سەركەوتنی باڵادەستبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
October 16, 2017
راپۆرتەکان
1. ئێران هەوڵێكی زۆری داوە بۆ هێشتنەوەی رژێمی ئەسەد لە دەسەڵات و ئەمەشی تا ئێستا بەسەركەوتوویی ئەنجامداوە.
2. ئێران هەوڵیداوە سەرچاوەیەكی داهاتی ئابووریی بەردەوام لە دەرەوەی سەرچاوەی داهاتی خۆی بۆ دروستكردنی میلیشیاكانی پەیدا بكات، بەمەش توانیویەتی فەیلەقێك لە دەرەوەی ئێران بۆ ئەو میلیشیانە دروست بكات، ئەم فەیلەقە كە هەموویان میلیشیای جۆراوجۆرن، لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییان لێدەكرێت.
ئەم بەرنامەیەی ئێران بەمەبەستی فراوانخوازی و باڵادەستبوونی پیادەی دەكات، پشت بە خەڵكانی غەیرە ئێرانی دەبەستێت، ئەمەش واتە شیعەی وڵاتە جیاوازەكان، لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەشیدا هەوڵیداوە پرۆسەی بەسەربازیكردن (التجنید) لەناو ئەو میلیشیایانە وەك دۆزینەوەی كار و سەرچاوەی دەهات پیادەبكات و سەرنجی لاوە بێكارەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئەفغانستانی پێ رابكێشێت و بیناكاتە سووتەمەنیی ئەو شەڕە بەرفراوانەی لە یەمەنەوە تا عێراق بەڕێوەی دەبات، ئەمەش ئەو مەترسییەی رەواندۆتەوە كە پێشتر رووبەڕووی سوپای پاسداران لە دەرەوەی ئێران دەبووەوە، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2007 ئەمریكا بەشێكی لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە عێراق دەستگیركرد، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە نیگەرانییەكی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی لە ئێراندا دروست بكات، بەڵام بە پیادەكردنی ئەم شێوازە تازەیە كە قوربانی بە ئێرانییەكان نادات، خۆی لەو مەترسییە رزگار كردووە.
دروستبوونی ئەم ژینگە لەبارە بۆ ئێران بە رێگەی ئەو میلیشیایانەی كە بوونەتە وەكیلی سوپای پاسداران، وایكردووە كە ئێران لە شەڕە ئیقلیمییەكاندا ئەگەر بردنەوەی تێكڕای ئەو شەڕانە تا رادەیەكی زۆر مسۆگەر بكات، هەر بۆ نموونە ئەو شەڕەی چاوەڕێ دەكرێت میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای داعش دژی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پیادەی بكات، یان ئەو شەڕەی كە حزبوڵای لوبنانی دژی ئیسرائیل پیادەی دەكات.