وەزیری بازرگانیی عێراق: پارە بۆ خۆراکی مانگانە و شایستەی دارایی جووتیاران تەرخان کراوە

وەزیری بازرگانیی عێراق: پارە بۆ خۆراکی مانگانە و شایستەی دارایی جووتیاران تەرخان کراوە
وەزیرى بازرگانیى عێراق ڕای گەیاندووە لە پرۆسژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراقدا پارە بۆ بەشە خۆراکی مانگانە و شایستە داراییەکانی جووتیاران تەرخان کراوە.

عەلا جبوورى، وەزیرى بازرگانیى عێراق بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە: "لە پڕۆژەیاسای بوودجەى ساڵى 2021ی حکوومەتدا بڕێک پارەى بۆ دابینکردن و باشکردنى بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتییان تەرخان کردووە و لەناو پلانێکدا جێگاى کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنى لە ئەگەرى ڕوودانى حاڵەتى کتوپڕدا".

جەختیشى کردووەتەوە، ئەو پلانەى کە دانراوە بۆ پاڵپشتیکردنى بەشە خۆراکى مانگانە لەلایەن وەزارەتى بازرگانییەوە جێبەجێ دەکرێت.

وەزیرى بازرگانیى عێراق ئاشکراشی کردووە، بودجەیەک بۆ شایستەی دارایی جووتیاران تەرخان کراوە و بڕى ئەو پارەیەى کە لە بودجەکەدا بۆ شایستەداراییەکانى جووتیاران تەرخان کراوە دەگاتە سێ تریلیۆن دینار بۆ وەرزى داهاتوو، 500 ملیار دیناریش بۆ ئەم وەرزە، وەزارەتیش لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا دەست دەکات بە دابەشکردنى ئەو 500 ملیارە دواى تەواوکردنى سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنى ئەو شایستە داراییانە".












باسنيوز



Top