په‌رله‌مانتارێک: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت

په‌رله‌مانتارێک: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکلاکەرەوە دەبێت


پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکلاکەرەوە دەبێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 12-12-2020، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مافە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆ ببێتەوە.

توعمه‌ حه‌مادی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، چاوەڕێ دەکرێ کۆبوونەوەکە، کە کۆبوونەوەیەکی ”گرنگ و یەکلاکەرەوەیە“، ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە.

توعمە حەمادی هەروەها رایگەیاند، گرنگە لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێن و ”هەرێمی کوردستانیش جددیە“ لە چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ عێراق.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی سووربوونی پارتەکەی لەسەر دیاریکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، نیشان دا و رایگەیاند، ”دڵنیایی ده‌ده‌مه‌ خه‌ڵكی کوردستان ئه‌مرۆ ده‌رئه‌نجامی باش ده‌بێت و یه‌كلاكەره‌وه‌ ده‌بێت".





باسنیوز
Top