مالیکی: هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا ناکرێت و ڕەنگە بکەوێتە ساڵی 2022
نووری مالیکی، سەرۆکی پێشووتری حکوومەتی عێراق، لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا رای گەیاندووە، کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناتوانێت لە وادەی دیاریکراو و لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا هەڵبژاردن بەڕێوە ببات و دەشڵێت قسە لەسەر مانگی١٠ و و ١١ دەکرێت، بەڵام من پێم وایە دەکەوێتە وادەی خۆی لە مانگی نیسانی 2022“.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، نووری مالیکی گوتی: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن خۆیان بە منیان گوت کە ناتوانن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوودا بکەن، قسە لەسەر مانگەکانی ١٠ و ١١دەکرێت و منیش پێم وایە ئەکەوێتە وادەی خۆی، کە مانگی چواری 2022ە".
مالیکی گوتیشی: "ئێمە نامانەوێ هەڵبژاردن بۆ ئەوە بێت کۆمیسیۆن بڵێ هەڵبژاردنمان کرد، بەڵکوو دەمانەوێ هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی ئارامدا بەڕێوە بچێت، کە تەزویر رابگرین، چونکە لە قۆناغی رابردووی هەڵبژاردن لە ئەنجامەکاندا بە شێوەیەکی فراوان تەزویر کران".
سەبارەت بە رێژەی بەشداریی خەڵکیش لە هەڵبژاردن، مالیکی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زۆری خەڵک بەشداری بکات، کە لانیکەم بگاتە 60%، کە رێژەیەکی قبووڵکراوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، نەک وەک هەڵبژاردنی رابردوو، کە رێژەی بەشداریی خەڵک لە 19.4% تێنەپەڕێ، ئەوەش ژمارەیەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبوڵکراو نییە، دەمانەوێ رێژەی بەشداریی خەڵک بگاتە 60% بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەقامگیر و باوەڕپێکراو بێت".
سەبارەت بە تەزویریش مالیکی رای گەیاندووە: "دەمانەوێ ئاسایش بۆ پاراستنی سندووقەکان دابین بکرێت و لە تەزویر بپارێزرێت، دەمانەوێ پسوولەی زیرەک نەهێڵدرێت، کە دەتوانرێت بەهۆیەوە تەزویر بکرێت، وەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کرا. خۆشبەختانە ئێستا کۆمیسیۆن وەڵامی داوەتەوە و دەستی کردووە بە دەرهێنانی ناسنامەی بایۆمەتری. بۆیە ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردن بکرێت و دەشمانەوێ پێشوەختە بکرێت، بەڵام دەمانەوێ بە تایبەتمەندی و بە بەشدارییەکی بەرزی خەڵک بێت، بۆ ئەوەی بڵێین هەڵبژاردنێک کراوە نە تەزویری تێدا بووە و نە رێژەی بەشداریشی زۆر کەمە، نە کەموکوڕیی ئەمنی هەبووە لە پاراستنی سندووقەکانی دەنگداندا".
لە وەڵامی پێشبینیی بۆ نەخشەی سیاسیی داهاتووی عێراق مالیکی گوتی: "کەس ناتوانێ لە ئێستاوە پێشبینیی نەخشەی سیاسی بکات، چونکە ئەوە هەڵبژاردنە و چەندین هۆکار کاری تێدا دەکەن و بەرزی دەکەنەوە و نزمی دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی لەسەری رێک کەوتووین ئەوەیە، کە حکوومەتی داهاتووش حکوومەتێکی هاوپەیمانیی دەبێ، لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور، کە قەوارەی گەورە لە پەرلەمان پێک دێ و حکوومەت پێک دێنێت، نەک ئەو قەوارە گەورەیەی کە هەڵبژاردن دەباتەوە، چونکە ئێمە دوو جۆر قەوارەمان هەیە، قەوارەیەکیان براوەی گەورەی هەڵبژاردنە، ئەوەی تریان قەوارەی گەورەی پێکهێنراوە لەناو پەرلەمان، ئەمەیان حکوومەت پێک دێنێت، واتە حکوومەتی داهاتوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی قەوارە سیاسییەکان دروست دەبێت، هەر لەوێش سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن".
سەبارەت بە دەنگۆی کەمبوونەوەی 20 کورسیی پێکهاتەی شیعە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، مالیکی ڕای گەیاند: "دەبیسین کە ئەوانەی شارەزا و پسپۆڕی بواری داتا و ژمارەکانن دەڵێن، هەڵبژاردنی داهاتوو رێژەی شیعە کەمتر دەبێتەوە، هەندێکیشیان دەڵێن نا دەنگی ئەو پێکهاتەیە کەم نابێت و هەشە دەڵێ چوار پێنج کورسیی پێکهاتەی شیعە لە هەندێک ناوچە کەم دەبێت و من پێشبینی ناکەم کورسیی پێکهاتەی شیعە کەم بکاتەوە، مەگەر بە ژمارەیەکی دیاریکراو".
باسنيوز