عێراق سێ جۆر نه‌وتی خاو ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كان ده‌كات

عێراق سێ جۆر نه‌وتی خاو ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كان ده‌كات
وه‌زیری نه‌وتی حكومه‌تی ئیتیحادی عێراق، "ئیحسان عه‌بدولجه‌بار" رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پلانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سێ جۆر له‌ خامی نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات.

وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (6ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "وه‌زیری نه‌وت له‌ میانی ئاماده‌بوونی له‌ كۆنگره‌ی نه‌وت و غاز، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند، پیشه‌سازی غاز پێویستی به‌ ره‌وشێكی سه‌قامگیری ئه‌منی، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. حكومه‌ت پشتیوانییه‌كی به‌هێزی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌و بواره‌ ده‌كات و پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌مبه‌ر هاوبه‌شه‌كانی له‌ بواری وه‌به‌رهێنانی غاز له‌ شاری به‌سره‌.

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ چه‌ندین كێڵگه‌ی دیكه‌ی غازدا پڕۆژه‌ی پێشخستنی كێڵگه‌كان له‌به‌رده‌سته‌ و به‌ هۆی قه‌یرانی كۆرۆنا حكومه‌ت نه‌پرژاوه‌ته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنیان.

له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی "ئۆپیك+"ه‌وه‌، وه‌زیری نه‌وت جه‌ختیكرده‌وه‌، عێراق پابه‌نده‌ به‌ سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك دووه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت له‌ رێكخراوه‌كه‌دا سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقن. به‌رژه‌وه‌ندی به‌غدا له‌وه‌دا نییه‌، به‌رهه‌م زیاد بێت، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌، نرخ به‌رز بێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، عێراق په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ گرێبه‌ستی پێشوه‌خته‌ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی بێته‌ ده‌ست و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی وه‌زاره‌تی نه‌وتدا ئه‌و جۆره‌ گرێبه‌ستانه‌ بكات.

ئاشكراشیكرد، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پلانی هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، داهاتی عێراق له‌ فرۆشتنی نه‌وت زیاد بكات و سێ جۆره‌ نه‌وتی خاو ره‌وانه‌ی بازار بكات.
k24 -
Top