وەزارەتی پلاندانان: سێ هەزار و 700 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەكی لە عێراقدان

وەزارەتی پلاندانان: سێ هەزار و 700 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەكی لە عێراقدان
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، سێ هەزار و 700 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەكی لە عێراقدان، بەغداش لە ریزبەندیی پێشەوەی ئەو شارانەیە کە زۆرترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکیی تێدایە.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راگەیاند "سێ هەزار و 700 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکی لە عێراقدان، کە سێ ملیۆن و 400 هەزار عێراقی تێیاندا دەژین، ئەو ژمارەیەش رێژەی 12%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت".

بەگوتەی هنداوی، لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق، بەغدا بە پلەی یەكەم دێت كە هەزار كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەكیی تێدابێت؛ هەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە و نەینەواش بە 700 كۆمەڵگە لەدوای بەغدا بە پلەی دووەم دێن، پارێزگای كەربەلا بە 98 كۆمەڵگە و نەجەفیش بە 99 كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە ریزبەندیی ئەو شارانەن کەمترین ژمارەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی هەڕەمەکییان بەرکەوتووە".

سەبارەت بە هەوڵەكانی چارەسەركردنی قەیرانی كۆمەڵگە هەڕەمەكییەكان، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی "لە خولی پێشووی پەرلەماندا وەزارەتی پلاندانان پرۆژە یاسایەكی بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە پێشكەشی پەرلەمان كرد، بەڵام تێنەپەڕێندرا، خوازیارین لەم خولەدا رەشنووسی پرۆژە یاساکە پەسندبكرێت".

هنداوی باسی لەوەش کردووە "پرۆژە یاساكە سوودی لە نەخشەڕێگەیەک وەرگرتووە كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكراوە و چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانەش دابەشكردنی زەویی نیشتەجێبوون بەسەر دانیشتووانی كۆمەڵگەكان یان دروستكردنی كۆمەڵگەی نوێ بۆیان".
rudaw -
Top