سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لە بەغداوە بەرەو شاری ناسریە جووڵەیان پێ کرا

سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لە بەغداوە بەرەو شاری ناسریە جووڵەیان پێ کرا

لە بەغداوە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بەرەو شاری ناسریە جووڵەیان پێ کرا؛ دەیان سەرباز بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی شێواوی شارەکە بەڕێگاوەن. قەدەخەی ھاتووچۆ و ھێرشی لایەنگرانی موقتەدا سەدر نەیانتوانی رێگە لە گەڕانەوەی خۆپێشاندەران بگرن بۆ گۆڕەپانی حەبووبی، ئەو گۆڕەپانەی زیاتر لە ساڵێکە ھاواری گۆڕانکاریی لێدەکەن.

گرژیی نێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپێشاندەران نۆ کوژراو و زیاتر لە 60 برینداری لێکەوتەوە. لە ترسی ھێرش و سووتاندنەوەی خێوەتگەکانیان، خۆپێشاندەران ئەمجارە بە بلۆک و کۆنکرێت شوێنی مانگرتنیان لە گۆڕەپانەکە دروستدەکەن.

خۆپێشاندەرێک بەناوی حەیدەر حوسێن دەڵێت "خێوەتگەکانیان ھەمووی سووتان بە چاوی خۆتان دەبینن 80% خێوەتگەکانیان سووتاند، بەڵام پشتیوان بە خودا ئەمجارە بە بلۆک دروستیدەکەینەوە، ئێمە ناگەڕێینەوە، لەبەرئەوەی ھیچ مافێکمان دەستنەکەوتووە، ئێمە خۆپێشاندان ناکەین بۆ دامەزراندن و مافی تاکە کەسێک، ئێمە دەرچووین بۆ خۆپێشاندان بۆ دەستەبەرکردنی مافی ھەمووان؛ دژی ئەو حیزبانە دەرچووین کە عێراقیان وێرانکرد".

کەڕاڕ ئەحمەد خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت "ئەو خێوەتەی منیان سووتاند، دواتر ھەموویانیان سووتاند، دانە دانە، من ئەوە ماوەی ساڵێکە لێرە بەشدارم لە گۆڕەپانی حەبووبی، خەڵکانێکین بە ئاشتییانە مانگرتن و خۆپێشاندان دەکەین، داوای مافی شەرعیی خۆمان دەکەین، بەڵام ئەم حکومەتە گەندەڵە".

ھەموو رێگاکانی گەیشتن بە گۆڕەپانی حەبووبی داخراون، خۆپێشاندەران توڕەن و ئەوەی بێتە سەر زاریان بە رابەری رەوتی سەدری دەڵێن و خوێنی کوژراوەکان دەخەنە ئەستۆی ئەو.

محەممەد عەباسی خۆپێشاندەر پەیامی بۆ موقتەدا سەدر هەیە و دەڵێت "داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەیت؟ باشە چۆن داوادەکەیت پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو لە تەیاری سەدری بێت، کەچی قبووڵ ناکەی گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ بێت و داوای مافی خۆی بکات؟ لایەنگرانی سەدر ھەموو شتێکی خراپیان لە بەرامبەر گەنجانی گۆڕەپانی حەبووبی کرد، کاژێر 12:00ی شەو دووبارە ھێرشیان کردەوە سەر گۆڕەپانی حەبووبی. باشە تاکەی ئەم خوێنڕشتنە؟ تاکەی ئەم زوڵمە بەردەوام دەبێت؟"

خۆپێشاندەرێکی دیکە بەناوی حوسێن جەعفەر سوێند دەخوات و دەڵێت "سوێند بەم قورئانە کە فەرمایشتی خوایە، بە راستگۆیی قسەدەکەم، ئەم نووسراوی خوایە کە ئەوان سووتاندیان، ھێرش و پەلاماردراین لەلایەن تەیاری سەدرییەوە، ئەوانەی سەر بە موقتەدا سەدرن، ئەوەی کە داوای چاکسازی و ئایندە دەکات، ھاتن نوێژی ھەینییان کرد لەسەر شەقامەکە، ھەر ھەموویان بچووکترین کەسیان دەمانچەی بێدەنگ و دەمانچەی بەدەنگیان ھەڵگرتبوو".

مستەفا کازمی لەپێناو ھێورکردنەوەی دۆخی ناسریە بەپەلە لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکهێنا و ھەموو دەسەڵاتێکی پێداون لەڕووی ئەمنی و ئیداری و دارایی لە پارێزگای زیقار، بەڵام ھیچکام لەو ھەوڵانە ھێشتا گرژییەکانی ئاسایی نەکردووەتەوە.
rudaw -
Top