ئەمریکا: سوپای پاسداران بۆ شەڕی ناوچەکە هێزی بیانی دادەمەزرێنێت

ئەمریکا: سوپای پاسداران بۆ شەڕی ناوچەکە هێزی بیانی دادەمەزرێنێت
پێگەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە چەند تویتێکی بە زمانی فارسی لەبارەی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە سوپای پاسداران بۆ بەهێزکردنی خۆی لە ناوچەکە هێز و ئەندامی بیانی دادەمەزرێنێت و مێرمنداڵانیش بەکار دەهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە دوو فەیلەق و میلیشیای "فاتمیوون و زەینەبیوون" کردووە کەلە شیعەکانی ئەفغانستان و پاکستان پێکهاتوون و سوپای پاسداران بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە دروستی کردوون و لە شەڕەکانی ناوچە و بەتایبەتی سووریە کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

لە تویتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داهاتووە: "ئەمریکا هەردوو ئەو تیپی زەینەبیوون و فاتمیوونی لە ساڵی ٢٠١٩ خستووەتە لیستەی تیرۆروە و گەمارۆی خستووەتە سەریان".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم (وێست پۆینت) ڕای گەیاندووە ژمارەی سەربازانی میلیشیای فاتمیوون١٠ هەتا ١٢ هەزار کەسن و بەپێی هەمان سەرچاوە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە دوو هەزار کەس لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا کوژراون.

لە تویتێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئاماژە بەوە کراوە سوپای پاسداران لەناو میلیشیاکانی فاتمیووندا منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە بەرەکانی شەڕدا بەکار دەهێنێت و بە پشتبەستن بە زانیاریی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵی ئەفغانی لە ڕیزەکانی سوپای فاتمیووندا گیانی لەدەست داوە.












باسنيوز





Top