تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش داوای هاوكاری زیاتر له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات

تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش داوای هاوكاری زیاتر له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات

تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش داوای هاوكاری زیاتر له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتی زیاتر له‌باره‌ی تاوانه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ عێراق و سووریا به‌ده‌ست بهێنن.

كه‌ریم ئه‌سعه‌د ئه‌حمه‌د خان، راویژكاری تایبه‌ت و سه‌رۆكی تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش، نوێترین راپۆرتی تیمه‌كه‌ی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش له‌ عێراق و سووریا پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد و رایگه‌یاند، تیمه‌كه‌یان به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستخستنی سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی داعش، كه‌ دژی هاووڵاتیانی‌ عێراق و سووریا ئه‌نجامیداون.

هه‌وره‌ها گوتیشی: چه‌ندین ته‌كنه‌لۆژیانی پێشكه‌وتوویان به‌كارهێناوه‌ بۆ گه‌یشتن به ‌سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌ی تاوانه‌كانی داعش له‌ دژی هاووڵاتیانی ئه‌و دوو وڵاته‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌.

نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له‌به‌رده‌م كاره‌كانیانه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌نگاوی باشیان ناوه‌‌ و گوتیشی:‌ ئه‌مساڵ بۆ ئه‌وان زۆر سه‌خت بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كوشنده‌ی كۆرۆنا.

كه‌ریم ئه‌سعه‌د ئه‌حمه‌د خان داواشی له‌ وڵاتانی ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد،‌ هاوكاری زیاتری تیمه‌كه‌یان بكه‌ن، بۆ ده‌ست گه‌یشتن به‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنته‌كانی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی داعش له‌ عێراق و سووریا.
k24 -
Top