وەرچەرخان لە هەڵچوونی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێوە بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان

وەرچەرخان لە هەڵچوونی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێوە بۆ رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان
كێشەی سەرەكیی عێراق و كوردستانیش لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق بەتایبەتی، كێشەی كەم ئەزموونیی ئەو دیپلۆماتییەی ئەمریكایە لەگەڵ پرۆسەی بونیادنانەوەی وڵاتێكی هاوشێوەی عێراق لە قۆناخی دوای شەڕ، یان دوای نەمانی دیكتاتۆریەت، هەر بۆیە ئیدارەی ئەمریكا لە ساڵی 2001ـەوە كە ئیمارەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان رووخاند و دوای ئەویش لە ساڵی 2003 رژێمی سەدام حوسێنی لە عێراق رووخاند، وەك دوو ئەزموونی شكستخواردی ئەمریكا لە رێكخستنەوەی پرۆسەی ئەو دوو وڵاتە لەماوەی 16 ساڵی رابردوو لەقەڵەم دەدرێت، ئەوجا وەنەبێت ئەم راستییانە لای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ شاراوە بن، بەڵكو زۆر بەباشی هەستیان بەو شكستە كردووە، بۆیە لەكارنامەی ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دەوڵەتانی ئیسلامیدا، ئەو بڕگەیە رەتكرایەوە كە جارێكی دیكە ئەمریكا خۆی بە دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت و نەتەوە لەو وڵاتانە سەرقاڵ بكات.
ئەگەر لەسەر ئەم واقیعە سەیری هەڵوێستی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا بكەین كە خۆی هات بۆ كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوەو دوای كرد ریفراندۆم دوابخرێت، بەڵام كە لە واقیعەكە تێگەیشت بەوەی ناكرێت ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، بە ئاكامی وتووێژەكە رازی بوو، پەنای بۆ هیچ گوشارێك نەبرد، بەهەمان شێوە كاتێك ریكس تیلێرسۆن لە میانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند: (باشترە ریفراندۆم دوابخرێت)، بەڵام دیسان ئەویش گەیشتە قەناعەت و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم پەنای بۆ هیچ گوشارێك نەبرد.
بەڵام وەك مایكل پریجنت ئەفسەری هەواڵگری ئەمریكا لە عێراق لە پەنێڵێكدا ئاماژەی پێكردووە، هۆكاری سەرەكی لە كاردانەوەكانی دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، دەگەڕێتەوە بۆ كورتبینی و كەم ئەزموونی دپلۆماتكارێكی وەك برێت ماكگۆرگ كە بەڵێنی بە ئەمریكا و ئێران و توركیا و عێراق دابوو، ئەو لە توانایدا هەیە ریفراندۆم لە كوردستان دوابخات.
چوارچێوەی بیركردنەوەی ماكگۆرك بۆ داواكاری لە سەركردایەتی سیاسی و خەڵكی كوردستان بۆ دیاریكردنی بەدیلی ریفراندۆم، لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە كە گەلی كوردستان لە پێناوی بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی لەگەڵ حكومەتی بەغدا، بڕیاری ریفراندۆمی داوە، ئەو لەوە بێ ئاگا بووە كە ئەو بڕیارە لەسەر ئەوە دراوە كە پێكەوەژیان لەگەڵ عەرەبی عێراق كۆتایی هاتووە و دەبێت رێگەچارەیەكی دیكە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق رێكبخاتەوە.
هەربۆیەش دوای ئەوەی بریت ماكگۆرك بە حیساب بەدیلەكەی خۆی ئامادەكرد و بردی لەگەڵ سەرۆك بارزانی موناقەشەی بكات، دەركەوت ئەو بەدیلەی خەڵكی كوردستان وەك گەرەنتی بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای دەكات، بریتییە لەو ماوەیەی هاوپەیمانان پێویستیانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لە كاتێكی گونجاودا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێ بكات، بەڵام ئەو بەدیلەی ماكگۆرك وەسفی دەكرد، بەوەی ئەوەی سەرۆك بارزانی داوای كردووە لەو بەدیلەدا هەیە، دەركەوت نە كاتێكی دیاریكراوی بۆ دواخستنی ریفراندۆم لەخۆی گرتووە، نە پشتگیری نێودەوڵەتیشی تێدایە بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەو كاتەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گونجاوی دەزانن.
بێگومان ئەمە جاری یەكەم نییە لەدوای ساڵی 2003وە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و كوردستان، كە ئەزموونی دیپلۆماتەكانی ئەمریكا بارودۆخەكە ئاڵۆز دەكەن و لە چارەسەری راستەقینە دووری دەخەنەوە، هەر بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شێوازی مامەڵەكردنی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق لەدوای ساڵی 2003، دەبینین لەچەند پرسی گرنكی تایبەت بە چارەنووسی گەلی كوردستان هەوڵیدابوو، بەڵام لە بێ ئاگایی خۆی خەریك بوو دووچاری كێشە و هەڵەی گەورەمانی بكات، هەر بۆ نموونە:
1. لە مەسەلەی شێوازی بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، لای بریمەر، فیدڕاڵیزمی پارێزگاكان شێوازیكی پەسەندتر بوو لەوەی كە لایەنی كوردستانی داوای ئەوەی دەكرد هەرێمی كوردستان دەبێت لەسەر بنەمای جوگرافی و مێژووی خۆی بۆ گەلی كوردستان دابمەزرێت، ئەم كێشەیە كەوتە ئەوەی بریمەر فەرزی بكات، بەڵام ئیرادەی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و پێداگیری سەرۆك بارزانی، هەرێمی كوردستانی لەسەر بنەمای مێژوو و جوگرافیا چەسپاند و فیدڕاڵیزمی پارێزگاكانی رەتكردەوە.
2. لەسەر مەسەلەی بونیادنانەوەی سوپای عێراق و هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان لە عێراقدا، دیسان پۆل بریمەر ئاگاداری ئەوە نەبووە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاوپەیمانی وڵاتەكەی بووە لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا، لەوە نەدەگەیشت پێشمەرگە بناخەی سوپای بەرگری كوردستانە لە داهاتوودا، بۆیە كار گەیشتە ئەوەی كە سەرۆك بارزانی هەڵوێستێكی زۆر توند وەربگرێت و ناچاری بكات پێیان بڵێت، فەرموون ئەگەر راست دەكەن، وەرن لە كوردستان هێزی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە.

3. لە پرۆژەی نووسینەوەی دەستووری عێراق و سەبارەت بە ناسنامەی عێراق و مافەكانی خەڵكی كوردستان، دیسان بریمەر بە ئاستێك گوشاری خستە سەر سەركردایەتی كوردستان، هەتا كار گەیشتە ئەوەی پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری وتارێكی لە رۆژنامەی فاننشیاڵ تایمز بە ناو نیشانی (گوشاری زیاتر لە بارزانی مەكەن) بڵاوكردەوە و راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردبوو كە ئەمریكا دیپلۆماتكارێكی نەشارەزای رەوانەی عێراق كردووە و تەنانەت هێندە بێ ئاگایە لە كێشەكانی عێراق و خەباتی رزگاریخوازیی كوردستان، كاتێك بریمەر چۆتە پەرلەمانی كوردستان و وێنەی بارزانی مستەفای بینیوە، پرسیویەتی ئەو وێنەیە كێیە؟ براندن ئۆلێری وەك ئەمریكییەك رووی پرسیاری دەكاتە گەلی ئەمریكا و پێیان دەڵێت: ئەگەر دیپلۆماتكاری وڵاتێكی دیكە بێتە كۆنگرێسی ئەمریكا و وێنەی جۆرج واشنتۆن ببینێت و نەزانێت كێیە، ئایا ئێوە چی پێدەڵێن؟ ئەوجا بۆ ئەوەی بزانن مستەفا بارزانی كێیە، ئەوا من پێتان دەڵێم بۆ كوردستان وەك جورج واشنتۆنی ئەمریكایە.
4. لە راپۆرتی دیراسەتكردنی بارودۆخی عێراق لە 2006 كە بە راپۆرتی بیكەر هاملتۆن ناسراوە، دیسان لەگەڵ ئەوەی ئەو گرووپەی ئەو راپۆرتەیان ئامادە كردبوو، بە حیساب گرووپێكی زۆر شارەزای هەردوو پارتی و كۆماری بوون، بەڵام لەو راسپاردانەی بۆ عێراق و كوردستان دیاریان كردبوو، هێندە نەشارەزا بوون كە وایكرد سەرۆك بارزانی هەر لە بەغداوە رەتی بكاتەوە و راشكاوانە بە ئەمریكا بڵێت ئێمە پابەندی ئەو راسپاردانە نابین، بۆ ئەمەش سەرۆك جۆرج دەبلیو بۆش هاتە سەرخەت و وەڵامی سەرۆك بارزانی دایەوە كە ئەو راسپاردانە بۆ ئیدارەی ئەمریكا مولزەم نین، لەمەش زیاتر سەبارەت بەو ئاكامەی راپۆرتی دیراسەتی عێراق بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق دیاریكردبوو، لەسەر ئاستی ئەمریكاش بە تایبەتی ئەو توێژەرە باڵایانەی بە شێوەیەكی مەیدانی لەسەر بارودۆخی عێراق كاردەكەن، هێندە بێ بایەخ پێناسەكران، هەتا توێژەرێكی گەورەی وەك ئەنتونی كوردسمان بە وتارێك لەژێر ناونیشانی (چاوەڕێ بووین شاخ بزێ . مشكی بوو) وەسفی ئەو راپۆرتەی كردبوو.


ئاماژەكردنمان بۆ هەڵە و كەم ئەزموونی دیپلۆماتكارەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، بۆ ئەوەیە راشكاوانە بە ئەمریكا بڵێین: ئێمەی خەڵكی كوردستان خۆمان دەزانین كێشەی راستەقینەمان لەگەڵ عێراقدا چییە و سەرەنجامیش چۆن لە پێشاندا هاتنە ئەو قەناعەتەی كە گوێمان لێبگرن، ئێستا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەر دەبێت بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەوەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و خەڵكی كوردستان راشكاوانە پێتان دەڵێن كە چیدیكە عێراق بواری پێكەوەژیان و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەنێوان كوردستان و عێراقی تێدا نەماوە، ئەمە راستییەكە كە دەبێت ئیدارە ئەمریكا وەك هەلێك سەیری بكات، نەك لەسەر بنەمای هەندێك شرۆڤەی سەرچیغ و زانیاری هەڵە، هەڵوێستی نابەرپرسیارانەی لە هەمبەر وەربگرێت.
Top