کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئامادەیە هاوکاری کۆمسیۆنی عێراق بکات

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان ئامادەیە هاوکاری کۆمسیۆنی عێراق بکات
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە نوسراوی فەرمی ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە. پیشبینیش دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی ئه‌یلوول یان تشرینی دوومی ساڵی داهاتوو دوابخرێت، بەرپرسێکی دەزگای هەڵژاردنی پارتیش دەڵێت تا ئێستا بودجە بۆ هەڵبژاردنەکە دابین نەکراوە.

کۆمیسینی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە و ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئەوەی هاوکارییان بن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوان لە نامەکە پێیان راگەیاندون، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەتوانن لە رووی راوێژکردن و هەماهەنگی و لایەنی لۆجستی هاوکاریییان بن، بەڵام بەهۆی کۆمەڵیك کێشە لەبەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامییان نەدراوەتەوە، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق دوابکەوێت.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردن و راپرسی گوتی: "وه‌ك نیازپاكی خۆمان پێمانڕاگه‌یاندوون، ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێویستییان به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان هه‌یه‌، له‌ بواری لۆجستی، راوێژكاری و مه‌یدانی، هه‌ر بوارێك خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ك كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی كوردستان، بێگومان ئاماده‌ییمان هه‌یه‌ بۆ سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌ نیشتمانییه‌".

حکومەتی عێراق ناوەڕاستی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردوە، لە کاتێکدا کەمتر لە (7) مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیە، ئامادەکارییە گرنگەکانی نەکردوە، یەک لەوانە بودجەی دابین نەکردوە، کە نزیکەی (300) ملیۆن دۆلاری پێوستە، بێ ئەو ئامادەکارییانە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی دیاری کراودا بە ئەستەم دەزاندرێت.

هه‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی پێشوه‌خت، "کاوە گەردی"، کارگێری دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، (3) فاكته‌ری سه‌ره‌كی پێوسته‌‌، بودجه‌ و كات و سامانی مرۆییه‌، له‌كاتێكدا بودجه‌ نییه‌، كاتمان به‌ره‌و‌ كۆتایی ده‌ڕوا، (6) مانگێك ماوه‌، نزیكه‌ی (300) هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ستی پێویسته‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی پێوستیان به راهێنانه‌، بۆیه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌كاتی خۆیدا بكرێت".

چەندین ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە هەن، لەوانە دۆخی تەندروستی و ئەمنی و سیاسی لە عێراق، لەسەرووی هەمووشیان گەورەترین ئاستەنگ بودجەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بۆیە پێشبینی دەكرێت بەهۆی قەیرانی داراییەوە حکومەتی عێراق ئەو هەڵبژاردنە بەقەرز ئەنجام بدات، یان بۆ كاتێكی دیكە دوای بخات.
k24 -
Top