هه‌ولێر و به‌غدا له‌ باره‌ی بودجه‌ی 2021 گفتوگۆ ده‌كه‌ن

هه‌ولێر و به‌غدا له‌ باره‌ی بودجه‌ی 2021 گفتوگۆ ده‌كه‌ن

بۆ گەيشتن به رێککەوتن جارێکی دیکە هەولێر و بەغدا دەستیان بە گفتوگۆ لە بارەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کردووه‌ته‌وه‌، گفتوگۆیه‌ك كه‌ به‌رده‌وام کابینەی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەستپێشخەری بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی مافە دەستووریەکاندا هەبووە، بەڵام لایەنە عێراقیەکان و پەرلەمانیش بونەتە هۆی تەگەرە خستنە بەردەم رێککەوتنەکان، کە وایان کردووە حکومەتی عێراق پابەندی ئەو رێککەوتنانە نەبێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ هیچ كیشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ له‌نیوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدادا نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌، چونكه‌ چه‌ندین جار ئه‌و جۆره‌ رێكه‌وتنانه‌ له‌نێوان حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ واژوو كراون، به‌ڵام كێشه‌كان به‌ سیاسی ده‌كرێن و له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ كۆسپ و له‌مپه‌ر ده‌خرێنه‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كان.

له‌كاتێكیشدا کێشەیەکی دیکەی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان ئەوەیە، كه‌ تەمەنی کابینەکانی حكومه‌تى عێراق کورتە و پابەندی رێککەوتنەکانيش نابێت، دواجار چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە داراییەکانی هەولێر و بەغدا دواده‌خرێت، سۆران عه‌لی، پسپۆڕی بواری ده‌ستووری جه‌ختی كرده‌وه‌: پێويستە دەستەی گشتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی داهاتە داراییەکان دابمەزرێت، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوور، ئه‌گینا رێککەوتنەکان کاتی ده‌بن و چارەسەری بنەرەتیی كێشه‌كانیان پێ ناکرێت.

کابینەی نۆییەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ هه‌میشه‌ دەسپێشخەری کردووە، بۆ ئەوەی کێشەکانى له‌گه‌ڵ بەغدا چارەسەر بکرێن، به‌ڵام به‌شێك له لایەنە عێراقییەکان ئامادە نین ئه‌و كێشانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دەستوور چارەسەر بکرێن، ئه‌مه‌ش وایکردوە كێشه‌كان بەردەوام بن، بە تایبەت کێشەی بودجە لە نێوان هەولێر و بەغدا.
k24 -
Top