راوێژکارێکی کازمی: ئەم هەفتەیە حکومەت پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکات
راوێژکارێکی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان دەکات.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە حکومەت پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکات، ئەمەش هەواڵێکی ئەرێنییە، وەکو زەمینەیەک بۆ پەسندکردن و رێگریکردن لە دواکەوتنی مووچە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەمساڵدا.
پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دابوو لە دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 1ی فەرمانبەران لە ساڵی 2021، ئەگەر یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند نەکرێت. بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، دەبێت حکومەت پێش 15ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک، پرۆژە یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح ئەوەی روونکردەوە، ئەو دۆخە تایبەتەی چارەگی کۆتایی ئەمساڵ، رەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی بۆ پەرلەمان دواخست، حکومەت رێکاری دارایی گرتووەتەبەر، چاوخشانەوەی بە زۆر بابەت کردووە، بەمەبەستی زیادکردنی داهاتی نانەوتی و کەمکردنەوەی هەندێک خەرجی، ئەو کارەش پێویستی بە هەوڵ و کار و کاتی زیاترە.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، حکومەت جدییە لەوەی ئەم هەفتەیە، پرۆژە یاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان بکات، دەخوازن پەرلەمانیش هەوڵەکانی چڕبکاتەوە بۆ پەسندکردنی یاساکە، بەهۆی ناکۆکییەکان یاخود هەر بابەتێکی دیکە دوای نەخات.
بە گوتەی د. حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیریی عێراق، کۆبوونەوەی ئەم سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تەنیا تایبەت دەبێت بە پرۆژە یاسای بودجەی 2021.
rudaw -