامانجی شاراوەی ئەو تاقمە و هێزی قودس و تۆڕی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی هەیە، ئەمەش لەو خاڵەوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، ئەو رێككەوتنەی كە بە ئاشكرا ئیمزای لەسەر كراوە، ئەگەر ئامانجی دیكەی دوژمنانی كوردستانی لە پشتەوە نەبێت، بە ئاسانی جێبەجێ ناكرێت، بۆیە خاڵی شاراوەی پشت ئەو رێككەوتنە ئاشكرایە ئەوەیە كە بە تەواوەتی یەكڕیزی نێوان گەلی كوردستان تێكبدرێت و زەمینە بۆ شەڕێكی ناوخۆیی خوێناوی و نەبڕاوە بێنەئاراوە، ئەم ئامانجەش وا نەخشەی بۆ كێشراوە كە لەگەڵ پێشڕەویی حەشدی شەعبی بۆ داگیركردنەوەی كەركووك، پێكدادانی چەكداری لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان رووبدات و مەسەلەی داگیركردنەوەی كەركووك ببێتە شتێكی لاوەكی، بەڵام كاتێك بەڕێز مسعود بارزانی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان و تێكۆشەرانی دیكە، تێگەیشتن لەوەی كشانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێ فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، خۆی لە خۆیدا ئەنجامدانی كودەتایە بەسەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستاندا، بەڵام لۆژیك و ئەزموون و دووربینی سەرۆك مسعود بارزانی، ئەمجارە بە پیشاندانی بێدەنگی و كۆكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە شێوەیەكی ئاقڵمەندانە، لە بەهێزترین خاڵی داگیركەرانەوە، ئەو پیلان و كودەتایەی پووچەڵ كردەوەو سەرلەنوێ بارودۆخەكەی رێكخستەوە و رێگەشی نەدا خیانەتی ئەو چەند كەسە وەك هەڵوێست و پێگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، هەربۆیە ئەم مامەڵە ئاقڵمەندانەیەی سەرۆك بووە هۆكاری ئەوەی جارێكی دیكە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان بەرامبەر هەقیقەتی ئەم پیلان و خیانەتە رۆشن بكاتەوە و دووبارە سۆز و هەستی نێودەوڵەتی بۆ كێشەی نێوان كوردستان و عێراق دروست بكاتەوەو، بە گەلی كوردستانیشی راگەیاند كە لوولەی تفەنگی پێشمەرگە تەنیا روو لە دوژمنانی كوردستان دەكات و شەڕی خۆكوژی و ناوخۆیی پێناكرێت كە دوژمنان پیلانیان بۆ داڕشتووە و هیوای بۆ دەخوازن، ئەمەش لە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر لە مقاوەمەتی جوامێرانەی پێشمەرگە دژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە هاتبوون ئیرادەی هێزی پێشمەرگە دوای خیانەتەكەی كەركووك تاقی بكەنەوە، بە شكاندنی دەبابەی ئەبرامزی ئەمریكی و دەیان هامەر و زرێپۆش و سەدان كوژارو بریندار وەڵامدرانەوە و پاشەكشەیان پێكرا.
شەڕی پردی تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەبووە، بەڵكو ئەم شەڕە نەك هەر بەمانا سەربازییەكەی بەڵكو بە مانای سیاسیی شەڕ، شەڕێك بوو كە وەرچەرخانی دروستكرد، راشكاوانەتر ئەم شەڕە پیادەكردنی سیاسەتێكی نوێی دیكەی كوردستان بوو بە رێگەی لوولەی تفەنگی پێشمەرگە، بە دیكیۆمێنتكردنەوەی ئیرادەی بەڵێی 25ی ئەیلوول بوو كە چیدیكە گەلی كوردستان لەگەڵ ئەو ئەقڵییەتە تائیفی و شۆڤێنییەی بەغدا ناتوانێت بژی كە ئاستی دەوڵەتداری و حوكمڕانیان هەر ئەوەندەیە كە دەیانەوێت بەشێك لە گەلەكەی خۆیان بە پیلان و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە سەركوت و ژینۆساید بكەن!
حكومەتی ئێستای عێراق كە بەدەستی خیانەتی ناوخۆی كوردستان كەركووكی داگیركردۆتەوە، گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی ئیرادەی گەلێكی ئازادیخواز بە زنجیری دەبابە تێكناشكێندرێت، بەڵام دەیەوێت خۆی وا پیشان بدات كە داگیركردنەوەی كەركووك واتە كۆتاییهاتنی ئاكامی ریفراندۆم و راگەیاندنی یەكپارچەیی عێراق بۆ هەتاهەتایی، بەڵام خۆی لەوە بێ ئاگا دەكات كە لۆژیكی سەرۆكی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەنگژەیەكی لەوجۆرە، تەنیا بەڕێوەبردنی تەنگژە نییە وەك ئەوەی لە زمانی سیاسەت پەنای بۆ دەبرێت، بۆ ئەوەی خۆگونجاندنێك لەگەڵ ئەمری واقیعی زوڵم و غەدر دروست بكرێت، بەپێچەوانە مامەڵەی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەم تەنگژە گەورەیە، وەرچەرخانی تەنگژەیەكە كە بە غەدر مافێكی رەوا و شەڕعی گەلێكی ئازادیخواز رەتدەكرێتەوە، هەوڵێكە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگاتە ئەو قەناعەتەی كە ناچاربوونی گەلی كوردستان بۆ ئەوەی پەنا ریفراندۆم و سەربەخۆیی ببات، لەبەر ئەوە نییە كە كوردستان بەو دەستوورە رازی نییە كە لە 2005 بە پلەی یەكەم بۆ رێكخستنەوەی عێراقی عەرەبی و پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق نووسراوەتەوە، بەڵكو ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرهاویشتە و كاردانەوەی گەلی كوردستان بووە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی شیعە كە ئێستا لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵات و حوكمڕانیی عێراقدان، خۆیان پابەند نەبوون بەو دەستوورەی كە خۆیان دەنگیان لەسەر داوە، هەروەها ئەقڵییەتی تائیفەگەری شیعەیە كە نایانەوێت بەپێی ئەو دەستوورە كێشەكان چارەسەر بكرێت و پەیوەندییەكی برایانە و ئارەزوومەندانە لەنێوان پێكهانە سەرەكییەكانی عێراقدا دروست بیێتەوە.
لە ئێستادا كە تۆڕی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێران و سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرخۆشی بە حیساب سەركەوتنێكن كە بە خیانەتی تاقمێك لە خۆمان بەدەستیان هێناوە، دەیانەوێت خۆیان وەك لایەنی براوەی شەڕێكی سەربازی پیشان بدەن، كە هەر خودی دەستووری عێراق، پەنابردنی حكومەتی عێراق بۆ هێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ كوردستان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقیش ریسوا و مەحكوم دەكات، لەهەمانكاتدا بانگەشەش بۆ ئەوە دەكات كە دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بە دیالۆگ كێشەكان لەگەڵ كوردستان چارەسەر بكات، لە ئێستادا كە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی پشتگیری لە هەڵوێستی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستوور دیالۆگ و وتووێژ لەنێوان هەردوولادا دەست پێبكاتەوە، لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق دەیەوێت ئاستەنگ بۆ ئەم وتووێژ و دیالۆگە دروست بكات، ئەمە مانای ئەوەیە حكومەتی عێراق باش لەو راستییە تێگەیشتووە، لۆژیك و دووربینی سەرۆك بارزانی بەجۆرێك ئەم كێشەیەی وەرچەرخاندووە كە نە حكومەتی عێراق دەتوانێت ئامانجە شاراوە داگیركارییەكانی بشارێتەوە، نە ئەو تاقمەشی بە خیانەتی كشانەوە كودەتایان دژی ئیرادەی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا، دەتوانن یەكریز و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان تێكبدەن و شەڕێكی ناوخۆیی و خوێناوی لە كوردستاندا دروست بكەن.
كەواتە شەڕی پردی بەمانا سیاسییەكەی جیا لەو سەركەوتنە سەربازییەی بەسەر حەشدی شەعبیدا بەدەستی هێنا، دوو ئامانجی گرنگی سیاسیشی بەدەست هێنا، كە یەكەمیان ئەوەیە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان وەك نوێنەری راستەقینەی خەڵكی كوردستان هەرگیز رێگە نادات كوردستان دابەش بكرێت و سازش لەسەر یەك بستی خاكی كوردستان ناكات، لە هەمانكاتدا رێگەش نادات ئەوانەی خۆیان كردووە بە داردەست و كڵاوسووری پێش لەشكری داگیركاری كوردستان، یەكریزیی خەڵكی كوردستان تێكبدەن.