پارێزگاری نەینەوا: دەبێ سوود لە ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبگرین
پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیەنێت، کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکەی، دەبێ سوود لە ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، پسپۆڕان بەهای ئەو زیانانەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوای داوە، بە 15 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.
نەجم جبوری داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری مووسڵ و شار و شارۆچکەکانی دیکەی نەینەوا، هاوشێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەنا بۆ وەبەرهێنان ببات.
پارێزگاری نەینەوا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە، پێویستییان بە بڕی حەوت ملیار دۆلارە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
ئەگەرچی لە 9-12-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2014-2018)، کۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام خەڵکی مووسڵ و شارەکانی دیکەی نەینەوا باس لەوە دەکەن، کە حکوومەتی عێراق هێشتا شارەکەی ئاوەدان نەکردووەتەوە.
باسنيوز