ئاكامی ریفراندۆم .. پردی پەڕینەوەی كوردستان بۆ قۆناخێكی نوێ

ئاكامی ریفراندۆم ..  پردی پەڕینەوەی كوردستان  بۆ قۆناخێكی نوێ
چۆن مامەڵە لەگەڵ
ئەم قۆناخە نوێیە دەكرێت و تەحەددییەكان تێدەپەڕێنرێت؟


ئەو بڕیارە سیاسییەی بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكان لە 7ی حوزەیران بۆ دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەریانكرد و هەڵوێستی جوامێرانەی تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان كە لە 25ی ئەیلوولدا پشتگیری ریفراندۆمیان كرد و رایانگەیاند بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، بڕیارێكی جوامێرانە و بوێرانەی خەڵكی كوردستانە و خاڵی وەرچەرخانی قۆناخێكی نوێیە كە دوای ئاكامی ریفراندۆم لە كوردستان دەستی پێكردووە. دیارە هەموو قۆناخێكی نوێ پێویستی بە بیركردنەوەی نوێ و دروستكردنی هەڵوێستی گونجاوی سیاسی بە هاوشانی قۆناخەكە هەیە، گەلی كوردستان دەبێت ئەو راستییەی لا ئاشكرا بێت، كە بە دەنگدانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، چ گێژەلووكە و بوومەلەرزەیەكی لەسەر ئاستی ناوچەكە دروست كردووە، هەروەها دەزانن كە دەوڵەتانی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و دراوسێكانی كوردستان، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبوون كە گەلی كوردستان بتوانێت لەئێستادا ئەم بڕیارە بوێرانەیە بدات و ریفراندۆم ئەنجام بدات، بەتایبەتی كە ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوایان دەكرد كە پرۆسەی ریفراندۆم دوابخرێت، دوانەخستنی پرۆسەی ریفراندۆم لە لایەن سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و خەڵكی كوردستان لە روانگەیەوە نەبوو كە گەلی كوردستان دەیەوێت تەحەددای تەواوی ئیرادەی ئیقلیمی و كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەكات، بەڵكو سووربوونی گەلی كوردستان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم تاقیكردنەوەی ئاستی راستگۆیی جیهانی ئازاد بوو لە بەرامبەر رێزگرتنیان لە بنەماكانی دیموكراتی و مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، هەروەها تاقیكردنەوەی پابەندبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو لەسەر پیادەكردنی ئەو مافانەی لە میساقی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە لە مافی گەلان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیاریكردنی مافی چارەنووس و هەموو دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەو میساقەی نەتەوە یەكگرتووەكانی ئیمزا كردووە كە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەسەر دەركراوە. بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كەشێكی تازەی دروست كردووەو گەلی كوردستانیش دەبێت لەگەڵ ئەو كەشە تازەیە مامەڵە بكات.
مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، راستییەكی پیشانی هەموو جیهان و دەوڵەتانی ئیقلیمی داوە، كە ئەو كاتەی كورد ناچار بووە پەنا بۆ شاخ و خەباتی چەكداری بەرێت، لە پێناوی ئەوە بووە شەڕ و غەدر كۆتایی بێت و زەمینەیەك دروست بێت بۆ ئەوەی بە دیالۆگ و رێگەچارەی ئاشتییانە كێشەكان چارەسەر بكرێن، پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش كە كۆرپە نازدارەكەی مێژووی دوور و دریژی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەباتی رزگاریخوازیی كوردستانە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجام دراوە و ئامانجی ئەوەیە كە بە شێوەی دیالۆگ و ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ خواستی رەوای گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان بە عێراقیشەوە بەهۆی ریفراندۆمەوە تووشی هەناسەسواری و هەڵچوونی لە رادەبەدەر بوون، هەنگاوی یەكەمی گەلی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم واقیعە وادەخوازێت، بەتوندی پێداگیری لەسەر ئەو دەستكەوتانە بكات كە ریفراندۆم بەدەستی هێناوە، لە هەمانكاتدا نەفس درێژ و هێمن بێت هەتا كەفوكوڵی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ دەنیشێتەوە و ئەو واقیعە تازەیە قبووڵ دەكەن، كە ئامانجی ریفراندۆمی كوردستان بۆ ئەوەیە شەڕ لە نێوان كورد و نەتەوەكانی دەوروبەری بۆ هەتا هەتایە كۆتایی بێت و ئاشتی و برایەتی و هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان نەتەوەكان دروست بێت بۆ ئەوەی سەرقاڵی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكانی خۆمان بین، نەك ئەوەی هەشمانە بیدەین بە تەقەمەنی و ماڵی یەكتری پێ كاول بكەین. ئەوجا وەك پڕۆفیسۆر ئیرك براون توێژەری باڵای ئامۆژگای هۆدسن لە پەنێڵیدا بە پەندێكی ئەمریكی پێشنیاری هێمنی بۆ كوردستان دەكات و دەڵێت: «شۆربا بە گەرمی چێژ ناكرێت، چاوەڕێ بكەن هەتا سارد دەبێتەوە.» ئەوا ئێستا گەلی كوردستانیش دەبێت چاوەڕێ بكات، هەتا بارودۆخەكە هێور دەبێتەوە، ئەوكات هەموو لایەك دەزانن بنەمای بڕیاردانی كوردستان بۆ ریفراندۆم، بۆ بەدیهێنانی ئاشتییە، نەك دروستكردنی ئاژاوەو شەڕ.



وەرچەرخان لە هەڵچوونی عێراق و
دەوڵەتانی دراوسێوە بۆ رێزگرتن
لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان


كێشەی سەرەكیی عێراق و كوردستانیش لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق بەتایبەتی، كێشەی كەم ئەزموونیی ئەو دیپلۆماتییەی ئەمریكایە لەگەڵ پرۆسەی بونیادنانەوەی وڵاتێكی هاوشێوەی عێراق لە قۆناخی دوای شەڕ، یان دوای نەمانی دیكتاتۆریەت، هەر بۆیە ئیدارەی ئەمریكا لە ساڵی 2001ـەوە كە ئیمارەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان رووخاند و دوای ئەویش لە ساڵی 2003 رژێمی سەدام حوسێنی لە عێراق رووخاند، وەك دوو ئەزموونی شكستخواردی ئەمریكا لە رێكخستنەوەی پرۆسەی ئەو دوو وڵاتە لەماوەی 16 ساڵی رابردوو لەقەڵەم دەدرێت، ئەوجا وەنەبێت ئەم راستییانە لای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ شاراوە بن، بەڵكو زۆر بەباشی هەستیان بەو شكستە كردووە، بۆیە لەكارنامەی ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی دەوڵەتانی ئیسلامیدا، ئەو بڕگەیە رەتكرایەوە كە جارێكی دیكە ئەمریكا خۆی بە دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت و نەتەوە لەو وڵاتانە سەرقاڵ بكات.
ئەگەر لەسەر ئەم واقیعە سەیری هەڵوێستی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا بكەین كە خۆی هات بۆ كوردستان و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوەو دوای كرد ریفراندۆم دوابخرێت، بەڵام كە لە واقیعەكە تێگەیشت بەوەی ناكرێت ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، بە ئاكامی وتووێژەكە رازی بوو، پەنای بۆ هیچ گوشارێك نەبرد، بەهەمان شێوە كاتێك ریكس تیلێرسۆن لە میانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند: (باشترە ریفراندۆم دوابخرێت)، بەڵام دیسان ئەویش گەیشتە قەناعەت و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم پەنای بۆ هیچ گوشارێك نەبرد.
بەڵام وەك مایكل پریجنت ئەفسەری هەواڵگری ئەمریكا لە عێراق لە پەنێڵێكدا ئاماژەی پێكردووە، هۆكاری سەرەكی لە كاردانەوەكانی دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، دەگەڕێتەوە بۆ كورتبینی و كەم ئەزموونی دپلۆماتكارێكی وەك برێت ماكگۆرگ كە بەڵێنی بە ئەمریكا و ئێران و توركیا و عێراق دابوو، ئەو لە توانایدا هەیە ریفراندۆم لە كوردستان دوابخات.
چوارچێوەی بیركردنەوەی ماكگۆرك بۆ داواكاری لە سەركردایەتی سیاسی و خەڵكی كوردستان بۆ دیاریكردنی بەدیلی ریفراندۆم، لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە كە گەلی كوردستان لە پێناوی بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی لەگەڵ حكومەتی بەغدا، بڕیاری ریفراندۆمی داوە، ئەو لەوە بێ ئاگا بووە كە ئەو بڕیارە لەسەر ئەوە دراوە كە پێكەوەژیان لەگەڵ عەرەبی عێراق كۆتایی هاتووە و دەبێت رێگەچارەیەكی دیكە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق رێكبخاتەوە.
هەربۆیەش دوای ئەوەی بریت ماكگۆرك بە حیساب بەدیلەكەی خۆی ئامادەكرد و بردی لەگەڵ سەرۆك بارزانی موناقەشەی بكات، دەركەوت ئەو بەدیلەی خەڵكی كوردستان وەك گەرەنتی بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای دەكات، بریتییە لەو ماوەیەی هاوپەیمانان پێویستیانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لە كاتێكی گونجاودا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێ بكات، بەڵام ئەو بەدیلەی ماكگۆرك وەسفی دەكرد، بەوەی ئەوەی سەرۆك بارزانی داوای كردووە لەو بەدیلەدا هەیە، دەركەوت نە كاتێكی دیاریكراوی بۆ دواخستنی ریفراندۆم لەخۆی گرتووە، نە پشتگیری نێودەوڵەتیشی تێدایە بۆ سەربەخۆیی كوردستان لەو كاتەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گونجاوی دەزانن.
بێگومان ئەمە جاری یەكەم نییە لەدوای ساڵی 2003وە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و كوردستان، كە ئەزموونی دیپلۆماتەكانی ئەمریكا بارودۆخەكە ئاڵۆز دەكەن و لە چارەسەری راستەقینە دووری دەخەنەوە، هەر بۆ نموونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شێوازی مامەڵەكردنی پۆل بریمەری حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق لەدوای ساڵی 2003، دەبینین لەچەند پرسی گرنكی تایبەت بە چارەنووسی گەلی كوردستان هەوڵیدابوو، بەڵام لە بێ ئاگایی خۆی خەریك بوو دووچاری كێشە و هەڵەی گەورەمانی بكات، هەر بۆ نموونە:
1. لە مەسەلەی شێوازی بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی، لای بریمەر، فیدڕاڵیزمی پارێزگاكان شێوازیكی پەسەندتر بوو لەوەی كە لایەنی كوردستانی داوای ئەوەی دەكرد هەرێمی كوردستان دەبێت لەسەر بنەمای جوگرافی و مێژووی خۆی بۆ گەلی كوردستان دابمەزرێت، ئەم كێشەیە كەوتە ئەوەی بریمەر فەرزی بكات، بەڵام ئیرادەی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان و پێداگیری سەرۆك بارزانی، هەرێمی كوردستانی لەسەر بنەمای مێژوو و جوگرافیا چەسپاند و فیدڕاڵیزمی پارێزگاكانی رەتكردەوە.
2. لەسەر مەسەلەی بونیادنانەوەی سوپای عێراق و هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان لە عێراقدا، دیسان پۆل بریمەر ئاگاداری ئەوە نەبووە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاوپەیمانی وڵاتەكەی بووە لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراقدا، لەوە نەدەگەیشت پێشمەرگە بناخەی سوپای بەرگری كوردستانە لە داهاتوودا، بۆیە كار گەیشتە ئەوەی كە سەرۆك بارزانی هەڵوێستێكی زۆر توند وەربگرێت و ناچاری بكات پێیان بڵێت، فەرموون ئەگەر راست دەكەن، وەرن لە كوردستان هێزی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە.

3. لە پرۆژەی نووسینەوەی دەستووری عێراق و سەبارەت بە ناسنامەی عێراق و مافەكانی خەڵكی كوردستان، دیسان بریمەر بە ئاستێك گوشاری خستە سەر سەركردایەتی كوردستان، هەتا كار گەیشتە ئەوەی پڕۆفیسۆر براندن ئۆلێری وتارێكی لە رۆژنامەی فاننشیاڵ تایمز بە ناو نیشانی (گوشاری زیاتر لە بارزانی مەكەن) بڵاوكردەوە و راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردبوو كە ئەمریكا دیپلۆماتكارێكی نەشارەزای رەوانەی عێراق كردووە و تەنانەت هێندە بێ ئاگایە لە كێشەكانی عێراق و خەباتی رزگاریخوازیی كوردستان، كاتێك بریمەر چۆتە پەرلەمانی كوردستان و وێنەی بارزانی مستەفای بینیوە، پرسیویەتی ئەو وێنەیە كێیە؟ براندن ئۆلێری وەك ئەمریكییەك رووی پرسیاری دەكاتە گەلی ئەمریكا و پێیان دەڵێت: ئەگەر دیپلۆماتكاری وڵاتێكی دیكە بێتە كۆنگرێسی ئەمریكا و وێنەی جۆرج واشنتۆن ببینێت و نەزانێت كێیە، ئایا ئێوە چی پێدەڵێن؟ ئەوجا بۆ ئەوەی بزانن مستەفا بارزانی كێیە، ئەوا من پێتان دەڵێم بۆ كوردستان وەك جورج واشنتۆنی ئەمریكایە.
4. لە راپۆرتی دیراسەتكردنی بارودۆخی عێراق لە 2006 كە بە راپۆرتی بیكەر هاملتۆن ناسراوە، دیسان لەگەڵ ئەوەی ئەو گرووپەی ئەو راپۆرتەیان ئامادە كردبوو، بە حیساب گرووپێكی زۆر شارەزای هەردوو پارتی و كۆماری بوون، بەڵام لەو راسپاردانەی بۆ عێراق و كوردستان دیاریان كردبوو، هێندە نەشارەزا بوون كە وایكرد سەرۆك بارزانی هەر لە بەغداوە رەتی بكاتەوە و راشكاوانە بە ئەمریكا بڵێت ئێمە پابەندی ئەو راسپاردانە نابین، بۆ ئەمەش سەرۆك جۆرج دەبلیو بۆش هاتە سەرخەت و وەڵامی سەرۆك بارزانی دایەوە كە ئەو راسپاردانە بۆ ئیدارەی ئەمریكا مولزەم نین، لەمەش زیاتر سەبارەت بەو ئاكامەی راپۆرتی دیراسەتی عێراق بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق دیاریكردبوو، لەسەر ئاستی ئەمریكاش بە تایبەتی ئەو توێژەرە باڵایانەی بە شێوەیەكی مەیدانی لەسەر بارودۆخی عێراق كاردەكەن، هێندە بێ بایەخ پێناسەكران، هەتا توێژەرێكی گەورەی وەك ئەنتونی كوردسمان بە وتارێك لەژێر ناونیشانی (چاوەڕێ بووین شاخ بزێ . مشكی بوو) وەسفی ئەو راپۆرتەی كردبوو.


ئاماژەكردنمان بۆ هەڵە و كەم ئەزموونی دیپلۆماتكارەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، بۆ ئەوەیە راشكاوانە بە ئەمریكا بڵێین: ئێمەی خەڵكی كوردستان خۆمان دەزانین كێشەی راستەقینەمان لەگەڵ عێراقدا چییە و سەرەنجامیش چۆن لە پێشاندا هاتنە ئەو قەناعەتەی كە گوێمان لێبگرن، ئێستا دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەر دەبێت بگەنە ئەو قەناعەتەی ئەوەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و خەڵكی كوردستان راشكاوانە پێتان دەڵێن كە چیدیكە عێراق بواری پێكەوەژیان و رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەنێوان كوردستان و عێراقی تێدا نەماوە، ئەمە راستییەكە كە دەبێت ئیدارە ئەمریكا وەك هەلێك سەیری بكات، نەك لەسەر بنەمای هەندێك شرۆڤەی سەرچیغ و زانیاری هەڵە، هەڵوێستی نابەرپرسیارانەی لە هەمبەر وەربگرێت.


قۆناخی قەناعەت پێكردنی دۆستەكانمان
بە كۆتایی پێكەوەژیان و شەراكەت لەعێراقدا
باڵیۆز رایان كرۆكەر سەبارەت بە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كوردستان دەڵێت: ئەمریكا هەڵوێستێكی هێندە هەڵە و توندی دژی ریفراندۆمی كوردستان وەرگرتووە، ئەمە وەك ئەوەیە تیشكی سەوزمان دابێتە بەغدا و ئەنقەرە و تاران بەوەی دەتوانن سوپاكانیان بجووڵێنن و سزای دەنگدەرانی كوردستان بدەن.
بێگومان باڵیۆز رایان كرۆكەر جیا لەوەی لە ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش ئەو كاتەی باڵیۆزی ئەمریكا بوو لە پاكستان، گواسترایەوە بۆ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ساڵی 2003 و پاشانیش كە حكومەتی عێراق دامەزرا، كرایە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەمانكاتدا لە كانوونی دووەمی 2016 وە بۆتە سەرۆكی گرووپی تاسكفۆرسی ئایندەی عێراق لە ئامۆژگای ئەتڵەنتیك بۆ ئەوەی سیاسەتێك بۆ ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا لەگەڵ عێراق ئامادە بكات بۆ ئەو سەرۆكەی لە نۆڤەمبەری 2016 هەڵدەبژێردرێت و لە 20ی كانوونی دووەمی 2017 دەچێتە كۆشكی سپی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو راپۆرتەی ئەوان كاریان لەسەر كردووە و لە ئایاری 2017 وەك سیاسەتی پێشنیاركراوی ئەمریكا بەرامبەر عێراق پێشكەش كراوە، ئەوا ئەگەر هیلاری كلینتۆن-یش بهاتەیەتە كۆشكی سپی، هەر هەمان راپۆرتی بۆ ئامادەدەكرا و وەك پێشنیار دەخرایە بەردەستی.
لەم راپۆرتەدا رایان كرۆكەر و تیمەكەی ئەو راستییەیان نەشاردۆتەوە و جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا تایبەت بە رێكخستنەوەی پرۆسەكە لەنێوان شیعە و سوننەدا بێت، ئەمەش بەو مانایەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەو شێوەیەی ئەمریكا ئومێدی بۆ دەخوازێت لە عێراقدا بوونی نەماوە، بەڵام پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ئەگەر كێشەیەكی هەبێت، پرۆسەیەكی سەركەوتووە و نابێت دەستكاری بكرێت، راپۆرتەكەی كرۆكەر لەگەڵ ئەوەی باس لە سەربەخۆیی كوردستان ناكات، وەك ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، بەڵام راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە پاش ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەنێوان شیعە و سوننە لەسەر بنەمای عێراقێكی فیدڕاڵی رێكدەخرێتەوە، ئەوكات دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی عێراق لەگەڵ كوردستان چۆن بۆ ئایندە بونیاد دەنرێتەوە.


لێرەوە ئەگەر سەرنج لەو وردەكارییە بدەین كە لە راپۆرتەكەی كرۆكەردا ئاماژەی پێكراوە، ئەوا هەست دەكەین لە زۆر رووەوە لەگەڵ ئەو داواكارییانەی خەڵكی كوردستان یەكدەگرنەوە كە ئاكامی ریفراندۆمەكە دروستی كردووە و سەركردایەتی سیاسیی كوردستانی سەرپشك كردووە لەسەر پەیوەندییەكانی ئایندەی نێوان كوردستان عێراق لەگەڵ بەغدا دەست بكات بە دیالۆگ و وتووێژی كراوە بە ناویژیوانیی ئەمریكا، یان نەتەوە یەكگرتووەكان.
ئەوەی لەناو ئەم بازنەیەدا جۆرێك لە ئیشكالییەتی لەنێوان بۆچوونی كوردستان و بۆچوونی ئیدارەی ئەمریكا سەبارەت بە ئایندەی عێراق و كوردستان و هەڵوێستی ناتەندروستی ئەمریكا بەرامبەر ریفراندۆم دروست كردووە، ئەوەیە كە ئەو دیپلۆماتكارانەی نوێنەرایەتیی حكومەتی ئەمریكا دەكەن لە عێراقدا وەك بریت ماكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش و دوگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئەوەیە ئەوان هەتا ئێستا پێیانوایە دەكرێت پرۆژەی جێبەجێكردن و بەدیهێنانی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە عێراقی دوای داعش مومكین بێت و عێراق ئەو توانایەی ماوە كە بتوانێت جارێكی دیكە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بونیاد بنرێتەوە، یان پرۆسە سیاسیەكەی رێكبخرێتەوە.
بەڵام راستیی كێشەكە لە واقیعدا ئەوە نییە كە كوردستان نەیویستووە لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بە پێی دەستووری 2005 بمێنێتەوە، یان وەك ئەو دیپلۆماتكارە كەم ئەزموونانە وای دەدەنێن كە كوردستان ئەم ئاراستەیە رەتدەكاتەوە، بەڵكو راستی و كرۆكی كێشەكە ئەوەیە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە كوردستان هاوار دەكات و هەموو جیهانی تێگەیاندووە و راشكاوانەش چەندین جار لەگەڵ سەرۆك ئۆباما باسی كردووە، ئەگەر نەتوانن سیاسەتی حكومەتی عێراق راست بكەنەوە و رێگری لێ نەكەن بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا كوردستان ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتەوە بە بەشێك لە عێراقێكی دیكتاتۆری، بەڵام وەك هەموو جیهان شاهیدە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمریكا گوێ لەو هەموو هاوارەی كورد نەگیراوە و لەمەش خراپتر نەیانتوانیوە ئاراستەی حوكمڕانی لە عێراقدا راست بكەنەوە، تەنانەت ئەو كەسانەشی كە لە چوارچێوەی گرووپە ئاست بەرزەكاندا ماوەی زیاتر لە 16 مانگ توێژینەوە و دیراسەتیان كردووە، گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە كێشەكانی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق چارەسەر ناكرێت و دەبێت جاری یەكەم پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا راست بكرێتەوە، ئەوجا كوردستان و عێراق لەسەر پەیوەندی ئایندەیان وتووێژ بكەن.


لە ئێستای عێراقدا كە باسی دەستوور دەكرێت و داوا دەكرێت بەو دەستوورە پابەندبوون هەبێت، خاڵێكی شاراوە هەیە كە خەڵكی زۆر بەئەزموون و شارەزا نەبێت هەستی پێناكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای كۆتایی ساڵی 2011 هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشاونەتەوە و سیاسەتمەدارانی شیعە بوونەتە دەسەڵاتداری رەها لە عێراقدا، كۆی ئەو دامەرزاوانەی بەهاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ عێراق دامەزراوان، بۆ ئەوەی ببنە كۆڵەگەی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی، لەلایەن حكومەتی پێشووی نوری مالیكی-یەوە گۆڕان بۆ دامەزراوەی پارێزگاریكردن لە سیاسەتی مەزهەبگەرایی شیعە، لەوانە دامەزراوەی دادگای فیدڕاڵی كە ئێستا رۆڵی دادگایەكی شیعە دەگێڕێت، هەروەها دامەزراوەی سیستمی بەرگریی عێراق كە ئێستا بۆتە دامەزراوەی سیستمی بەرگری لە شیعە، بنەمای دەستووری عێراق كە بریتییە لە ڤیتۆی پاراستنی كەمینەكان و تەوافق لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، ئێستا بۆتە پەرلەمانی تایفەگەرای شیعە و چ یاسا و بڕیارێكیان بوێت، دژی عەرەبی سوننە و گەلی كوردستان بە زۆرینەو كەمینە تێی دەپەڕێنن، بۆیە وەك ئەو خەڵكە پسپۆڕ و شارەزایانە ئاماژەی پێدەكەن، ئەگەر ئەركی راستەقینەی دەستوور لە بنەڕەتدا بۆ بونیادنانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و گەرەنتی مافی هەموو پێكهاتەكان داڕێژدرابێت، ئەوا ئێستا ئەو ئەركەی دەستوور خزاوە و گۆڕاوە بۆ بۆ بونیادنانی كۆمارێكی ئیسلامی شیعە لە عێراقدا وەك كۆپی كۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، لەم حاڵەتەشدا وەك ئەفسەر هەواڵگری ئەمریكا لە عێراقدا، مایكل پریجنت راشكاوانە ئاماژەی پێكردووە، سووربوون لەسەر ئەوەی دەتوانن دەوڵەتێكی فیدڕاڵی لە عێراقدا بە سەركەوتوویی دابمەزرێنن، ئەمە دووبارەكردنەوەی شكستی 10ساڵی پێشووە، ئێستا داكۆكیكردن لەسەر مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، یان ئومێد هەڵچنین لەسەر ئەوەی عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی، بۆتە ئەوەی كە ئەمریكا دەست لە عێراق هەڵبگرێت و تەسلیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، ئەم ئاراستەیە كە سیاسەتی ئێستای ئەمریكا كارئاسانی بۆ دەكات لە عێراقدا، وەك مایكل پریجنت ئاماژەی پێدەكات، گەورەترین پەڵەی شەرمەزاری دەبێت لە بەرامبەر خوێنی ئەو جەنگاوەرانەی ئەمریكا كە لە عێراقدا گیانی خۆیان بەخشی، ئەمەش بەو مانایەی جەنگاوەرانی كوڕان و كچانی ئەمریكا بۆ ئەوە نەهاتن لە عێراق خۆیان بە كوشت بدەن بۆ ئەوەی كۆماریكی دیكەی ئیسلامی لە عێراقدا دابمەزرێنن، بەڵكو ئامانجیان ئەوە بوو عێراق ببێتە نموونەیەكی سەركەوتووی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە لە ئێستادا كە دەركەوتووە ئەم ئامانجە شكستی هێناوە، باشترین رێگە بۆ ئەمریكا ئەوەیە كە ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان هەلێكی گرنگی بۆ ئەمریكا هێناوەتە پێشەوە و پێویستە پشتگیری لێ بكریت و دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنرێت.
ئەو بۆچوونانە لەناو رای گشتی ئەمریكا و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەو میدیادا، رۆژ لەدوای لە زیادبووندایە، بەڵام دیسان پێویستی بە نەفەسی درێژ و هەوڵی زیاتری كوردستان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر دۆستەكانمان لە ئەمریكا و لەناو ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بگەنە ئەو قەناعەتەی كە بەرژەوەندیی ئەمریكا و ئاشتی و ئاسایشی ئیقلیمی لەو هەنگاوەدایە كە كوردستان هەڵیگرتووە و بەپێچەوانەشەوە ئەو ئامانجە ستراتیژییەی كە ئەمریكا لە پێناویدا شەڕی دژی داعشی كرد، سەرەنجام بێ ئاكام دەبێت.
Top