کازمی لە فەللوجە: پێشمەرگە بەشێک بوو لەو هێزانەی داعشیان تێکشکاند

کازمی لە فەللوجە: پێشمەرگە بەشێک بوو لەو هێزانەی داعشیان تێکشکاند
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شارۆچکەی فەللوجەوە رایدەگەیەنێت، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بوون لەو هێزانەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان تێکشکاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-12-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەبۆنەی ”رۆژی سەرکەوتن“ بەسەر داعش، سەردانی شارۆچکەی فەللوجەی کرد.

لە وتەیەکدا بۆ فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی فەللوجە، مستەفا کازمی رایگەیاند، سەرکەوتن بەسەر داعش تەنیا سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی شارستانییەت بەسەر کۆنەپارێزی و مرۆڤایەتی بەسەر وەحشیەت بوو.

مستەفا کازمی ئاماژەی بە رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرکەوتن بەسەر داعش کردووە و رایگەیاندووە، پێشمەرگە و هێز و میلیشیا عێراقییەکان میدالیای سەرکەوتنیان نەخشاند.

رۆژی 9-12-2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2014-2018)، کۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعشی لە عێراق راگەیاند و رۆژی 10ـی 12ـی وەک رۆژی سەرکەوتن ناساند.

دوای سێ ساڵ لەو لێدوانەی حەیدەر عەبادی، هێشتا داعش لە عیراق ماوە و بەردەوام هێز و میلیشیاکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات.

عەبادی لەو رۆژەدا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی هەموو خاکی عێراقیان لە داگیرکاریی داعش رزگار کردووەتەوە و سنووری نێوان عێراق - سووریاشیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە، ”بەمەش شەڕی دژی داعش لە عێراق کۆتایی هات“.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.














باسنيوز



Top