پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق 12.67٪ دەبێت
هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی 2021 رێککەوتن. بەشی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ دانراوە. دەبێت هەولێر رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و 50٪ی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بداتە بەغدا. ئەوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە.
دوای سێ رۆژ گفتوگۆ و کۆبونەوە، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەڕانەوە و لەسەر جێکردنەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021ـدا گەیشتنە رێککەوتن.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: "تەقریبەن رێککەوتنی کۆتایی کراوە و بڕیاردراوە کە بخرێتە ناو پرۆژەیاسای بودجەی 2021. ئەم ھەنگاوە زۆر گرنگە، چونکە پێشتر کاتێک پرۆژەکەیان ئامادە کردبوو ھیچ شتێکی تێدا نەبوو کە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەبێت. ئێستا دەقێک ھەیە و ئەو دەقەش قابیلی گۆڕینی ھەیە."
فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە ھەر جۆرە رێککەوتنێکی ھەولێر و بەغدا دەکەن، بەڵام مەرجیان پابەندبوونی ھەرێمی کوردستانە بە رادەستکردنی نەوت و داھات، ئەگەرنا ناڕازی و رێگرن لە ناردنی ھەر بودجەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان.
د. فالح زيادی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی نەسرە و دەڵێت: "تێبینیمان ھەیە لەسەر ئەوەی زۆربەی گفتوگۆکان و زۆربەی رێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون. ھۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنانەش حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە ئامادە نییە شایستەکانی حکومەتی ئیتحادی رادەست بکات، بەتایبەتی پرسی نەوت. ئێمە لەگەڵ رێککەوتنین تاوەکوو کێشەکان لەنێوان سەرجەم ناوچەکانی عێراق لە باشوور و لە ناوەند و لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن و رەنگدانەوەی لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ھەبێت."
سێشەممەی داھاتوو حکومەتی عێراق دوایین گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەکات. پاشان رەوانەی پەرلەمانی دەکات و لەوێش زیاتر لە مانگێکی دەوێت تا کاری پێداچوونەوە و رێککەوتن لەسەری تەواو دەبێت.
rudaw -