هێزەکانی عێراق خانووەکانی پەلکانە بە چۆڵ تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی بیاندەنە عەرەبی هاوردە
هەندێک لەدانیشتووانی پەلکانە ویستیان بگەڕێنەوە گوندەکەیان، بەڵام رێگرییان لێکرا.
بەختیار پەلکانەیی، دانیشتووی پەلکانەیە و دەڵێت: "دوو هەمەریان داناوە. چوومەوە، رامیانگرت، گوتیان: 'بۆ کوێ؟' گوتم: 'دەچمەوە، لەسەر زەوییەکەم بووم.' گوتیان: 'قەدەخەیە، بگەڕێوە.' "
ئەگەرچی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک لە دەرکردنی فەرمانی گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ پەلکانە پاشگەز بووەتەوە، بەڵام هێزە سەربازییەکان و عەرەبی هاوردە ئەو خانووانە تۆماردەکەن کە هاوردەکان چاویان تێبڕیون.
یەکێک لەو خانووانەی خاوەنەکەی ویستی نۆژەنی بکاتەوە، هێزەکان بە گوشار کارەکانیان پێی راگرتووە و وەک خانووی چۆڵ تۆماریان کردووە.
فاخیر محەممەد، دانیشتووی پەلکانەیە و دەڵێت: "ئەمە خانووی عەلی رەحمانە ،دەیەوێ خێزان بۆ کوڕەکەی پێکەوە بنێت. پێیان راگرتووە. تەماشا بکە، خەریکی نۆژەنکردنەوەیە و دروستی کردووە. لێناگەڕێن. ئەو عەرەبانە هاتوون دەیانەوێت دەست بە داگیرکردنی بکەن."
هاوردەکان پەیتاپەیتا خۆیان دەخزێننە پەلکانەوە، خەڵکی ئەوێ درک بە پیلانێکی گەورە دەکەن.
هۆزی مامەسێنی کە یەکێک لە هۆزە کوردییە گەورەکانی ناوچەکەن، کۆبوونەتەوە تا رێگەچارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە. سەرۆکی هۆزەکە ترسی ئەوەی هەیە پیلانگێڕییەک لە دژی ناوچەکەیان هەبێت کە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی سامانی سرووشتیی ئەوێیە.
مەعرووف حەمەدەمین، سەرۆکی هۆزی مامەسێنی راگەیاند: "لە سنووری کەندێناوە 350 بیرە نەوت هەن، هەوڵێک هەیە کە دەستی بەرپرسانی ئێمە و ئەوانیشی تێدایە عەرەب بهێننەوە تا تاڵانیی نەوت بکەن."
لیژنە دروستکراوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی ناوچەکە چاوەڕێی ئەوەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.
لیژنەکە بە ئەندامێتیی 10 پەرلەمانتار لە لیژنە هەمیشەییەکانی ناوخۆ و ئاسایش و بەرگری و کشتوکاڵ و نوێنەرانی کەرکووک بڕیارە دوای دەنگدان لەسەری لەنێو پەرلەماندا سەردانی مەیدانی بکەن.
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی دەرچوون، بۆچی تائێستا ئیدارەی کەرکووک جێبەجێی نەکردوون؟ مافی پەرلەمانە و دەبێت بە جیددی بێنە سەر خەت. دەبێت ئەو لیژنەیەش بە زووترین کات بۆ ناوچەکە دەستبەکار ببێت، نەک تەنیا راسپاردە بنووسێت. دەبێ بەرزی بکاتەوە، بەڵام دەبێت بەدواداچوونی تەواو هەبێت، چونکە بە داخەوە دەسەڵاتی جێبەجێکار راسپاردەی لیژنە وەردەگرێت و جێبەجێ ناکرێت."
سنووری سەرگەڕان لە 42 گوند پێکدێن کە دوو گوندیان عەرەبنشینن و 40 گوندیان کوردین. لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017وە دەیان هەوڵی بەعەرەبکردنی ناوچەکە دراوە.
rudaw -