مەترسیی میلیشیاكانی حەشدی پرۆ ئێرانی لە عێراقدا
October 17, 2017
راپۆرتەکان
ئاماژەكردنمان بەم قسانەی عەلی یاسری و هەڕەشەكانی بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان، بۆ ئەوەیە بپرسین: ئایا فەرماندەی ئەم میلیشیایە سەرچاوەی مووچە و چەك و پێداویستیی سەربازی لە كوێوە بۆ دیاری دەكرێت؟ بێگومان لەبەر ئەوەی بەشێكە لە حەشدی شەعبی، ئەوا بە هاوشێوەی هێزەكانی ئاسایش و سوپا، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆی ئامادە دەكرێت، بەڵام فەرمانی سوپای پاسداران جێبەجێ دەكات، لەهەمانكاتدا خۆی وەك براوەی شەڕی دژی داعش و هاوپەیمانێكی ئەمریكا لە قەڵەم دەدات، ئەمەش بەرەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئەمریكایە كە لە 2003وە لە عێراقدا پیادەی دەكات و هەتا ئێستاش درێژەی هەیە كە دەبێت لە دوای ستراتیژە تازەكەی سەرۆك ترامپەوە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.
ئەوجا وەنەبێت میلیشیاكانی سەرایەی خۆراسانی تەنیا میلیشیای سەر بە ئێران بن لە عێراقدا ئازادانە كارو چالاكی خۆیان بكەن و مووچە و چەك و پێداویستییان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ دابین بكرێت، بەڵكو میلیشیاكان هەمەجۆرن و لە دوای ساڵی 2003وە بە بیانووی ئەوەی ئەمانە بەشداربوون لە دژایەتیكردنی رژێمی سەدام حوسێن وەك بەشێك لە پێكهاتەی پرۆسەی سیاسیی عێراق سەیر كراون، نموونەی زۆر بەرچاویش لەمبارەوە فەیلەقی بەدرە كە ئێستا بۆتە رێكخراوی بەدر و خۆی كردووە بە حزبێكی سیاسی و خاوەنی میلیشیایەكی بەهێزە كە زیاتر لە 15 هەزار چەكداری هەیە.
فەیلەقی بەدر كە بە راسپاردەی ئێران لەدوای ساڵی 2005ـەوە بوونە بەشێك لە هێزەكانی ئاسایشی عێراق، هاوشانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كاریان كردووە و زۆرجاریش لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا كاریان كردووە، بەڵام فەرمانی سەرەكییان لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانەوە وەرگرتووە، بۆ ئەوەی وەك هێزێكی سەربەخۆی سەر بە ئێران لە عێراقدا بوونیان هەبێت، هەروەها قاسم ئەعرەجی كە یەكێكە لە ئەندامانی فەیلەقی بەدر، لە ساڵانی 2003 -2011، ماوەی 26 مانگ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركراوە، بەڵام ئێستا ئەعرەجی وەزیری گەورەترین وەزارەتی سەروەریی عێراقە كە وەزارەتی ناوخۆیە، هەروەها بەپێی ئەو راپرسییانەی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق ئەنجامدراون، هادی عامری سەرۆكی میلیشیاكانی بەدر كە فەرمان لە قاسم سولەیمانی وەردەگرێت، دیارترین كاندیدە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر كەسێكی وەك عامری بە رێگەی هەڵبژاردن ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، ئەوا بە بەلاش عێراق پێشكەشی ئێران كرا.
میلیشیایەكی دیكەی حەشدی شەعبی ناوی كەتائیبی حزبوڵای عێراقییە، ئەم میلیشیایە كە لەلایەن مەهدی موهەندیسەوە سەرپەرشتی دەكرێت، لەناو لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایە، ئێستا مەهدی موهەندیس فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هەموو میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە لە عێراق و ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق لە 2017 بۆ حەشدی شەعبی تەرخانكراوە كە بڕەكەی 1.96 ملیار دۆلارە، هەر هەمووی لەبەر دەستی مەهدی موهەندیسە و بەشی هەرە زۆری بەكار دەهێنێت بۆ دابینكردنی مووچە و چەك و پێداویستی ئەو میلیشیایانەی كە سەربە ئێرانن.
تەیاری سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و خاوەنی هێزێكە كە كاریگەری لە عێراقدا هەیەو سەر بە ئێرانن، لەلایەن میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانیەوە دەست خراوەتە ناو ئەم تەیارەو بەشێكی بەناو میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی هەقی لێ جیاكراوەتەوەو گرێدراوەتەوە بە ئێرانەوە، واتە توانرا هێزەكەی تەیاری سەدریش بەش بكرێت.
ئەوجا ئەوەی لە هەمووی ترسناكترە ئەوەیە، ئەم هێزانە كە ملكەچی فەرمانەكانی ئێرانن، هەر هەموویان لەژێر چەتری حەشدی شەعبی كۆكراونەتەوە كە شەرعییەتی یاسایی لە حكومەتی عێراقی وەرگرتووەو جیا لەوەی خەرجییەكانیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ دابین دەكرێت، لەهەمانكاتدا بوونەتە خاوەنی چەكی قورس وەك تانك و هامەر و هەموو جۆرە چەكێكی پێشكەوتوو كە بەشی زۆریان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەك هاوكاری لە شەڕی دژی داعشدا دراون بە عێراق، ئێستا ئەم چەكانە زۆر بە ئاسانی كەوتوونەتە دەستی ئەو میلیشیانەی سەر بە ئێران و وەك تابوری پێنجەم رۆڵی ئێران لە عێراقدا پیادە دەكەن و زۆر زەحمەتیشە ئەمریكا بتوانێت لە ئێستادا ئەم میلیشیایانە هەڵبوەشێنێتەوە.
لایەنێكی دیكەی مەترسیدار كە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لەناو حەشدی شەعبی دروستیان كردووە، ئەوەیە كە بنكەكانی ئەو میلیشیایانە بوونەتە شوێنی راهێنان و مەشق پێكردنی ئەو شیعەیانەی سووریا و دەوڵەتانی كەنداو كە پەیوەندی بەو میلیشیایەوە دەكەن و پاشان لە ناو عێراقدا مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت و چەك و پێداویستییان بۆ دابین دەكرێت و رەوانەی سووریا و وڵاتانی كەنداو دەكرێنەوە، ئەمەش زۆر بە راشكاوی مانای ئەوەیە جیا لەوەی لەژێر چەتری یاسایی حەشدی شەعبی ئەو میلیشیایانە لەناو عێراقدا مەترسی دروست دەكەن، لە هەمانكاتدا بوونەتە بنكەیەكیش بۆ دروستكردنی میلیشای دیكە و ناردنە دەرەوەی بۆ ئەوەی ئاژاوە و ناسەقامگیری لەتەواوی ناوچەكە دروست بكەن.