لە پەرلەمانی عێراق رێوڕەسمێک بۆ یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی بەڕێوە دەچێت
یادکردنەوەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ شەممە 19-12-2020 بە ئامادەبوونی ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە بەغدا، بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمی یادکردنەوەکە لە هۆڵێکی گەورەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و سەرکردەی باڵای عێراق، ساز کرا.
ئەو بەرپرسانەی بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد:
- محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان
- حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان
- نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
- هادی عامری، سەرۆکی میلیشیای بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح
- عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە
- فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
- فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی
- ژمارەیەک پەرلەمانتار
- ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و ئەمنی
لەو رێوڕەسمەدا، وێنەیەکی گەورەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە هۆڵەکە هەڵواسرابوو و هاووڵاتییانی عێراقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزاییان دەربڕی، بەهۆی ئەوەی لە پەرلەمانی عێراقی وێنەی فەرماندەیەکی ئێرانی هەڵدەواسرێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز