منداڵپارێز: حکومەتی عێراق منداڵان دەگەڕێنێتەوە ناو تەرم و بۆمبە نەتەقیوەکان
هێشتا بەشێکی گەورەی موسڵ پڕە لە چەک و تەقەمەنی سەردەمی شەڕی داعش. عەلی دەڵێت، "کاتێک گەڕاینەوە، ناوچەکە لە تەقەمەنی خاوێن نەکرابووەوە. بۆمبێکی نەتەقیوەم لەسەر بانی خانووەکەم هێنایە خوارەوە".
دایک و باوکەکان و کەسانی پێگەیشتوو لە مەترسی تەقەمەنی تێدەگەن، بەڵام جاروبار منداڵان ماددەی تەقەمەنی بەدەستەوە دەگرن و نازانن چییە.
عەلی رووداوێکی چەند رۆژێک پێش ئێستا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "کوڕەکەم نارنجۆکێکی بەدەستەوە گرتبوو و پرسیاری لێدەکردم کە ئەوە چییە و بۆچی باشە؟ خەڵک هەبووە تەرمی لەناو خانووە رووخاوەکەی دۆزیوەتەوە. منداڵەکانمان لێرە سەلامەت نین. ئەوان پێویستیان بە ژیانێکی سەلامەت و هۆشیاری لەبارەی مین و بۆمبی نەتەقیوەوە هەیە. منداڵەکانمان پێویستیان بە جلوبەرگی زستانە و خواردن و پێداویستی دیکەیە".
رێکخراوی منداڵپارێزی جیهان لەو بارودۆخە نیگەرانە منداڵانی عێراق بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە تێیکەوتوون.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، "داخستنی کامپەکان بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی 250 هەزار کەس بۆ زێدی خۆیان، لەوانەش 48 هەزار کەس کە بڕیارەکەی حکومەت تاوەکو کۆتایی تشرینی دووەم کاریگەری لەسەر ژیانیان دەبێت".
بە گوێرەی منداڵپارێزی جیهان، ئەو بڕیارەی حکومەت وادەکات هەزاران منداڵ لەناو بۆمبە نەتەقیوەکان، داروپەردووی خانووە رووخاوەکان و تەرمەکاندا بژین. ئەو کەسانەش بەشێوەیەکی خۆبەخش بۆ رێکخراوەکە کاردەکەن ئاماژە بە بوونی مەترسییەکی دیکە دەکەن، ئەویش رفاندنی کچانە.
ئیشتیاق مەنان، بەڕێوەبەری لقی عێراقی رێکخراوی منداڵپارێز دەڵیت، "ئەوەی ئێستا روودەدات جێگەی نیگەرانیی جیدیمانە. نزیکەی 49%ی ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەریان دەبێت ئەو منداڵانانەن کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ژیانێکی سەختیان لە کامپەکان هەبووە و ئێستاش ناچارن لەو شوێنانە بژین کە نابێت هیچ منداڵێک تێیاندا بمێنێتەوە: ناو داروپەردووی خانووە رووخاوەکان و تەرمەکان".
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئەوەی روودەدات بارودۆخێکی سەختە بۆ هەزاران منداڵ، ئەوەش لە کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دەستپێکردنی وەرزی زستان. "هەربۆیە داوا لە حکومەت دەکەین ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەو خانەوادانە بدۆزێتەوە کە نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکات بە مەبەستی ئامادەکردنی پلانێکی ماوەدرێژ بۆئەوەی کامپەکان بەگوێرەی ستاندەردی نێودەوڵەتی دابخرێن و ژیانی منداڵان و خانەوادەکانیش پارێزراو بێت.
rudaw -