كوردستان لە بەردەم مەترسیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێراندا

كوردستان لە بەردەم مەترسیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێراندا
شتێكی شاراوە ناڵێین، ئەگەر بڵێین، فەرماندەی ئەو میلیشیا شیعانەی كە بە زمانێكی زۆر دڕندە و ناشیرین هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، هەر هەموویان فەرماندەی ئەو میلیشیایانەن كە بە میلیشیای پرۆ ئێرانی ناسراون و فەرمانەكانی سوپای پاسدران جێبەجێ دەكەن و بەشێكی زۆریشیان وەك مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی و فەرماندەكانی سوپای بەدر، ئەو خەڵكانەن كە لە لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادان و لە هەمانكاتدا بەو چاكانەش هەرەشە لە كوردستان دەكەن كە ئەمریكا لەشەڕی دژی داعشدا داونی بە عێراق و ئێستا بەدەستی ئەو میلیشیایانەوەن.
ئەمە جاری دووەمە كە تانك و هامەر و چەكی مۆدێرنی ئەمریكا دەدرێتە عێراق و راستەوخۆ دەكەونە دەستی ئەو هێزانەی كە دژی ئەمریكان، لە ساڵی 2014 چەك و تەقەمەنی و تانك و هامەری 5 فیرقەی عێراقی، لەلایەن سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراقەوە دوای داگیركردنی موسڵ رادەستی تیرۆریستانی داعش كرا و داعشی لە گرووپێكی تیرۆریستییەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێكی ئیسلامی تیرۆریستی، ئەمجارەشیان كە بەهۆی شەڕی دژی داعشەوە نەك هەر ئەمریكا، بەڵكو تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، بڕێكی هێجگار زۆر تانك و هامەر و دژە تانك و چەكی مۆدێرنیان داوەتە عێراق، ئەوا ئێستا دوای ئەوەی موسڵ ئازادكراوەتەوە و شەڕی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، دیسان بەشی هەرە زۆری ئەو چەكانەی ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كەوتوونەتە دەستی دوژمنێكی دیكەی ئەمریكا كە بەشێكی زۆری لە سەركردەكانیان لە لیستی تیرۆریستاندان، ئەوانیش ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبین كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان لێدەكرێت.
دیارە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی، جیا لەوەی فەرماندەكانیان وەك ئەبو ئیزرائیل و قەیس خەزەعەلی و مەهدی موهەندیس و عەلی یاسری و نوری مالیكی و تەنانەت حەیدەر عەبادی و چەندینی دیكە، بێجگە لەوەی كوردستانیان بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەد كردووە و هەرچی ناشیرینە بەكوردستانیان گوتووە، لەهەمان كاتیشدا ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە پەنا بۆ هێرشی سەربازی دژ بە كوردستان دەبەن و كوردستان داگیردەكەنەوە، تەنانەت لە چەند رۆژی رابردوو هەڕەشەكانیان كردووە بە جددی و لە سنووری باشووری كەركووك و باكووری شاری موسڵەوە بە جۆرێك لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك بوونەوە كە وایان پیشانداوە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هێرشكردنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و داگیركردنەوەی كوردستان.


خستنەڕووی ئەم مەترسییانەی حەشدی شەعبی پرۆ ئێرانی كە دەیانەوێت لەسەر كوردستانی دروست بكەن، ئەو غروور و لووتبەرزییەیە كە بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و چەكی مۆدێرنی ئەمریكی و رۆژئاوا شەڕی دژی داعشیان پێكردووە، ئێستاش كە شەڕەكە بەرەو كۆتایی دەچێت، دەیانەوێت ئەو چەكانە دژی پێشمەرگەو كوردستان تاقی بكەنەوە، بۆیە گرنگە ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو غرور و لووتبەرزییەی میلیشیا پرۆ ئیرانییەكانی حەشدی شەعبی بشكێنن و راشكاوانە پێیان بڵێن كوردستان هێڵی سوورە، بەڵام خۆ ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانان بە بیانووی ئەوەی ئەمە كێشەیەكی ناوخۆییە، نەك شەڕی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی دژی داعش، ئەوا هێزی پێشمەرگەی كوردستان چۆن لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش، پرسی بە كەس نەكردو خۆی بڕیاری (شەڕی مان و نەمان)ی دا، ئەوا لەئەگەری هەر هێرشێك لەلایەن میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبییەوە بۆ سەر كوردستان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن سەرۆك بارزانی هەمان فەرمانی (شەڕی مان و نەمان)یان پێدراوەو لەچوارچێوەی شەڕی بەرگریكردن لە كوردستاندا بەهەمان شێوەی تیرۆریستانی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و ئەوەی بەداعشی كرد، زیاتر بەو میلیشیایانەی شیعەی پرۆ ئێرانی دەكات.


پێدەچێت حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە توانای ئەوەی نییە كۆنتڕۆڵی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكانی حەشدی شەعبی بكات، پێیوابێت لە چوارچێوەی هەڵوێستی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەرامبەر بە ریفراندۆمی كوردستان، ئەوەی بۆ بشارێتەوە كە لە بەرپرسیاریەتی هێرشی ئەو حەشدانە بۆ سەر كوردستان دەردەچێت، بەڵام لە ئەگەری هەڵگیرسانی خوانەخواستەی شەڕ، ئەو میلیشیایانە لەسەر دەستی پێشمەرگە زەبرێكی وایان بەردەكەوێت كە جیهان ناچار بێت وەك تیرۆریستانی داعش سەیریان بكات، بەمەش داكۆكیكردنی عەبادی لەو میلیشیایانە لە باشترین حاڵەتەدا ئەگەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی وەك ئەبوبەكر بەغدادیش سەیری نەكات، ئەوا وەك حەسەن نەسروڵای سەرۆكی حزبوڵای لوبنانی مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
ئێران لە ئێستادا ناتوانێت و ناشیەوێت وەك دەوڵەتێكی دراوسێ شەڕ لەگەڵ كوردستان بكات و دەزانێت ئەگەر ئەم كارە بكات كاردانەوەكان چۆن دەبن و شەڕەكەش چ سیمایەك لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێتە خۆی، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدایە بە بڕیاریكی حكومەتی عێراق و بەو میلیشیایانە ئەو شەڕە بكات كە خۆی بە خاوەنیان دەزانێت، بەڵام هەرچۆنێك بیانەوێت ئەم شەڕە بە كوردستان بفرۆشن، شەڕەكە وەك شەڕی ناوخۆی وڵاتێك سەیر ناكرێت و دەبێتە شەڕێكی ئیقلیمی و لەوانەیە زۆر شوێنی دیكەش بگرێتەوە، وەك سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێكردووە، ئەگەر ئەو هەڵە گەورەیە بكەن و بیانەوێت هێرش بكەنە سەر كەركووك، كارەساتیكیان بەسەردا دێت كە لەوانەیە زۆر بە قورسی لێی دەربچن، هەر بۆیە ئەگەر مەترسیی میلیشیا پرۆ ئێرانییەكان لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو جۆرە بێت كە ئەگەری هەر شەڕێك لە بەرژەوەندی ئەو میلیشیایانە بشكێتەوە كە ئەمەش ئەو میلیشیایانەی سەرخۆش كردووە، بەڵام بەتەنیا لە بەرەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەر شەڕێك بە كوردستان بفرۆشرێت، شەڕەكە بە شكاندنی ئەو میلیشیایانە و بە بەرژەوەندی كوردستان تەواو دەبێت، ئەم بۆچوونە لەسەر بنەما و سۆز بۆ پێشمەرگە و كوردستان بونیاد نەنراوە، بەڵكو لەسەر بنەمای ئەو فاكتانەیە كە تەنیا لە كوردستاندا بوونی هەیە و لەتەواوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە، ئەو فاكتەش ئیرادەی خەڵكی و قارەمانیەتی پێشمەرگەیە كە توانی دڕندەیەكی وەك داعش بكات بە پەند كە چەكی زۆر باشتریان لەو میلیشیایانە بەدەستەوە بوو، لەبەرامبەردا پێشمەرگە وەك ئێستا پڕچەك نەبوو، تەنیا ژمارەیەك چەكی كۆنی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردووی لەبەر دەست بوو.
Top