(5) چه‌كداری داعش به‌هۆی بۆردومانكردنی هاوپه‌مانان كوژران

(5) چه‌كداری داعش به‌هۆی بۆردومانكردنی هاوپه‌مانان كوژران
شانه‌ی میدیایی ئه‌منی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 6ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020) رایگه‌یاند، به‌هۆی بۆردومانی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ ناوچه‌ی "ته‌ل زیهاب" سه‌ر به ‌شاری سامه‌ڕا، (5) چه‌كداری داعش كوژران و په‌ناگه‌كه‌یان تێكدرا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا شانه‌كه‌ روونیكرده‌وه‌، "به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش، به‌پێی زانیاری وردی هه‌واڵگری نیشتمانی، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، هێرشێكی ئاسمانی بۆ سه‌ر یه‌كێك له‌ باخه‌كانی "ته‌ل زیهاب" له‌ ناحیه‌ی "یه‌سرب" له‌ سامه‌ڕا ئه‌نجام دا".

ئاماژه‌ی كرد، "هێرشه‌كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی (5) چه‌كداری داعش و له‌ناوبردنی په‌ناگه‌كه‌یان".

ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كرێت، به‌پێی زانیاری هه‌واڵگری عێراقی، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، جار جار بۆردومانی په‌ناگه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی "داعش" ده‌كه‌ن.
k24 -
Top