ئەندامێکی لیژنەی دارایی: شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەکانی عێراقە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەکانی عێراقە
ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند سیاسەتی شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵی و دزییانەیە كە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراقی تەنھا بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان كردوویانە.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "سیاسەتی شكاندنی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لە بەرژەوەندیی حكوومەتی عێراقە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو گەندەڵی و دزییانەیە كە چەندین ساڵە دەسەڵاتدارانی عێراقی تەنھا بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان كردوویانە و ئێستا بووەتە ھۆی خاڵیبوونی بانكی ناوەندیی عێراق".

ڕوونیشی کردەوە: "دابەزاندنی بەهای دراو بۆ عێراق وەكوو حكوومەت باشە، بەڵام هاووڵاتی زیانمەند دەبێت، چونکە خەرجییەكانی عێراق بە دینارە، فرۆشتنی نەوتی بە دۆلارە كە شادەماری سەرەكیی داھاتی عێراقە، بەڵام كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر بازار، لەبەر ئەوەی عێراق دەوڵەتێكی بەرھەمھێن نییە كە بتوانێت پێداویستییەكان بۆ ھاوولاتییان دابین بكات و زۆربەی ھەرە زۆری لە دەرەوە بۆ ناوەوەی عێراق هاوردە دەکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکی بازاڕ و هاووڵاتی باجی ئەو سیاسەتە دەدات".

ئەرشەد لۆلانی دەشڵێت: "ئەم سیاسەتە ئابوورییە بۆ وڵاتێك دەشێت كە رێژەی ھەناردەی زۆر بێت، نەك 80%ی پێداویستییەكانی رۆژانە لە وڵاتانی دەرەوە بۆ ناوەوەی عێراق هاوردە بکرێت، بۆیە خۆی ئەوەی ڕوو دەدات، دەرەنجامی بێ دەسەڵاتیی حكوومەتی عێراقە بەرامبەر ئەو گرووپانەی كە بەشێكی زۆری داھاتی عێراقیان بردووە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ باسکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و ڕێگەچارەی نرخی شتومەک و کاڵا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان سبەی سێشەممە کۆ دەبێتەوە".













باسنیوز


Top