ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانەوە دوو بژارە دەخاتە بەردەم عێراق
فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئەمریکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، دوو بژارە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی عێراق.
پەرلەمانتارێکی عێراق، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێ، بە رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، فرانک ماکینزی، فەرماندی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فەریق روکن عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، دو بژارەکەی خستووەتە روو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، فرانک ماکینزی داوای لە عێراق کردووە هەوڵ بدا هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بوەستێنێ و هێرشکاران بەپێی یاسای تیرۆر، دادگایی بکات.
ئەو فەرماندە ئەمریکییە هۆشداریی داوە لەوەی لە ئەگەری هەر هێرشێکی دیکە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا حکوومەتی ئەمریکا دوو بژارەی لەبەردەم دەبێت، کە بریتین لە؛
- وەڵامدانەوەی هێرشەکە بە لێدانی سەربازی
- داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
گرووپەکانی حەشدی شەعبی بەردەوام بە مووشەک باڵوێزخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەنە ئامانج و حکوومەتی عێراقیش توانای کۆنترۆڵکردنیانی نییە.
پێشتر چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە ئەمریکا بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشە مووشەکییەکانەوە، قورسایی دیپلۆماسیی خۆی لە عێراق لە بەغداوە دەگوازێتەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەهۆی مەترسیی هێرشی میلیشیاکان لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی بۆ سەر باڵوێزخانەکە، نزیکەی نیوەی دیپلۆمات و کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەرەو هەولێر کشێندرانەوە.
دوایین هێرشی مووشەکی، کە کرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە شەوی یەکشەممە 21-12-2020 بوو، کە هەشت مووشەک ئاراستەی باڵەخانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنیوز