قۆناخی قەناعەت پێكردنی دۆستەكانمان بە كۆتایی پێكەوەژیان و شەراكەت لەعێراقدا
October 12, 2017
راپۆرتەکان
بێگومان باڵیۆز رایان كرۆكەر جیا لەوەی لە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش ئەو كاتەی باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە پاكستان، گواسترایەوە بۆ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 و پاشانیش كە حكومەتی عێراق دامەزرا، كرایە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەمانكاتدا لە كانوونی دووەمی 2016 وە بۆتە سەرۆكی گرووپی تاسكفۆرسی ئایندەی عێراق لە ئامۆژگای ئەتڵەنتیك بۆ ئەوەی سیاسەتێك بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا لەگەڵ عێراق ئامادە بكات بۆ ئەو سەرۆكەی لە نۆڤەمبەری 2016 هەڵدەبژێردرێت و لە 20ی كانوونی دووەمی 2017 دەچێتە كۆشكی سپی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو راپۆرتەی ئەوان كاریان لەسەر كردووە و لە ئایاری 2017 وەك سیاسەتی پێشنیاركراوی ئەمریكا بەرامبەر عێراق پێشكەش كراوە، ئەوا ئەگەر هیلاری كلینتۆن-یش بهاتەیەتە كۆشكی سپی، هەر هەمان راپۆرتی بۆ ئامادەدەكرا و وەك پێشنیار دەخرایە بەردەستی.
لەم راپۆرتەدا رایان كرۆكەر و تیمەكەی ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا تایبەت بە رێكخستنەوەی پرۆسەكە لەنێوان شیعە و سوننەدا بێت، ئەمەش بەو مانایەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەو شێوەیەی ئەمریكا ئومێدی بۆ دەخوازێت لە عێراقدا بوونی نەماوە، بەڵام پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ئەگەر كێشەیەكی هەبێت، پرۆسەیەكی سەركەوتووە و نابێت دەستكاری بكرێت، راپۆرتەكەی كرۆكەر لەگەڵ ئەوەی باس لە سەربەخۆیی كوردستان ناكات، وەك ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بەڵام راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە پاش ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەنێوان شیعە و سوننە لەسەر بنەمای عێراقێكی فیدڕاڵی رێكدەخرێتەوە، ئەوكات دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی عێراق لەگەڵ كوردستان چۆن بۆ ئایندە بونیاد دەنرێتەوە.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لەو وردەكارییە بدەین كە لە راپۆرتەكەی كرۆكەردا ئاماژەی پێكراوە، ئەوا هەست دەكەین لە زۆر رووەوە لەگەڵ ئەو داواكارییانەی خەڵكی كوردستان یەكدەگرنەوە كە ئاكامی ریفراندۆمەكە دروستی كردووە و سەركردایەتی سیاسیی كوردستانی سەرپشك كردووە لەسەر پەیوەندییەكانی ئایندەی نێوان كوردستان عێراق لەگەڵ بەغدا دەست بكات بە دیالۆگ و وتووێژی كراوە بە ناویژیوانیی ئەمریكا، یان نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەوەی لەناو ئەم بازنەیەدا جۆرێك لە ئیشكالییەتی لەنێوان بۆچوونی كوردستان و بۆچوونی ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە ئایندەی عێراق و كوردستان و هەڵوێستی ناتەندروستی ئەمریكا بەرامبەر ریفراندۆم دروست كردووە، ئەوەیە كە ئەو دیپلۆماتكارانەی نوێنەرایەتیی حكومەتی ئەمریكا دەكەن لە عێراقدا وەك بریت ماكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش و دوگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئەوەیە ئەوان هەتا ئێستا پێیانوایە دەكرێت پرۆژەی جێبەجێكردن و بەدیهێنانی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە عێراقی دوای داعش مومكین بێت و عێراق ئەو توانایەی ماوە كە بتوانێت جارێكی دیكە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بونیاد بنرێتەوە، یان پرۆسە سیاسیەكەی رێكبخرێتەوە.
بەڵام راستیی كێشەكە لە واقیعدا ئەوە نییە كە كوردستان نەیویستووە لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بە پێی دەستووری 2005 بمێنێتەوە، یان وەك ئەو دیپلۆماتكارە كەم ئەزموونانە وای دەدەنێن كە كوردستان ئەم ئاراستەیە رەتدەكاتەوە، بەڵكو راستی و كرۆكی كێشەكە ئەوەیە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە كوردستان هاوار دەكات و هەموو جیهانی تێگەیاندووە و راشكاوانەش چەندین جار لەگەڵ سەرۆك ئۆباما باسی كردووە، ئەگەر نەتوانن سیاسەتی حكومەتی عێراق راست بكەنەوە و رێگری لێ نەكەن بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا كوردستان ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتەوە بە بەشێك لە عێراقێكی دیكتاتۆری، بەڵام وەك هەموو جیهان شاهیدە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمریكا گوێ لەو هەموو هاوارەی كورد نەگیراوە و لەمەش خراپتر نەیانتوانیوە ئاراستەی حوكمڕانی لە عێراقدا راست بكەنەوە، تەنانەت ئەو كەسانەشی كە لە چوارچێوەی گرووپە ئاست بەرزەكاندا ماوەی زیاتر لە 16 مانگ توێژینەوە و دیراسەتیان كردووە، گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە كێشەكانی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق چارەسەر ناكرێت و دەبێت جاری یەكەم پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا راست بكرێتەوە، ئەوجا كوردستان و عێراق لەسەر پەیوەندی ئایندەیان وتووێژ بكەن.
لە ئێستای عێراقدا كە باسی دەستوور دەكرێت و داوا دەكرێت بەو دەستوورە پابەندبوون هەبێت، خاڵێكی شاراوە هەیە كە خەڵكی زۆر بەئەزموون و شارەزا نەبێت هەستی پێناكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای كۆتایی ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشاونەتەوە و سیاسەتمەدارانی شیعە بوونەتە دەسەڵاتداری رەها لە عێراقدا، كۆی ئەو دامەرزاوانەی بەهاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ عێراق دامەزراوان، بۆ ئەوەی ببنە كۆڵەگەی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی، لەلایەن حكومەتی پێشووی نوری مالیكی-یەوە گۆڕان بۆ دامەزراوەی پارێزگاریكردن لە سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە، لەوانە دامەزراوەی دادگای فیدڕاڵی كە ئێستا رۆڵی دادگایەكی شیعە دەگێڕێت، هەروەها دامەزراوەی سیستمی بەرگریی عێراق كە ئێستا بۆتە دامەزراوەی سیستمی بەرگری لە شیعە، بنەمای دەستووری عێراق كە بریتییە لە ڤیتۆی پاراستنی كەمینەكان و تەوافق لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، ئێستا بۆتە پەرلەمانی تایفەگەرای شیعە و چ یاسا و بڕیارێكیان بوێت، دژی عەرەبی سوننە و گەلی كوردستان بە زۆرینەو كەمینە تێی دەپەڕێنن، بۆیە وەك ئەو خەڵكە پسپۆڕ و شارەزایانە ئاماژەی پێدەكەن، ئەگەر ئەركی راستەقینەی دەستوور لە بنەڕەتدا بۆ بونیادنانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و گەرەنتی مافی هەموو پێكهاتەكان داڕێژدرابێت، ئەوا ئێستا ئەو ئەركەی دەستوور خزاوە و گۆڕاوە بۆ بۆ بونیادنانی كۆمارێكی ئیسلامی شیعە لە عێراقدا وەك كۆپی كۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، لەم حاڵەتەشدا وەك ئەفسەر هەواڵگری ئەمریكا لە عێراقدا، مایكل پریجنت راشكاوانە ئاماژەی پێكردووە، سووربوون لەسەر ئەوەی دەتوانن دەوڵەتێكی فیدڕاڵی لە عێراقدا بە سەركەوتوویی دابمەزرێنن، ئەمە دووبارەكردنەوەی شكستی 10ساڵی پێشووە، ئێستا داكۆكیكردن لەسەر مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، یان ئومێد هەڵچنین لەسەر ئەوەی عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی، بۆتە ئەوەی كە ئەمریكا دەست لە عێراق هەڵبگرێت و تەسلیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ئەم ئاراستەیە كە سیاسەتی ئێستای ئەمریكا كارئاسانی بۆ دەكات لە عێراقدا، وەك مایكل پریجنت ئاماژەی پێدەكات، گەورەترین پەڵەی شەرمەزاری دەبێت لە بەرامبەر خوێنی ئەو جەنگاوەرانەی ئەمریكا كە لە عێراقدا گیانی خۆیان بەخشی، ئەمەش بەو مانایەی جەنگاوەرانی كوڕان و كچانی ئەمریكا بۆ ئەوە نەهاتن لە عێراق خۆیان بە كوشت بدەن بۆ ئەوەی كۆماریكی دیكەی ئیسلامی لە عێراقدا دابمەزرێنن، بەڵكو ئامانجیان ئەوە بوو عێراق ببێتە نموونەیەكی سەركەوتووی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە لە ئێستادا كە دەركەوتووە ئەم ئامانجە شكستی هێناوە، باشترین رێگە بۆ ئەمریكا ئەوەیە كە ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان هەلێكی گرنگی بۆ ئەمریكا هێناوەتە پێشەوە و پێویستە پشتگیری لێ بكریت و دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنرێت.
ئەو بۆچوونانە لەناو رای گشتی ئەمریكا و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەو میدیادا، رۆژ لەدوای لە زیادبووندایە، بەڵام دیسان پێویستی بە نەفەسی درێژ و هەوڵی زیاتری كوردستان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر دۆستەكانمان لە ئەمریكا و لەناو ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بگەنە ئەو قەناعەتەی كە بەرژەوەندیی ئەمریكا و ئاشتی و ئاسایشی ئیقلیمی لەو هەنگاوەدایە كە كوردستان هەڵیگرتووە و بەپێچەوانەشەوە ئەو ئامانجە ستراتیژییەی كە ئەمریكا لە پێناویدا شەڕی دژی داعشی كرد، سەرەنجام بێ ئاكام دەبێت.