خەرجی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە نۆ مانگدا 3.5 ترلیۆن دینارە

خەرجی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لە نۆ مانگدا 3.5 ترلیۆن دینارە
وەزارەتی دارایی عێراق خەرجیی سێ سەرۆكایەتییەكە و سەرجەم وەزارەتەكانی ئاشكراكرد. بەگوێرەی راپۆرتەكە لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ وەزارەتی دارایی زۆرترین پارەی خەرجكردووە و كۆی گشتی خەرجی حكومەتیش لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە سەرووی51 ترلیۆن و730 ملیار دینار.

حكوومەتی عێراق و دامەزراوەكانی خەرجییەكانی لە ماوەی 9 مانگی سەرەتایی ئەم ساڵدا ئاشكراكرد، بەگوێرەی راپۆرتێكی وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا خەرجی سێ سەرۆكایەتیەكە گەیشتووەتە سەرووی 3 ترلیۆن و 580 ملیار دینار.

وەزارەتی دارایی لەراپۆرتەكەیدا خەرجی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتی ئاشكراكردووە، بەگوێرەی راپۆرتەكە كۆی خەرجی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەمانگی كانوونی دووەم تا ئەیلوول گەیشتووەتە 313 ملیار و 600 ملیۆن دینار. سەرۆكایەتی كۆمار 30 ملیار و200 ملیۆن دینار. ھەروەھا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕی 3 ترلیۆن و 240 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەكاتێكدا حكومەت بەئامانجی چاكسازی خەرجی و مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكەی كەمكردووه‌تەوە.

دوای مانگی ئادار و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داھاتی نەوتی عێراق %60 تا %70 كەمبووەته‌وە، بەگوێرەی ریزبەندی خەرجی وەزارەتەكانیش، وەزارەتی دارایی لە ریزبەندی یەكەمدا ھاتووە و خەرجییەكانیشی لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا گەیشتووەتە 14 ترلیۆن و 300 ملیۆن دینار، دواتر وەزارەتی ناوخۆ خەرجییەكانی 8 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە و وەزارەتی بەرگریش 5 ترلیۆن دینارە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا كورتھێنان گەیشتووەتە سەرووی 13 ترلیۆن دینار.

وەزارەتی دارایی لەراپۆرتەكه‌یدا ئاماژەی بە خەرجییەكانی ساڵی 2020 له‌ سەرجەم وەزارەتی و دامەزراوە و بودجەی پارێزگاكان كردووە، بەگوێرەی راپۆرتەكەیان، لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ كۆی خەرجییەكان 51 ترلیۆن و 734 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.

وەزارەتی دارایی بەھەمان شێوە داھاتی نەوتی 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بە 35 ترلیۆن و 311 ملیار دینار خەمڵاندووە و داھاتە نانەوتییەكانیش بە 3 ترلیۆن و 129 ملیار دینار خەمڵاندووە.

بەگوێرەی قەبارەی داھاتەكانیش، كەرتی نەوتی له‌ %92 و كەرتی نانەوتی له‌ %8 ی پێكھێناوە.

لەماوەی17 ساڵی رابردوودا بودجەی عێراق ھەمیشە كورتھێنانی ھەبووە و بەردوامیش قسە لەسەر كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی داھاتەكان دەكرێت، بەجۆرێك بودجەی گشتی ساڵی 2019 بە نزیكەی 106 ترلیۆن دینار خەملێندرا و خەرجییەكانیشی گەیشتە سەرووی 133 ترلیۆن دینار.
k24 -
Top