رووخانی دیواری بەرلین و بەڵێی سەربەخۆیی خەڵكی كوردستان

رووخانی دیواری بەرلین و بەڵێی سەربەخۆیی خەڵكی كوردستان
یەكێك لەو رووداوە مێژووییە گرنگانەی هەموو دەوڵەتانی لیبڕاڵ دیموكراتی رۆژئاوا و جیهانی ئازاد شانازی پێوە دەكەن، رووخانی دیواری بەرلینە بە ئیرادەی گەلی ئەڵمانیا، كە ئەوكات دابەش كرابوو و پێیان دەگوت (ئەڵمانیای رۆژهەڵات)، ئەم رووداوە لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتا پەیوەست بوو بە خواستی گەلی ئەڵمانیا بۆ دووبارە یەكگرتنەوەو كۆتاییهێنان بە دابەشكردن، بەڵام لەبەر ئەوەی لە بەشە دابەشكراوەكەی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و بە رێگەی خۆپیشاندانی مەدەنییانە هەڵیانكوتایە سەر دیوارەكە و پەڕینەوە بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا، ئەوا ئەم رووداوە بووە سەرەتای راگەیاندنی شكستی حوكمڕانیی سۆسیالیزم و سەركەوتنی سیستمی حوكمڕانی دیموكراتی.
رووخانی دیواری بەرلین، پرۆسەیەكی پلان بۆ دانراو نەبوو، بەڵكو بریتی بوو لە تەقینەوەی ناخی پەنگخواردووی گەلی ئەڵمانیای رۆژهەڵات و دروستكردنی دیوارێك بۆ جیاكردنەوەی لە گەلی ئەڵمانیای رۆژئاوا، هەر بۆیە ئەو دیوارەی كە ماوەی نزیكەی 30 ساڵ هەردوو بەرەی جیهانی جووت جەمسەری ئەو كات بە بنەمای پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان و هاوسەنگی هێزی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات دادەنرا، لەبەردەم ئیرادەی گەلی ئەڵمانیادا رووخا و جیهان بەرەو قۆناخێكی تازە هەنگاوی هەڵگرت، كە ئەویش لەبەر یەكهەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت و سەركەوتنی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بوو لە جیهاندا.
رووخانی دیواری بەرلین هەرگیز وەك رووداوێكی تایبەت لە وڵاتێكی دیاریكراو لە جیهاندا سەیرنەكراوە، هەر بۆیە ئەم رووداوە وەك جیاكردنەوەی دوو سەردەم لە جیهاندا سەیر دەكرێت و ئاماژەیە بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی سارد و دووجەمسەری لە جیهان و سەركەوتنی دیموكراسی. ئەمە لەو چوارچێوەیەدا ئەگەر رووخانی دیواری بەرلین رووداوێك بووبێت و لە وڵاتێكدا روویدابێت، ئەوا دەرهاویشتەی ئەم رووداوە كاریگەری لەسەر تەواوی سیاسەتی جیهانی هەبووە و بە سەرەتای قۆناخێكی نوێ لە سیستمی جیهانی لەقەڵەم دەدرێت.


ئەگەر لە بازنەی كاریگەریی رووخانی دیواری بەرلینەوە، سەیری پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بكەین كە گەلی كوردستان بڕیاری دا خواستی خۆی پیشانی جیهان بدات، بەوەی سیستمی سیاسی لە دەوڵەتی عێراقدا چیدیكە شایستەی ئەوە نییە كە گەلی كوردستان وەك گەلێكی ئاشتیخواز و لێبووردە لە ناو ئەو سیستمە ئایینی و تایفەگەرایەدا بژی و دەیەوێت خاوەنی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و سەربەخۆی خۆی بێت، دەبینین بە هاوشێوەی رووخانی دیواری بەرلین، دەرهاویشتەی بڕیاردانی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كاریگەری لەسەر تەواوی سیاسەتی جیهانی دروست كردووەو جیهان بە جۆرێك بە پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستانەوە سەرقاڵ بووە، وەك ئەوەیە دیوارێكی دیكەی بەرلین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووخێندرابێت.


دیارە هەڵكوتانە سەر دیواری بەرلین رووداوێكی عەفەوییانەی جەماوەری بوو، پاشان جیهان ئاكامەكەی بینی و مامەڵەیەكی ئیجابییانەی لەگەڵ ئاكامەكەی كرد، بەڵام ئەگەر لێرەوە وای دابنێین بۆ نموونە، گەلی ئەڵمانیای رۆژهەڵات پێش رووداوەكە خۆی رۆژی 9ی 11ی 1989ی بۆ رووخانی دیوارەكە دیاری بكردایەو بیگوتایە لەم رۆژەدا دیوارەكە دەڕووخێنین، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەموو جیهانی سەردەمی شەڕی سارد و كۆبوونەوە و وتووێژەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بەرامبەر ئەم بڕیارەی گەلی ئەڵمانیا چۆن دەبوو؟ ئایا پێیان دەگوتن جارێ كاتی نییە و چاوەڕێ بكەن، یان هەر بە ڤیتۆكانی ناو ئەنجومەنی ئاسایش هەڕەشە بە شەڕێكی دیكەی جیهانی دەكرا؟
جیاوازیی نێوان ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لەگەڵ رووخانی دیواری بەرلین تەنیا لەوەدایە كە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان دیاریكراو بووەو، جیهان بەتایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی، ئاگاداربوون كە گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئەو پرۆسەیە ئەنجامدەدات، بۆیە هەموویان مەبەستیان بوو ئەم پرۆسە دوابخرێت و ئەنجام نەدرێت، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی لەوە بترسن، یان نەزانن ئاكامی ئەم ریفراندۆمە چۆن دەبێت، یان ئەگەر بەڵێ بێت بەو جۆرە دەبێت و نەخێر بێت بە شێوەیەكی دیكە دەبێت، نەخێر، ئەوان زۆر باش دەیانزانی كە عێراق و كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەمان كوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم نابێت.


ئەگەر بۆ زیاتر رووی لێكچوویی كاریگەری پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان و رووخانی دیواری بەرلین بەراوردێكی دیكە لەنێوان كۆڕەوی بەهاری 1991ی كوردستان (كە ئەویش هەر ریفراندۆم بوو، بەڵام بە شێوەیەكی دیكە) لەگەڵ رووخانی دیواری بەرلین بكەین، كە دیسان گەلی كوردستان رەتیكردەوە لە عێراقی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سەدام حوسێن بژی، ئەوا دەبینین لەم حاڵەتەیاندا، لەبەر ئەوەی كۆڕەوی كوردستان بە هاوشێوەی رووخانی دیواری بەرلین، رووداوێكی عەفەوییانەی جەماوەری بوو، كە پێشوەختە بەرواری بۆ دیاری نەكرابوو، ئەوا جیهان ناچار بوو وەك خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكات و لەمەش زیاتر ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری 688ی دەركرد بۆ ئەوەی نەوای ئارام بۆ كوردستان دروست بكرێت و چیدیكە كورد لەژێر دەستی رژێمی سەدام حوسێن نەژی.



پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا جیهان دەیەویت رێز لە بەڵێی خەڵكی كوردستان نەگرێت، یان لە بنەڕەتدا دژی ئەنجامدانی پرۆسەكە بووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە كاردانەوە و هەڵوێستەكانی تەواوی جیهان لە پێش و پاش ئەنجامدانی پرۆسەكە دەیداتەوە و پێمان دەڵێت، جیهان نەیدەویست پرۆسەی ریفراندۆم لە كوردستان ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی جیهان باش دەزانێت ئەو دەرهاویشتانەی لە ئاكامی راپرسیی خەڵكی كوردستان دێتەئاراوە و بە هاوشێوەی رووخانی دیواری بەرلین، دەرهاویشتەگەلێكن كە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی سیستمی جیهانی دەگرێتەوە، پرسەكە تەنیا بریتی نییە لە پیشاندانی خواستی گەلێك بۆ سەربەخۆیی و دەستپێكردنەوەی دیالۆگ لە نێوان كوردستان و بەغدا بۆ ئەوەی پەیوەندی داهاتووی نێوانیان رێكبخرێتەوە، بەڵكو ئەمە جاڕدانی كۆتاییهاتنی ئەو سیستمە كۆنەیە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردۆتە ناوچەیەكی بێ سیستم و پاشاگەردانی و سەرەتای لەدایكبوونی سیستمێكی نوێیە كە دووبارە بە شێوەیەكی تازە هەموو ناوچەكە رێكدەخاتەوە و كۆی هاوكێشە سیاسییەكان پێناسە دەكاتەوە.



خاڵی گرنگ كە بە راشكاوی لە ئێستادا لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە كە داوا دەكەن، كوردستان دوای ئەوەی ریفراندۆمی ئەنجامدا، هەنگاوی دیكە هەڵنەگرێت، ئەمەش بەو مانایەی ئاكامی ریفراندۆمەكە تەرجەمە نەكات بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، بۆچی ئەوەندە دەترسن كە نەتوانرێت راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دوابخرێت، لەكاتێكدا گەلی كوردستان و سەركردایەتییە سیاسییەكەی ئامادەباشی پیشانداوە لەسەر ئەم پرسە ماوەی 2-3 ساڵ، دانوستاندن و وتووێژ بكات و ئەگەر پێویست بكات ئەو ماوەیەش زیاتر درێژ بكاتەوە؟ ئایا لەوە دەترسن گەلی كوردستان دواخستنی راگەیاندنی دەوڵەت لە سەركردایەتییەكەی قبووڵ نەكات و جەخت لەسەر راگەیاندنی دەوڵەت بكات و سەركردایەتی سیاسی كوردستانیش نەتوانێت لە بڕیاری گەلی خۆی دەربچێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خوێندنەوەی رووداوەكان لە چوارچێوەی جوگرافیای كوردستاندا بەو جۆرەیە، كە لە نێوان گەلی كوردستان و بڕیاری سەركردایەتییە سیاسییەكەی لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەكی باش هەیە و بەوجۆرە كەلێن دروست نابێت كە مەترسی ئەوەی لێبكرێت گەلی كوردستان خواستێكی هەبێ و سەركردایەتییە سیاسییەكەی بڕیارێكی دیكە بدات، هەروەها ئەو مەترسییانەی سەركردایەتی سیاسی هەستی پێدەكات بە هەمان شێوە گەلی كوردستانیش هەستی پێدەكات، بەڵام مەترسیی سەرەكی ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەی ئێستا خۆیان بە ئیمپراتۆریەت دەزانن!! و پێیانوایە دەبێت ئاراستەی رووداوەكان بە كەیفی ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەسم بكرێت، ئەوان ترسی ئەوەیان هەیە كاریگەریی ئیرادەی خەڵكی كوردستان ببێتە ئیلهامبەخشی گەلەكانی خۆیان و كاتێك بڕیاریان دا وەك تونس و میسر و لیبیا هەموویان رابماڵێت. بە واتەیەكی دیكە، كاتێك گەلی كوردستان لەسەر بنەمای نەمانی شەراكەت و هاوبەشی راستەقینە و گۆڕینی سیستمی دیموكراتی بۆ سیستمێكی ئایینی و تایفەگەرایی، بڕیار دەدات لە عێراق جیا ببێتەوە و بەشێك نەبێت لەو رژێمە تائیفییە، ئەوا سبەی عەرەبی سوننە لەبەر ئەوەی عەرەبە و مەزهەبەكەی سوننەیە، ئەو رژێمە سیاسییەی ئێستای عێراق رەتدەكاتەوە، هەروەها عەرەبی شیعەی عێراق كە نایەوێت ببێتە پاشكۆی نەتەوەیەكی دیكە لەسەر بنەمای مەزهەبگەرایی و نایەوێت لە ژینگە عەرەبییەكەی داببڕێت، ئەو رژێمە ئایینی و تائیفیە رەتبكاتەوە.


لەبەرامبەر ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی كە چاوەرێی عێراق و وڵاتانی دەورووبەری دەكات، بێ ئومێدبوونی هەموو لایەك لەسەر ئەوەیە، كە ئەو دەوڵەتانە نە خۆیان دەگۆڕێن بۆ سیستمێك كە گەلەكانی خۆیان رازی بكەن، نە دەشتوانن تاسەر گەلەكانیان سەركوت بكەن، بۆیە لەنێوان ئەم دوو دژوارییەدا، بژارەی سەرەكی بۆتە ئەوەی پارێزگاری بە وەزعی راهینەوە بكرێت، بۆ ئەوەی لانیكەم هەتا شەڕی دژی داعش كۆتایی دێت، گۆڕانكارییەكان دوابخرێن، بەڵام كاتێك كاتی گۆڕانكاری هات و گەلەكان بڕیاریاندا ئەوە باشترە جیهان وەڵامدانەوەی گونجاو و پێویستی بۆ ئەو گۆڕانكارییانە هەبێت، نەك وەك راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە 2011 مامەڵەی لەگەڵ بكەن، كە هەتا ئێستاش بە دەست پاشاگەردانییەوە دەناڵێنن، بۆ كوردستان كە رۆڵێكی دیار و چالاكی لەشەڕی دژی داعشدا هەبووە، لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆییش نەك هەر هەمان رۆڵی دەبێت لە تێكشكاندنی سەربازیی تیرۆریستانی داعشدا، بەڵكو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەبێتە وێستگەی یەكەمی لە ریشەهەڵكێشانی فیكری رادیكالیزمی ئیسلامی لە سەرانسەری ناوچەكەدا.
Top