ئەو فەرماندە ئەمریکییەی رژێمی بەعسی رووخاند دەکرێتە وەزیری بەرگری
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەو فەرماندە ئەمریکییەی فەرماندەیی هێزەکانی وڵاتەکە لە رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003 کرد، دەکاتە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە بڕیارە لە مانگی 1ـی 2021 وەک سەرۆکی ئەمریکا دەست بەکار بێت، جەنەراڵی خانەنشین لوید ئۆستنی کردووەتە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی.
جەنەراڵ لوید ئۆستن، کە بە رەگەز ئەفریقییە، لە ساڵی 2003، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکای بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس و داگیرکردنی عێراق کرد و دواتر کرایە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا.
ئەو فەرماندەیە، کە لە ساڵی1953 لەدایک بووە، دەبێتە یەکەم هاووڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی، کە پۆستی وەزیری بەرگریی ئەمریکا وەردەگرێت.
باسنيوز