هه‌ولێر و به‌غدا دۆسیه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان تاوتوێ كرد

هه‌ولێر و به‌غدا دۆسیه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان تاوتوێ كرد
لە بارەی پرسی ئاوارە و پەنابەران له‌ ھەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی به‌غدای كرد و ھاوکات رێکەوتنێکی ئابوری واژوو دەکات بە گوژمەی 6 ملیار دینار لەگەڵ نوێنەری عێراقی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ھاوکاری ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان.

تایبەت بە پرسی دۆسیەی ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، "ئیڤان فایق" کۆبوویەوه‌. پاشان "رێبەر ئەحمەد" لەگەڵ نوێنەری کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران لە عێراق رێکەوتنێکی داراییان واژوو کرد بە گوژمەی نزیکەی 6 ملیار دینار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ھاوکاری بۆ ئاوارەی کەمپەکانی ھەرێم.

ھۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری ھەماھەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێم له‌و باره‌یه‌وه‌، رایگه‌یاند، رێکكەوتن لە سەر ئەوەکراوە، کە پێداویستی زستانە بۆ ئاواره‌کان دابین بکەین.

حکومەتی ھەرێم و عێراق لە سەر ئەوە رێکەوتن، دۆسیەی ئاوارەکان تێکەڵی ھیچ ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و بە زۆریش ئاواره‌کان نەگەڕێندرێنەوە شوێنەکانی خۆیان. لە بارەی جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئاساییکردنەوەی شەنگال و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانیان، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە، داواش دەکات تەواوی بڕگەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت تاکو سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە.

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "ھیوادارین دۆسیەی شنگال بە زووترین کات یەکلابکرێتەوە پۆستە ئیداریەکانی پڕبکرێنەوە، تاکو دەزگا حکومییەکان دەستبکەن بە ھەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و سەرجەم ئاوارەی کەمپەکانیش بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

رەعد دەھلکی، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراق گوتی: "داوامان کرد دۆسیەی مرۆیی لە پرسە سیاسییەکان جیابکرێتەوە، چونکە ئاوارە تاوانی نییە، کە ململانێیی سیاسی ھەیە، پێویستە ئاوارەکان بگەڕێنەوە، ئیرادەیەکی بەھێزیش بۆ ئەم پرسە ھەیە لە ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێم ھاوکارێکی باشە، بەڵام ئاوارەکان لە ترسی بارودۆخی ئەمنی ناوێرن بگەڕێنەوە.

لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێم 738 ھەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و 260 ھەزار پەنابەری دەرەکی ھەن، کە دابەشبوونەتە سەر 35 کەمپ، سیاسەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوامیدانە بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، کە لە ساڵی 2016 تاکو ئێستا نزیکەی 700 ھەزار ئاوارە ھاوکاری کراون بۆ گەڕانەوەیان، ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق بە زۆر کەمپی ئاوارەکان دادەخات و ئاوارەکان دەگەڕێنێتەوە شوێنەکانی خۆیان.
k24 -
Top