جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ ئاڵۆزییەکانی پەلکانە پێک دەهێنێت

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ ئاڵۆزییەکانی پەلکانە پێک دەهێنێت
ئه‌مڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەکی پەرلەمانی کە پێکهاتووە لە پەرلەمانتارانی پێکھاتەکانی کەرکووکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ به‌دواداچوونی ئاڵۆزییه‌كانی په‌لكانه‌ پێك هێنا.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13/12/2020، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ پێی فه‌رمانێك كه‌ بۆ پێکهێنانی لیژنەکەی دەرکردووە و لە پەرلەمانتارانی پێکھاتەکانی کەرکووکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێك دێن، به‌دواداچوون بۆ ئاڵۆزییه‌كانی په‌لكانه‌ ده‌كه‌ن.

کاری لیژنەکە بەدواداچوون دەبێت بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە ماوەیەکە لە ناوچەی پەلکانەی سەر بە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی سەڵاحەدین و ديالە سەریان هەڵداوەتەوە، ئەویش بەهۆی کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بەردەوامیی هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکە و دەرکردنی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە و هەڕەشە کردن لێیان لە رێگەی هێزی سەربازی جێگیرکراو لە ناوچەکەدا .

دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، پێویستە لیژنەکە بە زوترین کات بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و راپۆرتی خۆی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، تاوەکو ئەوانیش بابەتەکە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان تاوتوێ بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کیشەکانی ئەو ناوچەیە بدەن.

حەداد، داواشی لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری جدیتر بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین لە پارێزگای دیالە، و دوزخورماتوو له پارێزگای سەڵاحەدین، چونکە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە و مانەوەیان بە هەڵپەسێردراوی بەردوامی دانە بە ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچانە و زۆربوونی هەڕەشەی تیرۆرە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە.











باسنيوز



Top