عێراق لە گۆڕینەوەی دراودا 20 ملیار دۆلار زیانی پێ کەوتووە
بەپێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی ئایندەی عێراق بۆ ڕاوێژ و توێژینەوە، لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق بە بڕی 582 ملیار دۆلار، دراوی قورسی فرۆشتووە و زیانەکەیشی لەو فرۆشتنەدا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار بووە.
مەنار عوبەیدی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی عێراقی، ڕايگەیاند: “بانكی ناوەندیی عێراق لە ماوەی 16 ساڵدا، لە 2004ەوە بۆ 2020، بڕی 582 ملیار دۆلار دراوی قورسی فرۆشتووە”.
مەنار ئاشكرای كردووە، لەو ماوەیەدا بانكی ناوەندی، لە هەمان پرۆسەدا 20 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار زیانی كردووە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، بەتێكڕایی بانكی ناوەندی ڕۆژانە 200 ملیۆن دۆلاری بە كۆمپانیا و بانكەكان فرۆشتووە، بە مەبەستی هاوردەكردنی كاڵا پێویستەكان و ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "لە ساڵی 2013وە، بانکی ناوەندی لە کۆی 53 ملیار دۆلار، کە لە بازاڕدا فرۆشتوویەتی، بڕی 3 ملیار دۆلار زیانی پێ کەوتووە".
زۆر لە دامەزراوەکانی شەفافیەت و دژەگەندەڵی، بانكی ناوەندی لە عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە لە بەفیڕۆدانی سامانی نیشتمانی و سپیکردنەوەی پارەدا بەشدارە.
باسنيوز