په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی ئاماده‌نین شنگال چۆڵ بكه‌ن
چوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ ناو حه‌شدی شه‌عبی له سنووری قه‌زای شنگال و نه‌كشانه‌وه‌ی حه‌شدیش له‌و سنووره، دژی رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگاله، كه له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی عێراق واژۆكراوه، كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه، ده‌بێت په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی شنگال چۆڵ بكه‌ن و دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه ته‌نیا له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت.
له‌وباره‌یه‌وه شێخ شامۆ، راوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزیدیان ئه‌م كاره به پێشێلكردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه ده‌زانێت و ده‌ڵێت: ئه‌و كاره دووباره دۆخه‌كه ئاڵۆز ده‌كاته‌وه.
شێخ شامۆ گوتی: راگه‌یاندنی ئه‌و رێككه‌وتنه سه‌ره‌تا خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ی دڵخۆشكرد و هه‌موو لایه‌ك وا بیریان ده‌كرده‌وه، كه ئیتر دۆخی ناوچه‌كه‌یان ئاسایی ده‌بێته‌وه و له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی دوور ده‌كه‌ونه‌وه، به‌وه‌ی كه به‌گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه ده‌بێت هه‌موو هێزه ده‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كه بكشێنه‌وه، به‌ڵام دواتر به داخه‌وه ئه‌نجامه‌كه پێچه‌وانه بوو و له پراكتیزه‌كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌دا كه‌موكوڕی زۆر ده‌ركه‌وت.
راوێژكاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری ئێزیدیان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،" كاتێك رێككه‌وتنێك له نێوان دوو لایه‌ندا واژۆده‌كرێت، ده‌بێت له جێبه‌جێكردنیشدا هه‌ردوولایه‌نه‌كه به‌شدار بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی كرا، ته‌نیا لایه‌نی عێراقی خۆی له جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌دا سه‌پاند، به‌مه‌ش حه‌شدی شه‌عبی كه ده‌بوایه له ناوچه‌كه بكشابایه‌وه، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا نه‌كشایه‌وه، به‌ڵكو چه‌كدارانی ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به په‌كه‌كه‌شن چوونه ریزی حه‌شدی شه‌عبی و به‌یه‌كه‌وه له ناوچه‌كه ماونه‌ته‌وه".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری "یه‌به‌شه" كه به‌باڵی چه‌كداری په‌كه‌كه له شنگال داده‌نرێت، له‌سه‌ر میلاكی حه‌شدی شه‌عبی مووچه له حكومه‌تی عێراق وه‌رده‌گرن و به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی دیكه‌ش كه له نێوانیان كراوه، 500 كه‌سی دیكه‌ش له چه‌كدارانی یه‌به‌شه ده‌خرێنه سه‌ر میلاكی فه‌وجی 80ی حه‌شدی عه‌شائیری.
هاوكات ماجد شنگالی، په‌رله‌مانتاری پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی سسته و ناتوانێت هیچ بڕیارێك به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێت و جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له شنگال كردوویه‌تی ته‌نیا تاكتیكه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پێشووی عێراق گوتیشی: "دۆخی ئێستای شنگال زۆر له كاتی پێش رێككه‌وتنه‌كه سه‌ختتره، چونكه چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچه‌یه ناكشێنه‌وه و پۆلیسی فیدراڵیشیان هێناوه بۆ سنووره‌كانی ئه‌و قه‌زایه و ده‌روازه‌كانیان زیاتر خستووه‌ته سه‌رپشت بۆ هاتنه‌ناوی ژماره‌یه‌كی زیاتری چه‌كدارانی په‌كه‌كه بۆ ناوچه‌كه، به‌مه‌ش كاری قاچاغچییه‌تییان زیاتر كردووه" و گوتی: "پۆلیسی فیدراڵیش هه‌موویان مونته‌سبی پێشووی رێكخراوی به‌در بوون، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه ئه‌وانیش به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌و گروپانه‌ی فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن، ئه‌و هه‌موو پلانه‌ش به فشاری ئێران جێبه‌جی دكرێن".
رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال له سێ خاڵی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، كه به‌گویره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه، ده‌بێت هه‌موو هێزه ناشه‌رعییه‌كان سنووری ئه‌و قه‌زایه چۆڵ بكه‌ن و دۆسیه‌ی ئه‌منی ئه‌و ناوچه‌یه ته‌نیا له‌لایه‌ن پۆلیسی فیدراڵه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێت.
k24 -