كازمی فه‌رمانیكردووه‌ سنووری عێراق و سووریا به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵ بكرێت

كازمی فه‌رمانیكردووه‌ سنووری عێراق و سووریا به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵ بكرێت
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، فه‌رمانیكردووه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی سنووری عێراق و سووریا به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵ بكه‌ن.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) رایگه‌یاند، سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانیكردووه‌، كه‌ پێویسته‌ سنووری عێراق و سووریا به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵ بكرێت و بپارێزرێت.

گوتیشی: سنووری عێراق و سووریا (610) كیلۆمه‌تره‌. زۆربه‌ی كۆنترۆڵ كراوه‌. له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ زۆر كار كراوون. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاویش، ئامێر و كه‌رسته‌ی هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌قی ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و خه‌نده‌قه‌كه‌ له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌. هه‌روه‌ها به‌ربه‌ستی خۆڵی و ته‌لبه‌ند كراوه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هاوكار بوون بۆ دابینكردنی ئه‌و كه‌رستانه‌. فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانیش چه‌ندین تاوه‌ری گه‌وره‌ و به‌رزیان درووست كردووه‌ و ئامێری پێشكه‌وتووی لێ دانراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت لێیانه‌وه‌ چاودێری ره‌وشی ناوچه‌ سنوورییه‌كان بكرێت.
k24 -
Top