وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: تورکیا خواستی هەیە لەبارەی ئاو لەگەڵمان رێکبکەوێت

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: تورکیا خواستی هەیە لەبارەی ئاو لەگەڵمان رێکبکەوێت
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پرۆتۆکۆڵێکیان لەبارەی پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرچاوە ئاوییەکان داوەتە تورکیا و تێیدا وردەکاریی پێداویستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق خراوەتەڕوو. هاوکات تورکیاش خواستی بۆ رێککەوتن لەبارەی ئاو لەگەڵ عێراق هەیە و بڕیاردراوە لە رۆژی 15-1-2021 دەست بە گفتوگۆ بکرێت لەبارەی پرۆتۆکۆڵەکەوە.

مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق زانیاریی وردی لەبارەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری ئاشکراکرد، رایگەیاند، سەردانەکە سەردانێکی مێژوویی بووە بۆ عێراق و گفتوگۆی جیددی کراوە لەسەر کێشەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی سەرچاوەی ئاوی دیجلە و فورات و بەنداوی ئەلیسۆ.

حەمدانی رایگەیاند، پرۆتۆکۆڵێکیان لەبارەی پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرچاوە ئاوییەکان داوەتە تورکیا، جگە لە وردەکاریی پێداویستیی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، لە پرۆتۆکۆڵەکەدا باس لە چۆنیێتی بەردانەوەی ئاو کراوە لە بەنداوی ئەلیسۆ بەشێوەیەک کاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق نەبێت.

لەبارەی رێککەوتنی تورکیا و عێراق لە بواری ئاویدا، حەمدانی دەڵێت، "تورکیا خواستی بۆ رێککەوتن لەبارەی ئاو لەگەڵ عێراق هەیە و بڕیاردراوە لە رۆژی 15-1-2021 دەست بە گفتوگۆ بکرێت لەبارەی پرۆتۆکۆڵەکەوە". ئەو گوتی، بڕیاردراوە ناوەندێکی توێژینەوەی هاوبەش لەنێوان تورکیا و عێراق دروستبکرێت لەبارەی پێداویستیی ئاو لە عێراق و شێوازی بەکارهێنانی ئاو، ناوەندەکە بارەگاکەی لە بەغدا دەبێت و لە هەرێمی کوردستان و بەسرەش لقی دەبێت. ئەوەش یەکەمجارە عێراق پرۆتۆکۆڵ دەداتە تورکیا لەبارەی سەرچاوە ئاوییەکانەوە.

بە گوتەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، تورکیا بەردەوام لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا ئاماژە بەوە دەکات، عێراق ئاو بەهەدەر دەدات و ئەو ئاوەی بەری دەدەنەوە بۆ عێراق بەبێ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێت دەڕژێتە دەریاکانەوە. لە گفتوگۆکانیشدا باسیان لەوەکردووە، عێراق ئاو بە فیڕۆ نادات و بە شێوەیەکی زانستی ئەوە بۆ تورکیا و جیهان دەخەنەڕوو کە عێراق دەستی کردووە بە شێوازی نوێ لە ئاوداریدا بۆ ئەوەی بەهەدەردان نەمێنێت.

حەمدانی پێی وایە، "بە رێژەی جیاواز" بەهەدەردان لە هەموو وڵاتێکدا هەیە، تورکیاش بە رێژەیەک بەهەدەردان لە ئاو دەکات. کارێکی ناڕەوایە رەخنە لە عێراق بگیرێت لەوبارەیەوە، چونکە عێراق لەدوای ساڵی 2014وە لەشەڕی داعشدا بووە و بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەڕبووە.

مەهدی رەشید حەمدانی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەو پلانانەی بۆ داهاتووی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری ئامادەیان کردووە. رایگەیاند، نەخشەڕێیەکیان ئامادەکردووە کە دۆخی ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکان لە عێراق هەتاوەکو ساڵی 2035 رووندەکاتەوە، لە ئامادەکردنی نەخشە رێگەکەشدا هەرێمی کوردستان بەشداربووە.

حەمدانی تیشکی خستەسەر ئەوەی عێراق پلانێکی ستراتیژیی نییە بۆ ئەوەی پێویستی بە سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی سنوور کەمبکاتەوە، گوتی، 80٪ـی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق لە دەرەوەی سنوورن. لەبارەی دروستکردنی بەنداو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت توێژینەوە بکرێت بۆ پێویستیی دروستکردنی بەنداو و شوێنی دروستکردنەکەی. هاوکات لە دوای پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2021 دەست بە دروستکردنی بەنداوی مەکحولە دەکەن لە پارێزگای سەلاحەددین.

لەنێوان عێراق و ئێراندا رێککەوتنی ساڵی 1975 هەیە کە رێککەوتنێکی گشتییە و بەشێکی لەسەر پرسی ئاوە. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لە گفتوگۆکانی عێراق کرد لەگەڵ ئەو وڵاتە لەبارەی کێشە ئاوییەکانەوە و رایگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران دیداریان ئەنجامداوە و ئێران "هەڵوێستی ئەرێنی" هەیە لەو بارەیەوە.

ئێران داوای جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەکات کە بەشێکی سەرەکی سیاسییە و بابەتی سنووریشی تێدایە، بەڵام عێراق وەک ئەو وەزیرە باسی دەکات، دەیەوێت پرسی ئاو لە بابەتە سیاسییەکە جیابکاتەوە.

حەمدانی گەشبین بوو بە داهاتووی عێراق لەبارەی کشتوکاڵ و ئاودێرییەوە و ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵ دەکات و لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 هەنگاوی گەورە نراوە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری، دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتیانی عێراق کە لەبارەی کەمی ئاو نیگەران نەبن. دەڵێت، "بەشی پێویست ئاو لە بەنداوەکاندا گلدراوەتەوە و هاوینی داهاتوو دۆخی ئاو باشتر دەبێت".
rudaw -
Top